ما 12168 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

 

شێتەكان نوورانین.

پرچێكی درێژی قرژن و

ڕیشێكی تۆزاوییان هەیە.

كە تۆزیان

لەسەر بەرگی كتێبی قورئانی نێو مزگەوتەكان دەچن!

 

"ئەو شێتەی پێنووسێك بگرێت بە دەستەوە ـ ترسناكترە

             لەو شێتەی شمشێرێك بگرێت بە دەستەوە!"

                                         " فرێدریش نیچە"

 

شێتەكان...

            پێشەوا كاكەیی

           -1-

منم، ڕەهبەری شێتەكان

خاوەن ئیمپڕاتۆرییەك: لە ڕۆحە ئازادەكان

لەو دیو مەنفای ئێوەوە.

كەمینەیێكی یاخی،

لە یاسا كوێرەكانی ئێوەوە.

ئەركی منیش تێكشكاندنی ـ

نەوەك جێبەجێ كردنی فەرمانی ئێوە!

 

           -2-

لە دونیای شێتەكانەوە ـ

شتەكان دەبنە گەراییەت.

گەراییەتیش: یانی، حەقیقەت.

گەر بشچینە دونیای حەقیقەتەوە ـ

دەبێت ببینە شێت!

 

           -3-

لە دونیای شێتگەراییدا ـ

دەگەینە حەقیقەت.

دەگەینە كۆتایی لقی درەختەكان.

تا لەسەر سفرەی پێغەمبەرەكاندا ـ

دابنیشین و، ژەمێك نان بخۆین!

 

           - 4-

لە دونیای شێتگەراییدا ـ

دەگەینە پلەی فەنابوونی وەحییەتی فەلسەفە.

ـ وەلێ‌ فەلسەفە دەمانكاتە دوو كەرتی جـیاوازەوە:

كەرتێك بە دەست شاعیرە ئیفلیجەكان،

كە لە شیعرێكی خەیاڵیدا ونمان دەكەن.

كەرتێكیش بە دەست فەیلەسوفەكانەوە،

كە لە گومڕایاندا دونیای حەقیقەتمان دەدەنەوە!

 

            -5-

لە دونیای شێتگەراییدا ـ

فەیلەسوف لە عەقڵی گومڕاییدا دێتە دەرێ‌.

كە دەگات بە دونیای سروشتییەوە ـ

قوتابخانەیێك لە دوای خۆییەوە بە جێدێڵێ‌.

 

           -6-

لە دونیای شێتگەراییدا ـ

بەو شێوەیەی كە دەمانەوێت بمرین، دەمرین.

بۆ هەمیشەش زیندوو دەبینەوە!

 

 

           -7-

شاعیرەكان بلیمەتن.

شێتەكانیش كەمۆكێك گێل ــ

بەڵام بە ڕەچەڵەك دەچنەوە سەر شاعیرەكان!

 

           -8-

شێتەكان لە خەوندا ـ

شاعیرێكن،

خەیاڵاوی تەفسیری دونیا دەكەن.

بەڵام كاتێ‌ وە خەبەر دێنەوە ـ

حزوورخوایی،

بۆ سروشت دەهێننەوە!

 

          -9-

شێتەكان لە هەموو شتەكاندا ـ

دەتوێنەوە.

بەڵام كاتێ بەفر دەبارێ ـ

ئەوان خەوتوون،

بەفر لە بریان دەتوێتەوە!

 

       -10-

شێتەكان سیگاركێشێكی عەجایبن.

ـ لە یەكەم مژیاندا ـ

دووكەڵێكی خەیاڵاوی وێنا دەكەن.

ـ كە دەبینن لە وێنەیێكی ئافرەتی ڕووت دەچێ ـ

قونچكی سیگارەكەش دەمژن!.

 

 

           -11-

شاعیرەكان كە دەچنە نێو باغ ـ

بە قەڵەم تەفسیری گوڵ دەكەن و،

بە شیعر مۆمیای دەكەن.

ـ دەڵێن: نەوەك گوڵ وشك بێ‌ و پەیكەری نەبێ!

شێتەكانیش هەمیشە پێكەنینیان بە عیشق دێ و،

بەرد دەگرن بە دەستەوە.

ـ چوونكی دەزانن: باغەكان سەوداسەرن و،

گوڵیش زوو ڕیسوا دەبێ!

 

           -12-

شێتەكان نوورانین.

پرچێكی درێژی قرژن و،

ڕیشێكی تۆزاوییان هەیە.

ـ كە تۆزیان ـ

لەسەر بەرگی كتێبی قورئانی نێو مزگەوتەكان دەچن!.

لە جوڵەشیاندا زیكر دەكەن.

ـ كە زیكریان ـ

لە دەروێشێكی خودایی سەر شەقامەكان دەچن!.

 

           -13-

شێتەكان كەمدوێن.

هەمیشە سەرقاڵی پڕۆڤەی نمایشی شێتین.

ـ كە گوێشیان لە دەنگی بانگی ئیسلام دەبێت ـ

دەست دەكەن بە پڕۆڤەی ئاینزای ئیسلام و،

دەچنە نێو مزگەوتەكان نوێژ بكەن!.

ـ وەلێ مەلایەكان ـ

سروشتی خۆیان دەشكێنن و،

دەریان دەكەن!.

 

           -14-

شێتەكان...

كە دەچنە شوێنە گشتییەكان ـ

لۆتییەكان بە "ڤۆدگا"سەرخۆشیان دەكەن!.

كە دەچیشنە نێو ئەشكەوتەكان ـ

كچەكان "فانۆس"ی لەززەتیان بۆ دەبەن!.

 

           -15-

شێتەكان..

ـ گەورەترین سەرمایەیان ـ

پانتۆڵێكی كورت و،

پێڵاوێكی دڕاو و،

كراسێكی شڕە!.

ـ گەورەترین سڕیشیان ـ

مەرگێكی ئاماڵ كامڵ،

كە لە بن دارتوویەكی زڕە!.

 

           -16-

ئێمە كە ئەدگاری شێتەكان دەبینین ـ

وادەزانین هەمیشە لەگەڵ خودا شەڕیانە!.

گەرچی ئەوان لە غافڵی شتێكدان و، دەڵێن:

خودایە یاساكانت بۆ لای خەڵك گومڕانە؟!.

 

           -  17-

شێتەكان بەدبەختی نێو كۆمەڵگەن.

ـ خەڵكانیش بۆ كات بەسەر بردنی خۆیان ـ

گاڵتەیان پێ دەكەن!.

یان هەندێكیان، دەڵێن:

شێتەكان دەست دەوەشێنن؟.

ـ وەلێ كەر و گا و وەحشییەكانی نێو كۆمەڵگەن ـ

دەست دەوەشێنن!.

 

 

 ٢٠٠٨

گەڕان بۆ بابەت