سەردار جاف
ئێمە سواری کەشتييەکەی نووح بووين و بە ئەگلەنجەوە سەوداييمانە، لە تراويلکە هەڵاتووين و لە يەقينا ئاوادەبين
ئەم بەزمی نينۆک کرۆشينە کۆتایی نايە نا، خۆ خواردنەوەيەکە لە کۆڵوانەکەی دايکم دەچێ وەک شين لە ژينا ئاوا دەبين
ئێوارانە ٨
سەردار جاف
ئێوارانەيەک تەزيوی سەحەرێکی خنکاوم
بای شنەيەک بە چپەيەک خۆی دەپەخشێنی بە دڵە فيرقەتەکەی جێماوم
لە پێخەفی لوولبووندا ئاڵوگۆڕی هەقمە
ئەو هەقەی شەرم لە دووتابلۆی نيگا هەڵواسراوەکان دەکا
نازانم من لە هەق لوول بووم يا ئەو لە من لوول بووە
سڕکی جەستە دەبێتە ئافاتێک و بۆنی چاوە گرياوەکان دەکا
من لەو ديو خۆمەوە دێمەوە ونەشارەزای نيشتيمانێکم هێشتان گوزەرم بە هەردە دێمەکانی نەکردووە
من لەو ديو خۆمەوە دێمەوە و بێ ئاگا لە کپبوونی شەو و پەيم بە رايەڵەی تەزووی باريک نەبردووە
من لەو ديو خۆمەوە دێمەوە و نازانم شەمەندەفەرە چڕ و پڕەکە لە چەند وێستگە و شار و وڵات لەنگەری گرتووە
من لەو ديو خۆمەوە دێمەوە و هێشتان بليتێکم بۆ سەر ڤيلا خنجيلانەکەی جينگڵاوە نە بڕيووە
پێکەنين و درێژە کێشانی قريوە، مينای ئالوودەيەکی جگەرەکێشانە و تەرک بوونی مەحاڵە
شاييەکان سەرچۆپی کێشن و لەو ماڵەی بەرامبەريشمانەوە ئەڵقەی پەنجەکانيان شکاوە و دەست لەملانێکان بەتاڵە
ئێمە سواری کەشتييەکەی نووح بووين و بە ئەگلەنجەوە سەوداييمانە، لە تراويلکە هەڵاتووين و لە يەقينا ئاوادەبين
ئەم بەزمی نينۆک کرۆشينە کۆتایی نايە نا، خۆ خواردنەوەيەکە لە کۆڵوانەکەی دايکم دەچێ وەک شين لە ژينا ئاوا دەبين
من چەندێ دەربەستی رۆژگارە پڕ مەنگەکانی ئاوابوونم
تۆيش هێندە لە خەمی خۆری شەودای بۆ رەوينەوەی ژانە سەری ساوا بوونم
ژنە پڕ لە قوڵپە هەنسکی دەم نيوە شەو
جيدیکە مەمتۆقينە بە لای تۆوە شەوارەم و
بە ئاگا وەرەوە تەنها تۆ خۆشەويسترين کەسمی کەسەکەم
ئەڵمانيا
٩ / ١ / ٢٠٢٣