ما 2793 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەزانین چیرۆکی و رۆمانی نوێ هاوزادە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگای بۆرژوازی، کۆمەڵگایەک کە پێوەندییە نەریتییەکان تێیدا لاوازدەبن، لەناودەچن و چەمک یاخود دیاردەی 'تاک' تیایا سەرهەڵدەدا. لە راستیدا تاکی کۆمەڵگای بۆرژوای بابەتی چیرۆکی نوێیە. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە نووسەر وەک مارکسیستێک لە رێگای ئاشنابوون بە کلتوری رۆژئاوایی و رووسی، ئاشنا بە ئەدەبی نوێیە و، بەکەڵک وەرگرتن لێی هەوڵدەدا بە شێوازی گێڕانەوەی نوێ باس لە کاراکتێڕەکانی ناو کۆمەڵگایەکی پێش بۆرژوازی کوردەواری بکا.

خەمڵی پەموو و سەرنجیک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

'خەمڵی پەموو' کورتە چیرۆکێک لە نووسینی زیندەیاد 'حەسەن قزڵجی'یە کە بە پێشەنگی نووسینی کورتە چیرۆک لە ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێران دەژمێردرێ. حەسەن قزڵجی کە لە باری بیروباوەڕەوە مارکسیست ـ لنینیستە، وەک هەموو چەپەکانی ئەو سەردەمە مەیلێکی تایبەتی بە ریالیزم وەک شێوازی نووسینی دەربڕینی ئەدەبی هەیە؛ شێوازێک کە تێیدا کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان دەخرێنە بەرباس و چیرۆکنووس هەوڵدەدا لە رێگای ئەدەبەوە دۆخی کۆمەڵگا لە باری قۆناخ و ئاستەوە بنوێنێتەوە. لە راستیدا ئەم چیرۆکە بە جۆرێک دەربڕ و نوواندنەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و چینایەتییەکانی ئەوسای کۆمەڵی کوردەوارییە لەگەڵ سەرخانی بیر و دەروونناسیی مرۆڤەکانی.

سەبارەت بەم چیرۆکە هەروەها دەتوانین بڵێین کە:

ـ کاتی چیرۆکەکە وەک لە دەقەکەدا هاتووە ساڵی ١٩٥٦ە،

ـ شوێن بریتییە لە ناوچەی هەورامان لە هەرێمی کوردستان،

ـ شێواز ریالیزمە، باشتر بڵێین ریالیزمی گوندی،

ـ چیرۆکەکە باس لە زوڵم و زۆری شێخ و بەگ، وەک دوو کۆڵەکەی چینی چەوسێنەران بەرامبەر بە جووتیاران و گوندییەکان دەکا،

ـ چیرۆکەکە بە پێچەوانەی نەریتی باوی ریالیزم لە وەسفی دەرەکی ژینگە و کەسایەتییەکان خۆی دەپارێزێ و زیاتر لەسەر کردە خۆی خڕدەکاتەوە (کردە بنیات)،

ـ لە دەقەکەدا هەشت کەسایەتی هەن کە لەوە دەچێ هەبوونی هەشت کەس لە وەها چیرۆکێکی کورتدا کەمێک زیادە دەنوێنێ و، لە راستیدا کورتە چیرۆک کە بەرجەستەکردنی کاراکتێرێکە لێرەدا دەبێ بە قوربانی،

ـ سەرەڕای کورتبوونی چیرۆکەکە، بەڵام نووسەر دەتوانێ جۆرێک لە دینامیکی دەروونی لە دوو کەسایەتیدا جێ بە جێ بکات کە دەربڕی جووڵەی دەروونییە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر لەو کەسایەتییانەدا. کە یەکیان شێخ خۆیەتی کە لە جۆرێک لە هاوسۆزی بۆ جووتیاران دەگوازرێتەوە بۆ هاوڕایی لەگەڵ زۆراوبەگ کە هەڵوێستێکی رەقی سەبارەت بە جووتیاران هەیە و، ئەوی تریان 'شێخ نامیق'ە کە لە سکاڵابردن لای شێخ سەبارەت بە زوڵم و زۆری زۆراوبەگ، دەگوازرێتەوە بۆ بەرهەڵستکاری بەرامبەر بە زۆراوبەگ،

ـ لە دەقەکەدا کەڵک لە زمانی تەنز وەرگیراوە،

ـ زمان هاوپۆشی هەیە لەگەڵ فەزای دەق کە فەزایەکی گوندییە.

خەمڵی پەموو بایەخی بەتایبەت ئەپیستمۆلۆژیی هەیە. بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بەتایبەت نەوەی نوێ تێدەگا کە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی ئەو سەردەمی کوردستان چلۆن بووە.

هەموو دەزانین چیرۆکی و رۆمانی نوێ هاوزادە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگای بۆرژوازی، کۆمەڵگایەک کە پێوەندییە نەریتییەکان تێیدا لاوازدەبن، لەناودەچن و چەمک یاخود دیاردەی 'تاک' تیایا سەرهەڵدەدا. لە راستیدا تاکی کۆمەڵگای بۆرژوای بابەتی چیرۆکی نوێیە. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە نووسەر وەک مارکسیستێک لە رێگای ئاشنابوون بە کلتوری رۆژئاوایی و رووسی، ئاشنا بە ئەدەبی نوێیە و، بەکەڵک وەرگرتن لێی هەوڵدەدا بە شێوازی گێڕانەوەی نوێ باس لە کاراکتێڕەکانی ناو کۆمەڵگایەکی پێش بۆرژوازی کوردەواری بکا.

خەمڵی پەموو، گێڕانەوەی کۆمەڵگایەکی نەریتییە لە قاوغی نوێدا. رەنگە ئەمە خۆی لە خۆیدا یەکێک لەو بەربەستانە بێت کە توانای نووسەر بۆ گیڕانەوەیەکی چڕ وپڕ سنووردار دەکا.

 

گەڕان بۆ بابەت