هاوڕێ نەهرۆ
بەهەرحاڵ داگیرکردنی یادەوەریی و دووچاری نامۆ بوون لەلایەن ئەوروپاوە باشترە لە داگیرکردنی نەرینی ڕژێمەکانی وڵاتانی دراوسێی کوردستان، لەبەر ئەوەی رژێمەکانی دەوروبەری کوردستان روڵە خەباتگێڕەکانمان لە سێدارە ئەدەن، زیندانیان دەکەن، شەڕی قڕکردن و جێنۆساید دژمان بەرپا دەکەن.
داگیرکردن لە نێوان کوردستان و ئەوروپادا
هاوڕێ نەهرۆ
داگیرکردن پروسەیەکی قووڵ و هەمەلایەنەیە، داگیرکردن تەنیا خاک و زمان و فەرهەنگ و کەلتوور نییە، داگیرکردنی بنەڕەتی و سەرەکی داگیرکردنی یادەوەریی یە، داگیرکردنی خولیای هەست و نەستە، داگیرکردن لەسەر چەند جەمسەرێک بەشێوەی پارالێل و هاوتەریب بەرێوە دەچێ، جەمسەرە بنەرەتیەکانی ڕق و خوشەویستی یە، ڕق لە دراوسێیەکان دەوروبەر، ڕاستە خولیایەکی جوان نییە، دژ بە گیانی ئەنتەرناسیوناڵی یە بەڵام دەبێ گیانی ڕق بوونەوە لەسەر بنەمای ڕاستەقینە بونیاد بنرێ، ڕق بوونەوە هۆ و هۆکاری هەیە، ئێمە کە ڕقمان لە ڕژێمەکانی دەوروبەر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ڕژێمانە لە رووی دەستووری و یاسایی یەوە مافە بنەڕەتیەکانی ئێمەیان پێشیل کردووە، لەرووی عەمەلی یەوە لە دەستکەوتەکانی ژیان بێ بەش کراوین، تەنانەت ڕق بوونەوە یان سەرهەڵدانی گیانی ڕق بوونەوە لای هەندێ کەس و گروپ و دەزگا و پارت درێژ دەبێتەوە بۆ ڕق بوونەوە لە گەڵانی دەوروبەر بەڵام دەبێ لێرەدا هەڵوەستەیەک بکرێ و بڵێن تاریکی داگیرکردن چەند چڕو بەربڵاو بێ ناتوانێ رۆشنایی مۆمێک بشارێتەوە، زۆرن ئەو مۆمانەی لە نێو پانتایی دڵی داگیرکردن بۆ مافەکانی گەلی کورد داگیرساون و دادەگیرسێن لەوانە جەواهری، مەحمود دەرویش، ئەحمەدی شامیلۆ، نازم حیکمەت، ئیسماعیل بیشکچی و دەیان کەس و کەسایەتی دی، لەم بوارە ئینگلس دەڵێ (هەر گەلی گەلێکی دیکە بچەوسێنێتەوە، ئاکام ئەو گەلە بەخۆی ئازاد نییە) مەبەستی ئینگلس ئەوەیە گەلی داگیر کەر و ستەملێکەر دەبێتە داش دامە لە لایەن دەسەڵاتی قەدەری باڵاوە بەکاردەهێنرێ بۆ پروسەی داگیرکاری و سەرکوتکردنی میللەتێکی دیکە، دەسەڵاتی قەدەر باڵا لە ڕوانگەی ئەو پرنسیپەوە مامەڵە دەکا (فرق تسد) بە واتای جودا خوازی بنوێنە لە ئاکام دا کەڵک وەرگرە، خاڵێکی دیکەی داگیرکردن ئەوەیە هەست بە نامۆ بوون بکەیت، وەک دەڵێن خەڵکی برسی کاتێ نان بەدەست خەڵکانی نەتەوەی سەردەستەوە دەبینێ هەست دەکا نانەکە لە قەبارەی خۆی گەورەترە، لێرەدا نان بە شێوەیەکی سیمبولی بەکار هێنراوە، نان ئیمتیازات بە گشتی دەگرێتەوە، نان شوناس وێنا دەکا، نان شێوەی یادەوەریی دەنوێنێ، سیمبولی نان زۆر دیاردەی سایکۆلۆژی دەگرێتەوە کە لە ئاکام دا هەستی نامۆ بوون بەرجەستە دەکا، ناخۆشترین و کوشندەترین نەخۆشی سایکۆلۆژی نەخۆشی نامۆ بوونە (الاغتراب) ئەم دەستەواژەیە سەرەتا لای مارکس بەکارهات، کاتێ جوڵانەوەی لودیەکان لە نێو چینی کرێکاری ئینگلتەرا کارخانەکانیان دەشکاند، ئەوان سەرەتا پێیان وابوو کارخانەو فابرێک دوژمنی ئەوانە و ئەوان دەچەوسێنێتەوە ئەوان پەی بە پەیوەندی بەرهەمهێنانیان نەبردبوو، لەڕاستی دا ئەوە پەیوەندیی چەوسێنەرانەی نێوان کارو سەرمایەیە ئەوان دەچەوسێنێتەوە نە وەکو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هەروا لە زۆر جێگای دیکەدا باسی هەستی نامۆ بوون کراوە کە هەستێکە لە گرێی کەم بوونەوە دێت، کاتێ کە تۆ شتێکت نییە یان شتێک نازانی ئەوی دی هەیەتی یان دەیزانێ هەر بۆیە لێرەدا گرێی کەم بوون بە زەقی بەرجەستە ئەبێ، ماوەیەکی پێشتر بابەتێکم نووسی بە ناونیشانی داگیرکردنی یادەوەری لە رێگای جوانی یەوە، تیایدا باسی کەسایەتی شوناسم کردووە کە چۆن وڵاتانی دەوروبەر لە رێگای کەسایەتی و شوناسی هونەرمەندان و نووسەران و گۆرانی بێژ و دەستڕەنگینەکانیان، کەسایەتی لاوازی ئێمەی کورد یان بە واتایەکی دی یادەوەریی کرچ و کاڵی ئێمەیان داگیرکردووە، ئێمە وەکو کورد لە بەرانبەر دەستڕەنگینی وڵاتانی دەوروبەر بگرە جیهانیش، سەرمان سوڕ دەمێنێ و دەستەوەستان دەوەستین. مارکس کاتێ پێناسەی مێژووی مرۆڤایەتی دەکا و دەڵێ، مێژووی مرۆڤایەتی بریتی یە لە ململانی چینایەتی بەدرێژایی مێژوو، ڕەنگە ئەم قسەیەی مارکس لەباری ئیکۆنۆمییەوە تاڕادەیەک ڕاست بێت، لە کاتێکدا ئەگەر ئێمە گەشەکردنی ئیکۆنۆمی بە بنچینە بزانین بۆ گەشە کردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سایکۆلۆژی، لێرەدا ئەگەر من دەستەواژەکەی مارکس بە شێوەیەکی دی دووبارە کەمەوە، ئەوە دەڵێم، مێژووی مرۆڤایەتی بریتی یە لە ململانی نێوان یادەوەرییەکان، ململانی نێوان شوناسەکان، ململانی نێوان وڵاتان، ململانی نێوان وڵاتانی سەنتەرو وڵاتانی کەنار، ململانی نێوان کێشوەرەکان، ململانی نێوان پێشکەوتن و پاشکەوتن، ململانی نێوان نەوەکان و گەنەراشیونەکان، ململانی نێوان کۆن و نوێ، ململانی نێوان باڵاو پائین، ململانی نێوان تیئوری و پراکتیکی، ئەمەو زۆر ئەگەری دیکە هەیە دەشی ئیش لەسەر چەمکی مێژووی ململانی بکەین، مارکس وەک زانایەکی ئابوری تەنیا دیوە بنچینەییەکەی ئیکۆنۆمی بینیوەو باس کردووە، لێرەدا دەکرێ ئیزافە بۆ پێناسەکانی مارکس بکرێ. لەکاتێ سەرهەڵدانی شوڕشی نوێ گەلەکەمان دا ڕژێمی بەعس سیاسەتی تەبعیس و تەعریب و تەهجیر بە واتای بە بەعسی کردن و بەعەرەب کردن و ڕاگواستن دیویست میللەتی کورد لە نێو بەرێت، لەڕاستی دا ئەم پروسەیە لە ناواخن دا چەواشە کردنی یادەوەریی و مێژووی یادەوەریی یە، داگیرکردنی نەستی کۆمەڵگایە، هەندێ برای شاعیرو نووسەر لە شاکارەکانیان دا باسی ئەوە دەکەن کە دەبوایە شوڕشی چەکداری نەکرێ، بەشوڕشی سپی چەشنی هیند بە رابەرایەتی غاندی، ئاواتی میللەت بەدی بهێنرایە، لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێن ڕژێمی بەعسی عەرەبی لەگەڵ داگیرکەری بریتانی لە هیند، جیاوازی نێوان سیاسەتیان، ئەرزو ئاسمانی فەرق بوو، بریتانیا سیاسەتی جێنوساید و تواندنەوەی بەکار نەهێنا، بەڵکو بریتانیا سیاسەتی کولونیالی و برسی کردن پەیڕەوکرد، چ ڕژێمی داگیرکەری بەعس بوو، سیاسەتی سڕینەوەو تواندنەوەو شیواندن و چەواشە کردنی یادەوەریی بە کار هێنا، ڕژێمی بەعس تەنیا ئەنفال و هەڵەبجەی ئەنجام نەدا بەڵکو یادەوەریی زیندووەکانیش سەقەت کرد. یادەوەریی بە دوو جۆر داگیر دەکرێ، جۆرێکی نەگێتڤ و نەرینی یە، دەتچەوسێنێتەوە، برسیت دەکا، بێ بەشت دەکا لە مافەکان، شەڕی جێنوساید دژت ڕادەگەیەنێ، جۆرێکی دیکە پۆزەتیڤ و ئەرینی یە، ئەم دیوە پۆزەتیڤە بە جۆرێک لە جۆرەکان هیچ کەمتر نییە لە دیوە نەگێتڤەکە، دیوی یەکەم بە عالمی ئاشکرا دژایەتیت دەکا، کارو کردەوەی نەرینی بەرانبەرت ئەنجام ئەدا بەڵام دیوە پۆزەتیڤ و ئەرینیەکە ئەوەیە دووچاری حاڵەتی سایکۆلۆژی نامۆ بوونت دەکا، ئەو کەسە یان ئەو گەلە نامۆ بوو، خێر لە خۆی نابینی، هەست و نەستی داگیر کراوە لە رێگای زمان و فەرهەنگ و چاندنی سیمبولی چاکە لە یادەوەریمان دا، ئەم شێوە داگیرکردنە ئەرینی یە ئەوروپا بەگشتی و نەرویج بەتایبەتی پیڕەوی دەکەن بەرانبەر یادەوەری پەنابەران، سەرەتا فێری زمانی خۆیانی دەکەن دوایی داوای لێ ئەکەن سیاسەتی خۆگونجاندن و تواندنەوە ئەنجام بدا، بەم شێوەیە وا لە پەنابەر دەکەن بەشێوەیەک لە شێوەکان دەستبەرداری زمان و فەرهەنگ و مێژووی خۆی بێ بگرە لەهەندێ رووەوە شوناسی میللەتی خۆت لە بەرچاو دەخەن بەشێوەیەکی سایکۆلۆژی، ئیدی پەنابەر لە نێوان دوو شوناس دایە، شوناسی پێشوو، شوناسی ئێستا، لە ئاکام دا دووچاری نامۆ بوونی دەکەن لەبەرانبەر شوناسی وڵاتێکی ئەوروپی تا ڕادەیەک پێشکەوتوو، لەبەر ئەوەی وڵاتی ئەوروپی بەهێزی یادەوەریی، بەهێزی فەرهەنگ، بەهێزی کەلتوور، بەهێزی سیمای جوانی کۆمەڵگا، جوانی رەفتارو ئاکار، جوانی کچەکانیان، یادەوەریی پەنابەر داگیر دەکەن، هەر بۆیە لە ئاکام دا پەنابەر دووچاری باری سایکۆلۆژی کوشندەی نامۆ بوون دەبێ، لەبەر ئەوەی یادەوەریی پەنابەر هەرچەند هەوڵ بدا ناتوانێ بگاتە ئاستی تەرزی ژیانی هاووڵاتییەکی ئەوروپی کە بنج و بنەوانی لە ئەوروپا ڕەگی داکوتاوە لە رووی موڵک و بەهای مادییەوە یان لە رووی ڕەوشت و مۆڕاڵ و مەعنەوییەوە، ئەمەیە مەبەستی ئێمە لە قووڵایی پانتایی داگیر کردن، هەرچۆن لودییەکانی ئینگلتەرا کارخانەکانیان دەشکاند لەبەر هەستی نامۆ بوون، هەندێ لە پەنابەرانیش بە تایبەتی تیروریستانی ئیسلامی سیاسی، کاتێ کێ بەر کێ دەکەن لە نێوان شوناسی خۆیان وشوناسی وڵاتێکی ئەوروپی دەگەنە بن بەست، کەسانی فوندامینتاڵیستیان لێ دەرئەچێ، هەر بۆیە ئاکام خۆیان دەتەقێننەوە وەک خودکوشی و گەیشتن بە بن بەست، بن بەست وەک دەرئەنجامێک لە ململانی لە نێوان شوناسی کۆن و شوناسی تازە، گەرچی لە لایەک وەک گوتمان یادەوەریی ئەوروپی داگیرت دەکا لە لایەکی دیکەوە لەبەر فەزای ئازادی و زەمینەی دیمۆکراسی پەنابەر بۆی هەیە شوناسی بنەڕەتی وڵاتی خۆی و ئاینی خۆی پەرەی پێبدا، زەمینە رەخساوە بۆ خەمڵێنی شوناسی کۆن، هەر بۆیە خۆ تەقاندنەوەو خۆکوشی یەکێک لە هۆیەکانی بەرکەوتنی نێوان دوو شوناسە، لە لایەک پەنابەر نوستالژیای هەیە بۆ شوناسی کۆنی خۆی لە لایەکی دی هەر چەند هەوڵ ئەدا هەزمی شوناسێکی نۆیی وڵاتێکی ئەوروپی ناکا، بۆیە دووچاری هەستی نامۆ بوون دەبێ و بە خۆ تەقاندنەوە کۆتایی بە دڵەڕاوکەیی خۆی دێنێ کە ئاکام زیان بەچەند کەسێکی بێ گوناە دەگەیەنێ گوایا توڵەی خۆی دەکاتەوە، لەڕاستی دا ئەم کردەوانە جگە لە ئیش کردن بۆ لێکترازانی ئاسیا و ئەوروپا، شتێکی دیکە لێ بەرهەم ناێی، ئەگەر ئێمە لە روانگەی هومانیزم و ئینسان دوستی بیر بکەینەوە ئەوە ئاسیاو ئەوروپا و ئەفریقا لەکۆتایی دا مرۆڤن، خاوەن هەست و نەستن، خاوەن دڵخۆشی و دڵتەنگی ین، زیانی ئەم لا هی ئەو لایە، زەرەری ئەو لاش هی ئەم لایە، نووسەرێکی ئەمریکی ئاشنام هەیە بە نێوی روبرت، رۆژێکیان گوتی، ئێمە هەموومان یەک خێزانین لە حەوزێکی گەورە مەلەی روحی و گیانی پێکەوە دەکەین.
بەهەرحاڵ داگیرکردنی یادەوەریی و دووچاری نامۆ بوون لەلایەن ئەوروپاوە باشترە لە داگیرکردنی نەرینی ڕژێمەکانی وڵاتانی دراوسێی کوردستان، لەبەر ئەوەی رژێمەکانی دەوروبەری کوردستان روڵە خەباتگێڕەکانمان لە سێدارە ئەدەن، زیندانیان دەکەن، شەڕی قڕکردن و جێنۆساید دژمان بەرپا دەکەن .