خەبات رەسووڵی
بێ گومان تا هەنووکە لۆژیکی عەتاکان لە دنیای ڕاستەقینەشدا کەمی کارەسات لێ نەکەوتووەوەتەوە و ئەردەڵان زۆر بە باشی توانیویەتی دۆخی دەروونی ئەم چەشنە کارەکتێرانە وێنا بکات. زمانی نووسینی ڕۆمانەکە یەکجار بەهێزە و دەکرێ وەک نموونەیەکی بەهێزی زمانی نووسینی کوردی سەیر بکرێت، بەڵام ڕۆمانەکە بێ کەموکووڕی نییە و نووسەر لەباری پلۆتی بەسەرهاتەکەوە تووشی کێشە بووە و زۆر جار خوێنەر هەست بەوە دەکات ئەم ڕۆمانە لە ماوەیەکی دوورودرێژدا نووسراوە و هەموو جارێ کە نووسەر هاتووەتەوە سەر نووسینەکەی، سەیری نووسینەکانی پێشووی نەکردووە.
ئاوڕێکی خێرا لە تەندووری ژنانە
خەبات ڕەسووڵی
تا ئێستا بیستووتانە کوڕێکی شاتری سەقزی لە نانەواخانەیەکی بۆکان قورسی برنج (ئاڵمینیۆمی فۆسفید)ی هاڕیوە و کردوویەتییە نێو ئاردەوە و نانی پێ دروست کردووە و خەڵکێکی زۆری پێ کوشتووە؟ من نەمبیستبوو. دەزانم ئێوەش نەتانبیستووە، چونکە ئەمە ڕووی نەداوە و تەنیا ئەم ڕووداوە لە ڕۆمانێکی کوردیدا ڕوویداوە. ڕۆمانی تەندووری ژنانە.
تەندووری ژنانە نێوی ڕۆمانێکی ئەردەڵانی باستانییە و ساڵی دوهەزار و بیست و چوار لە لایەن وەشانخانەی چل و نۆ کتێبەوە لە سوئێد چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە یەکەم ئەزموونی نووسەرە وەک ڕۆمان.
عەتای شاتر کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانە و ڕۆمان لە زمان ئەوەوە دەگێڕدرێتەوە. دایکی عەتا واتە سەکینە سەقزی کارەکتەری دووەمی ڕۆمانەکەیە و شلێر خۆشەویستی عەتا کارەکتەری سێهەمی ڕۆمانەکەیە. دیارە بێجگە لە عەتا نەبێ کە زۆر ورد باسی خۆی دەکات و خوێنەر تا کۆتایی ڕۆمان تاڕادەیەکی زۆر ئاشنای دەبێت، دوو کارەکتەرکەی دیکە و چەندین لەتە کارەکتەری دیکە هیچیان بەو کامڵییەی کارەکتەری عەتا نین و زۆر جار پێناسەکانی نووسەر لەسەر کارەکتەرەکان تەنیا باسی جەستەیان و جۆر و چەشنی هەڵسوکەوتی خەڵکی لە گەڵ ئەوانە.
نووسەر هەوڵی داوە ئەوەندەی دەگونجێت کەسایەتییەکان وێران و زەبوون و داماو نیشان بدات، بێوەژنێکی سەقزی تەنیا و بێکەس و غەریب لە شارێکی پڕ لە گورگی جنسی، مێردی ژنە لەسەر مادەی هۆشبەر لە سێدارە دراوە و ئێستا ئەم لە گەڵ منداڵە بچووکەکەی لە بۆکان دەژی. منداڵەکە(عەتا) ناشیرین و ناجسن و شەڕانی و لاتە.
بگێڕەوە تاوانی بێ باوکی خۆی و بێکەسی دایکی و هەڵسوکەوتی خراپی چەند کەسێک لە شاردا دەگشتێنێ بەسەر تەواوی خەڵکی بۆکاندا و ئەوەندەی دەگونجێ شاری بۆکان دەکوتێ و ئاواتی نەمانی ئەم شارە دەخوازێت. تا ئەو ڕادەیە کە لە کۆتاییدا ژەهر دەکاتە نێو نانەوە و دەیەوێ شارێک کۆمەڵکوژ بکات و لە دوا ساتەکانیشدا بە مەرگی عەتا ڕۆمانەکە کۆتایی پێ دێت.
ڕەنگبێ خراپترین جۆری هەڵسەنگاندنی ڕۆمانێک هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی بێت. دادگایی نووسەر لەسەر ئەوەی بۆ وات نووسیوە و کەی و لە کوێ و چۆن شتی وا ڕوویداوە؟ یان پاساوهێنانەوە بۆ کەموکووڕییەکان و لەم قسانە. مەبەستی منیش ئەم کارە نییە و بڕواشم پێی نییە. هەرچەند نایشارمەوە بە ڕەش نیشاندانی خەڵکی شارێک ئەویش شاری خۆم هەڵبەزیمەوە و تاسام، بەڵام توانیم بەسەر خۆمدا زاڵ بم و خۆم ڕازی بکەم کە ئەوە ئەردەڵان نییە ئاوا قسە دەکات، بەڵکوو ئەوە عەتایە. عەتایەکی سەرکوتکراو و ئەتککراو و بێ پەنا و پڕ لە گرێی دەروونی. بەم هەڵچوونەی خۆمدا دەزانم و پێم وایە نووسەر توانیویەتی کەسایەتییەک دروست بکات و بە منی خوێنەر بقەبوڵینێت کە خەریکە بەسەرهاتێکم بۆ دەگێڕێتەوە و ئەوە عەتا کەسایەتی نێو ئەم ڕۆمانەیە کە دنیا بە ڕەش و سپی دەبینێت و دنیای کردووەتە دوو چینی هەژار و دەوڵەمەند و دەوڵەمەندیش بە دێو و درنج و شەیتان دەبینێت. لە لێکدانەوەی عەتادا هەموو کەموکووڕییەکان تەنیا یەک سەرچاوەیان هەیە ئەویش دەوڵەمەندەکانن، بۆیە دەبێ ئەوان نەمێنن.
دیارە ڕۆمانەکە بەرز و نزمی زۆرە و بۆچوونەکانی عەتاش زۆر جار بێ هۆکارێکی لۆژیکی گۆڕانکاری فرەی بەسەر دادێت و نزیک لە کۆتاییەکانی ڕۆمان لەپڕ عەتای لات و نەخوێندەوار دەبێتە فێمینیست و وتار لەسەر جۆرەکانی زوڵم لەسەر ژنان دەدات و ئاگری تەندوورەکەشی دەکاتە جەحەندەمی نەیارانی ژنان، نەیارانی ژنانیش لە مەنتقی عەتادا هەموو خەڵکی موکریان و بە تایبەت بۆکانییەکانن کە دەبێ بمرن.
بێ گومان تا هەنووکە لۆژیکی عەتاکان لە دنیای ڕاستەقینەشدا کەمی کارەسات لێ نەکەوتووەوەتەوە و ئەردەڵان زۆر بە باشی توانیویەتی دۆخی دەروونی ئەم چەشنە کارەکتێرانە وێنا بکات. زمانی نووسینی ڕۆمانەکە یەکجار بەهێزە و دەکرێ وەک نموونەیەکی بەهێزی زمانی نووسینی کوردی سەیر بکرێت، بەڵام ڕۆمانەکە بێ کەموکووڕی نییە و نووسەر لەباری پلۆتی بەسەرهاتەکەوە تووشی کێشە بووە و زۆر جار خوێنەر هەست بەوە دەکات ئەم ڕۆمانە لە ماوەیەکی دوورودرێژدا نووسراوە و هەموو جارێ کە نووسەر هاتووەتەوە سەر نووسینەکەی، سەیری نووسینەکانی پێشووی نەکردووە، بۆیە زۆر بەسەرهات لەم ڕۆمانەدا درێژە پێ نەدراوە، لە کاتێکدا شایانی درێژە پێدان بوون، زۆر کارەکتێر کە دێنە نێو ڕۆمانەوە زیادین و بوون و نەبوونیان هیچ لە ڕۆمانەکە ناگۆڕێت. لە زۆر جێگای ڕۆمانەکە نووسەر تووشی درێژدادڕی بووە، بە چەشنێک تۆ دەتوانی ئەم لاپەڕانە فڕێ بدەی، یان نەیخوێنیتەوە و هیچیش لە ڕۆمانەکە نەگۆڕدرێت. بە شێوەی گشتی پێم وایە ئەردەڵان باستانی نووسەرێکی خوێندەوار و زمانزانە و دەتوانێ لە بەرهەمەکانی داهاتوویدا ئەم کەموکووڕیانە ڕاست بکاتەوە و کاری جدیتری لێ ببینین.