ما 8520 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەلی حەمەڕەشید

لە ڕاستیدا ئەم گۆڕانکارییە و چوون بۆ ئەو ژینگە نوێ و پڕ لە ڕێسا و یاسایە و چۆنیەتی پابەند بوون پێوەی گرانە و وا باشە ستافی کارگێڕی قوتابخانە پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی ئامادەکاری بکەن بۆ پێشوازی کردن لە منداڵانی پۆلی یەکەم.

 

پێشوازیی لە  منداڵانی پۆلی یەکەمدا

عەلی حەمەڕەشید

 

لە ڕاستیدا منداڵ کە دەچێتە قوتابخانە و لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییدا یەکەم سەرەتای خوێندن و ژیانێکی نوێ و جیاواز لە ژینگەیەکی نوێ و جیاواز لە ژینگەی پێشووی دەست پێدەکات ڕوبەڕوی کۆمەڵێک بەربەستی نوێ و نەبینراو و نەبیستراو لە ژینگەی ماڵەوە دەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر دەبێت و تا لەگەڵ ئەو ژینگە تازەیەشدا ڕادێت پێیدەچێت ،با ئەوەش بزانین کە هەندێک منداڵ زۆرتریان پێدەچێت و هەندێکیان دەبێت ڕۆژانە کەسێکیان لەگەڵ بێت بەتایبەتی دایکیان کە ئەمەش وا دەکات کە منداڵەکە تا ڕادەیەک باوەڕی بەخۆی نەبێت و بەشێوەیەکی جیاوازیش سەیر بکرێت لەلایەن مامۆستا و منداڵانی پۆلەکەیەوە.بەڵام ئەو منداڵانەی کە ساڵی پێشتر لە باخچەی منداڵان بوون وریاتر و چالاکترن زووتر لەگەڵ ژینگەی قوتابخانەدا ڕادێن هەرچەندە ژینگەی باخچەش لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە جیاوازن، چونکە کۆمەڵێک ڕێسا و یاسای پابەندبوون و پۆل و مامۆستا و ڕێز و هەستکردن بە لێپرسینەوە و چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەو ژینگە تازەیەدا بۆ ئەمان ئاسان و ئاساییە و بەلایانەوە زۆر نوێ نییە چونکە لە باخچە بوون .بۆ گەورەش کە دەچێتە ژینگەیەکی نوێ و جیاواز لەو ژینگەیەی کە پێشتر تێیدا ژیاوە ڕوبەڕوی هەندێک شت دەبێتەوە کە ئەویش پێیدەچێت تا لەگەڵیدا ڕادێت.لە ڕاستیدا ئەم گۆڕانکارییە و چوون بۆ ئەو ژینگە نوێ و پڕ لە ڕێسا و یاسایە و چۆنیەتی پابەند بوون پێوەی گرانە و وا باشە ستافی کارگێڕی قوتابخانە پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی ئامادەکاری بکەن بۆ پێشوازی کردن لە منداڵانی پۆلی یەکەم.من پێشتر بۆ هەمان مەبەست وتارێکم نوسی و بڵاوکردەوە ، بۆیە لەبەر گرنگیی و هەستیاری چۆنیەتی پێشوازیکردن لەو منداڵانەی کە تازە دەچنە قوتابخانە وا جارێکی تر باسی دەکەمەوە و هەمان بیر و بۆچوونی خۆم بۆی دووبارە دەکەمەوە و شێوازی پێشوازیکردنیان دەخەمە ڕوو بەو هیوایەی بە پێی توانا کاری لەسەر بکرێت:

  1. بۆ ئامادەکاری وا باشە لیژنەیەک کە پێک هاتبێت لە مامۆستایانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەتایبەتی ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە کوردی و بیرکاری و سرود دەڵێنەوە خۆ زیاتریش بێت ئاساییە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانە دروست بکرێت و پێشتر ئامادەکاری بکرێت بۆ چۆنیەتی پێشوازی کردن لەو منداڵانە.
  2. ئەنجامدانی چالاکیی پێشوازی وەک ئاهەنگێکی بچکۆلە بکرێت بەڵام وا باشە لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەدا نەبێت چونکە هەم کارگێڕی قوتابخانە سەرقاڵی ڕێکخستنی پۆلەکانن و منداڵەکانیش لەنێو ئەو جیهانە تازەیەدا نامۆن و زۆریشیان کەسوکاریان لەگەڵدایە، کە کارێکی گران دەبێت و وەکو پێویست ناتوانرێت گرنگی بە منداڵانی پۆلی یەک و کەسوکاریان بدرێت و دوور نییە هەندێک لە منداڵان بە بینینی ئەو هەموو قوتابی و مامۆستا و دروستبوونی دەنگە دەنگ و هاوار و قیژەی منداڵانی پۆلەکانی تر قوتابخانەیان لەبەر چاو نەکەوێت،چونکە ئەوان دەمێکە خۆیان بۆی ئامادەکردووە و بە خۆشییەوە هاتوون و دایەو بابەش بۆ خۆشەویستکردنی قوتابخانە و مامۆستا پێشتر بەشێوەیەک باسیان کردووە لایان کە قوتابخانە  شوێنێکی زۆر  خۆشە و لەوێ دەتوانی وەرزش و  یاری بکەیت و گۆرانی بڵێیت و زانیارییش فێر ببیت.بەڵام کە لەیەکەم ڕۆژدا ئەوە دەبینێت جیاوازەو لەوە ناچێت کە بۆی باسکراوە بۆیە دەکەوێتە دوو دڵی و بێزار دەبێت.
  3. ئەو لیژنەیە دەتوانن هەفتەیەک پێش کردنەوەی قوتابخانە خۆیان ئامادە بکەن و بەرنامەی بۆ دابنێن ،بۆ ئەو ڕۆژەش دەتوانن چەند هۆنراوەیەکی سادە و تایبەت بۆ ئەو بۆنەیە ئامادە بکەن خۆیشیان بۆیان بخوێننەوە یان قوتابیانی پۆلەکانی تر بە کۆرس بۆیان بڵێن دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕاهێنان بەو قوتابیانە بکەن هەر قوتابییەک و دێڕێکی بدەنەنێ زوو لەبەری دەکات و کارەکەش باشتر و زووتر ئامادە دەبێت ،دواتر داوا لەو منداڵانە بکرێت کە کێ دەتوانێت گۆرانییەک بڵێت وەک ئەم قوتابییانە بێگومان چەند منداڵێک هەر بەشداری دەکەن.
  4. وەک وتمان واباشە چەند ڕۆژێک دوای کردنەوەی قوتابخانە ئەم ئاهەنگی پێشوازییە ئەنجام بدرێت،بە ئامادەبوونی کەسوکاری منداڵانی پۆلی یەکەم ،بەڕێوەبەر و مامۆستایان بەتایبەتی مامۆستای کوردی و بیرکاری کەڕۆژانە وانەیان پێدەڵێن خۆناساندن و وتەی کورت و گونجاو بۆ ئەو بۆنەیە پێشکەش بکەن ،چەند خۆش دەبێت کە وتەکان بەشێوازێک بێت کە خەندە بخاتە سەرلێوەکانیان و خۆشی بخاتە دڵیانەوە و قاقای پێکەنین وەک مۆسیقایەکی سروشتی لەو شوێنەدا دەنگ بداتەوە.
  5. چەند خۆش دەبێت کە شیرینی و یەکی دیارییەکی بچکۆلەشیان پێشکەش بکرێت کە ئەمانە وا دەکات کە منداڵەکان لەوێوە خۆشەویستی زیاتریان بۆ قوتابخانە و مامۆستا و دایە و بابەش زۆر تر بێت و بە دڵێکی لێوانلێو لە خۆشییەوە ئەو کاتە بەسەر بەرن و ڕۆژانی تریش  بە هەمان خۆشەویستی و خۆشییەوە بێن بۆ قوتابخانە.

لێرەدا چەند هۆنراوەیەکی خۆم وەک ئاسانکاری دادەنێم ،مامۆستاش خۆیان دەتوانن هۆنراوەی تری لەم شێوانە و گونجاو بۆ ئەو کارە بەکار بهێنن .

  پۆلی  یەک

سەیری چەندە دلخَۆشم

خەندەم لەســەر  لێوانە

چونکە  بووم بە قوتـابی

دەچم بــۆ قوتابخــــانە

...

لەوێ  دەچمـە  پۆلی  یەک

چـــالاک و وریــاو  زیرەک

وەک  پەپوولەو گوڵی جوان

سروود  دەڵێم  بۆ  ژیـــان

...

ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.

 پۆلی یەک

کە مـــامـــۆستای ئـــەلفبێ

بۆ پۆلـــەکــــەی ئێمــە دێ

بـــە جــــوانی دادەنیشــین

بەمـــلا و بــــەو لادا ناچین

ئەویش لەسـەرخۆ و ھێواش

دەڵێت گــــوڵەکان رۆژباش

بەڕووی خـــۆش و پێکەنین

پێمـان دەڵێت ئافــــــەرین

...

ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.

خەونێک

لــە خــــەونمـدا ئەســـتێرە

خــــۆی ھــــاتبوو بــۆ ئێرە

مـــــاڵی ئێمـــــەی دەزانی

ھــــاتبوو بــــە میـــــوانی

وتی مـن میــــوانی تــــۆم

بردم بۆ ژوورەکـــەی خــۆم

کــە ژوورەکـــــــەمی بینی

بــە قــــاقــــا و پێکــەنینی

وتی دەست خۆش گوڵی جوان

سەرکـــەوتوو بیت لـە ژیان

...

ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.

دارا

دارا لــە پۆلی یەکــــە

منداڵێکی   زیرەکـــــە

پاکو خاوێن و جــوانـە

کە دێت بۆ قوتابخـانــە

زۆر بێدەنگ و وریــــایە

ئەو کاتەی لە پۆلـــدایە

قسە لەگەڵ کەس ناکات

قسە بکــــات تێ ناگات

ئێوەش ھــەر وەکـــو دارا

جوان دانیشن لــــە پۆلا

گوێ بگرن لە مامۆســــتا

ھەتاکــــو زەنگ لێ دەدا

ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.

پۆلی  یەکەم

مامۆســتا  گیان

ئەوا  ئەمســـاڵ

منــــــی  منداڵ

ھـــــاتوومەتە

پۆلی یـــەکــەم

وەک گوڵی  ئـاڵ

...

بــە ھــێمــــنی

تــۆ بمــــدوێنە

کــــــــاتی وانە

تـــــا خۆشتربێ

لام خـــوێندن و

قــــــــوتایخانە

...

چەندە  خۆشـــە

لە نــــــــاو پۆلا

وتەی  شــــیرین

خــــۆشەویستیی

خـــــــۆت بنوێنی

بە پێــــــــکەنین

...

گەڕان بۆ بابەت