ناڵە حەسەن
واز لە بەستەڵەک و نەسیمە ساردەکانی
باکووری دڵی من بێنە
من ڕەشەبای تاریکیت بۆ ڕاودەکەم و
جار جارەش
گۆرانییەکانی ژیانت بیردەهێنمەوە
دەقی تەمەن / ٣٠
ناڵە حەسەن
١
ئەی شۆخ
من جەستەی خۆم
لە گۆڕستانی عەشق دەنێژم
هەموو سێشەمە و پێنج شەمەیەک
لە چاوەڕوانیت دا دەبم
تۆش / کە هاتییە لام
هەرجارەی باسی
یەکێک لە خەونە سەربڕاوەکانی خۆتم بۆ بکە
بەرلەوەی بڕۆیتەوە / منیش
یەکێک لە شیعرە چاو بە فرمێسکەکانی خۆمت / بۆ دەخوێنمەوە
٢
واز لە بەستەڵەک و نەسیمە ساردەکانی
باکووری دڵی من بێنە
من ڕەشەبای تاریکیت بۆ ڕاودەکەم و
جار جارەش
گۆرانییەکانی ژیانت بیردەهێنمەوە
لە کەنارگیری و
خەیاڵە مەرگئامێزەکانی من دوورکەرەوە
با بە خۆرەتاوی خەونە خرپنەکانی تۆ
لەگەڵ شەونمی عەشق و
وەرزە تۆراوەکانی تەمەن / ئاشت بینەوە
٣
ئەی پەرچەم زەردە وردیلەکە
چیتر چین چین چاوەکانت / دامەخە
لێگەڕێ با قسەم بۆ بکەن
با چل چرای چاوەکانی منیش
چرکر چرکە / کز نەبن و نەکوژێنەوە
با زێتر لەبەردەم
مەرقەدی هەستە ماسۆشییەکانم / نەچەمێمەوە
٤
زەمەنێکە زڕە زامێک
زەنگۆڵ زەنگۆڵ
وەکو تەونی جالجالۆکە
دەورەی داوم و نزیک دەبێتەوە لێم
جەستەم بۆتە
بە تەلارێک لە وشکە گەڵا
هێندە ماندووم
وا خەریکە / بە کزەبایەک هەڵدەوەرێم
٥
من پەیکەرێک بووم لە شووشە
لەگەڵ دەرکەوتنی خۆر دەبریسکامەوە
ڕووناکی خۆم بە شیعر دەبەخشی و
توند توند
بۆ تاوێرەکانی عەشقیش دەچەمامەوە
هێندە چەمامەوە تا ئەو ئاستەی
ورد ورد / ورد و خاش بووم
لەگەڵ بادا
بەنێو ڕووبەری گەردوون پەرش و بڵاوبوومەوە
ئێستا / پەنجەکانم لە کیشوەرێک و
چاوەکانم لە ئۆقیانووسێک و
دڵیشم لە نیشتیمانێک
لەنێو ئەم ونبوون و ڕەشبوونەوەم دا
نازانم چۆن / هەناسە بدەم و خۆم کۆکەمەوە
٦
من لەنێو خەیاڵە فەنتازییەکانی
بەرزە فڕی و فڕینە بەرزەکانم دا
باڵەکانم پەڕ پەڕ هەڵدەوەرن و
لێم دوور دەکەونەوە
هێندەش دەڕوانم
شوێنێک شکنابەم بۆ نیشتنەوە
٧
لەگەڵ مندا مەمرە ئەی گیانی من
من ڕۆژانێک لەنێو مەمکۆڵەکانی خۆرەتاو
ڕۆژژمێر و سروودەکانی خۆم دەنووسییەوە
موریدی مراز و مەبەستە گەورەکانیش بووم
ئێستاش / مەست مەست بە دەستەکانی خۆم
ملوانکەی مردنم دەهۆنمەوە
٨
لەنێوان دەرکەوتنی ئەستێرەکان و
کوژانەوەی من
تۆ هەر هەیت و
لە بڵنداییەکانەوە دیاری
لەنێوان گەڕانەوەی گزنگ و
تاریک داهاتنی بینینەکانی من
تۆ وەک هەمیشە شەبەنگێکی لە ڕووناکی
لەم نێوەدا /
باران بەسەر یادەوەرییەکانم دەبارێ و
هەستە ئیرۆسییەکانم ئاوس دەکا
ئاگریش لەنیو خۆڵەمێشی شکستەکانم
کڵپە و سەمام پێ دەکا
٩
بەنێو هەموو برینەکان دا ڕەتبووم
هیچ برینێک
لە برینی دوور کەوتنەوەی تۆ
قووڵتر نەبوو
بەنێو هەموو دۆزەخەکان دا ڕەتبووم
هیچ دۆزەخێک
لە دۆزەخی عەشق
بڵێسەکەی گەشتر نەبوو
بۆیە ئێستا
گەر / بەرد و شاخ لە شوێن من بووان
دەتوانەوە و خۆیان دەدایە دەم ڕەشەبا
١٠
بە ڕێکەوت
سەیری جانتای سەفەری
پەپوولەیەکی ڕەشی باڵڕەنگینم کرد
پڕ بوو
لە نامەکانی / جیابوونەوە و جێهێشتن و
چیڕۆکەکانی تەنیایی و
چەند وردە شیعرێکی غەمگینانەی نائومێدی
گوتم / ئەی ژیان ئەوە چ ڕێکەوتێکە
ئەم پەپوولەیە چەند لەمنەوە نزیکە
هەر دەڵێی نیوەکەی ترمە
١١
لێیان پرسیم
ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە
کەی وەکوجاران
ئومێدەکان و خەونە گەورەکانت
دەنووسییەوەو
لە خەیاڵە ڕەشەکان و
ئەستێرە یاخیبووە تەنیاکان
دوور دەکەوییەوە
منیش بە بزەیەکی خەمناکەوە / گوتم
ئەو کاتەی مرۆڤ هاتە نێو ژیانەوە
١٢
من لەنێو
( نوون )ەکەی خۆم
نووری شیعر و نەوای نان و
نەمامی نسکۆکانی خۆمت / پێ دەبەخشم
تۆش لەنێو ( میم )ەکەی خۆت
ملوانکەیەک لە خەونە مزرەکان و
نەسیمێک لە نیگا گەرمەکانی خۆتم / پێ ببەخشە
تا هەوێردەی هیواکانم هێزییان بێتەوەبەر و
منیش بتوانم بگەرێمەوە
١٣
بە زمانی ئاو
هێندە جوانییە ڕۆمانسییەکانی
سەوزاییم نووسییەوە
تا پەرچەم و مەمکۆڵەکانی
باخچەکان و سنەوبەرەکان
زەرد هەڵگەڕان
شەپۆلەکانیش / بێدەنگ بێدەنگ
لەناو یاخیبوونێکی ئەبەدی / گیرسانەوە
١٤
یەک / یەکەمینجار عاشقبوون ونبوونە
دوو / دووەمینجار عاشقبوون شێتبوونە
سێ / سێیەمینجار عاشقبوون مردنە
من تەنها بە مەملەکەتی یەکەمین دا ڕەتبووم
١٥
میهرەبانترین و ناسکترین و
یاخیترین بوونەوەر
لە غەریبی دا
بێویستی خۆی دەبێت بە
تەنیاترین و دڵشکاوترین مرۆڤی دونیا
من
میهرەبانیم / لە دایکم و
ناسکیم / لە تۆ و
یاخیبوونم / لە ئیبلیسێک و
غەریبیم / لە ئەستێرەیەکی ئاوس و
تەنیاییم / لە کچێکی ناموراد و
دڵشکانیشم / لە نیشتیمانێکی بریندار دەچێ ...!
تەموزی ٢٠٢٢