ما 328 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دیار لەتیف

ئاماژەی شاعیر ئەوەیە کە چەندە لێک جودا بن وەک دەسەڵاتی خۆسەری و ناسنامەی گەلایەتییان، بەڵام دوا جار هەر یەکن و وەک ڕەگی درەختێکن لێکئاڵاو، هاوشان ئەمە جۆرێکە لە ساخکردنەوەی مێژوویی. ناونیشانەکە زۆر شاعیرانەیە و تایبەتمەندییەکانی ناونیشانی سەرکەوتووی لە خۆدا کۆ کردووەتەوە.

 

 

لە ناونیشانەوە بۆ فرەکولتووری

شرۆڤەی کتێبی شیعریی (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)ی پێشەوا کاکەیی

دیار لەتیف

---------------

 

ناونیشان وەک هاودەق:

 

سەختترین بەشی نووسینی دەق، ناونیشانە. وریایەکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی لەویتر نەچێت، نوێخوازی تێدابێت و نەچێتە دەرەوەی سنووری دەقەوە. مۆدێک لە ناونیشانی کوردیدا پەیدا بووە، لەبری ئەوەی کۆشش بکات خۆی بێت، هەوڵی پاتەکردنەوەی ئەویتر دەدات.

ئەم شەپۆلە زۆر سەرەتایە، ئەگەر ڕەخنەی نەکرێت، لە ئاییندەدا زیانەکانی دەر دەکەون و دەبنە دیاردە، پێدەچێت بە پاساوی لەرزۆکانە ڕەوایەتی پێ بدرێت و بە کارێکی جێ ڕەزامەندی دابنرێت.

پێشەوا کاکەیی لەو شاعیرانەیە، کە بەشێک لە ناونیشانی بەرهەمە شیعرییەکانی کەوتوونەتە بەر بەکارهێنانەوەوە لە ڕووی ناوبەندی ڕێزمانی- ڕستەسازی- وشەییەوە. یەک نموونە لەو ناونیشانەی کە زۆر لەبەرگیراوانە بەرهەمهێنراوەتەوە، ئەم دوو ناونیشانەیە: (ئەفریقانامە بە تامی شیعر) و (ئەمریکانامە بە تامی شیعر)ە. بە جۆرێک هەم بردراوەتە ناو سەردێڕی گوتارەوە، هەم خواستراوە بۆ ناونیشانی کتێبیش.

ئەم بردنانە نەیانتوانیوە ناونیشانە بنچینەیەکەی نووسەری یەکەم تێبپەڕێنن. ئەم بردنانە وەک زیان بەسەر نووسەرانی وەرگر شکاوەتەوە. دەتوانرا لەو قاڵبە خوازراوەشدا گۆڕانکاری درووست بکەن و کاریگەرییەکە کاڵ و لاواز دەر بکەوتایە و دەکرا و دەشبووە تێپەڕاندن و نەگوتراوە.

ئەو ناونیشانانەی ناوبراو، دوو کتێبە شیعری (ئەفریقانامە بە تامی شیعر‌) و (ئەمریکانامە بە تامی شیعر) کاریگەری خستووەتە سەر دەیان ناونیشان، چ لە بواری وەرزشی‌- ڕامیاری- زانستی‌- وێژەیی- ڕۆژنامەگەری. هەر یەک لەو بەڵگانەی دەیخەمە ڕوو، گەواهی ئەوە دەدەن کە بە هەمان بەستێنی ئەو دوو ناونیشانەی ئاماژەم پێدا، خۆیان سازاندووەتەوە.

ناونیشانی کتێبی ((خەرمانێک بیرەوەری ڕۆژنامەنووسێک بە تامی چیرۆک)‌ هەڤپەیڤین) مستەفا ساڵەح کەریم، دیدارێکە لە لایەن ئازاد عەبدولواحیدەوە لەگەڵی کراوە. ناونیشانێکی تری کتێبێکی شیعریی (پێکەنین بە تامی گریان)ـی نەسرین تەنیا. (جوانییەک لە تووڕەبووندا‌ (دیدارێک بە تامی ژیاننامە))ی هیوا قادر لەگەڵ شێرزاد حەسەن ئەنجامی داوە و ناونیشانە لاوەکییەکەی نەیتوانیوە وەرگرایەتی تێپەڕێنێت. (ڤیدۆکلیپ بە تامی هەڵوێست) ناونیشانێکی لاوەکی ناو گوتاری: (خەونەکەی خۆتم پیشان بدە، ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات)ـی بەختیار عەلییە، کە دەکاتە ناونیشانی پاژە گوتارێکی گوتارە گشتییەکەی، هەمان ئەو قاڵبە ڕێزمانییە ناونیشانییەیە کە لای نووسەری دەستی یەک هەیە. هاوکات دەیان گوتاری ناو ماڵپەڕەکان، هەمان کاریگەری ڕاستەوخۆیان بەرکەوتووە و نەیانتوانیوە تێپەڕاندن بخوڵقێنن. هەڵبەت ڕیزکردنی ئەو هەموو ناونیشانە لەبەرگیراوانە بە پێویست نازانم، چونکە ڕوونە هەر بە گەڕانێک لە تۆڕدا دێنە بەر دەستمان.

ناونیشان بەستەری دەقە، چەند خۆمان لەم هاوکێشە پەڕگیر بکەین، هێندە لە ڕاستی و خوێنەر دوور دەکەوینەوە و بنەماکانی جوانی و سازاندنی ناونیشان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەم تێگەییشتنەمان بە نموونەیەک گەڵاڵە دەکەین: کاتێک بە بازاڕێکدا تێدەپەڕیت و لە تابلۆی سەر فرۆشگایەک دەڕوانیت، دەبینیت تابلۆی سەرتاشخانەیەک لێی نووسراوە دەرمانخانە، دەستبەجێ پرسیار و گومان درووست دەبێت و ئەو پرۆسەیە دەبێتە جێی سەرزەنشت. ئەمە جگە لەوەی حاڵەتەکەش بە ناشیرین پەسن دەکرێت؛ بۆ ناونیشان و دەقیش بە هەمان شێوەیە. ئەوە بۆ خۆی فریودانە، هەر فریوێک کە ساختەییە، ڕەت دەکرێتەوە.

 

ناولێنراوی کتێبی یەکەمی کۆکتێبە ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)ـی پێشەوا کاکەیی، (لەنێو ماساییەکاندا). (کە ئەم کۆکتێبە، بەرگی یەکەمی پڕۆژەکەیەتی، بە ناوی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا). گەشتێکی شیعرییانەی کولتوورخوێنە و لەو ڕێگەوە زەمەنێک بەر باس دەدرێت کیشوەربڕ، دەستبردن بۆ ڕیشەکانی نەریت و سازاندنەوەی مێژوو. قووڵبوونەوەیە بەناو ژینگە و ژیان و خووڕەوشتە میللییەکاندا. دەقێکی کوردی ئەفریقینووس، زمانێکی ڕەوان، پەیڤیوە لە فەرهەنگێکی دێرین، لە میللەتێکی سادە ژیانکردووی سرووشتخوازدا. (لەنێو ماساییەکاندا)؛ ئەو گەڕانە شیعرییە بان‌نەتەوەییەیە، کە خۆی دەکاتە هەناوی ڕۆحانییەتدا، پەیڕەو لە شێوازێکی نالاسایکەرەوەیە. جۆرێک لە شێواز خۆی بەیان دەکات لە چەشنی پەراوێزی شیعریی، کە ئەمە هاوکات نوێکارییەکی سەربار خراوە. ئەم دەقە بزێوە درامییە؛ لە تەنیشت ڕۆچوون بە ناوکی ماساییەکانەوە، ڕەخنەیەکی توندە لە سەرمایەداری و شێوە ژیانی هەنووکەیی و هاوکات هەندێک جار بەشداری پێکردنی زمانێکی گەپ، توانجدەر و قامچی وەشێنە!

دووزەنەی ناونیشان لەم دەقی واڵایەدا، (لەنێو ماساییەکان)دا، کە ناونیشانی لاوەکییە بۆ ناونیشانی سەرەکی کە: (گەرانەوەم بۆ ئەفریقا)یە؛ ئەم ناونیشانە لاوەکییە، ڕووداوچن و گێڕانەوەخوازە، ئەمەش تەرزە مانشێتێکی نوێیە بەو پێیەی لە ڕووبەری شیعری کوردیدا کەمتر کاری تێدا کراوە (لێرەدا بە ناونیشان کردنی کولتووری گەلانم مەبەستە). ماسایی؛ کۆمەڵە خەڵکێکن لە سنوری نێوان کینیا و تانزانیا نیشتەجێن، ئەم گەلە لە خاکی هەردوو وڵاتەکەدا دەژین، گەشتە شیعرییەکە لە خاکی ماساییەکانی کینیاوە دەست پێ دەکات. بەڵام پانتایی زیاتر نەدراوە بە هونەری جوانکاریی ناونیشان. هاوکات بە تەواوی ناونیشانەکە ڕایەڵی دەقە، ڕێبەرییەکە بۆ پارێزگاری لە شوناسی دەقەکە. ناونیشانێکی نادیارییە، کە دەڵێم لە ڕووی هونەری ناونیشانەوە جوانیناسی بەم ناونیشانە نەدراوە، بەو واتا دێتەوە کە ئاخۆ چی لەدوای لەنێو ماساییەکانەوە دێت! ناونیشانەکە ئاماژەیەکمان پێدەدات، ئەویش شوێنە. بەڵام بۆ ئەوەی وێژەیتربا، دەبوو ناونیشانەکە سەربارخراویتری وەک پاشناوێک لەگەڵ هاتبا و لە ناونیشانی ئاماژەیی دووری دەخستەوە و دەیکردە ناونیشانێکی هونەری‌- وێژەیی.

 

ناونیشانی لاوەکی کتێبی دووەم، (گیکویوو و تیرەی کچانی مۆمبی)ـیە. خودی ئەم ناونیشانە، ڕەگەکەی لە ئەفسانە و مێژوودایە. گیکویوو و مۆمبی ئەفسانەیەکن لە (میتۆلۆژیا/ ئەفسانەناسی)ـی ئەفریقا، کە هاوشێوەی دیدی ئادەم و حەوایە، بەڵام جوداتر.

بە باوەڕی خۆیان خودا لەسەر زەوی خوڵقاندوونی، گیکویووی نێر چووەتە کێو و نزای کردووە، دواتر لە کێوەکە هاتووەتە خوار و مۆمبی مێی بینیوە و ئیتر بوونەتە ژن و مێردی یەکتر. ناوی گیکویووی بە مانای (درەختی هەنجیری گەورە) دێت و مۆمبییش بە واتای (درووستکەر) دێت.

شاعیر زۆر کارامەیانە هاتووە و چیرۆکی ئەفسانەکەی گەرداندووە و (دووزەنەی/ سیستم)ـی ناونیشانی (دەقەکەی/ دەقەکان)ـی لەسەر بونیاد ناوە. هەر یەک لە ناونیشانەکان بە واژەی هەنجیر و ژمارە دەست پێ دەکەن، ئەمەیش ئاوێزانی تەواوەتی ناونیشان و دەقە، دوا جار ئاوڕێکی زۆر پێویستی لەو بڕە ئیستاتیکەی کە ناونیشان دەیخوازێت، داوەتەوە. ئەم ناونیشانە بە هەموو مانایەک یەکانگیری دەقە و پڕ واتایە و بە جوانکارییەوە هاتووەتە بەرهەم.

 

(ئێمبوو و ئێمبێرێییەکان وەک درەختێکی لێکئاڵاو)، ناونیشانی کتێبی سێیەمە لە کۆکتێبە ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)یە.

لە بنچینەدا، ئێمبوو و ئێمبێرێییەکان یەک گەل بوون، بەڵام دواتر جیا دەبنەوە و لە ئێستادا دوو گەلن، زمانیان تا ئاستێکی زۆر لێکەوە نزیک و هاوبەشن.

ئاماژەی شاعیر ئەوەیە کە چەندە لێک جودا بن وەک دەسەڵاتی خۆسەری و ناسنامەی گەلایەتییان، بەڵام دوا جار هەر یەکن و وەک ڕەگی درەختێکن لێکئاڵاو، هاوشان ئەمە جۆرێکە لە ساخکردنەوەی مێژوویی. ناونیشانەکە زۆر شاعیرانەیە و تایبەتمەندییەکانی ناونیشانی سەرکەوتووی لە خۆدا کۆ کردووەتەوە.

 

(وەک مێروویەک باڵم گرت بۆ لای مێرووەکان). چوارەم ناونیشانە لە کۆکتێبە ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا). ناونیشان زۆر شاعیرانەیە، شاعیر مێرووی هەوەڵینی وەک زیندەوەرێک بە کار بردووە و مێرووی دووەم، ناوی گەلێکی سەربەخۆیە و ناوی ناوچەشە. ناونیشانەکە لە هەموو ڕوویەکەوە مافی پێدراوە.

 

          (بە حەیرانی ساراکا و چووکایی بم)، پێنجەیەمین ناونیشانە لە کۆکتێبە ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا). ساراکا و چووکا، هەردووکیان دوو ئێڵن لە نۆ هۆزەکەی گەلی مێرووییەکان. شاعیر چونکە لە گەشتەکەی لەناو کتێبی (وەک مێروویەک باڵم گرت بۆ لای مێرووەکان)ـدا، ڕۆسێتتا لە دەست دەدات، ئیتر ئۆقرەی مانەوەی لەنێو (مێرووەکان) لێ هەڵدەگیرێت و بڕیار دەدات بڕواتە ناو ساراکاییەکان و چووکاییەکان، بۆ ئەوەی کەمێک باری خەفەت لەسەر شانی کەم ببێتەوە. بە ئەگەری زۆرەوە کە وشەی حەیرانبوون لەوێدا ئاماژەیە بۆ فریاگوزاری ئەو خەڵکەی کە ڕووی لێ کردوون و بە دەمەوەی هاتوون. گەشتەکانی ئەم کتێبانە، پێکداچوون، بە تاک سەربەخۆن و بە گشت پێکبەستراون. کۆی گشتییان ڕۆمانەشیعرن. ناونیشان شیعرییە و خوێنەر تاسەی کنە و پشکنینی دەقی بۆ دەکات.

 

(غەڕغەڕەم بە وشەی یاکووەکان کرد)، شەشەم ناونیشانی پۆلەکتێبی ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)یە. یاکووەکان کە بە مانای تەنیایی دێت، گەلێکن لە وڵاتی کینیا. شاعیر لەسەر پرسی زمان دەوەستێتەوە، بەم ناولێنراوە شاعیر دەیەوێت پێمان ڕابگەیەنێت کە تێرە لە کنە و پشکنین و لەناو گەلناسیدا تواوەتەوە و گەڕیدەیەکی چوستە. ناونیشانەکە بە تەواوی پێوەری هونەریبوونی تۆمار کردووە.

 

(ئیلچامووس و خەونی ڕاوە ماسی)، حەوتەم ناونیشانی پۆلەکتێبی ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)ـیە. ئیلچامووسەکان کۆمەڵە خەڵکانێکی کینیایین و پیشەیان ڕاوەماسییە، وەک ڕەگ دەچنەوە سەر ماساییەکان، شاعیر بە تێکەڵاویەتی لەگەڵ کولتوور و نەریتە میللییەکان توانیویەتی سوودی باش لەو سەرچاوە وەربگرێت بۆ دەوڵەمەندکردنی ناونیشانەکانی. گەڕانەوە بۆ فەرهەنگ و هەڵبژاردنی ناونیشانی دەق، جوانی و قورساییەک بە بەرهەمەکە دەدات.

 

(ڕۆشنایی و تاریکاییی تووگێن و پۆکۆتەکان)، هەشتەم ناونیشانە لە دەستەکتێبی ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)دا. تووگێنەکان کۆمەڵە خەڵکانێکن لەو یازدە پۆلەی نەتەوەی (کالێنجین) لە وڵاتی کینیا. پۆکۆتەکانیش بە هەمان جۆر کۆمەڵە خەڵکانێکن لەو یازدە پۆلەی نەتەوەی (کالێنجین). ناونیشانی ئەم کتێبە بە دوو واتا هاتووە، یەکەمیان ڕۆشنایی وەک ئاماژەیەک بۆ ڕۆحی تووگێنەکان کە خەڵکانێکی نەرم و نیانترن، ئاشتیپەروەرن و دوورن لە شەڕانگێزیی، تاریکاییش لە بەرانبەری پۆکۆتەکان هاتووە کە خەڵکانێکی ڕەق و شەڕخوازن. واتای دووەمی ناونیشانەکە (ڕۆشنایی/ تاریکایی) وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و دوور لە ناوی ئەو دوو گەلە وەربگرین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاژە شیعرەی کە لەسەر کۆرۆنایە و لەوێدا شاعیر ئاماژەی بەو دۆخە داوە، دەڵێت:

(ئەم پەتایە، کەرتەشییەکی ڕۆحسمە

چۆن لە ماڵۆچکەی زەویندا

ڕۆشنایی و تاریکایی دەسمێ؟[1].)

 

ئەم ناونیشانە دوو ڕەهەندە و دوو واتا لە خۆدا کۆ دەکاتەوە.

 

(ناندی و تێریک و کیپسیگیس وەک سیانەیەک لە چاوی مندا)، دەکاتە نۆیەم ناونیشانی پۆلەکتێبی ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا). هەر یەک لە ناندی و تێریک و کیپسیگیس سێ گەلن و سەر بە نەتەوەی (کالێنجین)ـی کینیان. ئەم ناونیشانە جەختکردنەوەیەکە لە یەکانە ڕوانینێکی شاعیر بۆ ئەم سێ گەلە. ناونیشانێکی درێژە، ئەوەی دژواری کردووە لە ڕووی دەربڕینەوە تاقە واژەی (کیپسیگیس)ـە. ئەم وشەیە بۆ خوێنەر دەبێتە لەمپەر لە بەردەم گۆکردنی ناونیشانەکەدا. هەڵبەت هاتنی (وەک)ـی ئامڕازی پەیوەندی هاوتای پیتی (ش)ـە، کە ڕۆڵی جەختکردنەوە و دڵنیایی کردنەوەیە. دەکرا ئامڕازی پەیوەندییەکە نەهاتبا لە پێناوی هەوڵدانی کورتبڕی ناونیشانەکەدا.

 

(شەش کێڵگەی کالێنجین)، دەیەم ناونیشانی دەستەکتێبی ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)ـیە. لێرەدا دەبێت بزانین کالێنجین نەتەوەیەکە و لە چەندین دەستەگەل درووست بووە و خاوەن شوناسی کینیایین. ئەم ناونیشانە لاوەکییە لە سێ وشە پێک دێت، ناونیشانێکی ژمارەییە، کە لە ناونیشانی کتێبەکەوە دەپەڕینەوە بۆ پاژە ناونیشانەکانی دەقەکان، ئەو تەونکارییە کارامەییەی شاعیرمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە چۆنییەتی کارکردنی تانوپۆی بژاردەی ناونیشانەکان. ئەم ناونیشانە دەکرێت بە یەکێکیتر لە ناونیشانە وردە کارلەسەرکراوەکانی ئەم کۆمەڵە کتێبە وێژەییە هەژمار بکرێت.

 

(لە هەر گەلێکدا شیعرم کاژی خۆی فڕێ دەدا)، ناونیشانی یازدەیەمین کتێبی ڕۆمانەشیعری (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)ـیە. سرووشتی ناونیشانی دوایین کتێب وا دەخوازێت درێژ بێت، چونکە وەک لە ناونیشانەکەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئاماژە بە فرەگەلێک دەکات، لە ڕاستیدا چەندین گەل بەسەر دەکاتەوە، بۆیە ناونیشانەکە پڕ بە پێستی ناوەرۆک هاتووە.

ناونیشانەکە کە درێژە، بەڵام لە ڕووی ئاوازەوە خۆشزارییە و وا لە خوێنەر دەکات بە دوای ئاماژە شاراوەکەی پشتەوەی ناونیشانەکەدا بگەڕێت. هەندێک جار ناونیشانی درێژ هەن چونکە خۆشئاواز و شیعرییەت و بە وێنە و هزرین بارگاوین، کێشەیەک بۆ خوێنەر چێ ناکات و درێژی ناونیشانەکە ئاسایی دەبێتەوە.

کۆی پڕۆسەی ناونیشانەکان بە ئاگاییەوە کاریان تێدا کراوە و پاراتێکستی ئەم ئەزموونە شیعرییە کە بۆکسێکە لە یازدە کتێبدا، بە وردی و لێزانینەوە دەستی بۆ براوە. لەبارەی ناساندنی پاراتێکستەوە کە دەکرێت وەک دەقی دووەمی دەق بیناسێنین. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی گوزارشتی دەقی دووەمی دەق، ڕوونتر ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە ڕووبەرگ و ناونیشانی دەرەکی و ناوەکی دەقەکان و پێناسی کتێب و تابلۆی بەرگ و پێشکەشە و دەروازە و ڕەگەزی دەق و پاشکۆ و هێڵکاری ناوخۆی لاپەڕەکان و هەر هەموو ڕێنیشاندەری پەڕلەکانی ناو دەقن کە بە هەموو پێی دەگوترێت پاراتێکست.

 

(گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)ـی پێشەوا کاکەیی، بە بایەخەوە ئاوڕی لە پاراتێکست داوەتەوە و ئەزموونێکی سەرکەوتووانەیە.

 

 

 

 

فرەکولتووری لە بەرانبەر توندوتیژیدا:

 

هەر نەتەوەیەک لە مێژوودا قۆناغێکی بەرگری هەبووە. مێژوو دڵنەرمانە تێنەپەڕیوە، ڕۆحی نەتەوەکان لە ڕۆحی مرۆڤەکان دەچێت، کە بە سرووشتێکی دڵڕەقانە تەنراوە. نەتەوەی سەردەستە، نەتەوەی ژێردەستەی قووت داوە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەمترین تێگەییشتن لە نێوان نەتەوەکان ئامادەیی هەبووە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانیی تازەدا، هێشتا مرۆڤەکان کولتوور و شوناس و زمان و مێژوو و سەروەری و تەنانەت هەبوونی یەکتر ڕەت دەکەنەوە.

 

لە بەرانبەردا کاری ئەدەبیاتە ئەو تێگەییشتنە مرۆییە دەستکاری بکات و بیگۆڕێتە سەر پێکەوەژیان و یەکتر پەسەندی. بەڵام بە هۆی ململانێ و جەنگەوە، سیاسەت و سۆزی جەماوەری ڕۆڵیان لەسەر ئەدەبیات هەبووە، بەمەیش جۆرێک ئەدەب سەر هەڵدەدات پێی دەگوترێت: ئەدەبی بەرگری.

دەکرێت لەم ئەدەبەدا بەر زۆرترین ڕێژەی بە ئاژەڵاندن و سووک ڕوانین لەویتر و هەڕەشە و بێ بەهاکردنی مرۆڤ ببینەوە. ئەم ئەدەبە هەرگیز ناچێتە خانەی ئەدەبی مرۆڤایەتی و ڕاستەقینەوە. ئەمە باسکردن نییە لەو ئەدەبەی بەرگرییەکی مرۆڤانە لە نەتەوەیەکی داگیرکراوی بندەستە دەکات، بەڵکوو مەبەست لەو ئەدەبەیە کە بەرگرییە لە چوارچێوەی دەمارگیریی نەتەوەییدا! ئەدەبێک کە کار لەسەر سڕینەوەی ئەویتر دەکات، دژە پێکەوەسازانی ئاشتیانەیە.

ئەدەبێک کە دەرفەتی وتووێژ نادات و تاکە هەوڵی خۆسەپاندنە. لەو سەردەمەی ئەدەبی کوردی کە دەیەوێت خۆی لە قۆناغی ڕۆمانتیک جیا بکاتەوە، ڕوانگە و کفرییەکان کە سەر هەڵدەدەن لە قۆناغی هەفتاکانی دەیەی ڕابردووەوە کە باس لە دیارترینیانە، ڕەنگە هیچ شاعیرێک هێندەی شێرکۆ بێکەس دەستی نەبووبێت لە بەرهەمهێنانی ئەدەبێکدا کە خۆی لە جیهان دادەبڕێت و دەکەوێتە سەنگەری ململانێی حیزبی و باڵەکانی ناو حیزب و ناکۆکییە زۆرەکانی لەگەڵ ڕووبەری تێگەییشتن لە پەیامی بانگەشەی ئەدەبی مرۆڤانە، ئەدەبێک کە بیەوێت لە ڕوانگەیەکی بەرینەوە بۆ جیهان و لە جیهان بڕوانێت و کێشەی شوناسی بخاتە بەردەم ئەوانیتر و جیهان، نەک لە سۆنگەیەکی باریکی نەتەوەیی و حیزبییەوە!

هەرگیز کێشەکە ئەوە نییە ئەدەبیات لەکاتی تەنگانەدا ئاوڕ لە پرسە نەتەوەییەکەی بداتەوە، بەڵام چۆن ڕوانین و دیدێک، ئەوە جێی باسەکەیە. ئەمە شێرکۆ دەخاتە بەردەم هەڵەیەکی گەورەی ئەدەبییەوە، کە تا تەمەنێکی زۆر لەگەڵیدا هەڵدەکشێت. هەرچەندە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە، بەڵام بە مانا مرۆڤانەکە نییە، بەڵکوو ئەوەی ئاگاداری قۆناغە باوەڕمەندییەکانی شیعری شێرکۆ بێت، دەزانێت کە بە مانای مرۆڤانە نا، بەڵکوو پشتکردنە دەسەڵات بە مانای باڵێکی نوێی حیزبی و ئۆپۆزسیۆنانەیە بەرانبەر کێشەکان و تاکی کوردی و کۆمەڵگەی سیاسییە دەرەبەگە کوردییەکان. باوەڕە شیعرییە بەرهەڵستکارییەکەی شێرکۆ لە دەقی واڵای (ئێستا کچێک نیشتمانمە) کە ئەم دەقە بەیاننامەی ڕوو هەڵگەڕانی شێرکۆ لە دەسەڵات پێشان دەدات، لە ڕاستیدا بە هۆکاری بەسەرچوونی مۆدی حوکمڕانی دەسەڵات بوو، لەوێوە دەچێتە پاڵ وێستگەی دەسەڵاتێکی ئۆپۆزیسیۆنانە لەپێناو لە دەستنەدانی جەماوەرەکەی، چونکە هیچ شاعیرێک هێندەی شێرکۆ جەماوەرویست نەبووە، چونکە ئەم شاعیرە شاعیری شۆڕش بووە، شۆڕشیش هەمیشە پێویستی بە جەماوەر و دەنگی ئەویترە. بۆیە بڕێکی زۆری ئەدەبیاتی شێرکۆ بێکەس، بەرهەمهێنەرەوەی ئەدەبێکی توندوتیژە بەرانبەر ئاژەڵان و مرۆڤ. ئەدەبیاتێکە لەبری نەرمونیانت بکات، وا دەکات تۆڵەسێن، زبر و نالێبووردە بیت، ئەمەش کاریگەرییەکی تەواو نەرێنیانە دەگوازێتەوە سەر دەروونی بەردەنگ. بەم پێیە بێت ئەدەبیاتی شێرکۆ بێکەس ئیشی لەسەر فرەکولتووری نەکردووە و توندوتیژی مرۆیانە و ئاژەڵیانەی خستووەتەوە، بەوەی لە ڕێگەی بە دەعەجانکردنی مرۆڤەوە، پێشناوێکی نەگریسانەی سەرباری جۆری ڕەگەزیی ئاژەڵەکان کردووە.

 

گەر بۆ فرەکولتووری بگەڕێینەوە، گرنگترین شاعیرێک کە پێویستە بە بایەخەوە لێی بڕوانین پێشەوا کاکەییە. ئەدەبیاتی پێشەوا ئەزموونێکی گەنجە، بەڵام ئەزموونێکی تولانی و بارگاوییە بە مەعریفەی شیعریی. ڕوانین لە شیعر بە تێگەییشتنەوە، ڕۆچوونە بەناو خاڵە بنەڕەتییەکانی بیرکردنەوەی شیعریانە. هەر دەستبردنێکی بۆ پڕۆسەی شیعریی، ئاگامەندانەیە، بە ئاگاییەوە کار لەسەر ئەندازەسازیی شیعرییەتی خۆی دەکات.

لە دوایین کتێبی ڕۆمانەشیعریدا (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا)، کە بۆکسێکە لە یازدە کتێبدا، گەلانێکی ڕەشکەڵە تەوەرەییە و دەچێتە ناو ڕەگی نەریتە میللییەکانەوە و زمانی کۆن و ئەفسانەسازی و فرەکولتووری و فەرهەنگ و کەلەپووریانەوە. بەم سەرگەرمییەوە دەست بە گێڕانەوەکانی دەکات، گێڕانەوەیەک کە چۆن دانتی (کۆمیدیای ئیلاهی) پێ نووسییەتەوە.

سەرجەم ئەم کتێبانە جەخت لەسەر بیرۆکەی فرەکولتووری و فرەشوناسیی گەردوونی دەکەنەوە، ((دەبێ بە جۆرێکی دی، گەلان پێکەوە ببەستینەوە[2]))، ئەم دێڕە و دەیانی تر لە کتێبی (گیکویوو و تیرەی کچانی مۆمبی)ـدا، تەواو پاڵپشتی بۆچوونەکەمانە. کڕۆکی ئەم پڕۆسە شیعرییە، دڵداری کردنە لەگەڵ سرووشت و نیانی و ژینگە و ڕووەک و درەخت و هەوا و ئاو و ئاسمان. تۆ ئەگەر ڕەشکەڵەیت، زەردەڵەیت، سپیکەڵەیت، سوورکەڵەیت و هەر شێوەیەکیت. هەر زمانێکت هەیە و هەر پاشناوێک، هەر کولتوورێک و هەر باوەڕێک، هەر ئایینێک و هەر ڕەگەزێک، چونکە تۆ مرۆڤیت، لەم ئەزموونەی پێشەوادا جێگەی بۆ کراوەتەوە. بەڵکوو بە یەکسانی و دوور لە هەر کردەیەکی ڕەگەزپەرستانە. بەرزنرخاندنی ئەم ئەزموونەی شاعیر لەوێدایە کە ڕەگەزپەرستانە لە دەوروبەر وەک دۆست و نادۆست ناڕوانێت، بەڵکوو دەرفەت دەداتە دوواندن. شاعیر دەڵێت؛

((نەمدەویست وەک گۆستاڤ یۆنگ

بڵێم لە ژوورێکدا خەوتم، بۆنى تەپاڵەی لێ دەهات

خۆم بکەمە دەروونشیکارێک و

هەموو شتێک بە کولتووری سپی بخوێنمەوە[3].))

 

لەم ڕووبەرە شیعرییەی کاکەییدا، جیاوازی چینایەتی گەیشتووەتە پلەی سفر، جیاوازی ڕەگەزی و جیاوازییە زۆرەکان ڕێگەیان پێ نەدراوە، خۆیان نماییش بکەن، مامەڵەکە تەواو مرۆیانەیە. شاعیر لەم کتێبەیدا، خاوەن گوتارێکی دژە سەرمایەدارییە و دژە بەو بیرکردنەوە سپییەی بە عەقڵێکی سپیپێستانەوە کە دەخوازێت پلەبەندی درووست بکات و جیهان دابەش بکاتە سەر بەرز و نزم و کۆیلە و سەردار. هاوڕێ لەگەڵیدا دژە ئەقڵیەتی ڕەگەزپەرستانەیە بۆ شوێن. شوێن ئازاد دەکات و دژە بە سنوورە درووستکراوەکانی مرۆڤ. هاوسات ئەم کتێبە شۆڕشێکە بەسەر ئەقڵی دەمارگیرانەدا، ئەم بیرە جوداخوازییە بە تەواوی لە فیلمی (خزمەتکارەکان)ـدا کە ئەمریکییە، جەختی لێ کراوەتەوە. باس لە کۆمەڵێک ژنە خزمەتکاری ڕەشکەڵە دەکات کە چۆن سیستەمی دەرەبەگانەی سپیکەڵەکان دەیانچەوسێننەوە. فیلمەکە ئەو واقیعەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە مرۆڤ داگیرکەر و ستەمکاری مرۆڤە، دوا جار شۆڕشی ڕەشکەڵەکان بەسەر یاسا زۆرەملێکاندا سەر هەڵدەدات و دەگەنە جۆرێک لە ڕزگاری و ئازادی. بۆیە (گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا) دابڕانە لە زەوقی ڕاهێنراوی چەندین ساڵەی شیعری کوردی، بە جۆرێک لە خەیاڵەوە بۆ کەرەستە و چێژ و مانا و بیرکرنەوەی زمانییانە.

 

[1]. پێشەوا کاکەیی، ڕۆشنایی و تاریکاییی تووگێن و پۆکۆتەکان، گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، کتێبی هەشتەمی بەرگی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢، ل٦٥

[2]. پێشەوا کاکەیی، گیکویوو و تیرەی کچانی مۆمبی، گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، کتێبی دووەمی بەرگی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢، ل٥٥

[3]. پێشەوا کاکەیی، ئێمبوو و ئێمبێرییەکان، وەک درەختێکی لێکئاڵاو، گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، کتێبی سێیەمی بەرگی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢، ل٢٠