ئەرسەلان چەلەبی
چیڕۆکی قەڵای قازی کە لە دوو جەمسەری "ڕێئاڵ-فیکشێن"دا بەرهەم هاتبوو جێگەی سەرنج بوو. خاوەنی پێنج کاراکتەری سەرەکییە بە ناوی خەبات، دیاکۆ، سەلیم، قازی محەممەد و شەیتان. چیڕۆکەکە لەوێوە دەست پێدەکا کە خەبات و دیاکۆ لە تورکیە دەیانهەوێ بچن لە یووئێن ناونووسی بکەن، لەوێوە کاراکتەری سەلیم دێتە کایەوە و هەر لەوێشڕا پەتی رێئاڵ دەپچڕێ و هەودای فیکشێن و خەیاڵ هەوساری گێڕانەوەکە دەگرێتە دەست. سەلیم وەکوو کاراکتەرێکی سەیر و سەمەرە، جادووگەر، کەسێک کە دەیتوانی کارێک بکا مرۆڤەکان لە زەماندا سەفەر بکەن.
خوێندنەوەی کۆچیڕۆکی "قاوتی دەم با" بەرهەمی خەبات ڕەسووڵی
ئەرسەلان چەڵەبی
چیڕۆکی نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە حەسەنی قزڵجییەوە دەستی پێکرد. لە قەوارەی کتێبێکی خنجیلانە بە ناوی "پێکەنینی گەدا" کە بە شێوەی رێئاڵیزمێکی کۆمێکئاسا هەناسەیەکی نوێی هێنایە ناو سییەکانی ئەدەبی کوردی. بە پاش وی ئەو ڕەوتە لە زاو و زێ نەوەستا و لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران ئیتر چیڕۆکی کوردی پێێ نایە ناو قۆناغێکی ترەوە و خۆی لە ناو کاکڵ و توێخی جیاوازتر دا دیتەوە. لێرە دا لەبەر دریژ نەبوونەوەی یادداشتەکە پێویست ناکا باسی ئەوە بکرێ کە لە پاش قزڵجی کێی کە هات چیڕۆکی نووسی و نوێگەری لەو ژانڕەدا بە چ ڕیگایەکی تر دا بەد هات.
لە دەهەی نەوەدی زایینی هەناسەیەکی بەگوڕتر لە چیڕۆکی نوێ هاتە مەیدان و هەتا ئێستا دەیان و سەدان کتێبی جۆراوجۆر لەو بوارەدا چاپ و بڵاو بۆتەوە. قەڵەمی "خەبات ڕەسووڵی" چیڕۆکنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی نۆڕوێژ لە پاش ساڵەکانی دووهەزارەوە خۆی بە کۆمەڵگای ئەدەبی ناساند و لەو مەودایەدا تا ئێستا چەندین کتێبی لە بواری ئەدەبی گێڕانەوە نووسیوە و بڵاوی کردوووەتەوە کە کتێبی بەردەست واتە "قاوتی دەم با" یەک لەوانە. ئەو کتێبە ٢٢ چیڕۆکی لە خۆ گرتووە کە دووانیان واتە "قەڵای قازی" و "قاوتی دەم با" کورتە چێرۆکی تا ڕادەیەک بڵیندن و ئەوانی دی کورتیلە چیرۆکن. بەرهەمەکان لە هەر دوو جەمسەری “short story” و ”short fiction” نن. کتێبەکە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە وەشانی ٤٩ لە سوید بڵاو بۆتەوە و وێدەچێ دوایین بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە بێت.
زمان لە چیڕۆکەکاندا بێ کێشە بوو. هیچ هەڵەیەکی ئیملاییم وەبەرچاو نەهات. تەمێکی تەنزی بە سەرەوە بوو کە جوانتری کردبوو. تەنز لە چیڕۆکەکانی سەرەتا وەکوو "کەرگێ" زۆر بە جوانی دە کار کرابوو. لە چیڕۆکی "سروە"-ش دا بە هەمان شێوە تەنزێکی جوان و شیاو دە کار کرابوو کە لە ناو جەغزی ئەنجومەنی ئەدەبی و دۆدی و بۆدییەکانی دەخولاوە. حەز و خۆشی نووسەرێک کە بۆ یەکەم جار بابەتێکی بڵاو دەبێتەوە. لە زۆر یەک لە چیڕۆکەکاندا کاراکتەرەکان ڕاستەقینەن، بۆ وێنە خودی نووسەر بە ناو و شوناسی خۆی هەر لە چیڕۆکی سروە دا، بوونی کەسایەتی کاک ئەمین گەردیگلانی و دووکانەکەی کە مەکۆی نووسەر و شاعیران بوو.
بەرهەمەکان لە ناو دوو جەمسەری "رێئاڵ-فیکشێن" دا لە هاتوچۆ دابوو. بە تایبەتی لە چیرۆکی "قەڵای قازی" کە یادداشتەکەی منیش زۆرتر دەور لە سەر ئەو چیڕۆکە دەگێڕێ و دواتر دێمە سەری. ڕاوێژی کاراکتەر و لەتەکاراکتەر بە پێچەوانەی چیڕۆکە کۆنەکانی ساڵانی پێشووی چیڕۆکنووسانی ئەو بەشەی کوردستان دوروست و لە جێی خۆیدابوو. بەشی زۆری چیڕۆکی ساڵانی زوو کاراکتەری قەساب و تەماتەفرۆش و مەهەندیس و دوکتور و فەیلەسووف هەموو وەک یەک دەدوان. لە چیڕۆکەکانی ڕەسووڵیدا ئەوە نەبوو و هەر کاراکتەرێک بە پێی دۆخ و کولتوور و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی دەدوا و جەغزی وشەیی تایبەت بە خۆی هەبوو.
کتێبەکە و بەرهەمەکان بە گشتی چییان پێ بوو؟ چییان لەگەڵ خۆ هێنابوو؟
وەڵامی ئەو پرسیارە سەر بە زۆر کون و کەلەبەر دادەکا. هەر لە مەنفا و ئاوارەیی و فاشیزمەوە بگرە تا دەگاتە پرسی سیاسی و نەتەوەیی و بابەتی کۆمیک، پرسی چینایەتی، پرسی نەتەوایەتی، ئەوین و هەڵدانەوەی چەند پەڕەش لە مێژوو لەوێدا بوونیان بوو و چیرۆکنووس هەوڵی دابوو بۆ هەر کامیان لە دەلاقەیەکەوە و لە کاکڵێکی جیاواز و تایبەتەوە بۆیان بڕوانێ و بە خوێنەری بگەیەنێ.
چیڕۆکی قەڵای قازی کە لە دوو جەمسەری "ڕێئاڵ-فیکشێن"دا بەرهەم هاتبوو جێگەی سەرنج بوو. خاوەنی پێنج کاراکتەری سەرەکییە بە ناوی خەبات، دیاکۆ، سەلیم، قازی محەممەد و شەیتان. چیڕۆکەکە لەوێوە دەست پێدەکا کە خەبات و دیاکۆ لە تورکیە دەیانهەوێ بچن لە یووئێن ناونووسی بکەن، لەوێوە کاراکتەری سەلیم دێتە کایەوە و هەر لەوێشڕا پەتی رێئاڵ دەپچڕێ و هەودای فیکشێن و خەیاڵ هەوساری گێڕانەوەکە دەگرێتە دەست. سەلیم وەکوو کاراکتەرێکی سەیر و سەمەرە، جادووگەر، کەسێک کە دەیتوانی کارێک بکا مرۆڤەکان لە زەماندا سەفەر بکەن. سووژەیەک کە لە کۆنەوە هەتا ئێستاش بە تایبەتی لە سینەما دا یەگجار گرینگی پێ دەدرێت، دیارە ئەو سووژەیە هەر لە ئەدەبیاتەوە دزەی کردووەتە ناو سینەماوە. هەڵبژرادنی ئەو سووژەیە بۆ ئەو چیڕۆکە و گرێدانی بە سەردەمی کۆماری کوردستان یەگجار سەرنجڕاکێش بوو. لەوێ کە سەلیم وەکوو جادووگەر کارێک دەکا خەبات لە سەفەری زەماندا بباتەوە سەردەمی کۆمار، واتە ڕۆژێک بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و جاری دووهەمیش واتە ڕۆژی لە سێدارەدانی قازی و یارانی.
حەز ناکەم بچمە ناو کاکڵی ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکانی کاراکتەری خەبات لە سەردەمی کۆمار، چۆن دەگاتێ و دەگاتە کوێ و چی بە سەر دێت؟ واتە شەوێک بەر لە ڕاگەیاندنی و هەروەها ئەو بەیانییەی قازی لە سێدارە دەدرێ و خەبات لە دوا ساتەکاندا لەگەڵی دەکەوێتە دیالۆگێکی چڕ و پڕ. با ئەوە بۆ خوێنەر بمێنێتەوە. لەوێدا ناتەبایی کورد، دەرسگەلێکی فەلسەفیشی لە زمان قازییەوە پێ بوو. ئەو دەرسە فەلسەفی و وڵاتپەرەستییانەی قازی بە گوێی قارەمانی چیڕۆکەکە واتە خەباتی دادەدا. ئەگەرچی قارەمانی سەرەکی لەوێدا قازی بوو. قازی تەعلیقی چیڕۆکەکە بوو. قازی و بەسەرهاتەکەی چەقی ڕووداوەکان بوو.
لە کۆتاییدا حەز دەکەم ئاوڕێکی کورتیش لە چیڕۆکی "دوایین سامۆرایی کورد" بدەمەوە، چیڕۆکێکی زۆر جوان و کۆمیک، بە زمانێکی پر لە لاتاو و ڕووت، بە کۆتاییەکی لە ڕادەبەدەر بەهێز کە لە بەر دەرکەی نەخۆشخانەیەک تەواو دەبێت. لە کاتێکدا لە ناوئاخنی چیڕۆکەکەدا بەر دەرکەی نەخۆشخانەکە سەرەتای تەعلیقی چیڕۆکەکە بوو بەڵام کۆتاییش بوو. زێدەڕەوییم نەکردووە ئەگەر بڵێم زۆر جاران بە زمان و بەسەرهات و چیڕۆکەکانی خەبات بە دڵ پێدەکەنیم، زمانێکی یەگجار خزمدۆست و لەبەردڵانی هەبوو. واتە زمانی چیڕۆک بوو. توێخخێکی خەستی تەنزی پێوە بوو. خۆی دوور گرتبوو لەو زمان و فەزا مالیخولیایی و سەیر و سەمەرەیەی زۆر چیرۆکنووسی کورد پێوەی سەرقاڵن و بوون. ئەوەیە زمانی چیڕۆک، گێڕانەوە ئاوەها لە قەوارەی چیڕۆکدا دەتوانێ بزە بخاتە سەر لێوی خوێنەر. لە چیڕۆکی "قاوتی دەم با"-ش کە سەردێڕی کتێبەکەشە بە هەمان شێوە چێژبەخش بوو. خوێنەر لە بەدواداچوونی ماندوو نەدەبوو و بۆی دەبوو بە مەراق کە بزانێ لە کۆتاییدا چ ڕوو دەدا و چیڕۆکەکە چۆن تەواو دەبێت. لەبەر فەیسبووک بواری ئەوە نییە زۆرتر لە سەری بڕۆم. جگە لەوەی جار جارە چیڕۆکم لە خەبات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیبوو، ئەوە یەکەم جار بوو کتێبێک لەو نووسەرە بخوێنمەوە. قەڵەمێکی بە توانا و ڕەوان کە کارێکی کرد لە کتێبەکانی تریشی ڕانەوەستم و ئەوانیش بخوێنمەوە. هیوای سەرکەوتن بۆ خەبات ڕەسووڵی و بەرهەمی داهێنانە تر.
ژێدەر:
قاوتی دەم با
بابەت: چیڕۆک
چاپی سوید ٢٠٢٤
وەشانی ٤٩