ما 5225 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

 ئەوەی من ئەیبینم ئەمرۆ دەقە، شیعر نییە، دەقە بەشێوەیەکی ستوونی نووسراوە، بەستوونی نووسین بەس نییە بۆ ئەوەی دەق ببێتە شیعر، شیعر ئیستاتیکای خۆی هەیە، دونیا بینی قوڵ و فراوانی هەیە، هەموو کەس نابێتە شاعیر ئەگەر لەفەزای قوڵی شیعر نەتوێتەوە. 

من دەق ئەنووسم شیعر نانووسم

ئێستاش هەر وەک جاران کەباسی شیعر دەکری ترس و لەرز دام ئەگرێ یەکسەر و دەستبەجێ مێشکم دەچی بۆ لای عروزەکانی شیعری کلاسیکی و وەزن وسەرواری شیعری نوێ کە ئەو دەمە شیعر بەو ریسا و تایبەتمەندیانە دەنووسران، هەروا سڵێش لەمەسەلەی بوون بەشاعیر دەکەمەوە چونکە لەسەردەمی شورش دەیانگوت پیویستمان بە دکتورە نەک شاعیر. جاروباریش هەجوی شیخ رەزا تالیبانیان هینایەوە سەبارەت بە زۆربوونی شاعیر. بوون بەشاعیر تاڕادەیەک مایەی گاڵتەجاڕی بوو، بێگومان هەموو قەڵەم بەدەستێکی ناگاتە مەحوی و ناڵی و گوران و حافز و سەعدی و فردەوسی و مەولانە جەلادین رومی و دەیان شاعیری دیکەی کورد و بیانی.

لێرە دا من کوسپ و تەگەرە دروست ناکەم بۆ ئەو برایانەی شیعر دەنووسن لەروانگەی ئازادی دەربڕینەوە ئەوان ئازادن چۆن گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن بەڵام مەبەستم شێوەی دەربڕینە، چونیەتی دارشتنی بیروکەیە بە کەرەستەی وشە، دەبێ شاعیر وینەیەکی درامی دارێژراو بەوشە پێشکەش بکا، ئەوەی من دەیبینم دیالۆگ و مەنەلوگە خوزگە دیالوگ و مەنەلوگەکەیان قسەی رۆژانەی ئاسایی نەبوایە !

بەڵکو دیالوگ و مەنەلوگی شاعیرانە بوایە، شاعیرانە بەواتای موزیکی هارمۆنی ناوخۆی دەق هەبێ، وێنە درامی لەدوای یەک بیت بەشێوەی کرنۆلۆژی، شیعریش وەک تابلۆیە دەبێ رەنگاو ڕەنگ بێ، دەبێ بزانیت چۆن ڕەنگەکان دابەش ئەکەیت، چۆن فڵچە ئەوەشێنی، چۆن دوا دەستیوەردان (اللمسات الاخیرة) ئەنجام ئەدەیت.

کەچی ئەوەی من ئەیبینم ئەمرۆ دەقە، شیعر نییە، دەقە بەشێوەیەکی ستوونی نووسراوە، بەستوونی نووسین بەس نییە بۆ ئەوەی دەق ببێتە شیعر، شیعر ئیستاتیکای خۆی هەیە، دونیا بینی قوڵ و فراوانی هەیە، هەموو کەس نابێتە شاعیر ئەگەر لەفەزای قوڵی شیعر نەتوێتەوە، دەکرێ بڵین ئەدونیس شاعیرە کەباس لە دونیای بینراو نەبینراو ئەکا، چاوی شاعیر ئەوەندە تیژە نابینراوەکانیش ئەبینی، شاعیر خاوەن یادەوەرییەکی تایبەتە ئاوێتە بووە لەگەڵ یادەوەری گەردوونی  کە باولوکویلهو لە رۆمانی کیمیاگەر باسی دەکات.

هەر بۆیە دەڵیـم من دەق ئەنووسم شیعر نانووسم!

 

 

گەڕان بۆ بابەت