ما 6220 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەرچاوە: ماهنامە تفکر انتقادی

تێپەڕین بە ناو ئەزموونی کۆچدا خاوەن لۆژیکی خۆیەتی. جێهێشتنی رابردوو و تێکەڵ بوون بە هەنووکە، رەوتە. رەوتێکی پتر رۆحی و دەروونی. رەنگە نووسەر لەهەر کەسێکی دیکە زیاتر پیویستی بە دەرفەت بۆ قووتدان و هەزمکردنی ئەوەی بێت وا خەریکە روودەدات. رەنگە قەتیش هەزمی نەکات و ناچاربێت هەموو ئەو تەمەنەی ماویەتی خەریکی راڤەی دەق ئامێزی ئەم حاڵەتە غەریب و دەگمەنە بێت.

 

کۆچ مانایەکی بەردەوام

وتووێژ لە گەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرچاوە: ماهنامە تفکر انتقادی

 

١ـ مسافیر، کۆچبەر یان پەنابەر هەر ناوێکی لێ بنێین، هەڵگری شوناس و جۆرێک لە بوونە کە لە سنووری فەرهەنگەکاندا دەژی. بنەڕەت و شوێنێک کە لەوێوە هاتووە و هەروەها فەزایەکی نوێ ئەزموونێکی گشت لایەن کە ئێستا دانیشتوویەتی. لە تاراوگەدا ئەم فەزا سێهەمە بیچم دەگرێ. شوناسێکی سێهەم یان سوژەی سەرگەردان واتەdiasporic . نوووسەر لەم مەودایەدا دەنووسێت و زمانێکی تر و بوونێکی تر دەخوڵقێنێت. پێتان وایە نووسەری کورد چۆن لەگەڵ ئەم سنوورانە ڕووبەڕوو بۆتەوە و لەم فەزا سێهەمەدا چی دەکات؟

ـ بە رای من ئەم تایبەتمەندییە تەنیا نووسەر ناگرێتەوە و، لەم سەردەمەی ئێمەی تیا دەژین بە هۆی دیاردەیەک بە ناوی 'کۆچ' زیاتر پەرە دەستێنێ. مرۆڤی ئەم سەردەمە مرۆڤی ژیانکردن لە شوێنێکی تایبەت نیە و هەتا دێت گەڕۆکی یان گەڕۆک بوون پتر بەرۆکی دەگرێ. تەنانەت گەر نەیشتوانێ کۆچ بکات ئەوا داڵغەی کۆچ دەیباتەوە! بەم پێیە کۆچ تەنیا مانایەکی جەستەیی نیە. دەکرێ مرۆڤ لە شوێنێک بژیت و بەڵام لە کۆچدا بێت. ئەمەیش بەو مانایە کە لە جیهانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و دیجیتاڵ و ئینتەرنێتدا دا، کە هەتا دێت کلتورەکان زیاتر دەرفەتی پێکەوە ئاشنا بوونیان بۆ دەڕەخسێ و مرۆڤ رۆژانە کلتوری تر ئەزموون دەکا، کۆچ پانتاییەکی تر لە ژیانی ئێمە داگیردەکا. کەواتە ئێمە بە گشتی لە سەردەمێکدا دەژین، بەو واتایەی لە پرسیارەکەدا هاتووە، زیاتر لە جاران لە فەزای سێهەم و بگرە فەزا زیاترەکاندا دەژین. ئەمە جۆرێک لە دەرفەت و لە هەمان کاتدا دڵەڕاوکێی دروست کردووە کە سەرتاپای ژیانی ئێمەی تەنیوەتەوە. مرۆڤی سەردەم مرۆڤی تەراتێنی چەند شوناسە لە یەک کاتدا. یان رەنگە باشترە بڵێین مرۆڤی فرە شوناسییەکانە. ئێمە چیتر تەنیا لە یەک شێوە گۆرانی و هونەر و... چێژ نابینین، بەڵکو جۆرێک لە پلۆرالیزمی چێژ تیاماندا سەری هەڵداوە. ئێمە مرۆڤی نێوان بژاردەکانین.

ئەوەی بە رای من نووسەر لەم بەستێنەدا کەمێک جیادەکاتەوە و رەنگە بەرجەستەتری بکات قووڵبوونەوەی ئەم دیاردەیە لەودا. نووسەر بە هۆی ئەوەی لە پانتایی کلتوردا کاردەکا و قووڵبوونەوە لەم چەمکەدا کاری ئەوە، زیاتر لە کەسانی تر دەکەوێتە بەر کاریگەریی کلتور و شوناسە جۆربەجۆرەکانەوە. ئەگەر ئایدیۆلۆژیا و پرس و شوناسە سیاسییەکان لەمپەری بۆ دروست نەکا، ئەوا نووسەرێک دەتوانێ زۆر ئاسانتر لە خەڵکی تر شوناسی تریش پەیدا بکا، یاخود ببێتە فرەشوناس.

من وەک خۆم هەمیشە ژیانکردن لە فەزا سێهەمەکاندا وەک دەرفەتێک لێکداوەتەوە کە دەتوانێ ببێتە بنەما بۆ خوڵقاندنی زیاتر. بەتایبەت کە کلتورەکان جگە لە دیاردە هاوبەشەکانیان خاوەن شتی دژبەیەک و جۆراوجۆریشن کە دەتوانێ خەیاڵ ببزوێنێ و ببن بە هەوێنی روانینی تر بۆ بوون و لێرەوە بۆ بەرهەمی تر.

سەبارەت بە نووسەری کورد دەبێ بڵێم کە بە داخەوە ئێمە بە گشتی هێشتا نەمانتوانیوە ئەم ئەزموونە لە ئاستێکی باشدا بقۆزینەوە و نووسەری کورد رەنگە نەیتوانیبێ بە گوێرەی پێویست بەرهەمی وەها بخوڵقێنێ کە بتوانێ دەربڕی بارودۆخی نوێی ئەو بێت. بۆ ئەم خوڵقاندنەیش پێویستە نووسەری کورد پێش لە هەر شتێک زمان فێر بێت، لە ناو کلتوری نوێدا بژیت و فێری بێت، لە ئەدەبیان شارەزا بێت. تا ئەوەندەی من شارەزا بم لە ئەدەبی وەرگێڕاندا هەندێ کارکراوە، بەڵام ئەوەی تا چەندە نووسەرێکی کورد توانیویەتی دەقێک پێشکەش بکات کە دەربڕی ئەم فەزا سێهەمە، وەک فەزای لێککەوتنی فەزای یەکەم و دووهەم بێت ئەوا دەبێ کەمێک بە کاوەخۆ بجوڵێینەوە. بەس بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم سەرئەنجام ئێمەیش بەرەبەرە دەتوانین ببینە خاوەنی نووسەرانی وەها کە بتوانن نوێنەری دۆخی فەزای سێهەم بن.

بە رای من ئەوەی نووسەری کورد لەم رێگایەدا کەمێک ئازاردەدا و بەری پێدەگرێ، کێشەی ساخکردنەوەی شوناسی خۆیەتی وەک کورد لە نیشتمانی خۆیدا. کاتێک مرۆڤ خەریکی سەلماندنی شوناسی یەکەمی خۆیەتی ئەوا رۆحێکی کۆنسێرڤاتیڤ بەسەریدا زاڵ دەبێ کە سەبارەت بە کلتورەکانی تر دوورەپەرێز و موحتاتی دەکا. ئەم رۆحە تەنانەت نووسەریش دەتوانێ خاوەنی بێت و لەگەڵ خۆی هەڵیبگرێت کاتێک کۆچیش دەکا. بۆیە بە گشتی جۆرێک لە خۆ دوور راگرتن لە کلتورەکانی تر دەبینرێ کە ناهێڵێ ببێتە هۆی خوڵقاندن لە فەزای سێهەمدا. هەڵبەت ئەمە بە رای من هەڵەیە و فرەکلتوری نابێتە هۆی وێرانکردنی کلتوری یەکەم ئەوەندەی کە دەتوانێ دەرفەت بۆ گەشەپێدانی بڕەخسێنێ. لە بیرمان نەچێ کلتور لە بنەڕەتدا مانایەکی بگۆڕە و لە هیچ سەردەمێکدا وەک خۆی نەماوەتەوە.

بەڵام سەبارەت بەو وەسفە جوانە لە پرسیارەکەتدا لەبابەت سەرگەردانی لە فەزای سێهەمدا. راستە، جۆرێک لە سەرگەردانی هەیە. سەرگەردانی وەک بنەمایەک بۆ گەڕان و بۆ ناسین و زانین و تاقیکردنەوە دەتوانێ سەرچاوەیەکی یەکجار بەهێز بێت. مرۆڤی سەرگەردانی نێوان دوو کلتور (یەکیان هەبوو و یەکیان هەیە) لە کۆتاییدا نە ئەمیان دەبێت و نە ئەوی تریان. ئەو ناچارە شتێکی تر بخوڵقێنت بە ناوی فەزای سێهەم، کە ئەم فەزایە بگرە بۆ نووسەر فەرازیەکی تایبەتی ترە لە چاو کەسانی تر. هەڵبەت ئەم سەرگەردانییە دەتوانێ سەرچاوەی سەرلێشێواویش بێت، بەو مانایە نووسەر هەموو شتێک لە دەست بدات و بۆ هەمیشە سەرگەردان بمێنێەوە. بە رای من دەق ئەو شوێنەیە دەتوانێ سەروسامان بە سەرگەردانی بدات و بیکا بە هەوێنی ئەفراندن و خوڵقاندن.

٢ـ  نووسەر لە تاراوگەدا بێجگە لەوەی کە زەمان بەسەریدا تێدەپەڕێت، شوێنی جوغرافیایی دەگۆڕێت و هەروەها زمانی ژیانی ڕۆژانەشی تووشی گۆڕان دەبێت. گروپێک لە چیرۆکنووسەکان لە ناو ئەو بەرهەمانەدا کە لە تاراوگە نووسیویانە ،جیاوازییەکانی شوێنی دووهەمی تێدا دیارە. گروپێکیتریش  هێشتا لە ناو space و پێکهاتەکانی ماڵی یەکەمدا ماونەتەوە و بەرهەمەکانیان شوێنەواریی کۆچ و تاراوگەیان پێوە دیار نییە. لای ئێوە ئەم ڕەوتە چۆن تێپەڕیوە و خەسارەکانی بەرهەمی  هەر کام لەو گرووپانە لە چییدا دەبینن؟

ـ پێم وابێ بە جۆرێک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسی ئەمەم کرد، بەڵام گەر بمەوێ زیاتر لێی بکۆڵمەوە دەبێ بڵێم ئەوە نۆستالۆژییە لەوەها حاڵەتێکدا دەوری سەرکی دەگێڕێ. کاتێک نووسەر بە تۆپزی و بە زۆرەملی کۆچ دەکا و ئەمە بژاردەی ئەو نەبووە، ئەوا لە سەرەتادا جۆرێک لە نۆستالۆژی سەرهەڵدەدا کە رەنگە ساڵانی ساڵ لە تەمەنی داگیربکا. بە رای من ئەمە خۆی لە خۆیدا خراپ نیە. با لێگەڕێین ئەم نووسەرانەیش تەعبیر لە هەستی خۆیان بەتایبەت لە سەرەتاکانی زەمەنی کۆچیاندا بکەن. ئەمەیش بەشێکە لە رەوتی کۆچ و لە رەوتی تێکەڵبوون بە کلتور و بە شوناسی تر. تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەمەیش جۆرێکە لە مەلەکردن لە فەزای سێهەمدا. بگرە ئەوانەی لە دەرەوەی نیشتمانی خۆیان کاتێک باس لە نیشتمان دەکەن دڵنیا بە لە ئەزموونێکی ترەوە باسی لێدەکەن، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەزموونێکی نوێیە.

من خۆم ئەمەم ئەزموونکردووە. دەتوانم بڵێم کۆچ و غوربەت لە سەرەتادا وەها لە سەر نووسەر کاریگەری هەیە کە دەتوانی نیشتمان لە دەقدا وەها بەرجەستەبکاتەوە تەنانەت جێگای سەرسوڕمانی خودی نووسەریش بێت. شتەکان و دیاردەکان وەها روونتر و زەقتر خۆیان دەنوێننەوە کە دەڵێی تازە خەریکە نیشتمان کەشف دەکاتەوە! وەک بڵێی ئەوە یەکەم جارە دەیبینێ و ئەزموونی دەکاتەوە. ئەمەیش لەوەوە دێت کە نووسەر جارێکی دیکە و ئەم جارە بە شێوازێکی تر و لە روانگەیەکی ترەوە دەڕوانێتەوە رابردوو و نیشتمان و ئەو رووداوانەی وا ئەزموونی کردوون.

تێپەڕین بە ناو ئەزموونی کۆچدا خاوەن لۆژیکی خۆیەتی. جێهێشتنی رابردوو و تێکەڵ بوون بە هەنووکە، رەوتە. رەوتێکی پتر رۆحی و دەروونی. رەنگە نووسەر لەهەر کەسێکی دیکە زیاتر پیویستی بە دەرفەت بۆ قووتدان و هەزمکردنی ئەوەی بێت وا خەریکە روودەدات. رەنگە قەتیش هەزمی نەکات و ناچاربێت هەموو ئەو تەمەنەی ماویەتی خەریکی راڤەی دەق ئامێزی ئەم حاڵەتە غەریب و دەگمەنە بێت.

دەبێ بڵێم خەسارناسیەکی کۆچ دەتوانێ ئەوە بێت کە راگواستنی هەستی کۆچ بۆ خوێنەر زۆر ئاسان نەبێت. لەبەر ئەوەی زۆربەی خوێنەران هێشتا کۆچیان ئەزموون نەکردووە و نازانن کۆچ لە بەربڵاوترین مانایدا یانی چی. بۆیە لە باری زەمەنییەوە نووسەری پانتایی کۆچ پێویستی بە زەمەنێکی زیاترە، هەم بۆ ئەوەی خۆی دەرببڕێ و هەم بتوانێ ئەم دەربڕینە بۆ خوێنەر راگوێزی. جاری وایە قسە لە سەر نەوەکانە. زەمەنێکی درێژ کە بۆ ئەوەی خۆی بخەمڵێنێ پێویستی بە ئەزموونێکی زیاترە.

ئەرکێکی گرینگی نووسەر ئەوەیە بتوانێ بە وەها شێوازێک لە نووسین بگات کە بتوانێ ئەزموونی تاراوگە بۆ خوێنەر لە ئاستی پێویستدا سەرنجڕاکێش بکات. لە نیشتمانێکدا کە هێشتا کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان زۆرزۆرن و بە تەواوی بەرۆکی ژیانی خەڵکیان گرتووە، رەنگە باسکردن لە ئەزموونی کۆچ لاوەکی بنوێنێت. هەرچەند وەک وتم بە هۆی فراوانتربوونی ئەزموونی کۆچ (چە لە مانای جەستەیی و چە مانای ناجەستەیی) ئەم چەمکەیش هەتا دێت سەرنجڕاکێشتر دەبێت.

جۆرێک لە تێکەڵکردنی ئەزموونی پێش کۆچ و سەردەمی کۆچ رەنگە بتوانێ دەقی سەرکەوتووتر پێشکەش بکات. دیارە دەبێ پێ لە سەر ئەوەیش دابگرم کە ئیستاکە لە ئۆرووپا ئەو دەقانەی وا خاوەنی ئەم دوو خەسڵەتەن بۆ خوێنەری ئۆرووپاییش سەرنجڕاکێشن، بەتایبەت ئەوانەی وا لە کلتوری ئۆرووپی دەدوێن. خوێنەری ئۆرووپی زۆر حەز دەکا بزانێ نووسەری سەردەمی کۆچ چۆن کلتوری خۆی لە گەڵ کلتوری ئەوان هەڵدەسەنگێنێ و چ جۆرە جیهان بینینی و روانگەیەکی هونەری و فەلسەفی تیا پێکهێناوە.

٣ـ چیروکنووسی کورد بێجگە لە نووسین و بارودۆخی تایبەتی دەروونی و بایۆپۆلێتیکی خۆی، بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ناچارە بچێتە ناو زنجیرەی ناوەندی بڵاوکردنەوە- خوێنەر -نووسەر. ئایا بۆ چاپی بەرهەمەکانی نووسەر ، هەم لە تاراوگە و هەم لە ناوەوەی وڵات ئەم زنجیرە جیاوازی هەیە یان نا؟

ـ بێگومان جیاوازی هەیە. دیارە بە هۆی دونیای نێتەوە پەیوەندیی نێوان چاپخانە و نووسەر زۆر دژوار نیە، بەڵام پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر بە تووش زیاتر بەتووش کێشەوە دەبێ. ئەمە بە تایبەت بۆ ئەوانەی زیاتر دەخوا وا ناتوانن، جا بە هەر هۆیەکەوە بێت، هاتوچۆی نیشتمانی خۆیان بکەنەوە. لێرەوە هەموو شتێک دەکەوێتە ئەستۆی چاپخانەکە، کە بەرهەمەکە لە ئاستی پێویستدا بڵاوبکاتەوە. دیارە پێوەندی نووسەر ـ خوێنەریش تەنیا بریتی لە بڵاوکردنەوەی بەرهەم نیە، بەڵکو بریتیشە لە حوزوری جەستەیی نووسەر بۆ ئەوەی بتوانێ راستەوخۆتر لەگەڵ خوێنەرانی خۆیدا بە شێوەی گفتوگۆ، کۆڕ و سیمینار و یاخود لە کاتی پەردەلادان لە سەر بەرهەمەکەی، بدوێ. تاراوگە، بە داخەوە هەبوونی جەستەیی نووسەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەمە خۆی لە خۆیدا خەسارێكە کە یەخەی نووسەر و بگرە خوێنەریش دەگرێ. نووسەر لێرەدا زیاتر دەبێ بە کەلام و بە رستە. دەبێ بە رۆحێکی جا رنگە ترسناک کە رەنگە زۆر کەس حەزنەکەن شەوێک لە شەوەکانی ژیان لە ژوورەکانی خۆیاندا بیبیننەوە! هەر بەو رادەیەیش دەتوانێ سەرنجڕاکێشتر بێت. بەهەرحال زۆر شتی پەیوەندی بە جۆری حوزوری نووسەروە هەیە. ئەو بە گوێرەی فراوانتربوونی مەوداکان، بە رای من دەبێ زیاتر لە هەر کاتێکی تر چالاک بێت. ئەگینا زۆر خێرا لەم دونیا پڕ جەنجاڵەی ئێمەدا فەرامۆش دەکرێ.

هەنووکە بە خۆشییەوە جۆرەها چاپخانە هەن کە سووڕ و گەڕی زیاتر بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم دەبەخشن. بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات. دەمەوێ بڵێم کە دۆخ لەم بارەیەوە لە چاو ساڵان یەکجار باشترە، هەرچەند بە هەمان نیسبەت خوێنەریش کەم بووەتەوە و نووسەران بە گشتی هەستدەکەن بەو شێوەیەی پێویستە ناخوێندرێنەوە!

٤ـ نیشتمان بە زمانی با دەدوێ، تەماتەی ئەهرامی سەلاسە، باڵندەی بریندار ماسی سەرسام، خەیاڵاتی بێهوودە، دەستە کلیل و هەروەها پێڵاوەکانم... ئەمانە ئەو بەرهەمە چاپکراوانەن کە هەم لە شێوازی ڕۆمان و هەم کورتە چیرۆکدا نووسراون. جۆرێک جورئەت و تاقیکردنەوەی هەردوو فۆرم و هەروەها جیاوازی نێوان مۆتیڤ و پێرسۆناکانیش ئەوەمان نیشان دەدەن کە تووشی خەساری خۆدووبارە کردنەوە و مانەوە لە چوارچێوەیەکدا نەبوون. ئەم هەڵبژاردنانە بنچینەکەی چییە و تێم و زمان و دیکەی کەرەستەکانی نووسین لە کوێوە دەهێنن؟

ـ من وەک خۆم هەمیشە باوەڕم بە نوێگەری هەبووە. لە راستیدا ئەدەب گەر نەتوانێ نوێگەری بکا ئەوا ناتوانێ دەربڕی نەک ژیان بەڵکو خۆیشی بێت. مێژووی ئەدەبیش بە گشتی ئەمە دەسەلمێنێ. بۆیە خاوەن جۆرەها قوتابخانەی ئەدەبی و روانگەیین. چەندە ژیان دەرهاویشتەی فرەچەشن و بێ ئەژماری هەیە، هەر بەو رادەیەیش دەکرێ نووسەر یان نووسەرانیش جۆرێک لەفرەچەشنی لە خۆیاندا پێک بێنن. بەتایبەت لەو نووسەرانەیدا وا ئەو دەرفەتەیان بۆ رەخساوە کە لە کلتورە جیاوازەکاندا بژین و بەردەوام فەزای تازە بە روویاندا بکرێتەوە. فەزای سێهەم، فەزایەکی سیحراوییە دەتوانێ خەیاڵی نووسەر تا بێکۆتاییەکان ببزوێنێ.

 من زۆر جار هەست بەوە دەکەم کە ناتوانم تەنیا لەیەک فۆڕمدا جوانناسی ئەدەبیی خۆم تاقی بکەمەوە، بەتایبەت کە دەتوانم بە زمانی دیکە، ئەدەبی تر بخوێنمەوە. بەڕاستی دژوارترین بەشی کاری نووسەرێک ئەوەیە کاتێک دەیەوێ تەعبیر لە خۆی بکا! ئەمەیش لەبەر ئەوەی رەوتی خوڵقان و نووسین وەها دەروونی دەبێتەوە کە لە راستیدا لە کاتی نووسیندا خۆیشی نازانێ ئەوە چییە خەریکە روودەدا! دەتوانم ئەوەندە بڵێم هەموو شتێک پێوەندێکی قووڵی بەوەوە هەیە تا چەندە نووسەرێک دەتوانێ لەوە پێش پێش نیازەکانی کارێکی قووڵ لە خۆیدا چێ بکا. ئاشنایی لە گەڵ فۆرمە ئەدەبییەکان و دەقی نووسەران و هەروەها قووڵبوونەوە لە دیاردەکان و دەورووبەر، هەبوونی هەستێکی هەستیار کە دەستبەجێ بتوانێ پێوەندێکی رۆحی و دەروونی لە نووسەردا سەبارەت بە دیاردەکان چێ بکا... هەمووی ئەمانە یارمەتیدەرن و پێکەوە دەتوانن دەق بخوڵقێنن. بە خۆشییەوە ئێمەی مرۆڤ لە هەر کوێیەک بژین و خاوەن هەر کلتورێک بین، زۆر لەیەک دەچین و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر خێرا بتوانی تەنانەت لە کاتی کۆچیش دا خۆت لە دۆخی نوێدا ببینیتەوە. گەر ئەمە نەبا ئەوا بێگومان هەموو شتێک زۆر خێرا دەگەییە کۆتایی خۆی.

یەکەم رۆمانی من بە ناوی 'پەڕەسێلکەکانی کۆچ' لە راستیدا لەسەر کۆچە. یەعنی من زۆر خێرا هەستم بەوە کرد کە دەبێ ئەم چەمکە لە دەقی خۆمدا بێنمە بەر باس. بەڵام دوواتر تێگەیشتم کە کۆچ ئەوەندە مانایەکی بەرفراوان و قووڵە کە دەتوانرێ بەردەوام ببێتەوە بە بابەت و دیسان بە دەوریدا دەق بونیات بنرێ.

بە رای من تا نووسەر بتوانێ زیاتر زەین لە دەقدا بەرجەستەبکاتەوە، ئەوا دەرفەتی خوڵقاندن لە فۆڕمدا زیاتر دەبێ. بەرجەستەکردنی زەین دەبێتە رەهاکردنی خەیاڵ و بەم شێوەیە دەق دەتوانێ فرەچەشن بێت.

بە جورئەتەوە دەتوانم بڵێم، وەک لە پرسیاری یەکەمدا باست لێکردووە، مرۆڤی ناو فەزای یەکەم و دووهەم و سێهەمم. هەر چەند لە مانایەکی هێگلیدا فەزای سێهەم دەتوانێ وەک سێنتێزی فەزای یەکەم و دووهەم خۆی بنوێنێ، بەڵام نووسەر زۆر جار دەگەڕێتەوە بۆ فەزای یەکەم. لە راستیدا فەزای یەکەم هەمیشە حوزوری بەردەوامی هەیە لەبەر ئەوەی بەشی یەکەمی ژیانی نووسەری داگیرکردووە و، ئەو بەشەیە کە کەسایەتی و هەست و ئەقڵی تیا شکڵ دەگرێ.

شتێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی پێبکەم گرینگیی زانینی زمانێکی ئۆرووپییە. راستەوخۆ پێوەندی گرتن لە گەڵ ئەم کلتورە لە رێگای زمانەوە، یەکجار کاریگەرە. بە داخەوە وەرگێڕان زۆر شت دەکوژێ، بە تایبەت لە کاتی تەرجەمە کردنیان بۆ سەر زمانی رۆژهەڵاتییەکان!

٥ـ هەرچەند قیاسکردن و بەراوردکاریی نێوان کوردستان و وەک نموونە وڵاتی نۆروێژ  لە زۆر سەرەوە ئەستەم بێت و دەسکەوتێکی ئەوتۆشی نەبێت . لە هەمان حاڵدا بەشێک لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی کورد لە دەرەوەی وڵات دەژی و پێویستمان بە ئەزموونەکانیان هەیە و مانەوەی پردێکی پێوەندی باش بۆ هەردوولا. بەدەر لە ئەزموونی تاکی نووسەر لە هەر جوغرافیایەکدا، پرسیار ئەوەیە  کە لە وڵاتی نۆروێژ کام سەنتەر،یانە  یان مەکۆی ڕۆشنبیری بۆ نووسەرە کوردەکان هەیە کە بتوانن پشتی پێ ببەستن. خاوەن هێز بێت و بتوانێت کەسەکان کۆ بکاتەوە، شوێنی دیداری نوووسەران و خوێنەران بێت و لە هەمان کاتدا لایەنگری لە وەڕگێڕان و ئاڵ و گۆڕی فەرهەنگی و ئەدەبی ئەو وڵاتە و کورد بکات.

ـ لێرە زۆر سەنتەر پێک هاتن و پێک دێن و لە داهاتویشدا دیسان پێک دێنەوە، بەڵام هەتا هەنووکە ناوەندێکی دامەزراوی وەها کە بتوانێ ببێ بە خاوەن مێژوو و کارکردی بەردەوام، حوزوری نیە. چەترێکی گشتگیر بوونی نیە. بە داخەوە شێوەی ژیان و لێکدابڕانی شوێنی ژیانی نووسەران و کۆمەڵێک کێشە و گرفتی تر کارێکی کردووە کە چالاکییەکان بە شێوەی کاتی و پچڕپچڕ بەڕێوە بچن و، بۆیە نەبنە خاوەن کاریگەریی پێویست. بە داخەوە نووسەری کورد لە نۆروێژ لە ناوەندێکی وەها لە دەوری یەکتر کۆنەبووتەوە کە بتوانێ تیایا را بگۆڕێتەوە و ئەزموون ئاڵوگۆڕ بکا.

زۆر جار لە رێگای ئەنجوومەنەکانەوە لە دەوری یەک کۆبووینەتەوە. ئێمە سەردەمانێک ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێرانمان هەبوو، خاوەن دەیان ئەندام ، سایتمان هەبوو، گۆڤارمان دەردەکرد و لە پاڵتاکدا کۆڕ و کۆبوونەوەمان پێکدێنا کە بە داخەوە چالاکییەکانی خۆی راگرت و ئیستا تەنیا سایتی قەڵەمی لێ ماوە کە ئەوەیش دەربڕی ئەنجوومەن نیە.

بێگومان یەکێک لەو شتانەی نووسەری کورد لێی بێ بەرییە ناوەندێکی گشتگیر یاخود سەنتەرێکی گشتگیرە کە بتوانێ لق و ناوەندە جۆراوجۆرەکان خڕبکاتەوە. نووسەری کورد گەر نەتوانێ لە گفتوگۆ و پەیوەندی لە گەڵ یەکتر بێت، بێگومان ناتوانێ لە گەڵ کۆمەڵگایش پێوەندێکی دروست چێ بکا. بردنە سەری ئاستی وشیاری ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیریی نووسەران پێوەندی گرینگی بە دامەزراندنی پێوەندێکی تۆکمە لە ناو خۆیاندا هەیە.

نووسەری کورد لە هەندەران لەیەک دابڕاوە. سیاسەت لەم لێکدابڕانەدا پشکی شێری بەردەکەوێ، باشتر وایە بڵێم حیزبایەتی. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەکرێ هەر کەسە و خاوەن حیزبی خۆی بێت و بەڵام ئەدیبیش بێت و رێزی سەربەخۆیی ئەدەب رابگرێ. بەڵام کاتێک وەزیفەی ئەدەب بە ئایدیۆلۆژیای حیزبییەوە گرێدرا ئەوا ئیتر دەبێتە کێشە. ئێمە دەبێ فێربین کە هیچ بیر و ئایدیۆلۆژیاییەک خاوەن حەقیقەتی موتڵق نیە و بۆیە دەبێ فەزا بۆ یەکتر جێ بێڵین و بە دڵ و دەروونێکی فراوانترەوە لەگەڵ یەکتر مامەڵە بکەین. دیارە ئەم رەخنەیە کۆنە، بەڵام بە داخەوە بەستێنەکەی ماوە. ئەم بە حیزبی کردنی ئەدەبیش ئەوەندەی ئەدیبان خۆیان دەیکەن حیزبەکان نایکەن. جا دەبێ سەرەتا ئەدیب خۆی خۆی لەم چەشنە بیرکردەوەیە رزگار بکات. ئەمەیش بە بێ خوێندنەوەیەکی قووڵ لە فەلسەفەی ئەدەب ناکرێ. فەلسەفە ئەو شوێنەیە ئێمە دەباتە قووڵاییەکان و جوانتر تێمان دەگەیەنێ کە ئەدەب لە کوێدا خۆی لە بەشەکانی تر مەعریفە و دەربڕین خۆی جیادەکاتەوە.

- وەک دوایین پرسیار کە لە جەنابت بکرێت، پێتان وایە ڕێگەی دەرچوون لەم خەسارە کە باستان کرد چۆنە؟ قورسایی حزبایەتی و بگرە ناوچەگەرایی دیارە و لێکدابڕانی نووسەرانی کورد لە هەندەران بابەتێکی زۆر گرنگە. چ پێشنیارێکتان هەیە بۆ چاکسازیی ئەم بارودۆخە؟

- پێم وابێ بە جۆرێک وەڵامی ئەمەیشم لە پرسیاری پێشووتردا دایەوە. بە گشتی لام وایە بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەم کۆسپەدا چەند شت پێویستن، واتە نووسەر دەبێ بەم چەند خاڵەی خوارەوە بگات:

ـ گرینگیی کاری رێکخراوەیی،

ـ رێکخراوە خودی نووسەر پێکی دێنێ و هەمیشەیش ملکەجە بە سەربەخۆبوونی،

ـ دامەزراوەی مەدەنیی و پیشەیی ئەدیبان رۆڵی گرینگ لە بڵاوکردنەوە و خستنە بەرباسی دەق دا دەگێڕێ،

ـ ئەدەب خاوەن شوێن و چوارچێوەی تایبەتی خۆیەتی و هیچ ئایدیۆلۆژیا و بیرێکی سیاسی ناتوانێ بەرتەسکی بکاتەوە و بۆ خۆی قۆرغی بکات،

ـ یەکێک لە پێناسە گرینگەکانی ئەدەب رەخنەیە، جا هەموو نووسەرێک دەبێ لە زەین و دەروونی خۆیدا بوار بۆ ئەم خاڵە گرینگە بێڵێتەوە،

ـ ئەدەب شێوازێکە لە رووانین بە دونیا و بۆیە خاوەن سەربەخۆیی خۆیەتی.

بۆیە بە رای من سەرەتا قسە لە سەر شۆڕشێکە لە رووانین و لە فەلسەفەی نیگای نووسەر و ئەدیب سەبارەت بە رێکخراوی پیشەیی و پێوەندیی نێوان خۆیان. هەتا ئەمە دروست نەبێ، بێگومان هەر هەوڵێک سەرەڕای هەموو ماندووبوونەکانی بە ئامانجی پێویستی خۆی ناگا.

 

گەڕان بۆ بابەت