ئازاد نەجم

بیرکەوتنەوەی ماڵ بۆخۆی دڵگەرمی و ئومێدێک بوو. لەم کاتەدا لەناکاو گوێی لە دەنگی پێ بوو. ھەستی ڕاگرت، دواتر لە نێو خاڵی چاودێریەکە ھاتەدەرێ و سەیرێکی ئەملا و ئەولای کرد، بەڵام ھیچی بەرچاو نەکەوت. لەدڵی خۆیدا گوتی لەوانەیە پشیلەیەک، یان سەگێکی بەرەڵڵا بووبێ. بەسێ چوار ھەنگاوی خێرا، گەڕایەوە نێو خاڵی چاودێریەکە و، دەستەکانی لێک خشاندن و بە فوو گەرمی کردنەوە. 

 

 

 ئێشکگر

بەفر، ورد ورد دەباری. کلوە بەفرەکان بەسەمایەکی تایبەتەوە – کە ھەر خۆیان دەیزانن - ھێدی ھێدی دەھاتنە خوارێ. زەویی و شەقام و دار و درەختەکانیان بەڕەنگی سپیی داپۆشیبو. جارجار، بایەکی توندی سارد، بە قینەوە ھەڵیدەکرد و ڕیتمی سەمای کلوە بەفرەکانی دەشێواند و ڕایدەماڵین و، دورتر لەو شوێنەی کە بڕیاربو کۆتایی بە سەما ئەفسوناوییەکەیان بێت، دەیخستنە خوارێ

(م )، لەنێو خاڵی چاودێرییەکەدا ڕاوەستاوە. تفەنگەکەی بەشانەوە و ھەردو دەستی خستۆتە گیرفانیییەوە. لەپەنجەرە چکۆلەکەوە، ھەرجارەو سەیری لایەک دەکات. لەسەرمان خۆی کوشم هەلێناوە و بە بێ ئۆقرەییەوە چاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی ماوەی پاسەوانییەکەیەتی. بڕیاربو دوای نۆرە ئێشکی خۆی، ھاوڕێکانی – کەھەمویان لەخەودا بون – مۆڵەتی بدەنێ بڕواتەوە ماڵ. مەگەر تەنیا لەئامێزی گەرمی ژنەکەیدا بتوانێ ئەم سەرما نەفرەتییە فەرامۆش بکات و گەرم بێتەوە. ( م ) وا ھەستیدەکرد کە کات و ساتەکان ھەمیشە دژی مرۆڤن. ئەو ساتانەی خۆش و چێژبەخشن و مرۆڤ حەز دەکا زیاتر چێژیان لێوەرگرێ، ھەر لەخۆڕا تێدەپەڕن و ساتە دژوار و ناخۆشەکانیش وەک لاستیک دەکشێن و کۆتاییان نایە.

جگەرەیەکی داگیرساند و سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستی کرد. بیست خولەکی تر دەگەڕێتەوە ماڵ. ماڵێکی گەرموگووڕ، ئارام، بێدەنگ، ناچار نابێت تا بەیانی تفەنگەکەی بخاتە ژێر سەرینەکەی.  یان لەشیرن خەودا بۆ دەسگیر کردنی تاوانبارێک ڕایپەڕێَنن. یان چەند دەمژمێرێک بە چاوی خەواڵوەوە ئێشک بگرێ.

ببیرکەوتنەوەی ماڵ بۆخۆی دڵگەرمی و ئومێدێک بو. لەم کاتەدا لەناکاو گوێی لە دەنگی پێ بو. ھەستی ڕاگرت، دواتر لە نێو خاڵی چاودێریەکە ھاتەدەرێ و سەیرێکی ئەملا و ئەولای کرد، بەڵام ھیچی بەرچاو نەکەوت. لەدڵی خۆیدا گوتی لەوانەیە پشیلەیەک، یان سەگێکی بەرەڵڵا بوبێ. بەسێ چوار ھەنگاوی خێرا، گەڕایەوە نێو خاڵی چاودێریەکە و دەستەکانی لێک خشاندن و بە فو گەرمی کردنەوە. سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستی کرد، ماوەی ئێشک گرتنەکەی تەواو ببو. خێرا بەرەو ئەو ژوورەی کە هاوڕێیەکانی لێی نوستبون ملی نا، (ن) ی ھاوڕێی - کەبڕیاربو دوای ئەم ئێشک بگرێ - لەخەو ھەستاند و بۆ خۆشی چوەوە نێو خاڵی چاودێرییەکە و چاوەڕوان مایەوە  تا (ن) خۆی ئامادە دەکرد.

دوای ماوەیەکی کورت، ھاوڕێکەی ھات و ئەمیش خواحافیزی لێکرد و بەرەو ماڵ – کە ھەر چارەکە ڕێیەک لە بنکەکەیانەوە دور بو -  کەوتەڕێ. بەفریش ھەروا دەباری. جلو بەرگەکانی ئەمیش وردە وردە ڕۆحی بەفرەکەیان ھەڵدەمژی و تەزویەکی ساردیان بەجەستەیدا دەھێنا. کەوتەوە یادی ئەو بەڵێنەی کە بە کوڕە تەمەن شەش ساڵانەکەی دابو. بەڵێنی دابویە کاتێ موچەی وەرگرت ،پاسکیلێکی جوانی بۆ بکڕێ. بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەی دڵی لەخۆی دانەمێنێ دەبوایا شتێکیش بۆ کچەکەیان – کەھەمیشە ڕەنگ زەرد و نەخۆش بو – بکڕێ. دڵی بە ژنەکەی سوتا کە ھەمیشە شەکەت و ماندو بو بەدەست پەروەردەکردنی منداڵەکانەوە

بەدەم ئەم بیرکردنەوانەوە، کاتێ بەخۆی زانی گەیشتەوە بەر دەرگای ماڵ. دەستە سڕبوەکانی لە گیرفانی ڕاکرد و رستە کلیلەکەی ھێنانە دەرێ و یەکێک لە کلیلەکانی جیا کردەوە و خستیە نێو قفڵەکە و چەندجارێک بایدا و لەترسی ئەوەی نەوەک ژن و منداڵەکانی لە خەو بکا، بەھێواشی دەرگاکەی کردەوە و خۆی بەحەوشەدا کرد و پێڵاوەکانی لەترسی تەڕبون لەپەنایەکدا دانا. بە ھێواشی چەشنی دزێک ھەنگاوی دەنا. بەسپایی دەرگای ژورەکەی کردەوە. بەڵام جگە لە منداڵەکانی – کە بەتەنیشت یەکترەوە نوستبون – کەسیتر لەژورەکەدا نەبو. تەزویەکی سارد بەجەستەیدا ھات. دڵی کەوتە تەپە تەپ. لەدڵی خۆیدا گوتی حەتمەن شتێکی ناخۆش ڕویداوە. بەخێرایی بەرەو ژورەکەی تر ھەنگاوی ھەڵێنا. بەخێرایی دەستی بۆ  دەسکی دەرگاکە درێژ کرد. دەرگاکە کلیل نەدرابو، لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا پیاوێکی بینی لەباوەشی ژنەکەیدا خەوتبو.

سەرچاوە: دەنگەکان

 

 

بازدید: 1791