سەباح ڕەنجدەر
لەناو ئەم بیر و بەھرە و بیرەوەرییانەدا
بەدوای چیدا دەگەڕێی و لە چیشدا دەمێنیتەوە
نان و ئاوی منداڵی فرمێسکێکی تکاو و نەتکاوە
کێوی سەھۆڵیش دەپوکێنێتەوە
بەرزبوونەوەی گەسکێک تا ئەوپەڕی مان
سەباح ڕەنجدەر
حیکمەتی مانی من لە نێوان ھاتن و چووندا
پڕە لە گڕوگاڵی کەزیی گەرم و ھەتاوی ڕژاوی سرووش
لەناو ئەم بیر و بەھرە و بیرەوەرییانەدا
بەدوای چیدا دەگەڕێی و لە چیشدا دەمێنیتەوە
نان و ئاوی منداڵی فرمێسکێکی تکاو و نەتکاوە
کێوی سەھۆڵیش دەپوکێنێتەوە
بۆ کڕینی گەسکێک
چوویتە دووکانی دەمودوو خۆشی گەڕەک و بنێشتێکت دزی
شیرینیی بنێشتەکەت خستە دەمی منەوە
دیداری مەیخانە و
گڕوگاڵی یاڵی ئەسپ و
نەخشی تاج و
ئەوپەڕی مان
ئەم شیرینییەم لە دەمی بھێڵنەوە
ئاسمان سینیی دەستی دڵبراوە
ڕوانینی ڕازگری دەوێ ھەر بۆ ئاسمان ھەڵبچێت
بەمەشەوەش زۆر تەماشای غلۆربوونەوەی
بەردەکەی سیزیف و پەڕەکردنی لۆکەم کردووە
چرای گڕخۆش و لێدانی دڵی دەفی دەروێشی دەست و پەنجە گەرم
ھێشتان ڕەزم پڕ مەیی و ھەنگوینە
لێوانلێوم لەخۆشبێژیی تاڤگەی پرچ و دەفی خومار
لە بۆشایی نێوان ئەستێرە و مانگ و دوو پەڵە ھەوری سپیدا
لەبارەی گەرمیی کەزیتەوە قسە دەکەم
شادمانی دیدار یاد دەکەمەوە و ختووکەی ھەستەکانم دەدات
چاوم لە شکۆی تەمەنی خەمڵیومان ڕوونبکەمەوە
گوڵەگەنم فەریکە دەکات و پڕ شیر دەبێـت
چاو لە یەک ترووکاندا بەشی ھەزار ساڵ قسە دەکات
ڕقی چارەنووس خاو دەکاتەوە و سێبەری خەونەکانیشت بەسەردا دەکێشێت
من چل و نۆ ١٨/١١/١٩٦٥ ھەولێر
تۆ چل و چوار ١/١/١٩٧٠ سلێمانی
...
لە ئەلبوومی سەرمایەی دڵ ڕابمێنە
...
لە نەشونمای ڕەگ و ڕیشە ڕابمێنە
...
لە ڕۆشنایی ناسراو و نەناسراو ڕابمێنە
...
لە شەو و ڕۆژی ون ڕابمێنە
من پەنجا و نۆ خومارێکی ئەزەلی
تۆ پەنجا و چوار شەوقی ڕژاوی شاخی ئاسک
شەرابی سوور و
سەرەتای دەرکەوتن و
ئێستای خۆشحاڵییە کورتەکان و
ئایندەی یاد و یارە ونبووەکان
ئاڵۆزیی ساڵ لە بۆشایی تەمەندا
گۆرانیی ڕوونبوونەوەی یاد و یارە ونبووەکان دەڵێت
ئەوەی گۆرانی نەبیسێت باران مەیی و ھەنگوینی خۆش ناکات
گۆرانی سەد ئاوازی شاراوەی ھەیە
بە ڕێگای گوتنی شارەزایە
ھەتاویش بە ڕێگای ھاتن و چوونی
ئای دڵەخورپەی نەخوازراو
کە لە دەرگا دەدەم خۆ نازانم چیم پێویستە
تەمەنێکی بە چڵ و پۆپ و بزەیەکی نائومێد و نیگایەکی مات
با ڕەزی تەم لێ ڕەوییەوە ئاوبدەین
ڕۆژ ڕەش دانەگەڕاوە و داد لە گەنجینەی دڵ دەخوازین
سەبری یەزدانی چاوی ئاسۆمانە و لەوێ سێبووری دێتە ژوان
خودا و ڕۆژی دیوانی خودا
من نەزانم و نھێنیزاننیم
تۆ ڕازی دڵی خۆمم پێ بڵێ
چۆن ڕووناکیت بدۆزمەوە و بێمە سەر ڕێ بۆ جەنگی جودایی
ئەیلوولی ٢٠١٤ ھەولێر