ما 5980 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەحمەد رەزا

دوو چەشن لە مەبەستگەراییدا، لە واقیعی خوێندنەوەدا، جیاوازییان هەیە.. یەکەمینیان پێیوایە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیی، دۆزینەوەی مەدلولە ڕاستەقینەکان و دۆزینەوەی مانایە... بەڵام چەشنی دووەم باوەڕی وایە، کە  خوێندنەوە لێکدانەوەی دەقی ئەدەبییە بەپێی توانای تێگەیشتن لەو دەقە (واتە ئاستەکانی وەرگرتن لەلایەن وەرگرەوە) یان بەپێی نیەت و مەبەستگەرایی ئەو خوێنەرە

(( کۆستی کچ لە نێوان گۆران و شێخ حەسیبدا))

" هیرمنیوتیک/ التاأویلیة"

     ئەحمەد ڕەزا

ژێدەری دەقی " بۆ کەژاڵی جوان" بە پێی تیۆری (پەیوەندیگیریی/ Communication/ التواصل)، کە بەناوی " ڕۆمان یاکۆبسۆن[1]"ەوە لکێنراوە، ماتەمگێڕییە..

شیعری ماتەمگێڕیی/ الرثاء:

 خوێنەر لە ئاستی هەر دەقێکی شیعریی ماتەمگێڕیدا، کە جۆرێکە لە هونەری شیعریی، پێش هەر شتێک چاوی لەسەر نزیکایەتی دانەر/ شاعیری دەقەکەیە، ئەوەش بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی ئەو پەیامەی ئەیگاتێ و لەڕێگەیەوە باوەڕ بە هەڵچوونی ڕاستەقینەی ناو دەقەکە ئەهێنت لەڕووی قووڵایی ئەو خەم و ناسۆرەی بە لەدەستدانی ئازیزێکیەوە بەسەری هاتووە.. بۆ ئەوەی لە گەیاندنی ئەو هەستە ماتەمگێڕییەی دەلالەتە ونەکانی کارەساتەکە بدۆزێتەوە.. هەڵبەت ئەوەش بە پێی تێگەیشتنی هەر وەرگرێک بە جیا.. بەمەش وەرگر ئەگاتە ئاستی ڕێژەیی ئاوێتە بوونی لەگەڵ قەبارەی ئەو کارەساتەی بەسەر شآعیرەکەدا هاتووە.

 شیعری ماتەمگێڕیی چەند تایبەتمەندێتییەکی دیاری هەیە، کە گرنگترینیان بریتین لە:

١-شیعرێکی ویژدانییە، بە ڕاستگۆیی و توانای سۆزی ئەناسرێتەوە.

٢-بەپێی شێوازو ئامانجەکەی ئەناسرێتەوە، وەک: ماتەمباریی، دڵتەنگیی، شیوەن و گریان، دەربڕینی هەستێکی قووڵی غەم و پەژارە.

٣-بەهۆی دڵگەرمیی و هەناسەسواریی شاعیرەوە، دێڕەکان کورتن، لە گریانی بەکوڵی واقیعیی کاتی نووسیندا نەبێت.

٤-دەربڕینی هەندێک دەلالەتی دوور.

٥- ناوهێنانی ئایین و باسکردنی – بەهەر بیروڕایەک- [2]

 هەموو ئەم تایبەتمەندێتییانە لە دەقی شیعریی " بۆ کەژاڵی جوان"دا بە ڕوونیی ئەبینرێتەوەو بابەتێکی پەتییە لە دەربڕینی غەم و پەژارەو شیوەنی گەرم بۆ کەژاڵی جوان.

دیمەنی وێنەیی، یان نووسینی پڕ دیمەن:

 لە ڕووی جۆرەوە، جۆری دیمەنی وێنەیی هەڵبژێرراوە بۆ گەیاندنی تەواوی ئەو ئازارو هەستە پەنگ خواردووەی باوکێک دوای لە دەستدانی کچە بیست و یەک ساڵەکەی..

 " حەبیب مونسيی" ڕەخنەگر بەمجۆرە پێناسەی نووسینی پڕ دیمەن ئەکات: " ئەو نووسینەیە کە کۆمەڵە وێنەیەکی بەدوایەکی تیا هەڵڕێژراوە، هەروەک ئەوەی شریتێکی جوڵەیی نمایش بکات، پڕە لەو پاشخانانەی سیمبۆلەکان ئەجوڵێنێت[3] " بەپێی ئەم پێناسەیەو چەندین پێناسەی جیاوازیتری ڕەخنەگران، کە پوختەکەی لە پێناسەکەی حەبیب مونسییدایە، دەقی شیعریی " بۆ کەژاڵی جوان" شیعرێکی پڕ دیمەنی وێنەییە، کە بە وشە دەرخراوە.. هەڵبژاردنی دیمەنە وێنەییەکانیش لە ڕەگەزێکی دراما نزیک ئەبێتەوە.

 لەبەرئەوەی دراما کاریگەرێتیی لەسەر وەرگر زیاترە، بەهۆی ئەوەوە کە دیدو بۆچوون لە کارەکەدا بابەتییترەو گێڕانەوەسازییەکە لە " جووڵە/ وێنە"دا ئەگاتە بەرامبەر، بەوەش ئەو ڕووپۆشە خودگەرایی و ڕا تاکگەراییە لە دەقەکەدا ون ئەبێت.. بە خواستنی چەند دیمەنێکی سینەمایی، وێنە شیعرییەکان بەرجەستە ئەبن و زەینی وەرگر لە خوێندنەوەی دەقەوە، ئەگۆڕن بۆ بینینی دیمەنەکان، کە ئەمەش تازەکی لە دەقی نوێگەریدا سەری هەڵداوە، بۆ نمونە لای عەرەبەکان لە ساڵی 2000 ەوە، زیاتر دەرئەکەوێت[4].. کەچی ئەم دەقە ساڵی 1983 بەرهەم هاتووەو بەوجۆرەو شێخ حەسیب قەرەداخی کۆچکردوو بە " شێواز/ اسلوب" ی باوی خۆی نووسیویەتی.. لە پێشتریشدا وێنە شیعرییەکان دیمەنێکیان بەو شێوەیە نیشانداوە، یان شانۆیی شیعریی هەبووە، بەڵام بە ئامانجگرتنی دیمەنی وێنەیی لە شیعری هاوچەرخدا سەری هەڵداوە، بەوەی کە دەقێک بە تەواوی بونیادی پێکهاتەییەوە لە کۆتاییدا ببێێتە چەند گرتەیەکی وێنەگیراوی سینەمایی لە زەینی خوێنەردا.

  دەقی " بۆ کەژاڵی جوان" بە ڕووی ڕەگەزەکانیتردا کراوەیە.. دەقەکە بیرۆکەیەکی تەواوکراوی کورتە فیلمێکی سەرکەوتووە، تەنها سیناریۆیەکی پێویستە بۆ ئەوەی دەستبدات ببێتە کورتە فیلم، هەرچەندە لە سەرەتاوە، بەشێک لە سیناریۆکەو کات و لۆکەیشن و کارەکتەرەکان و سینۆگرافیاکەشی تۆمار کردووە:

چوار شەممە 15ی حوزەیرانی 1983،

دەمەوبەیانی ... کەژاڵی جوان،

کەژاڵی شۆخ، دێت و دەچێت،

چاوەڕێیە

ژیان وەکو ساوایەکی بەر مەمکانە

لە باوەشی چاوەکانیا پێ ئەکەنێ،

******************

دوای نیوەڕۆی 15ی حوزەیران

کەژاڵی جوان وەکو مەلێ

بڕوانامەی کرد بە باڵ و بەرەو شاری سلێمانی

ڕێگەی کرد بە شریتێکی تازە تۆماری گۆرانی

لە پێشوازیی چاوەکانیا ئەمبەرەو بەر

ڕاوەستابوون نێرگز فرۆشی ڕێی تەمەن

چەپڵە ڕێزان (( زۆر نموونەی دیاریتریش وەک سیناریۆ لە دەقەکەدا هەن))

دەقی مێژوویی:

" ڕووداوە مێژووییەکان، لە ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان ناچن، گەر نەچنە چوارچێوەی گێڕانەوەسازیی مێژووییەوەو دووبارە نابنەوە[5]" ئەگەر بە چەمکە هێراکلیتۆسییەکە چەمکی مردنی کەژاڵ و بەهاری کچانی شێخ لێک بدەینەوە، هەڵبەت دووبارەبوونەوەی مێژوو نییە.. لەبەرئەوە لە ئاست دەقی " بۆ کەژاڵی جوان"دا، وەرگر لەبەردەم پێشوازیی دەقێکی مێژووییدایە، چوون دەقەکە ئەدەبییە، وەرگریش پێشوازیکەرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەدوای مەدلولدا وێڵە.. وەک ئەوەی کە هەموو کەسێک پێشوازیکەرە، بەڵام هەمووی ئامادەیی تێگەیشتن و لێکدانەوە نییە.

 لادان یان هەڵخزانی زمانەوانیی:

ئەم دەقە لەڕووی لادان یان خزانی زمانەوانییەوە، هەردوو جۆرەکەی لادان " دەلالیی و پێکهاتەیی" لەخۆی گرتووە.. " دکتۆر صلاح فضل" لەبارەی ئەم دوو جۆرەی لادانی زمانەوانییەوە ئەڵێت:

" لادانی دەلالیی: دەرچوونە لە ڕێساکانی هەڵبژاردنی سیمبۆلە زمانەوانییەکان، وەک دانانی کەسێک لە بری کۆمەڵ، یان وتەیەکی نامۆ لەبری وشەی باو، یان ئاوەڵناوێک لەبری ناو[6]" لەم دەقەشدا نموونەی زۆری ئەمجۆرە لادانە بەکارهاتووە:

 بە ناو هێڵی تەلەفۆن دا ڕۆڵەڕۆیەک گەیشتە لام

***

جگەر سووتاوی خاکی خەم

***

من باوکی سۆز و خەم بووم

لادانی پێکهاتەیی:

 دکتۆر صلاح لە بارەی ئەمجۆرە لادانەشەوە ئەڵێ:

" پەیوەندیی بە ڕەوتی ئاماژە زمانەوانییەکانەوە هەیە، کاتێ لە ڕێساکانی پێکهاتنی سیستمەکان دەرئەچن، وەک جیاوازیی لە ڕێکخستنی وشەکان، گەر زمان چەشن یان یاسایەکی دیاریکراوی سەپاندبێت، لادان لەم یاسایە پێی ئەوترێت لادانی پێکهاتەیی، گەر دەرچوونیش بێت لە زنجیرەی ئاخاوتنی ڕێکخراویش؛ واتە پێشخستن و دواخستنیش بێت.[7]"

نموونە لە دەقەکەدا:

دەستەوسانی! دەستەوسانی!

هەتا ئەمڕۆ،

لە شیعریشا بە قورسایی تۆم نەزانی

***

ئەی ڕۆڵە گیان خەم بڕیمی و پەنا ئەبەم بۆ دەفتەرم

بۆ دیوانم، بۆ سەفەرم

بۆ وەڵامی پرسیارێکم

بۆ چیرۆکی ئازارێکم

دەستم چزا بە داماویی دەربڕینا

دووام لە تەک هەزار چامەی ماتەمینا.

 

لە نێوان " بۆ کەژاڵی جوان" و  دەقی " شیوەنی گوڵاڵە"ی گۆراندا:

ئەم دێڕەی دوایی " دووام لەگەڵ هەزار چامەی ماتەمینا" بە دوو دێڕی دوای خۆی، بەبێ ئەوەی تەنها دێڕێک لە دەقی شیوەنی گوڵاڵەی گۆرانی مەزن وەرگرێ، تەواوی دەقەکە ئەهێنێتەوە زەینی وەگر.. دوو دێڕەکەش بەمجۆرەیە:

من دەروێشی مەولەوییم و

شەیدای شیوەنی گۆرانم

بەڵام دواتر ناوی گوڵاڵەو عەنبەر خان ئەهێنێت، کە کەژاڵیان پێ ئەچوێنێت و خۆیشی بە گۆران و مەولەوی.

لێکچوونێکی زۆر لە نێوانی هەردوو دەقی " بۆ کەژاڵی جوان و شیوەنی گوڵاڵە"دا هەیە، بە تایبەت لە ئاستی نەبینینی سەبەبکاری ڕاستەقینە لە هۆکاری مردنەکە.. هەرچی گۆرانە هانا ئەباتە بەر هەموو شتێک " ئەجەل، ئاسمان، عەرشی خوا، حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا" دواتریش یەخەی چەرخ و زەمانە ئەگرێت، وەک خۆی ئەڵێت " گریان سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردنە" لە کۆی دەقەکەیدا ئەوە ئەزانرێت کە نازانێ یەخەی کێ بگرێت لەسەر مەرگی گوڵاڵە:

کچم خۆ تۆ نەماوی تا ببینی

کە باوکت چەن بە ناسۆرە برینی!

نە تۆی پێ دێتەوە نە عەقڵی ئەبڕێ،

لە سەر تۆ کام یەخە، کام ئەستۆ بگرێ؟

دواتریش هەندێ سەبەبکار دیاری ئەکات و هانایان بەر ئەبات، کە خۆی بە گومانیشە لە هەر یەکێکیان:

ئەجەل داد! ئاسمان داد! عەرشی خوا داد!

حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا داد!

کچێکم بوو، کچــــــێ، تەنیا کچێ، بەس!

ئەویشت ئاخری کوشت چەرخی ناکەس!

شێخ حەسیبیش بە هەمان شێوە نازانێ یەخەی کێ بگرێت و داد بباتە بەر کێ، لە دوواییدا لە گەورەیی ئازاری خۆی بەرۆکی دائەدڕێ:

ئۆف ڕۆڵە گیان بۆ داخی دڵ

عەرشێ نەبوو بیلەرزێنم

گڕ گڕ بۆ خۆم گەڕامەوە

با یەخەی خۆم دادڕێنم.

شێخ جارێکیتر ئەگەڕێتەوە سەر وەحدەی وجود، کە تیایدا سەرقاڵی لێکدانەوەی یەکێتیی سروشت و خواوەند بووەو پێیەکی لە جیهانی سۆفیزم گیربووە، کاتێ ئەم کارەساتە ڕوویداوە، لەو کاتەدا لە ڕەتکردنەوەی جیهانی دەرکەوتوو بووە وەک ابن العربي، یان لە لێکدانەوەی باوەڕی سپینۆزادا نقوم بووە " هیچ شتێک لە بووندا نییە، جگە لە خودا، خودا هەبووی هەقە، هیچ هەبوویەکیتری هاوشێوەی ئەو بوونی نییە[8]" لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکە:

من باوەڕی وەحدەی وجود گێژی پێدام

کاتێ کە هۆشم کردەوە

لە ناو گۆمی مەنگی تۆدا، شەخڵی لێدام.

ئەمەش جۆرە گلەیی و نادادییەکە لەو ئایکۆنەی گێژی پێداوە لە وەحدەی وجوددا، واتە گلەیی کردنێکی ناوەکییە لە خودا.. واتە پرۆتستۆ کردنیەتی، بە بێ ئەوەی بە ڕوونیی ئاماژەی پێ بدات.

گۆرانیش دوای ئەوەی بەرۆکی خاک و قەبر ئەگرێت لەسەر ئەم کۆستەی:

قەبر! ئەی خاکی ڕەش، ئەی چاڵی تاریک

دڕنـــــدەی لاشــەخـــــۆری بــــــاوک و داییک!

دوابەدوای ئەوە ئەگەڕێتەوە، بۆلای ئەو کەسەی کاروباری خاک بەڕێوە ئەبات، کە خۆی ناوی ئەهێنێت و ئەڵێت ئەگەر ئاسمان و ئەگەر خوایە، پرۆتستۆی ئەکات:

ئەگەر، ئەی خاکی زاڵم، ئیختیارت

نییە، ناچارییە تۆیش کاروبارت،

لە کردارت ئەگەر مەسئوول سەمایە،

تەبیعەت، هەرچی... حەتتا زاتی خوایە

بەڵێ: هەرچی و هەچ کەس بێ سەبەب کار،

پرۆتستۆی ئەوم مەتڵووبە ئێجگار

ئەڕێژم ئەشک، ئەکێشم ئاهی بێ بن؛

سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردن!

تێبینیی ئەکەین لە دوا دێڕدا، گەڕانەوەیە بۆ یەخە دادڕینی خۆی و دان بە عجزو بێدەسەڵاتیی خۆیدا ئەنێت.. بە واتا لە هەردوو دەقەکەدا تەنها هەڵکێشانی ئاهی بێ بن و یەخە دادڕینی خودە.. لێرەدا هەریەک لە گۆران و شێخ حەسیب ئەبن بە پرۆتستۆکار، نەک کەسی بێ باوەڕ بە میتافیزیک.

 هەر دەقێک تا خوێنەر هۆگری نەبێت - جا بە تەنها جارێکی خوێندنەوە، یان چەند جار دووبارە کردنەوەی- نابێتە ئەو دەقەی تۆپۆگرافیاو دەلالەتەکانی دیاریی بکرێت و جوڵەی مەدلولەکانی بناسرێتەوە.. لەبەرئەوە هەردەقێک لە هۆگر بوونیدا ئەبێتە ئەو دەقەی لێکبدرێتەوە/ تەئویلی بۆ بکرێت و مەبەستگەراییەکەی ئاشکرا بێت.

 

 هیرمنیۆتیک و مەبەستگەرایی/ المقصدیة:

دوو چەشن لە مەبەستگەراییدا، لە واقیعی خوێندنەوەدا، جیاوازییان هەیە.. یەکەمینیان پێیوایە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیی، دۆزینەوەی مەدلولە ڕاستەقینەکان و دۆزینەوەی مانایە.. بەڵام چەشنی دووەم باوەڕی وایە، کە  خوێندنەوە لێکدانەوەی دەقی ئەدەبییە بەپێی توانای تێگەیشتن لەو دەقە ( واتە ئاستەکانی وەرگرتن لەلایەن وەرگرەوە) یان بەپێی نیەت و مەبەستگەرایی ئەو خوێنەرە، ئەمەش بەواتای ئەوەی ئەو خوێنەرە چۆن لە مەدلولەکانی دەقەکە ئەگات و چەند لە بنەڕەتی فیعلیی دەقەکە تێ ئەگات و چەند لێی دوور ئەکەوێتەوە.

 " حمید لحمداني" ئەڵێت: " بنەڕەت چەشنی یەکەمەو چەشنی دووەم لادان و خوێندنەوەی لابەلایە.. بەوپێیەش ئەم ئاسەوارانە لەسەر خوێندنەوەو لێکدانەوەی چەشنی یەکەم کەڵەکە ئەبێت:

١- مەدلولەکان لە دەقدا جێگیرن لە هەموو کاتێکدا.

٢- مەدلولەکان هەن، پێش ئەوەی لە دەقێکی ئەدەبیدا بجوڵێن و دەربکەون.

٣- مەدلولەکان مەبەستدارن و پابەندن بە ئیرادەی بگۆوە، واتە نوسەرەکەی.

٤- خوێنەریش ئەبێت مەبەستی ڕاستەقینە بدۆزێتەوەو تێبگات، بتوانێ شیکردنەوەی واقعیشی هەبێت بۆ دالەکان و لە لێکدانەوە/ تأویلدا سوودیان لێوەرگرێت[9]. "

 ئەو نزیکایەتیی و کارتێکردنەی دەقی " شیوەنی گوڵاڵە" لە دەقەکەدا، وایئەبینم کاریگەرێتیی دەقێکی زیندووە لە زەینی هەموو وەرگرێکدا ئەمێنێتەوەو هەر کەسێکی داهێنەریتر بکەوێتەوە ئەو هەڵوێستەوە، هەمان دەقی لا زیندوو ئەبێتەوە، کە ئەمەش کاریگەرێتییەکی ئاساییە وەک فرۆید ئەڵێت: " هەرگیز نکوڵیم لەوە نەکردووە، کە لە ئەدەبدا ڕەگەزی واقیعیی هەن، گەر وا نەبووایە نووسەر نەیئەتوانی سوود لە یادەوەریی خۆی وەرگرێت لە نووسیندا، ئەگەر سەرەتا لای نووسەر پرۆژەیەک گەڵاڵە بێت، نائاگایی بە شێوەیەکی ڕازییکەر، بە سیمبۆلەکان و وێنەکانیەوە بەشداریی ئەم پرۆژەیە ئەکات، مانای " شاراوەی گشتیی" پێ ئەبەخشێت و بەوەش دەقی داهێنەرانە چۆن ئەبێتە پێگەیەک بۆ ئبستمۆلۆژیا، ئاواش ئەبێتە ماددەیەک لە پێناوی ئبستمۆلۆژیاد.ا[10]"

 بەم لێکدانەوەیەو بەهۆی کاریگەرێتیی کۆستی گەورەی شاعیرو ئازارە قورسەکەیەوە، ئەتوانین بڵێین ئەو کاریگەرێتییە تەواو جوڵەی یادەوەریی و بیرکەوتنەوەی دەقە دیارەکەی گۆرانە، نەک ئینتەرتێکست/ intertext ێک بێ و بە کاریگەرێتیی ئەو دەقە نووسرابێت.

 مەبەستگەرایی لە تەواوی ئەم دەقەدا دەرخستنی هەستی باوکێکە لە ئاست کۆستێکی گەورەیدا، بەڵام بەردەوام " من" ئامادەییەکی بەرفراوانی هەیە، وەک پەیکەرێکی بنەڕەتیی، کاریگەر بە هەموو ڕۆشنبیریی زمانەوانیی و ژیانی خۆی.

  لەم دەقەدا شێخ حەسیب و لە دەقی " شیوەنی گوڵاڵە" شدا گۆران، " من" ئامادەیی بەردەوامی زیاترە لە " کەژاڵ و گوڵاڵە" واتە ئەوەندەی دەقەکە لاواندنەوەی خودە، زۆر کەمتر یادەوەریی " کەژاڵ و گوڵاڵەیە" واتە بابەت لکێنراوە بە هەڵچوونی شاعیرەکانەوەو لەناو هەڵچوونی خۆیاندا کاردانەوە لەسەر بابەتەکە نووسراوەتەوە، بەمەش هەردوو دەقەکە ئەبن بە دەقی ماتەمگێڕیی، بە تۆمارکردنی ئەو بارە دەروونییەی دوو باوک تیایدا ژیاون لە ساتە وەختی کۆستە گەورەکاندا.

 ناکرێت شاعیر خودگەریی خۆی لەدەست بدات، چ لە ڕووی شێوازگەرییەوە، چ لە ڕووی داڕشتنی پێکهاتەییەوە، چ لە ڕووی تێکەڵ نەبوون بە بیروڕای ئەوانیترەوە، بەمەش سەربەخۆیی خۆی ڕەوانتر ئەپارێزێت.. لەبەرئەوەی دەقیش پەیوەندیی سەرەکی بە هەڵچوونەکانی خودی دانەرەوە هەیە- نیتچە[11]-  کەواتە ڕەواترە لە کۆستێکی وا گەورەدا، دانەر وەک هەر کەسێکی ئاساییتر کاردانەوەو دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکە دەربڕێت.

 

[1] رٶمان ئۆسیبۆفیچ یاکۆبسۆن " ١٨٩٦- ١٩٨٢ زانایەکی سیمیۆلۆژیی و نوسەرو ڕەخنەگری ڕوسییە، داڕێژەری تیۆری پەیوەندیگیرییە، بە یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی فۆرمالیست دائەنرێت. سەرەتا لە مۆسکۆ ژیاوەو دواتر لەگەڵ نێردەی ڕۆشنبیریی ڕوسیدا، ئەچێتە چیکۆسلۆڤاکیاو دواتر بۆ دانیمارک و دواتریش مامۆستای زمانناسیی بووە لە زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکا.

[2] ناهد. د.نجمة ود. فخر الزمان- خصائص شعر الرثاء العربي في باکستان- جامعة بنجاب، لاهور- باکستان- مجلة القسم العربي- العدد/ 25- 2018

[3] مونسي. حبیب- شعریة المشهد في الابداع الادبي- دار الغرب للنشر والتوزیع- الجزائر- ط1 2003

[4] وانەیەکی دکتۆرە " دعاء وصفي البیاتنە- السرد في الشعر العربي المعاصر 2000- 2010 – جامعة الامیرة سمیة للتکنولوجیا/ الاردن- 2022

[5]  هولب. روبرت سی- نظریة الاستقبال- ت: رعد عبدالجلیل جواد- دار الحوار- سوریا- ط١ 2004

[6] فضل. صلاح- علم الاسلوب ومبادئه واجراءاته- دار الشروق- القاهرة/ 1998

[7] هەمان سەرچاوە

[8] وحدة الوجود- من اعداد الندوة العالمیة للشباب الاسلامي- موقع صید الفوائد

[9] لحمداني. حمید- نظریة قراءة الادب وتأویله- مجلة علامات- ع/ 26- المغرب- 2006

[10] فروید. سیجموند- حیاتي والتحلیل الننفسي- ت: مصطفی صفوان- دار المعارف- ط2- 1969

[11] " بەهرە جۆرێکە لە مەستیی و هەواگرتن و بێهۆشیی، خەیاڵی هونەرییش جۆرێکە لە خەون و هەلوەسەو وڕێنە" – نیتچە- کەواتە کرۆکی داهێنان لای نیتچە هەڵچوون و کاردانەوەکانی دانەرە.. جان ماري جویو- مسائل فلسفة الفن المعاصر- ت: سامي الدروبي- سوریا دمشق.

گەڕان بۆ بابەت