ما 6273 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەردەوامیی دوو روانگە و هیوای زاڵبوونی یەکیان

لە لایەکەوە دەبینین:

ـ لە مێژووی فەلسەفەدا هاتووە رۆژێک پیتاگوراس (فیثاغورس) لە شوێنێکەوە تێدەپەڕێ. دەبینێ کەسێک خەریکە لە سەگێک دەدا. پیتاگوراس لێی دێتە دەنگ و دەڵێ لێی مەدە! ئەوە رۆحی مرۆڤ یان دۆستێکی منە، کاتێک دەنگ هەڵدێنێ و دەگری، من دیناسمەوە!

 

 

ـ مەسیح، مرۆڤی بۆ خۆپاراستن لە توند و تیژی هان دەدا و دەیگوت گەر کەسێک زلەیەکی لێدای، روومەتەکەی دیکەیشتی بۆ راگرە، با لێی بدا! بەڵام ئێوە نابێ لێی بدەنەوە،

ـ گاندیی هیندوستانیش لە تەواوی ژیانی پڕ لە خەبات و بەرنگاری خۆیدا کەڵکی لە شێوازی ناتوند و تیژی وەرگرت و، بەردەوام خەڵکی بۆ کەڵک وەرگرتن لەم شێوازە هان دا.

لە لایەکی تریشەوە دەبینین:

ـ دیسان لە مێژووی فەلسەفەدا لای هێراکلیت ی یۆنانی، شەڕی دژەکان بنەما و ئەساسی "بوون" ە، بۆ وێنە شەڕی نێوان تاریکی و رووناکی،

ـ مارکس، مێژووی مرۆڤ لە خەباتی نێوان چینەکان دا پێناسە دەکا، هەرچەند ئەم دژایەتییە بە شێوەی خۆبەخۆ ئێمە ناباتەوە سەر بەکارهێنانی توند و تیژی بۆ یەکاڵاکردنەوەی دژایەتییەکان.

ـ زۆر لایەن باوەڕیان بەوەیە کە نەک نابێ روومەتەکەی ترت بۆ بەرامبەرەکەت رابگری، بەڵکوو دەبێ وەهای وەڵام بدەیتەوە کە قەت نەوێرێ بۆ جارێکی تر دەستت لێ هەڵبێنێتەوە!

***

لە گەڵ ئەوەی لایەنگرانی هەر دووکی ئەم روانگەیە پێیان وایە کە شێوازی ئەوان راستەقینەترە و تەنیا لە رێگای میتۆدی ئەوانەوەیە کە مرۆڤ سەرئەنجام دەتوانێ یەکجار بۆ هەمیشە توندو تیژی لە مێژووی خۆیدا بسڕێتەوە، بەڵام دەبینین کە توند و تیژی لە گشتیەتی خۆیدا هەر بەردەوامە. واتە هیچ کام لەم دووانە نەیانتوانیووە سەداسەد بە مەبەستی سەرەکیی خۆیان بگەن.  

رەنگە لە روانگەیەکی گەورەتردا بتوانین بڵێین کە شەڕی نێوان ئەم دوو روانگەیەیە کە دەتوانێ وێنەیەکی راستەقینەترمان بداتێ. ئەویش ئەوەی کە مێژووی مرۆڤ بەردەوام بریتی بووە و جارێکە بریتی دەبێ لە کێشمەکێشی ئەم دووانە،... کێشمەکێشی نێوان توند و تیژی و ناتوندوتیژی لە پێناوی ساخکردنەوەی ناکۆکییەکاندا.

هەڵبەت گەر لە قەوارەیەکی جۆگرافی بچوکتردا بڕوانین نابێ ئەوەمان لە بیر بچی کە لەو وڵاتانەی مافەکان تا رادەیەکی زۆر دابین کراون و سیستمێکی پەروەردەی چاک و چوارچێوەیەکی بەڕێوەبەریی باش هەیە، توانراوە لە ئامرازی توندوتیژی بۆ یەک لایەنەکردنەوەی ناکۆکییەکان و دژایەتیەکان دووربکەونەوە و، بەم پێیە روانگەی یەکەم بە سەریاندا زاڵ ببێ. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە کە ئەوان لە سەر فەلسەفەی "پێشکەشکردنی روومەتەکەی تر بۆ لێدان" راوەستاون، بە پێچەوانەوە مەبەست بەرگری کردنە لە هەر دەست هەڵهێنانێك بۆ ساخکردنەوەی کێشەکان. واتە دوورکەوتنەوە لەو مێنتاڵیتە کە دەست وەشاندن دەکرێ رێگا بێت.

 

 سایتی قەڵەم

٦ ی یونی ٢٠١٥

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت