ما 6500 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ئەم سێ خاڵەی نێو ئەو دروشمە دەبێت وەک پێوەڕێک بۆ ناسین و دیاریکردنی ولات و حکومەتی پیشکەوتوو یان پاشکەوتوو بناسرێت و، بە گوێرەی ئەو پێوەڕە  حکومەتی وڵاتەکان دەستەبەندی بکرێت. ئەمە دەبێت وەک وانە لە کتێبەکاندا بوترێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامانجی کاری  نوێنەرانی خەڵک و حکومەتەکان. "ژن، ژیان، ئازادی".

 

ژن ، ژیان،  ئازادی

رەسوڵ سەفەریانی

دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لەم دوایانەدا لە رێورەسمی ناشتنی 'ژینا ئەمینی' لە 'سەقز'ەوە دەستی پێکرد، نوێترین دروشم و لەوانەیە بتوانین بڵێین جوانترین و بەرحەقترین دروشمە کە تا ئێستا نەک لە ئێران و کوردستان، بەڵکو لە دونیادا لە زاری رزگاریخوازانەوە و لە گەروی زوڵم لێکراوانەوە دەرچووە. ئەمە هاواری راستەقینەی ژێردەستان و زوڵم لێکراوانە. ئەمە بە چەند هۆ دەتوانێت کاریگەر و دیاریکەری بزوتنەوە رزگاریخوازەکان بێت:

١ـ ژن کە بەراستی بەشی سەرەکی ژیانە و، بناخە و بەرهەمهێنەری ژیانە دەبێت وەک سەرچاوی ژیان رێزی تایبەتئ لێبگیردرێت. ژن دەبێت نەک هەر یەکسان  لە باری مافەوە لەرووی یاساییەوە وەک پیاو  سەیری بکرێت، بەڵکو دەبێت رێز و خزمەتی تایبەتیشی بۆ بەشی سەرچاوەی ژیانبوونی و بەرهەمهێنەرییەکەی بۆ دابنرێت. جا بۆییە ئەو دەستور و یاسا بناخەییانەی کە ئەم بەشەی تێدا لەبەر چاو نەگیراوە دەچنە خانەی نوقسانەکانەوە و، دەبێت چاکسازی و گۆڕانکارییان بۆ بکرێت. ژن نابێت وەک ئامرازی تێرکردنی هەوەسی پیاوان سەیر بکرێت و، بەو بۆنەوە رێگری لە ئازادی بکەن و بەرتەسکی بکەنەوە. ژن لە بەشی گشتییەکەیدا دەبێت وەک تاکێکی رەها و ئازاد لە یاسادا مانا بکرێت و، کەس بۆی نەبێت چاودێر و باڵادەستی ئەو بێت.

٢ـ  ژیان کە بۆ هەموو کەسە و تایبەتی چین و تاقم و گروپێکی دیاریکراو نییە کە بەشەکانی تر خۆیانی لێنەدەن، ژیان وەک مافی رەوای هەموو بوونەوەرێکە و لەوانەش مرۆڤە، کە ژیان لای مرۆڤ مانای بەرینترە و ئیتر تەنیا لە خواردن و خەوتندا خۆی نابینێت. ژیانی مرۆڤ دەبێت جیا لە خواردن و خەوتن ئەمنییەت و ئاسایش و بهداشت و کار و مەسکەن و... لە خۆ بگرێت. ئەمانەش ئێستا لە هەموو دونیا ئەرکی دەسەڵاتەکانە کە رێگەخۆشکەر و دابینکەری بن بۆ هەموو مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەیان.

٣ـ  ئازادی وەک مافی رەوای هەموو ئینسانێک ئەرکی هەموو حکومەت و دەسەلاتەکانە کە بۆ هەموو تاکێکی بپارێزن و، ئیزن نەدەن هیچ کەس و لایەنێک سنورەکانی ئازادی تاکەکان ببەزێنن. هێزەکانی دەسەڵات ئەرکیان پاراستنی مافەکانی خەڵک و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگایە نەک را و بۆ چوون و خواستەکانی دەسەڵاتداران. ئەو هێزانە لە سەر ئابووری ئەو وڵاتە دەژین کە ماڵی هەموو خەڵکە نەک دەسەڵاتداران. ئەوان نابێت رێگا بدەن کە هیچ کەسێک بۆ ویست و خواستی کەسی یان تاقمی و چینی خۆی ئازادی بەشەکانی تری کۆمەڵگا ببەزێنێت و ژێر پێی بخات و داگیری بکات.

ئەم سێ خاڵەی نێو ئەو دروشمە دەبێت وەک پێوەڕێک بۆ ناسین و دیاریکردنی ولات و حکومەتی پیشکەوتوو یان پاشکەوتوو بناسرێت و، بە گوێرەی ئەو پێوەڕە  حکومەتی وڵاتەکان دەستەبەندی بکرێت. ئەمە دەبێت وەک وانە لە کتێبەکاندا بوترێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامانجی کاری  نوێنەرانی خەڵک و حکومەتەکان. "ژن، ژیان، ئازادی".

گەڕان بۆ بابەت