نەژاد عزیز سورمێ

له‌ پیاده‌كردنی ئه‌شكه‌نجه‌داندا وا دێته‌ به‌رچاو جه‌للاد و بینه‌ر بچنه‌وه‌ ناو یه‌ك ئه‌ڵقه‌، جه‌للاد وه‌ك (سادی)ـیه‌ك كه‌ حه‌ز به‌ ئازاردانی به‌رامبه‌ر ده‌كا و بینه‌ریش وه‌ك (مازۆشی)ـیه‌ك كه‌ ئاره‌زووی خۆ ئازاردانه‌ به‌ بینینی ئازاردانی كه‌سێكی تر! له‌هه‌ر خانه‌یه‌كیش دابنرێ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ نه‌ستی جه‌للاددا ده‌سته‌وه‌ستانه‌ له‌ چوونه‌ ناو جوغزی دیالۆگ و تێگه‌یاندن و تێگه‌یشتنی به‌رامبه‌ر؛ ڕق و داخ له‌ دڵی و كوێربوونی گرێ ده‌روونییه‌كانی ده‌رده‌بڕێ.

پـه‌راوێـزی هه‌شته‌مینی تێـكست

نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

زۆر هه‌ن ده‌گریـن

بێ ئه‌وه‌ی بوار بده‌ن كه‌س فرمێسكیان ببینێ

                               نازم حیكمه‌ت

                     له‌شانۆگه‌ریی (پیاوێكی سه‌یر)دا

 

 

ئه‌شكه‌نجه‌دان به‌ هه‌ر دوو ڕووی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه‌ پێشینیه‌كی دێرینی له‌ مێژوودا هه‌یه‌ ، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌لایه‌ك له‌ مێزوپۆتامیا به‌تایبه‌تی پاش پێكه‌وه‌لكاندنی به‌ ئاگروئاسنی ده‌وڵه‌تۆكه‌ خاوه‌ن شارستانییه‌كانی سۆمه‌ری له‌لایه‌ن (سه‌رجۆنی ئه‌كه‌دی)یه‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ده‌دان بیانگوتبایه‌ له‌ل!

له‌ میسری دێرینیش هه‌ر به‌وجۆره‌ بوو، له‌ كاتی بنیاتنانی ئه‌هرامه‌كانه‌وه‌ بگره‌، تا ده‌گاته‌ ململانێی توندی نێوان مه‌ززه‌به‌كانی په‌رستن، له‌ نێوان یه‌كتاپه‌رست و ئه‌وانی تر.

گریگه‌كانیش ئه‌گه‌رچی ڕێگای ئازاردانیان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیاندا پیاده‌ كردووه‌، به‌ڵام دیسان وه‌كو پره‌نسیپ و كولتوور، ئه‌شكه‌نجه‌دانیان بۆ مرۆڤ به‌ كارێكی نابه‌جێ و ناپه‌سند زانیوه‌، به‌وه‌ی مرۆڤی تێدا زه‌لیل ده‌بێ بۆیه‌ پێیان وابووه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌بێ ته‌نیا بۆ بێگانه‌ و كۆیلان بێ‌!

له‌ چاخه‌ مێژووییه‌كانیشدا هه‌ندێ جۆره‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانمان دیوه‌ و بیستووه‌ به‌ناوی وه‌رزشه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كرێ وه‌ك تێكوه‌رانه‌ی مرۆڤ و هه‌ندێ له‌ گیانله‌به‌رانی له‌ وێنه‌ی شێر و پڵنگ و گادا.

له‌ پیاده‌كردنی ئه‌شكه‌نجه‌داندا وا دێته‌ به‌رچاو جه‌للاد و بینه‌ر بچنه‌وه‌ ناو یه‌ك ئه‌ڵقه‌، جه‌للاد وه‌ك (سادی)ـیه‌ك كه‌ حه‌ز به‌ ئازاردانی به‌رامبه‌ر ده‌كا و بینه‌ریش وه‌ك (مازۆشی)ـیه‌ك كه‌ ئاره‌زووی خۆ ئازاردانه‌ به‌ بینینی ئازاردانی كه‌سێكی تر!

له‌هه‌ر خانه‌یه‌كیش دابنرێ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ نه‌ستی جه‌للاددا ده‌سته‌وه‌ستانه‌ له‌ چوونه‌ ناو جوغزی دیالۆگ و تێگه‌یاندن و تێگه‌یشتنی به‌رامبه‌ر؛ ڕق و داخ له‌ دڵی و كوێربوونی گرێ ده‌روونییه‌كانی ده‌رده‌بڕێ.

به‌هه‌ر بیانوو و پاساوێك بێت ئه‌شكه‌نجه‌دان كورت هێنانه‌ له‌ دیتنی به‌رامبه‌ر وه‌ك مرۆڤ، وه‌ك ئاده‌مزاد. كورت هێنانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر (خود)یش. كه‌ خودیش له‌ جه‌سته‌ ئاوا ده‌بێ، شتێك نامێنێ به‌ناوی مرۆڤ، ئه‌وه‌ی ده‌شمێنێ له‌ دره‌ختێكی وشكه‌وه‌بوو ده‌چێ له‌ به‌رامبه‌ر باهۆزی مرۆڤبووندا خۆی ناگرێ.

ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌كه‌م چركه‌ساتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان بیر له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئینجا هه‌ر چه‌شنێكی بێ و له‌هه‌ر قاڵبێكدا بێ نه‌خۆشن و شایانی به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌ن و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری ده‌روونی هه‌یه‌.

 

‮‬

گەڕان بۆ بابەت