حەیات مەجید پەرخی

 

خاتوو حەیات پەرخی ھەمیشە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەدا دەژی، خەم و ئازارەکانی ھەموو وڵات و نیشتمانی لەکۆڵ ناوە بۆیە شیعری کردووەتە پەناگەیەک تا ئارامی پێ ببەخشێت. فەرووغ فەرووخزاد (١٩٣٥_١٩٦٧ ) گوتەنی:" کەسێک چەند ڕێز لە بیڕوباوەری خۆی دەگرێ، منیش بەھەمان ڕادە ڕێز لە شیعر دەگرم."

 

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری "پیاوێک لە مندا سەما دەکا"ی

حەیات مەجید پەرخی

    

ژانری شیعر ئارامی بە مرۆ دەبەخشێ، "پاوڵۆ کۆیلۆ" کە ڕۆماننوس و نووسەرێکی بەرازیلییە گوتەنی: "کاتێ دەنووسم ھەوڵدەدەم خۆم باشتر بناسم." حەیات دەیەوێت لە شیعری "پیاوێک لەمندا سەما ئەکا" پەنجەی بئاڵێنێ لە پەنجەکانی پیاوێک و ئاوازێکی نەمر دروست بکات

پیاوێک لەمندا سەما ئەکا،

پەنجەکانی دەئاڵێنێ،

لەپەنجەمەوە،

بەخۆی و سێبەرەکەیەوە

ھەڵدەزنێ بەبەرۆکمدا

تا کوشتنی تەنیایی خۆی

بەمنێک دەسپێرێت، شەرمنتر

لەتکە تکی تواندنەوەی چلورەی

گوێسەوانەی تەمەنێ لەتەنیاییم،

پیاوێک لەڕەبەنی خۆیەوە،

ھەنگاو بەسەر

جەنجاڵییەکانی مندا دەنێ،

تاڵێ لەپەرچەمەکەم لێدەکاتەوە،

دەیکات بە ژێ ی کەمانەکەیەوە،

ژیان دەژەنێ

پیاوێک بەبێ سەدا

ھەناسەکانم لەناو،

سەمایەکی سامبا دەگەوزێنێ،

وەک کۆتربازێکی شارەزا،

لەتەنیشت منارەی بێداریمدا،

دەستەکانی لێک ئەخشێنێ،

چەپڵەیەک لێدەدا،

ئاوازێکی جاویدانی دروست دەکات

ژیانی ھەر ئەدیب و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندێک چەندان لق وپۆی لێ بووەتەوە، نەک تەنیا لێکۆڵەر و ڕەخنەگر، بەڵکوو مرۆڤێکی سادەیش دەتوانێت بەپێی بنەمای ڕۆشنبیری، ئەکادیمی، زانیاری و زەوقی ئەدەبی بۆچوون و لێکدانەوەی دروست و بەجێی بەرانبەر ھەر لایەنێکی ئەو بەرھەمە ھەبێت، بەڵام ڕەخنەگری ڕاستەقینە، تێکستی ئەدەبی، وەک کیمیاگەرێک شی دەکاتەوە، بێ پیاھەڵدان و ستایشکردن، یان ناووناتۆرە، ئەرکەکەی تەنیا شیکردنەوەیەکی پوختە. ئەوە ڕەخنەو لێکۆڵینەوەیە ڕۆح بە بەر ئەدەبدا دەکات، کەچی بەداخەوە، لە ئەدەبی کوردیدا چەمکی ڕەخنە وا لە ھزرو بیری خوێنەری کورد دا جێگیر بووە کە بە تەنیا دەستنیشانی لایەنی نێگەتیڤ و کەموکوڕییەکان دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەخنە بڕیاردان، شیکردنەوە، خوێندنەوەو قسەکردنە لەسەر دەقێک بە ھەر دوو لایەنی جوان و ناشیرینییەوە

ئەو پیاوێکە،

مەستترە لەسایەقەی شەوی یەڵدا،

دەم نا دەمێک لەناو مندا غەرق دەبێت و،

قومێک دەدات لەو شەرابەی لەناو

ھەنارەکانی ژنێتیمدا گەییوە،

لە مەستیدا،

خومار..... خومار،

دەبێت لە باوەشم و بەبێ ئۆقرە،

ژنێتیم پڕ دەکا لە حەیران،

فوو لەمۆمەکان دەکا و،

لەبەر زەردەخەنەی نوری مندا،

سەما ئەکا،

شێتانەتر سەما دەکا،

چنگی گیر دەکا لەیاقوتەکانی ئەندێشەم،

دەنک دەنک دەمھۆنێتەوە،

دەمکاتە تەسبیحێک بۆ دەستی،

تا لەسەر کۆڵانی ئینتیزاری

چۆک دانەدا،

خاتوو حەیات پەرخی ھەمیشە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەدا دەژی، خەم و ئازارەکانی ھەموو وڵات و نیشتمانی لەکۆڵ ناوە بۆیە شیعری کردووەتە پەناگەیەک تا ئارامی پێ ببەخشێت. فەرووغ فەرووخزاد (١٩٣٥_١٩٦٧ ) گوتەنی:" کەسێک چەند ڕێز لە بیڕوباوەری خۆی دەگرێ، منیش بەھەمان ڕادە ڕێز لە شیعر دەگرم."

چ سەمایەکە ئەم سەمایە،

جەستەم شەلالی نەغمەیەکی پیرۆزی دەکا،

دەمکا بەموریدی پیاوێک،

کە زەمنێکە دەمھێنێت و دەمبا،

لە شەقامە چۆڵەکانی خۆیدا،

ئەی.. ئیلاھی،

ئەو پیاوە چەند بێباکانە دەمڕێسێ،

وەکو خورییەکی سپی سپی

ھەڵم دەپێچێ لەتەشی تامەزۆری خۆیەوە،

دەمڕێسێ چۆن بیەوێت وا دەمڕێسێ،

دەمکا بەملپێچێکی سپی و،

دەمئاڵێنێ لەملیەوە،

منی ملپێچ لەزینەتی گەردنی ئەودا

لە ھەڵمژینی ماندوو نابم... ماندوو نابم

ھەمیشە پیاوە نووسەرەکانمان زمانحاڵی ژنان بوون، شیعریان بۆ سینەو بەرۆکی خانمان گوتووە، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی کە غیابێکی گەورەی "ئافرەت"مان ھەبووە لەسەرجەم بوارەکاندا. ئەوکاتەی "ژن"ێکیش ھاتبێت شیعری نووسیبێت زۆربەی جار لاسایی پیاوی کردووەتەوەو وەک ئەوی نووسیوە، ئەوەی جێگەی گرنگە دەرکەوتنی کۆمەڵێک شاعیرە لەم ساڵانەی دواییدا کە بەجورئەتەوە و بەدەنگی بەرز دەتوانن وەک ئافرەت شیعر بنووسن.

سەرنج:

١_شیعری"پیاوێک لەمندا سەما ئەکا" خەڵاتی یەکەمی شیعری شانزەھەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژی بە دەست ھێناوە.

 

٢_ شیعری " پیاوێک لەمندا سەما ئەکا" لە رۆژنامەی چاودێر، ژمارە(٣٣٨) دووشەممە ٢٦\١١\٢٠١٢، ل٨ بڵاو بووەتەوە.

بازدید: 1021