ما 3322 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تەلار تاهیر

ڕاستە شیعر ژانرێکی سەربەخۆیە بەڵام، کاریگەری بەسەر هەموو ژانرەکانیتر جێهێشتووە. ئەم گوتانەم لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ویستی خوێنەر لەبارەی ژانری شیعر لەسەردەمی ئەمڕۆدا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. بە حوکمی ئەو گەرەلاوژێیەی لەناو دونیای نووسینی شیعر ڕوودەدات بەتایبەت لەنێو ڕووبەری سۆشیال میدیاکاندا. 

 

کاریگەری شیعر بەسەر ژانرەکانی تری ئەدەب

تەلار تاهیر

بە فەرهادیان گوت ، شیرین هیچ نییە بەڵام لە کۆتاییدا فەرهاد کێوی بێستوونی بۆی هەڵکەند. واتە مەرج نییە ئەو شتەی بەلامانەوە گرنگە شتێکی گەورە و زەبەلاح بێت. بەڵام لە کۆتاییدا مرۆڤەکان خۆیان پێی ئاسوودەن. ڕەنگە دونیای شیعریش هیچ نەبێت بەڵام شاعیر و شیعر دۆستان خۆیان پێی ئاسوودەن. لە هەموو شتێکیش گرینگتر ئاسوودەیی ڕۆحە، شیعر و زمانی شیعری خاوەن ئەو هێزە گەورەیەن کە، زۆربەی نووسەران لە دەروازەی شیعرەوە بەرەو دونیای نووسین هەنگاوییان ناوە، یان بە مانایەکیتر، زمانی شیعر ئەو هێزە گەورەیەی لە پشتە دەتوانێ چیڕۆک و ڕۆمان و تەنانەت بابەتە مەعریفی و فەلسەفییەکانیشی پێ بنووسریتەوە، لەژێر کاریگەری ئەم بۆچوونەوە شێرکۆ بێکەس ، بەشێک لە قەسیدە درێژەکانی وەک (کورسی و گۆڕستانی چراکانی) ناونا (دەقی ئاوەڵا)، بەو مەبەستەی زمانی شیعری دەتوانێ هەموو ژانرەکانیتری ئەدەب وەک (چیرۆک و رۆمان و شانۆنامە)ی پێ بنووسرێتەوە .. لێرەوە دەبینین نزیکایەتییەک لەنێوان فەلسەفە و شیعردا هەیە، یان کاریگەری زمانی شیعری بەسەر هەندێک لە فەیلەسوفەکاندا هەیە و فەلسەفەکەیان بە زمانی شیعری دەربڕیوە، بۆ نموونە (نێچە)ی فەیلەسوف لە کتێبی (زەردەشت وا دوا). یان (بەختیار عەلی) چونکە خۆی شاعیر بوو، لە نووسینی ڕۆمانەکانیش بە تایبەت لە ڕۆمانە سەرەتاییەکانی وەک (ئێوارەی پەروانە و دواهەمین هەناری دونیا و شاری مۆسیقارە سپیەکان) دا، بە تەواوی لەژێر کاریگەری زمانی شیعریدایە، ڕاستە شیعر ژانرێکی سەربەخۆیە بەڵام، کاریگەری بەسەر هەموو ژانرەکانیتر جێهێشتووە. ئەم گوتانەم لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ویستی خوێنەر لەبارەی ژانری شیعر لەسەردەمی ئەمڕۆدا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. بە حوکمی ئەو گەرەلاوژێیەی لەناو دونیای نووسینی شیعر ڕوودەدات بەتایبەت لەنێو ڕووبەری سۆشیال میدیاکاندا. هەروەک (شیخ ڕەزا) ی شاعیر لە سەردەمی خۆی گوتویەتی.

شاعیر زۆر بووە لەم عەسرەدا

بووەتە حەشری نێرەکەر لەم حوجرەدا

شتێکی سەیر و نامۆ نییە گەر بڵێم، ئەو شیعرەی شیخ ڕەزا بۆ سەردەمی ئێستەش دەشێت و گونجاوە. چونکە لە مێژووی کورد هەمیشە ڕووداوەکان خۆیان دووبارە دەکەنەوە. چ لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت لەباری شیعر و ئەدەبیاتیش . سەردەمانێک لە قۆناغەکانی شۆڕش و شاخ، شیعر و سروود کاریگەرییەکی زۆریان هەبوو، بەسەر باری دەروونی کەسەکان و جۆشدان و بەرزبوونەوەی ورە و هێزی بەرگری و مقاوەمەت. یان پەیوەستبوونی لاوەکان بە ڕیزی شۆڕش و بوونیان بە (پێشمەرگە)، بەڵام ئێستا شیعر ئەو کاریگەرییە و گروو تینەی نەماوە. ڕەنگە شیعر پێویستی بە گۆڕانکاری و داهێنانی تازەبێت. ئەم گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیەش پەیوەندی بە توانا و مەعریفە و بیرکردنەوەی نووسەر و شاعیرەکانەوە هەیە. چونکە هەموو نووسەرێک تەنانەت خوێنەریش، یان هەر کۆمەڵگایەکی وشیار مەودایان لە گەڵ کتێب و مەعریفە مەودایەکی نزیکە. وە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی خاسیەتێکی هەیە کە وەک تەوژمێک لە جووڵەیەکی بەردەوام دایە. بۆیە هەمیشە لە سەردەمەکان کەسانێک بە بیرکردنەوەی نوێ پەیدا دەبن و وەک گرووپی نوێ خۆیان رادەگەیەنن. هاوشێوەی (گرووپی کفری) لە سەرەتای حەفتاکان، یان (گرووپی روانگە)، یان لە هەشتاکان (پێشرەوییەکان )ی هەولێر. خاڵێکی هاوبەش لەنێو هەموو گرووپە نوێیەکان ئەوەیە کە ویستوانە بیرکردنەەەکی نوێ بخەنە ڕوو بۆ شیعر و داهێنان. یان بە جیاواز بنووسن، گۆڕانکاری لە زمان و فۆرم و تەنانەت ناوەڕۆکیشدا بکەن، ئەوەشمان لا ڕوونە کە کەسانی نوێخواز کەسانی یاخین، یاخی لە ڕەوش و ئەدەبی چەقبەستوو، یان ئەدەبی تەقلیدی، چونکە هیچ نووسەر و شاعیرێک ناتوانێ نوێخواز بێت گەر یاخی نەبێت و ئەدەبی پێشخۆی ڕەتنەکاتەوە، رەتکردنەوە بەمانای، لە شیوازی نووسین و زمان و فۆرم، یاخیبوون پێشمەرجی نوێخوازی و جیاوازی بوونە. یان هەندێک بگەڕیینەوە بۆ ڕابردوو، لەسەردەمی بابان سێکوچکەی (ناڵی، کوردی ساڵم) هاوشێوەی گرووپێکی ئەدەبی بوون لە گۆرەپانی ئەدەبدا، دوای ئەوان سێکوچکەی نوێگەری (گۆران، شێخ نوری شێخ سالح، ڕەشید نەجیب)، لە دەرەوەی ئەم گرووپانەش هەمیشە شاعیری داهێنەر و دانسقە و نوێخواز هەبوون، بۆ نموونە (ئەحمەد هەردی)، یان  نووسەرانی گۆڤاری (ڕەهەند) کە لای هەندێکەس بە ڕەهەندییەکان ناسراون، یان چەند دەنگێکی نوێخوازی دوای ڕاپەڕین، هەموویان ڕۆلی کاریگەرییان هەبوو لە بردنە پێشەوەی ڕەوتی شیعر و ئەدەب. بەڵام لەبەر ئەوەی زۆریان هەوڵی تاکەکەسی بوون وەک پێویست نەخراونەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئێستاش ڕەنگە ڕەوشی ئەدەبیمان پێویستی بە کەسان و گرووپی نوێگەر هەبن کە هەمیشە هەوڵی نوێ و بیرکردنەوەو داهێنانی نوێ بخەنەڕوو. ڕەنگە (وەشانی نووسیار) ئەم گروپە بێت کە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزرا، کە وەک هاوشێوەی گرووپێکی ئەدەبی خەریکە چەکەرە دەکەن، بەڵام هێشتا زووە بۆ بڕیاردان یان هەڵسەنگاندنی نووسیار، ڕەنگە بە پێی کات ئەزموونییان گۆڕانکاری تێدا بکەوێت. بەڵام گەر بە ئاراستە و هەوڵ و تەوژمی ئێستا بڕوات، لەوانەیە لە داهاتوو ڕەگی خۆیان دابکوتن لەنێو ئەدەبیاتی هاوچەرخدا.

 

                                                                   ئابی ٢٠٢٢ 

گەڕان بۆ بابەت