لەفارسییەوە: هەرمان بۆکانی

پاشماوەکانی مەعنەوییە، بیرەوەریی پەرش و بڵاو، کەسانێکی وەک توێژی خشۆکان لێرەولەوێ کەوتوو، زمانە زگماکییە بەسەرچووەکان، سنوورە بەزێنراوەکان، قسەی نەستەقی خۆبەدەستەوەنەدەر، تێکەڵەیەکی وەک بڵێسەی کوژاوەی عیشقە ونبووەکان، مانای لەبیرکراوی بەتاڵ، دەستەواژەی بە نەعەرەتەی نیشتمان، ماڵ و سامان، خانوو، ھەموو بەردەبۆوە. لەو دەموساتەدا جوبراییل و سەلدین، کاس و گێژی تەقینەوەکە، وەک بوخچە لە دەندووکی ماسیگرەیەکی خەمساردەوە بەردرانەوە و سەلدین، کە وەک لەدایکبوونی ئاسایی منداڵەکان سەری لە خوارێ لوور ببوو، تووڕە بوو لەوەی کە جوبراییل ملی بۆ ئەو حاڵەتە ئاساییە رانەدەکێشا. 

 

ئایەتە شەیتانییەکان (بەشی یەکەم)

نووسینی سەلمان روشدی

وەرگێڕان بۆ فارسی: رەوشەنەک ئیرانی

وەرگێڕان: هەرمان بۆکانی

 

جوبراییلی فریشتە لە بەرینایی ئاسمانە بێبنەکەدا بە چەرخوخول بەرەوخوار دەھات و بە دەنگێکی بەرز تێی دەچریکاند: ئەی ئەو کەسەی خوازیاری لە دایکبوونێکی دیکەی، لەپێشدا مل بۆ مەرگ راکێشە. ھوچی ھوچی ھۆ. ئەی ئەو کەسەی گەرەکتە پێ بنێیتە سەر سینگی زەوی، لە پێشدا فێری رەمز و نھێنیی فڕین بە. تا، تا، ئەتاکاتون. لێوەکانت ئەودەم دیسان دەپشکوێنەوە، کە ئەگەر پێشتر گریابی... با ئەوەت ھەر پێ بڵێم، چۆن دەکرێ بە بەبێ ناڵین و کڕووزانەوە دڵی ماشووقە نەرم بکەی ھا؟ بابە، تۆ خوازیاری لە دایکبوونەوەیەکی دیکەی... لە یەکێک لە رۆژانی زستاندا، لەوانەیە یەکەم رۆژی ساڵی تازە  یان لەو سەروبەندەدا، ھێشتا بەیانی دابوو نەدابوو، دەمەدەمی بەیانی بوو کە دوو پیاو، دوو پیاوی راستەقینە، پێگەیشتوو و زیندوو، بەشێوەیەکی سەرسووڕھێنە لە ئاسمانەوە ھاتنە سەر زەوی. ئەو دووانە بەبێ پەڕەشووت یان تەنانەت باڵ، لە ئاسمانە تاو و ساوەکەدا لە بەرزاییەکی بیست ھەزار پێیی کەنار دەریای مانشەوە فڕێ درانە سەر زەوی.

"لەگەڵ تۆمە، مل بۆ مەرگ راکێشە. لەگەڵ تۆمە..." جوبراییل لە بەر تریفەی مانگەشەوەکەدا وای دەگوت و لە چریکە و گۆرانییەکەی نەدەکەوت، کە لە پڕدا نەڕەیەک دڕی بە تاریکیی شەو دا.

"تۆش مێشکت بردین بەو گۆرانیگوتنەت. دوابڕاو بی یاخوا. ئینجا وشەکان وەک بلووری کریستاڵ لە تاریکوڕوونە بەستەڵەکەکەدا قەتیس مانەوە. کوڕە تۆ لە سینەماش ھەر چەنەچەنت بوو و، ھەوای گۆرانیبێژە دەنگخۆشەکان لە دەمتەوە دەھاتە دەر. کەواتە ئێستا بیبڕە و بەو دەنگە دۆزەخییەت مێشکی سەرم مەبە و رزگارم بکە." بەڵام جوبراییل، ئەو سۆلیستەی نەشاز دەیچریکاند، خۆوێژانە گۆرانیی دەھۆندەوە و تەقڵەی لێ دەدا و شناوی دەکرد و جارێ لاقی دێنانەوە سەر سینگی و وەک تۆپێک لە ھەوادا دەخولایەوە و تاوێکی دی دەست و پێی لێک دەکردنەوە و لەو دیوی ئەو سپێدە بێنەوە کە وردە وردە باڵی بەسەردا دەکێشا، وەک فریشتان خولی دەخوارد و خوار دەبۆوە و لوور دەبوو و ئینجا لەسەر لاتەنیشتان دەکەوت و بە فڕینەکەی خۆی بەربەرەکانێی ھێزی راکێشانی زەویی دەکرد. لەو دەموساتە شاد و خۆش و سووکبارییەدا بەرەو ئەو دەنگە پڕ گاڵتەجاڕییە خولێکی خوارد و گوتی: بەچاوان "باوە سەلد"، گەورەمان دەکەی چومچی* ئازیز." کابرا پیاوێکی شێلگیر و رژد بوو، کە بەرەو دەریا لوور ببوو و دەھاتە خوار. ئەو چاکەت و پانتۆڵێکی کەوەی لەبەردا بوو و، قۆپچەی چاکەتەکەی بە ریز داخستبوو و دەستەکانی رێکی جەستەی کە ھیچ پێی سەیر نەبوو کڵاوە سوور و خڕە مۆدێل ئینگلیزییەکەی ھەر بەسەرەوە بوو، لەو قسەیەی جوبراییل و کورتکردنەوەی ناوەکەی نێوچاوانی تێک نا. وەک ئەو بنیادەمانەی پێیان ناخۆشە ناوەکەیان بەنیوەچڵی بلڕێی و نێوچاوان تێکنانەکەیان بە جۆرێک خۆڕانان دەزانن. جوبرایل ھەرای کرد: "ھۆی، سپۆنۆ، کابراش نێوچاوانی گرژ کرد." ئەوە لەندەنە ھا، لەندەنگیان بگرە و ھاتین، ئەو زۆڵانە کە لەو خوارەوە راوەستاون ھەر ناشزانن چ بەڵایەکیان لێ باریوە. ئەری ئاخرییەکەی ئەوە نەیزەک بوو یان ھەورەتریشقە یان تۆڵەی خوا؟ لە نەکاو لە نێو جەرگەی لایەنگرەکانمدا، ھا؟ چ ھاتنەوەیەک ئەی یار،... شڵپ پ  پ پ.... لە ئاسمانە بێبنەکەدا، تەقینەوەی کۆمەڵەی خۆر لەگەڵ دابارینی ئەستێرەکان دەستپێکێکی گەردوونی کە وەک بڵێی بەشێک بێ لە زایەڵەی گەراخستنی زەمان... جامبوجێت بۆستان، فڕینی ژمارە ئای ئەی ٤٢٠، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و زۆریش لە نەکاو رێک لەسەر ئەو شارە گەورە و جوان و سپی و گەندەڵە، "ماھاگونی، بابل یان ئالفاویل" تەقییەوەز بەڵام دەبێ بڵێم کە جوبراییل پێشتر ناوی شارەکەی دەسنیشان کردبوو و خۆی ناوی ناوە لەندەن، پایتەختی وڵات. ھەر بۆیە وا باشترە من خۆی تێھەڵنەقوتێنم. کاتێ تیشکە بزڕکاوەکانی خۆری مانگی جانیوەری تەمومژ و تەپوتۆزەکەی لووتکەکانی ھیمالایای دادەگرت، ھێما تایبەتەکەی لە رادارەکان ون بوو و، ئاسمان لە سۆنگەی ئەو جەستە پەڕپەڕ و لەتوپەتانەوە کە لە لووتکەی ئێڤرێستەوە دڵتەزێنانەوە پەرش بڵاو دەبوون و بەرەو رەنگە بزڕکاوە شیرییەکەی دەریا بەدەبوونەوە، رەش داگەڕا.

من کێم؟

بێجگە لە من کێ لێرەیە؟

فڕۆکەکە لەت بوو. وەک قەپێلکی پڕ لە تۆوی گیایەکی بەرەکەی خۆی بەبادا بدا. ئیدی دوو پیاو، دوو ئەکتە، جوبراییلی تەقڵەباز و جەنابی سەلدین چومچای قیت و نێوچاوان تاڵ وەک وردە تووتنی جگەرەیەکی کۆن و شکاو ھەڵوەرین. لە حاڵێکدا لە سەرو خواریانەوە و لە پشتەوەیان کورسیی سەرونخوون و ھێدفۆنی ستریۆفۆنیک و مێزی خولخولۆکەیی و مەخزەن و قابڵەمە و کارتی چوونەدەرەوە و گەمەی ڤیدیۆیی کە بە داشکاندنی تایبەت لە فرۆشگاکەی فڕۆکەخانە کڕدرابوون، کڵاوی شریتدار و کووپی کاغەزی و بەتانی و دەمانکی ئۆکسیژن کە دەتگوت بە حەواوە ھەڵواسراون. جا چونکە چەند پەنابەرێکیش لە نێو مسافیرەکاندا بەدی دەکران ـ وا باشتر بوو گوتبام، ژنی پەنابەرەکان کە لەگەڵ منداڵەکانیان سەفەریان دەکرد ـ و کاربەدەستە ئەرکناسەکان و بە رواڵەت باشەکانی ئیدارەی پەنابەری بە وردی و پرسیار تایبەت تەنانەت تایبەتمەندیی ئەندامی زاووزێی مێردەکانیشیان پرسیبوون و تەواو شەکەتیان کردبوون، جا تازە لە منداڵەکان ورد ببوونەوە و لەوەدا کە ئاخۆ حەڵاڵزادەن یان زۆڵن، گومانێکی ژیرانەیان کەوتبووە دڵەوە.ـ بەڵێ، چونکە کۆمەڵێک پەنابەر لە نێو مسافیرەکاندا دەبینرا، ئەوانیش لەگەڵ پاماوەی فڕۆکەکە، لەتوپەت و پەرش و بڵاو ئاوا بێ ئامانج و سەرسووڕھێنەر دەخولانەوە.

پاشماوەکانی مەعنەوییە، بیرەوەریی پەرش و بڵاو، کەسانێکی وەک توێژی خشۆکان لێرەولەوێ کەوتوو، زمانە زگماکییە بەسەرچووەکان، سنوورە بەزێنراوەکان، قسەی نەستەقی خۆبەدەستەوەنەدەر، تێکەڵەیەکی وەک بڵێسەی کوژاوەی عیشقە ونبووەکان، مانای لەبیرکراوی بەتاڵ، دەستەواژەی بە نەعەرەتەی نیشتمان، ماڵ و سامان، خانوو، ھەموو بەردەبۆوە. لەو دەموساتەدا جوبراییل و سەلدین، کاس و گێژی تەقینەوەکە، وەک بوخچە لە دەندووکی ماسیگرەیەکی خەمساردەوە بەردرانەوە و سەلدین، کە وەک لەدایکبوونی ئاسایی منداڵەکان سەری لە خوارێ لوور ببوو، تووڕە بوو لەوەی کە جوبراییل ملی بۆ ئەو حاڵەتە ئاساییە رانەدەکێشا. سەلدین بە شیرجە دەھاتە خوارێ، لە حاڵێکدا فریشتەکە، ئەو ئەکتەرە ھەژاوە بێدەسەڵاتە، ھەر لینگەفرتە و جووڵەی بوو و باوەشی بە بۆشاییدا دەکرد و دەست و پێی تێ دەوەراند.

لەو خوارەوە، بەستێنی دەریای مانش ھێور و بەستەڵەک چاوەڕوان بوو و، ھەورەکان نەیاندەھێشت ئەو دۆناودنە جاوربارە شینە ببینرێ.

 

جوبراییل دیسان یەکێک لە گۆرانییە کۆنەکانی ھیندستانی بە ئینگلیزی دەگوتەوە و بێ ئەوەی خۆی بزانێ رێزی لە وڵاتە خانەخوێیەکەی دەگرت. "ھۆ ۆ، پێڵاوەکانم ژاپۆنین، پانتۆڵەکەم ئینگلیزی و کڵاوێکی سووری رووسیم لەسەرە، بەڵام بەو حاڵەشەوە دڵم ھەر ھیندییە و نەگۆڕاوە." ھەورەکان وەک تۆقلە بەرەو لایان دەخوشین. لەوانەشە ئەوە نھێنیی پەڵەھەورەکانی کۆمۆلۆس و کۆمۆلۆنیمبۆس واتە ئەو ھەورە برووسکئاسایانە بوو، کە وەک کوتکێک لە نێوان سپێدەدا راوەستابوون، یان لەبەر ئەوە گۆرانییان دەگوت (یەکێکیان نوقمی گۆرانیگوتن بوو وئەوی دیکەش لە ھەوڵی سکاڵا و بەرھەڵستیدا)، و تەقینەوەی فڕۆکەکە وای وڕ و کاس کردبێن، کە بیر لەو شتە نەکەنەوە وا چاوەڕوانیان بوو... بەڵام ھەرچۆنێک بێ، ئەو دوو پیاوە، واتە جوبراییل سەڵدین و فریشتە چۆمچا کە لەو بەربوونەوە بێبڕانەوەیەدا وەک شەیتان مەحکووم بوون بەوەی لە فریشتەبوون بکەون، ھەر ئاگایان لەو دەموساتە نەبوو کە گۆڕانەکەیان دەستی پێ کردبوو.

 

بازدید: 1506