ما 4519 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاشم ئەحمەدزادە

لایەنێکی بەرچاوی ناوەڕۆکییانە لەم ڕۆمانەدا پرسی چینایەتییە. دونیای هەژاری بێزار لە بەرانبەر دونیای دەستڕۆیشتوویی بێزاددا زۆر بە جوانی وێنا کراوە و دەکرێ لە ژیانی ئەم دوو کەسە و بنەماڵەکانیاندا جیاوازیی چینایەتیی کۆمەڵگەی کوردەواری زۆر بە ئاشکرایی خۆی دەر بخات. کۆنتراستی چینایەتیی ئەم دوو کەسە بە یارییەکی وشەیی و زمانییانە لە داڕشتنی ناوەکانیاندا بووەتە هۆکاری ئافراندنێکی جوانیناسانە لە گێرانەوەکەدا. 

گێژاو: زاڵیی گوتن و تارمایی نیشاندان

هاشم ئەحمەدزادە

گێژاو، نوێترین ڕۆمانی فەڕۆخ نێعمەتپوورە کە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن ناوەندی ٤٩ کتێبەوە لە وڵاتی سوێد چاپ و بڵاو بووەتەوە.

ڕۆمانەکە بە پلەی یەکەم گێڕانەوەی بەسەرهاتی کوڕێکە بە ناوی بێزار کە لە زمانی خۆیەوە سەربووردەی خۆی بە نەفەسێکی دوورودرێژ و بە وردەکارییەکی زۆرەوە بۆ نووسەرێک دەگێڕێتەوە کە لە پشت پەنجەرەی ماڵەکەی خۆی دادەنیشێت و جگەرە دەکێشێت و سەیری دەرەوە دەکات. بێزار لە بەشی یەکەم لە ٢٢ بەشەکەی ڕۆمانەکەدا باس لەمە دەکات کە چۆن دەچێتە لای نووسەرەکە و لە سێ دانیشتنی بەیانی تا ئێوارەدا سەربووردەی خۆی بۆ کابرای نووسەر دەگێڕێتەوە و پێی وایە ئەم بەسەرهاتە دواجار لە لایەن نووسەرەوە گۆڕانکاریی بەسەر دادێت و هەر بۆیەشە بەدڵناییەوە دەڵێت کە ''ئەم چیرۆکە وا ئێوە دەیخوێننەوە قەت ڕووینەداوە!''[1] هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە باسێکی ئاڵۆز لەسەر پێوەندیی بێزاری وەگێڕ و نووسەرێکی نادیار ئاراستە دەکرێت، هەڵبەت لە زمانی بێزارەوە، کە وێڕای سەرنجڕاکێشبوونی، زۆریش ئابستراکتە. پرسیار ئەوەیە ڕەوتی ڕووداوەکان و لێکگرێدانەوەیان چەندە لە وێناکردنی واقعییانەی چیرۆکەدا سەرکەوتووە؟ لە ڕاستیدا، وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێتە هەموو ئەو دیاردەیەی بە ڕەخنەی ئەدەبی، نێوبانگی دەرکردووە. هەڵبەت، بەدەر لە جۆرەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، هیچ وەڵامێک ناتوانێت دوا وەڵام و باشترین وەڵام بێت بۆ ئەم پرسیارە. خاڵی هاوبەشی چیرۆکەکان و وتارە ڕەخنەییەکان، لە ڕاستیدا، ناتەواویی گێڕانەوەکان و ڕەخنەکانە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە هیچ گێڕانەوەیەک هیچ کات کۆتایی نایەت و وەک بەکورمانجی دەڵێن قەت ناقەدێت، هیچ خوێندنەوەیەکیش نابێتە دوا خوێندنەوە و هەمیشە مەجال و شوێن بۆ گۆشە نیگای دیکە دەمێنێتەوە.     

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی تێکنیکی گێڕانەوە و ئاراستەکردنی چەند سەرنجێک لەسەر ناوەڕۆک یان تێمای ڕۆمانی گێژاو.

لەو کاتەوە کە گێڕانەوە پێی نایە سەدەی نۆزدەهەمەوە و ڕێئالیزم بوو بە شێوازی باوی گێڕانەوە، ڕەنگدانەوەی وردەکارییەکان بوو بە دیاردەیەکی زەقی گێڕانەوەکان. ئەمە لە دیکێنزی ئینگلیسی، فلەوبەری فەڕەنسی، تۆلستۆی ڕووسی، تواینی ئەمریکی و هتد بەڕوونی خۆی دەردەخات کە نووسەر/ وەگێڕ چەندە پابەندی گێڕانەوەی ڕێئالیستییانەی وردەکارییەکانی ژیانی کەسایەتی و کۆمەڵگەکانی نێو گێڕانەوەکەیەتی. ئەم شێوازە لە گێڕانەوە هیچ کات نەبووە هۆی ئەوەی تەکنیکی داڕشتنی پێکهاتەی (structure) گێڕانەوەیی ڕۆمانەکان پلە و پایەی بەرزی خۆی لە تەلاری هونەری و ئەدەبیدا لەدەست بدات. بە واتەیەکی دیکە تەکنیکی گێڕانەوە دەبێت بەو بوارەی کە نووسینی هونەریی لە نووسینی ئاسایی جیا دەکاتەوە و دەیکاتە پێوەرێکی بەرچاو بۆ دەستنیشانکردنی دەقە ئەدەبییە باڵاکان. بەم جۆرە بەدەر لە چییەتی ناوەڕۆکییانەی گێڕانەوەیەک ئەوە چلۆنایەتیی گێڕانەوەکەیە کە دواجار دەبێتە هۆی پۆلێنکردنی بەرهەمەکە لە خانەی ئەدەب و هونەری هەرماندا.

ڕۆمانی گێژاو وەک گێڕانەوەیەکی ڕێئالیستیی پشت بە ئافراندنی تەکنیکێکی گێڕانەوە دەبەستێت کە هەر لە سەرتاوە دڵی خوێنەر خۆش دەکات کە لەگەڵ گێڕانەوەیەکی هێڵییانە و ڕاستەوخۆی یەکتوێیی ڕووبەڕوو نییە. ئەوە ڕاستە کە ئێمە دواجار خوێنەری بەسەرهاتی کاراکتەری سەرەکیی (protagonist) ڕۆمانەکە، واتە بێزارین، بەڵام بۆ کاراکردنی گێڕانەوەکە نووسەر پەنای بۆ دەکارهێنانی تەکنیکێک بردووە کە بەسەرهاتەکەی بێزار دەباتە نێو کاناڵ و فیلتەری نووسەرێک کە تیفتیفەی گێڕانەوە خاوەکەی بێزار بدات و بیگەیەنێتە بەر چاوی ئێمەی خوێنەر. بەم جۆرە ئێمە نووسەرێکمان هەیە کە ناوەکەی، فەڕۆخی نێعمەتپوور، لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسراوە. لە دونیای خودی گێڕانەوەکەشدا کەسێکمان هەیە ناوی بێزارە و بەسەرهاتی خۆی بۆ نووسەرێکی خەیاڵی، دەگێڕێتەوە و ئەویش چیرۆکەکە دەنووسێتەوە و ئاراستەی ئێمەی دەکات. ئەم نووسەرە بێناوە و بێزار لە ڕاستیدا ئافرێندراوی نووسەری کتێبەکە، فەڕۆخ نێعمەتپوورن. کاتی خۆی ڕۆلان بارت لە لێکدانەوەی سارازینی بالزاکدا پێوەندیی نووسەر و وەگێڕ و دەنگی کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە تاوتوێ دەکات و بۆ بەرسیڤی پرسی ''نووسەر کێیە؟'' دێتە سەر ئەو باوەڕە کە ئاڵۆزیی بواری ئەوەی کێ لە پشت قسە و دەربڕینەکانە، دەمانهێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە نووسەر مردووە و ئەوە دواجار خوێنەرە کە بە خوێندنەوەی دەق مانا دەئافرێنێت.[2] گێژاو نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ سڕینەوەی ئامادەیی ڕاستەوخۆی نووسەر، فەڕۆخ نێعمەتپوور، لە ڕەوتی گێڕانەوەکەدا. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە نووسەری جێی متمانەی بێزاریش، وشیارانە یا ناوشیارانە، لە گێڕانەوەکەدا بێناوە، و بێزاریش ڕا دەگەیەنێت کە ''ئەم چیرۆکە وا ئێوە دەیخوێننەوە قەت ڕووینەداوە!''. لێرەدایە کە بەڕوونی دەردەکەوێت ئەوە منی خوێنەرم کە بە تاوتوێی پڕۆسەی ئاڵۆزەی نووسین و بەرهەمهاتنی دەق، مانا بەرهەم دێنمەوە. ڕەنگە ڕێک میکانیزمی گواستنەوەی ئەو ڕەوتە بێت کە بکرێت بخرێتە چوارچێوەی باسی جوانیناسیی ئەدەبییەوە و ئاست و ڕادەی سەرکەوتنی هونەرییانەی گێڕانەوەکەی پێ هەڵبسەنگێندرێت.

بێزار وەک کاراکتەری سەرەکی و وەگێڕی بەسەرهاتی خۆی بە گۆشەنیگای کەسی یەکەمەوە، دەبێت هەموو پێشینەی بیچمگرتنی کەسایەتیی خۆی بە شێوەیەک ئاراستە بکات کە منی خوێنەر باوەڕی پێ بکەم کە ئەو هەر بەڕاستی خاوەنی قسەی خۆیەتی و کەسی دیکە، بۆ نموونە، فەڕۆخ یان نووسەرە بێناوەکە، قسەی دە دەمی نەناوە. قسە و هەڵسوکەوتی بێزار دەبێت لە ئاست وشیاریی کۆمەڵایەتی و زانستیی ئەودا بێت. سەرەتای چوونە نێو باسەکە لە یەکەم بەشی گێڕانەوەکەدا تارماییەک لای خوێنەری ورد وەدی دێنێت کە گەلۆ تۆ بڵێی ئەوە فەڕۆخ نەبێت کە بە خۆتێهەڵقوتاندنی خۆی، بێزار بکاتە خاوەنی دەمولەوسێکی لەم چەشنە؟ ئاخر کوا سەرمایەی کۆمەڵایەتیی بێزار ئیزنی ئەمەی پێ دەدات سەر لە چۆڵەپێچی گێڕانەوە دەر بێنێت؟ ئەم دڕدۆنگییەی خوێنەر لە دوابەشی گێڕانەوەکەدا، بەشی ٢٢، دەگاتە لووتکە ئەو کاتەی دەبینین کە ئەو تەنانەت لەسەر کوشتن یان نەکوشتنی پرشنگی هاوسەری، دەکەوێتە شکەوە و بە هاندانی نووسەری بێناو دەکەوێتە وەسوەسەی گۆڕینی سەرتاپای گێڕانەوەکەی و تەنانەت بیرۆکەی زیندووکردنەوەی پرشنگێک کە ئەو هەمووە خوێنەی لەبەر ڕۆیشتووە. گەلۆ ئەم گەمە زەینییە ئاڵۆزە لە هزری ساکاری ماجوومفرۆشێکی کۆڵانەکانی شارە بچووکەکەی بانە لە کۆتا چارەگی سەدەی بیستەمدا چاوەڕوان دەکرێت؟ لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا و دوابەدوای باسی بێزار و نووسەرە بێناوەکە لەمەڕ گۆڕینی ڕەوت و ئاکامی چیرۆکەکە گوێمان لە بێزار دەبێت کە بڕیار دەدات بەبێ ''درکاندنی یەک تاقە وشەی تر'' بڕوات و بڵێت، ''من لە گێڕانەوەکان پەشیمانم. ئێستایە دەزانم هیچ شتێک لەم ژیانەدا شیاوی گێڕانەوە نیە ئەوەندەی شیاوی ژیانکردنە. ڕەنگە گەر من ئەم چیرۆکەم نەگێڕایەوە ئەوا بەلایەکی تردا بکەوتایە، ئەوەیکە من و پرشنگ ئیستایش هەر بەردەوام دەبووین.''[3] لەبیرمان بێت بێزار تەنیا سێ ساڵ چووەتە خوێندنگە و هەمووی ژیانی خەریکی فرۆشتنی ماجوومی، لە کۆڵانەکانی بانە بووە و بەهۆی گۆجبوونییەوە بەردەوام هەستی بە دوورەپەرێزی و ژیانی پەراوێزنشینی کردووە. هەموو سەرمایە و ئەزموونی هزریی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندییەک کە لەگەڵ بێزادی برای خاتوونی جیرانیانەوە هەیبووە و  لە خوێندنەوەی چەند کتێبی بواری مناڵان تێپەڕ ناکات. خۆ ئێمە لەگەڵ ڕاسکۆلنیکۆڤی دۆستۆیێڤسکی ڕووبەڕوو نابینەوە کە خوێندکاری ماف و یاسایە لە زانکۆ و قسەکان و ئاخافتنە دەروونییەکانی بارتەقای خوێندەواری و فەزای گشتیی ژیانێتی. 

لە ڕوانگەی تەکنیکی گێڕانەوەوە دەکرێ دیالێکتیکی نیشاندان و گوتن لەم ڕۆمانەدا مژارێکی گرنگی لێکۆڵینەوە بێت. هەر لە سەرەتای گێڕانەوەکەڕا ئەوە دەنگی بێزارکەر و تاقەتپڕووکێنی بێزارە کە دەگاتە گوێ. ئەو بە نەفەسێکی دوورودرێژەوە دەبێتە وەکیلی هەموو دانیشتوانی جیهانی ئەم گێڕانەوەیە و لە جیاتی هەموان قسە دەکات. تۆ بە دەگمەن گوێت لە کەسێکی دیکە دەبێت کە شتێک بڵێت. ئەوە هەر بێزارە پێمان دەڵێت سەیدی ئاسنگەری باوکی لە خۆشناوەتیڕا هاتووەتە بانە و حاجی وەستاش لە بنەڕەتدا پێنجوێنییە و دراوسێ دەوڵەمەندەکەشیان، بەکری زێڕنگەر، هاتووچۆی ئەو دیوی سنوور دەکات و دەچێتە تاران و شارەکانی دیکەش. ئەوە هەر ئەوە قسەوباسی نێوان خاتوونی دراوسێ و دایکیمان بۆ دەگێڕێتەوە و ناهێڵێ بۆخۆمان جارێک گوێمان لە دەنگیان بێت. کاتێک دەبینین ئەوە بێزارە سەرتاپای بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە، ئەو پرسەمان لا قوت دەبێتەوە باشە ئەو بە کام میکانیزم ئەو زانیاری و هەواڵانە وەدەست دێنێت. بە وردبوونەوەیەکی زیاتر لە کۆی گێڕانەوەکە دەبینین کە ئەوە هەر بێزار نییە بەسەرهاتی خۆی و ئەوانی دیکە دەگێڕێتەوە و ئەوە هەر نووسەرە نەناسراوەکەش نییە کە سەروبەری ڕووداوەکانمان بۆ وێک دەخاتەوە، بەڵکوو، لە ڕاستیدا، کەسێکی هەموو شتزان لەئارادایە کە بۆخۆی دەیبڕێت و دەیدوورێت و ڕەوتی بیرکردنەوەی سەربەخۆیانە و ڕەخنەگرانەی ئێمەی خوێنەر دەشێوێنێت. بۆ نموونە خوێنەر هەرگیز تێ ناگات بێزار چۆن بەو وردەکارییەوە ئاگاداری ئاخافتنی نێوان حاجی وەستا و باوکی دەبێتەوە کاتێک ئەوان قسە لەوە دەکەن پرشنگی کچی فەقێ ئەحمەد بۆ بێزار بخوازن. خۆ بێزار بۆخۆی لەوێ نەبووە و ئێمە لە هیچ شوێنێک نابینین کە سەیدی ئاسنگەر یان حاجی وەستاش ئەم شتە بۆ بێزار بگێڕنەوە. ئەی کە وابوو سەرچاوەی ئەم زانیارییە لە کوێوە دێت؟ هەر بەم چەشنەش دەتوانین بپرسین ئەوە کێیە لە نێوەڕاستی گێڕانەوەی قسەکانی حاجی و سەیددا و لەنێو کەوانەیەکدا قسەکانی ئەوان شرۆڤە دەکات و دەڵێت ''(دیارە حاجی لێرەدا هەڵە بوو)''؟ ئەوە کێیە ڕێک لێرەدا خۆی تێ هەڵدەقوڵتێنێت و دەستکاریی گێڕانەوەکە دەکات؟ گەلۆ جگە لە بێزار وەگێڕێکی هەمووشتزانی دیکەش لەئارادایە؟ ئەگەر وەڵام ئەرێنییە، ئەی هەتا ئێستا لە کوێ بووە و گەمەی ئەسپاردنی ئەرکی گێڕانەوەکە بە بێزار، چی لێ دێت؟[4] هەر ئەم شێوازە بووەتە هۆکاری ئەوەی لەم ڕۆمانەدا شتێک بە ناوی دیالۆگ بەدەگەمەن بێتە ئاراوە. لە هەموو ڕۆمانەکەدا نیشانەیەکی ئاخافتنی نێوان دووکەس (-) نابینین. ئەمەش کێشی نیشاندان لە بەرانبەر گوتندا لاسەنگ دەکات و بەم جۆرە خوێنەر لە چێژی بینین و ئەزمووناندنی ڕاستەوخۆ بێبەش دەبێت. هەڵبەت لە هەندێک شوێنی ڕۆمانەکەدا چەند بڕگە و دیمەنی نیشاندان لەو پەڕی جوانیدا دەر دەکەون و دەبنە نموونەیەکی پڕاوپڕ لە وەسفی جوان و تابڵۆی ئاخێوەری گێڕانەوەکە. بۆ نموونە دیمەنی دڵتەزێنی مەرگی سەیدی ئاسنگەر و هاوژینەکەی لە بیری حەوشەی ماڵەکەی خۆیاندا لێوڕێژە لە وردەکاریی ئەکتی نیشاندان. هەر چەند لێرەشدا ئەوە هەر بێزارە ڕووداوەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەو ڕاستییە کە بۆخۆی لەوێ نییە و دەبێ دواتر ئەم وردەکارییانەی بیستبێتەوە و خوێنەر ناشزانێ چۆن، بەڵام دواجار دیمەنەکە بە دەکارهێنانی کردارگەلی شیاو و ڕەنگدانەوەی هەڵسوکەوتی دایکی بێزار و پرشنگ و لاساریی سەید بۆ چوونە نێو بیرەکە، زۆر هەستیارانە و بە وردەڕیشاڵەوە دەگێڕدرێتەوە و ڕستە بە ڕستە و دەکرێ بڵێین هەنگاو بە هەنگاو لە کارەساتی هانگاونانی سەید بەرەو مەرگ نزیک دەبینەوە. هەڵسوکەوتی دایکی بێزار و پڕشنگ زۆر سروشتیانە دەگێڕدرێتەوە/نیشان دەدرێت. کاتێک بێدەرەتانی و هاوارە کپەکانی دایکی بێزار دەبیسین و هەنگاوە بێهیوا و شلەکانی پرشنگ بەرەو ماڵی دراوسێکەیان دەبینین هێندەی پێ ناچێت کە دەنگی ناخۆشی ئامبولانس هەواڵی شوومی مەرگ بە نێو شارەکەدا بڵاو دەکاتەوە و بێزاری ماجوومییش وەک هەموو دانیشتوانی شار دەیبیسێت.[5]        

لایەنێکی بەرچاوی ناوەڕۆکییانە لەم ڕۆمانەدا پرسی چینایەتییە. دونیای هەژاری بێزار لە بەرانبەر دونیای دەستڕۆیشتوویی بێزاددا زۆر بە جوانی وێنا کراوە و دەکرێ لە ژیانی ئەم دوو کەسە و بنەماڵەکانیاندا جیاوازیی چینایەتیی کۆمەڵگەی کوردەواری زۆر بە ئاشکرایی خۆی دەر بخات. کۆنتراستی چینایەتیی ئەم دوو کەسە بە یارییەکی وشەیی و زمانییانە لە داڕشتنی ناوەکانیاندا بووەتە هۆکاری ئافراندنێکی جوانیناسانە لە گێرانەوەکەدا. کاتێک سەرنج دەدەینە ئەو ڕاستییە کە ناوەکانی ئەم دوو کاراکتەرە تەنێ بەهۆی دەنگەکانی [ر] و [د] لێک جیا دەکرێنەوە، بەڵام بەکردەوە دوو مانای زۆر لە یەک دوور و هەر بەم جۆرەش دوو ئاستی زۆر جیاوازی ژیانی کۆمەڵایەتییان لێ دەکەوێتەوە، زیاتر لە زەرافەتی هەڵبژاردنی ئەم ناوانە تێ دەگەین.

بەراوردی چارەنووسی کەسایەتیی ڕووناکبیرانەی بێزاد و کەسایەتیی بەشمەینەتانەی بێزار دەتوانێت بیانوویەک بێت بۆ ئاوڕدانەوە لە دیاردەی ڕووناکبیر لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بێزاد بەردەوام سەری لە نێو کتێبدایە و کوڕێکی ڕێکوپێک و مرۆڤدۆستە. ئەو لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا دەکەوێتە زیندان و هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ئازاد دەبێت و تەنێ سێ ساڵ دواتر لە شەڕێکدا واها بریندار دەبێت کە قاچێکی لەدەست دەدات و دەنێردرێتە ئەوروپا. بەڵام بێزار سەرەڕای هەموو نەهامەتی و چارەڕەشییەکانی ژیانی، بەتایبەتی لەدەستدانی ناخهەژێنانەی دایکوبابی و کوشتنی هاوسەرەکەی، هەر دەمێنێت تا زیاتر تاڵاوی ژیان بنۆشێت. گەڵۆ چارەنووسی بێزاد ئاماژەیەکە بە بێڕۆڵیی ڕووناکبیر لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟ گەڵۆ هەناسەساردیی بێزار ئاماژەیە بە بەردەوامی و گیانسەختیی بەشمەینەتانی کۆمەڵگەی کورد؟

دەنگی پیاوانە ئەو دەنگەیە کە لە سەرتاسەری ڕۆمانەکەدا هەموو دەنگێکی دیکە کپ دەکات. کاتێک فەقێ ئەحمەد ژنەکەی بەو چەقووە دەکووژێت کە بێزار لە ئاسنگەرییەکەی حاجی وەستا تیژی کردووەتەوە و بۆی هێناوەتەوە، ئەوە تەنێ دەنگۆکانن کە پێمان دەڵێن بۆ ئەم کارە کراوە و قەت هیچ دەنگێک لە ژنەکەی فەقێوە نابیسین. تەنانەت پرشنگی کچیشی وەک مناڵێک تەنیا بە چاوە نیگەرانەکانی گوزارە لە دۆزەخی ماڵەوە دەکات و هیچ دەنگێکی لێوە نایەت. ئەوە بەهەڵکەوت نییە کە فەقێ لە دادگادا هاوار دەکات کە ''ژن ژنی خۆمە و دەیکوژم و بە کەس مەربوت نیە!''[6] کە پرشنگ لە پشتەوەڕا چەقۆیەکی لێ دەدرێت و بەسەرچاودا دەکەوێت، ئەوە هەر دڵپیسییەکانی بێزارن کە دەبیسرێن و پرشنگ هەر بەستەزمانە و هەرگیز دەنگێکی لێوە نایەتە دەرەوە. دایکە بێناوەکەی بێزاریش هەر بەهەمان شێوە تەنێ وەدوای سەیدی کەوتووە و تەنانەت کاتێک سەید دەکەوێتە نێو بیرەکەوە ئەویش دەبێ هێندە سەر بەسەر بیرەکەدا شۆر بکاتەوە تا سەری تێدا بچێت و بەبێ سەید چرکەساتێکیش نەژێت. ناکرێ ئەوە بەهەڵکەوت بێت کە ئێمە تەنانەت ناوی دایکی بێزار و ژنەکەی فەقێ ئەحمەدمان هەر گوێ لێ نابێت. ئەوان نیین هەر وەک چۆن ناویشان نییە. کاتێک بێزاد قسە بۆ بێزار دەکات و دەڵێت ''وڵاتێک خوێندەواری تێدا نەبێت و پیاوسالارانە بێت لەمە باشتر نابێ''[7] و بێزاریش هەرگیز وشەی 'پیاوسالارانە'ی نەبیستووە و هەر لێشی تێ ناگات و بێزاد ناچارە بۆی شی بکاتەوە، ئێمە ڕێک خۆمان لە جیهانی ڕۆمانەکەدا دەبینینەوە. جیهانێک کە وەک گێژاوەیەکە و وەک دایکی بێزار دەڵێت ''سنوورە دەستکردەکانی مرۆڤ''[8] لەنێوان ئەم دیو و ئەو دیو دابەشی کردووە. جیهانێک کە تێیدا بێزار تووشی کێشەیەکی گەورە هاتووە و نازانێت کێیە و خەڵکی کوێیە.[9]

گێژاو بە ڕەخساندنی دەرفەتی ئاخافتن بۆ بێزاری پەراوێزخراو دەروازەی چوونە نێو دونیایەکی ئاڵۆز بۆ خوێنەر دەکاتەوە و لە زمانی ئەوەوە شارێکی بچووکی سنووری دێنێتە گۆ. گێژاو بە کوژرانی پرشنگ و دایکی، بە مەرگی سەیدی ئاسنگەر و هاوژینەکەی، بە بڕینەوەی قاچێکی بێزاد، بە هاواری ماجوومفرۆشیی عەبە و بێزار، بە خانووە گەورە و ئوتۆمبێلە کەشخەکەی بەکری زێڕنگەر، بە جوامێرییەکەی حاجی وەستای ئاسنەگەر، بە چەقۆکانی دەستی فەقێ ئەحمەد و بێزار و بە جەستەی شەڵاڵی خوێنی پرشنگ و دایکی، بە کۆڵانە تۆزاوی و قاوەخانە بچووکەکانی بانە، ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی شارێکمان لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا بۆ وێنا دەکات و بەشێک لە نیشتمانی کوردانمان پێ دەناسێنێت. گێژاو هەنگاوێکی بەکەڵکە بۆ بە مێژووییکردنی جۆغرافیایەک کە سەردەمانێکە دەنگی دانیشتوانەکەی کپ کراوە. گێژاو هەنگاوێکە لە ڕاستەڕێی پێداویستیی دۆزینەوەی شێوازی گێڕانەوەیەکی هارمۆنیک و فرەڕەنگ و فرەدەنگ.

 

 

[1] نێعمەتپوور، فەڕۆخ، گێژاو، ستۆکهۆلم: ٤٩ کتێب، ٢٠٢٢، ل. ٧.

[2] Barthes, Roland, ‘The death of the author’, in Philip Rice & Patricia Waugh (eds.), Modern Literary Theory: A Reader, Third edition, Arnold: London & etc., 1997, pp. 118-122.

[3] نێعمەتپوور، فەڕۆخ، گێژاو، ل. ٢٠٦.

[4] بڕوانە س. پ، لل. ١٤٠ - ١٤١ و شێوازی گێڕانەوەی قسەکانی نێوان حاجی و سەید.

[5] بڕوانە س. پ، لل. ١٥٤ - ١٦٠.  

[6] س. پ.، ل. ٤٨.

[7] س. پ.، ل. ١٢٨.

[8] س. پ.، ل. ١٢٠.

[9]  س. پ.، ل. ١٢١.

گەڕان بۆ بابەت