ما 4695 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان / روجا مەجیدیان

بەڵام خۆ ئەوە خۆشەویستەکەی لە باوەشیدا خەریکبوو دەمرد، ئەو دەبوو بیگەیەنەتە ئاو. بەرەوخوار لەو سەرەولێژییەدا لەتری دەبرد. لەسەر گژ و گیا و چەقڵ و دڕکاندا، بەلای گابەرد و بان تەختە بەرداندا، بەسەر  هەموو ئەو لمە تەڕەی قەراخ دەریادا، بە پەلە هەنگاوی دەنا. بەرزاوئ دەریا بەرەو وشکانی خۆی دەخشکاند. پێڵاوەکانی تەڕ بوون. شەپۆلەکان دران لە قولاپەی، ئەمجار لە پانتۆڵەکەی و پاشان لە کەواکەی.

 

پەرییە دەریاییەکەی زیننوور

بێڤەرلی نایدوو

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان / روجا مەجیدیان

زۆر زۆر بەر لە ئێستا، پرییەکی دەریایی، لە کەناراوی باکووری کۆڕنواڵ بە مەلە کردن هاتە کەنداوێکەوە. لەوێوە بە رۆبارێکی بچووکدا بەرەوژوور هەڵکشا. لە گردێکی نزیکیەوە، دەنگی زەنگێک لە منارەی کلیسای گوندە گچکەکەی زیننوورەوە بەرز بۆوە.  ئێوارە بوو، ئەم زەنگە خەڵکی دێکەی بۆ نوێژکردن و پاڕانەوە لە خوا، لەبۆ شەوێکی ئارام و دوور لە کێشە، بۆ کلیسا بانگ دەکرد.

پەری لە ژێر ئاوەکەوە بەوردی تەماشایەکی دەرەوەی کرد. قژەڕەشەکانی وەک گوڵێکی دەریایی بە دەوریدا بڵاو ببوونەوە. راوەستا تاوەکوو دوایین کەسی گوند بەو رێگە سەروژوورکە و بە پلەکانەکاندا سەرکەوتن و چوونە کلیسا. ئەوسا سەری لە ئاو دەرهێنا. هەر کە دەنگی کۆڕی سروودی ئایینیش لە کلیسا بەرز بوویەوە، ئەویش خۆی هەڵکێشایە سەر بەردێک.

ئەم پەرییە بۆخۆشی حەزی لە گۆرانی وتن بوو، بەڵام ئێستاکە بێدەنگ مابۆوە. بەچکە قرژاڵ و گوێچکە ماسی لە قژەدرێژەکانی ئاڵا بوون، کەچی ئەو ئاوێنە و شانەکەی دەرنەهێنا، ئارام و بێدەنگ هەر وەک بەردەکە کڕ و مات لێی دانیشت.  

لەو دەنگانەی لە کۆڕی سروودەکەی کلیسابەرز دەبوونەوە، یەکیان زۆر بەسافی وروونی بەرگوێ دەکەوت. ئۆ...ی، ئەم دەنگە خۆشە وەها دەروونی هەژاند کاتێک ئەم دەنگەی بە تەنیادەهاتە گوێ، لەوانە بوو لە خۆشیانا گەشکە بگرێ! بە دوای کۆتایی سروود کەش هێشتا ئەم دەنگە لە مێشکیا دەزرینگایەوە.  ئەوماوەیەی  کە پەری لە سەر بەردەکە دانیشتبوو لە گێژاوی ئەم دەنگە خۆشەدا تەواو خۆی لە بیر چووبۆوە. لە بەختی باشی ئەو هەوا تاریک ببوو، بۆیەکاتێک خەڵکی دێ لە کلیسا دەهاتنە دەر، کەس هەستی بەبوونی ئەو نەکرد کە بە هێواشی و بەبێخشپە خۆی دەخزاندەوە نێو ئاوەکە.

هەموو ئێوارانێک ئەم پەرییە بۆ گوێگرتن لەم دەنگە دەگەڕایەوە ئەو جێگایە و دەچووە سەربەردێکی نزیک ئاوەکە. هەرچەندیش ئەم دەنگە خۆشەی دەبیست، تاسە و ئارەزووی بۆ بیستنی زۆرتر و زۆرتر دەبوو. ئاوازی ئەم دەنگە شیرینتر لە هەموو  ئەودەنگانە بوو کە لە شانشینەکەی خۆی لە زێر دەریادا هاتبوونە گوێی.

لەوانەیە تۆ ئەمەت پێبزانیبێ، کە ئەو پەرییە، پەرییەکی دەریایی ئاسایی نەبوو. ئەرێ تۆ راستی بۆ چووی. لە راستیدا ئەو شازادە بوو، کچی شای پەرییان بوو لە دەریادا.

 کاتێک پەری، ئیتر لەوە زیاتر خۆی پێڕانەگیرا، چووە ئەشکەوتەکەی باوکی و وتی: "بابە، من خۆشترین دەنگی ئەم دنیایەم بیستووە. ئەویش دەنگی بوونەوەرێکی وشکانییە! بابە، دەمهەوێ ببینم خاوەنی ئەوە دەنگە کێیە!"

"هەر بیستن بەسە، کچە خۆشەویستەکەم. بینین زۆرزۆری دەوێ."

پەری بەدەم گریانەوە وتی: ''ئەم ئاوازە تەلیسمی کردووم بابە، ئەمە دەنگیکی سیحراوییە! "شا سەری راوەشاند و گوتی: "نا کچم، هیچ سیحراوی نییە، ئەوە تەنیا دەنگێکە لە دەمی  مرۆڤێکەوە دێتە دەر."

"ئەوە خەریکە دڵم دەتۆقێ، بابە، لێرە دەمرم ئەگەر نەتوانم خاوەنی ئەم دەنگە ببینم." چاوەکانی پڕکرد لە فرمێسکان، درشت هەروەکوو گەوهەر.

پادشای دەریا نەیدەتوانی گریانی کچەکەی ببینێ. بەدەم ئاخ هەڵکێشانەوە وتی: "کەوایە بڕۆ، بەڵام بەڵێنم دەیێ، شەو لەگەڵ شەپۆلەکانی بەرزاودا بگەڕێیەوە، ئەگینا قەت ناتوانی بێیەوە. پەری دەریایی ناتوانێ زۆر لە هەوادا بمێنێتەوە."

ئابەمجۆرە کچەکە بەڵێنی دایە بابی.  شا جلێکی دایێ کە ژنانی سەر وشکانی لەبەری دەکەن. ئەوەیش جل و بەرگێک بوو شیاوی شازادەیەک، رازاوە بە مرواری و شێلان و خشڵ و گەوهەری تری نێو دەریا. پەری کە ئەمانەی لەبەرکرد، جلەکان کلکیشیان داپۆشی.  ئەوجا تۆڕێکی دا بەسەر قژە رەشە درێژەکانیا.

پەری دەیزانی ئەم چوونەی هەروا ئاسان نییە. ئەو دەبوو بەسەر ئەو بەردانەدا خۆی راکێشێتەسەر، بەو رێگا سەرژوورکەی ئەو گردەدا سەرکەوێ، بە پلیکانەکاندا بچێتە نێو کلیسا. بەڵام ئەو لەمانە نەدەترسا، ئارەزووی  دیتنی خاوەنی ئەو دەنگە سیحراوییە هێز و وزەی ئەدایێ

"کەس من ناگرێ، بابە!" بە پێکەنینەوە وتی. "وەک شاماسی بە قوللاپەوە نابم!"

بۆ ماڵاوایی دەستی لە بابی راوەشاند و بە مەلەکردن بەرەو ئەو رۆبارە گچکە رۆی کە دەبوو بیباتە لای گوندەکەی زیننوور.

ماتیۆ ترێویللا، لە مووچەیەکی گەورەی سەر تەپۆڵکەیەک لە سەرووی گوندەکەی زیننوورەوە دەژیا. دایکی و هاوڕێکانی بانگیان ئەکرد ماتی. ئەوەندە کە دایکی ئەم کوڕە باڵابەرز و ئێسکسوک و دەنگخۆشەی خۆی خۆشدەویست. هەموو دەیانگوت ماتی گلێنەی چاوی دایکییەتی . کاتێکیش داوایان لەم کوڕە دەکرد لە کۆری سروودەکەی کلیسادا بەتەنیا گۆرانییەک بڵێ، دایکی زۆر شانازی پێوە دەکرد!

باوکی ئەم کوڕە، بانگی دەکرد ماتیۆ. ئەو هەمیشە سکاڵای بوو لە کوڕەکەی کە ئەوەندە خەیاڵپەرستە و دوورە لەوەی بۆی ببێتە یاریدەرێک لەسەر مووچە و مەزراکەی.

"دایکت دەڵێ، تۆ وەک فریشتەی  ئاسمانان دەخوێنی! بەڵام من دەڵێم پێویستە تۆ بێیتە خوارەوە بۆ سەرزەوی!" بەم شێوەیە باوکی هەمیشە سەرزەنشتی کوڕەکەی دەکرد. "ئەدی چۆن تۆ دەتەوێ کێڵگە و مووچەت بەڕێوەبەری، ئەگەر سەر لە هەوران هەڵسووی؟"

 باوکی زۆرجاران دەیگوت، کوڕەکەی لەگەڵ هەرزەکارانی گوند دەنێرێ بۆ دەریا، بۆ ماسی گرتن.

زۆر جاریش باوکی دەیبۆڵاند بەسەر ژنەکەیدا: "کوڕەکەمان پێنازانێ چەند بەختەوەرە، ئەو کوڕە ماسیگرانە ئیرەیی ئەبەن بە ژیانی."

لەئاوا کاتێکدا، دایکی دەیزانی، باشترە لەسەر دەنگە خۆشەکەی کوڕەکەیان هیچ باس نەکا. بەڵام دوایی بۆ خۆی لەگەڵ کوڕەکەی دەکەوتە قسان:   

"رۆڵە، ماتی، تۆ دەبێ هەوڵ بدەی باوکت زیاتر خۆشحاڵ بکەی. ئەو تەنیا چاکەی تۆی دەوێ. بەڵام ئەمەشی دەگوت، تۆ دوێشەو لە کلیسا وەک مەلێکی دەنگخۆش چریکەت دەهات!"

ئێوارەیەکی خۆشی بەهاری، لەو کاتەیدا کە ئەم کوڕە لە کلیسا دوایین سروودی  دەخوێند، بە بینینی سەروچاوێکی تازە، لە پشت کلیسەوە زۆر سەری سووڕما. خانمێکی گەنج لە دوایین کورسی کلیسەدا بەلای دەرگاکەوە، دانیشتبوو. چاوەکانی ئەم خانمە راست لەسەر ئەو چەقیبوون. ئەم چاوانە، ئەوەندەش گەش و بریقەدار بوون ئەوەندەی نەمابوو وشەکانی سروودەکەی لەبیر بچێتەوە. قژە رەشەکانی بە تۆڕێک بەسترابوونەوە، بەڵام مرواریدەکانی دەوری ملی لەبەر تیشکی مۆمەکاندا بریقەیان ئەداوە. وەی وەی لەو جوانییە! ئەم بیگانەیە ئەبێ کێ بێ؟

بۆ ئەوەی وشەکانی سروودەکەی لێ تێکەڵ و پێکەڵ نەبێ، بەزەحمەت چاوەکانی وەرگێڕا. بەڵام کە جارێکی تر سەیری کردەوە، ئەو خانمە گەنجە لەوێ نەمابوو.

ماتی لای خۆی بڕیاری دائەم هەستەی خۆی لای کەس نەدرکێنێ، تەنانەت لای هاوڕێکانیشی. بێجگە لەوە، خۆ ئەمانە هەموو سەریان بەسەر کتیبە سروودەکانیانەوە بوو. قەت کەسیشیان روویان وەرنەگێڕا بۆ لای ئەو خانمەوە. رەنگە ئەمەش خەونێک بێ، لە زڕەخەونەکانی خۆی!

 کەچی ئێوارەکەی تر، کە ئەو خەریکی وتنەوەی دواسروودەکەی  بوو، ئەو خانمەی بینییەوە، هەر لەو جێگایە لە سەر کورسییەکەی لای دەرگاکەی دواوە دانیشتووە و چاوەکانی لەم بڕیوە. ئەمجارەیان خەڵکەکەش سەرنجیان دابوویێ. ماتی دەیبینی ئەوانیش لێی ورد ئەبنەوە.

 بە دوای کۆتایی هاتنی نەریتی کلیسا، دیسان ئەو خانمە لەبەرچاو نەما. کاتێک ماتی بەدوایدا چووە دەر و بۆ ئەملاولا و سەروخواری رێگاکەی روانی، لای وابوو کالیسکەیەک  هەڵیگرتوە، کەچی کالیسکەیەکیش لەوێ نەدەبینرا.

هەموو ئێوارەیەک ئەم بێگانەیە ئەخزایە ژووری کلیسا و دوایی لەبەرچاوان ون دەبوو. ئەو قەت زۆر تا درەنگ نەدەمایەوە، قەتیش لەگەڵ کەس نەدەدوا، بەر لە هەموانیش دەڕۆیشتە دەر.

واتەوات و سەرتەسرت لە نێو خەڵکی پەیدا بوو.

هەموو دەیانبینی ئەم بێگانەیە چاوی تەنیا بەدوای ماتییەوەیە. کاتێک هاوڕێکانی سەریان ئەخستە سەری، ماتی زەردەخەنەی ئەکرد و زوو خۆی ئەکێشا دواوە. چۆن دەیتوانی بە هاوڕێکانی بڵێ، چلۆن ترپەی دڵی دەچووە نێو دەنگییەوە، کاتێک چاوی بە چاوی ئەو بێگانەیە دەکەوت؟

قسەکە گەیشتەوە باوکی. ئەوکاتەی ماتی لەبیری چووبوو سەرلە مریشکەکان بدا ئاخۆ دانیان دراوەتێ یام نا، باوکی بەبێ ئەوەی خۆی توورە بکا، دەیگوت:

"وانەزانی نەمبیستووە! خانمە دەوڵەمەندێک چاوی بەدوای تۆوەیە و تۆیش خەونی ژیان لە قەسرێکدا دەبینی! چاک بزانە خەون گۆشتت بۆ ناهێنێتە سەر سفرە!"

ماتی نەیدەزانی چیی وەڵامی باوکی بداتەوە. ئەو قەت بەوە بیری نەکردبۆوە، ئاخۆ ئەو بێگانەیە دەوڵەمەندە یا خۆ لە قەسرێکدا دەژی یان نا. هەموو ئەو شتەی کە ئەو بیری لێ ئەکردەوە،چاوەکانی بوو کە دەنگیی وەک مەلێک ئەهێنایە فڕین.

ئەمجا نۆرەی دایکی بوو، لەسەر ئەو بێگانەیە قسەی بۆ بکا. بەڵام ماتی نەیدەویست قسەی دایکیشی ببیستێ.

"ئۆه، دایە، من ئەو خانمەی لە تۆ چاکتر ناناسم. خەڵکی پێیانخۆشە، دەنگۆی داخەن و چیرۆکان سازکەن."

ئەو دەیزانی ئەم قسانەی دڵی دایکی دەشکێنێ، بۆیە خێرا باوەشی بە دایکیا دەکرد و بۆ خۆرزگارکردن بیانوویەکی بۆ دەهێنایەوە.

رووداوەکان هەر ئاوا دەچوونە پێش. هەموو ئێوارەیەک ئەم خانمە بێگانەیە دەهاتە کلیسا و دواییش ون دەبوو. خەڵکی زیننووریش، وەک خۆیان دەیانگوت، بەم هاتن و چوونەی راهاتبوون.

باوکی ماتی هەر پرتە و بۆڵەی بوو کە کوڕەکەی کارەکانی لە بیر ئەچێ و دایکیشی هەمیشە دەیگوت، "چاک دەبێ!"  و وردەوردەش ترسی ئەو بێگانەیەی لە دڵ رەویەوە.

ئەمە تەنیا ماتی بوو لە دڵی خۆیدا، هەستی بە گڕ و تینی چاوەکانی ئەو بیگانەیە دەکرد. تەنیا هەر ئەو بوو دەیزانی دڵی خەریکە لێک هەڵتەکێ. ئەمە تەنیا هەر ئەو بوو، کە دەیزانی بۆ هەمیشە بەئازاری بەداوەوە بوونەوە ئەتلێتەوە. چۆنکە   پێش ئەوەی ئەم، دوابەندی سروودەکەی تەواو بکا ئەو بێگانەیە کلیسەی بەجێدەهێشت و لە چاوان بزر دەبوو، ئەی ئەم چۆن بتوانێ ئەو بێگانەیە بناسێ؟

داب و نەریتی باوی ئەم ئێوارەی کلیسا، ئێستا ئەوەساڵێکی بەسەر هاتنی یەکەمجاری ئەو خانمە بێگانەیە تێپەڕاندوە. ماتی خەریکبوو دواسروودە ئایینییەکەی دەستپێبکا، کاتێک ئەو خانمە لە دەرگاکەوە هاتە ناو و خزی بۆ لای کورسییەکەی پشتەوە. ماتی کە دەستیکرد بە خوێندنی سروودە ئایینییەکەی، دڵی لە سنگیا هەڵدەبەزییەوە و رۆحی لەگەڵ مووزیکەکەدا دەفڕی.

ئیتر ئەمە هەر ئەو نەبوو کە بەتەنیا دەیخوێند. دەنگێکی تریش تێکەڵ بە دەنگی ببوو! دەنگی ئەو بێگانەیە لە پشتەوە بەرز بۆوە. هەر لە یەکەم بەند و دووهەم بەندی سروودەکەدا، کاتێک دەنگیان بەرزونزم دەبۆوە، شەپۆلی دەنگی باڵەکانی  ئەو بێگانەیە لە ماتی دەدران. چرپە و سرتە پەیدا بوو. هەموو ئاوڕیان دایەوە بۆ دواوە. ئاخر، کەسێک کە بە تەنیا لە کلیسا سروودی دەخوێند، باو نەبوو کەس لەگەڵییا بڵێتەوە.

دڵی ماتی توندتر کەوتە لێدان. بریا ئەم هەناسەیە کۆتایی نەدەهات! خۆزگە بیانتوانیبا ئەم دووبەندە بۆ هەمیشە پێکەوە بڵێنەوە! ئەو دەترسا، لەو کاتەیدا کە ئەم بگاتە کۆتایی بەندی سێهەم، ئەوبێگانەیە وەک هەمیشە کلیسای بەجێبێڵێ. کە بەندی سێهەمیان دەستپێکرد بیرۆکەیەکی ترسناک بە مێشکی ماتیدا هات. تۆبڵێی ئەم بەردەوامییە لە خوێندندا بۆ ماڵاوایی نەبێت؟ بەڵام لە نێو خۆشی و سەرسامی ئەودا دەنگی بێگانەکە هەر بەردەوام بوو. دەنگیان وەک چریکەی دوو مەلی دەنگخۆش پێکەوە دەهات.

ماتی لەم کات و ساتەدا نەیدەوێرا تەماشایەکی ئەو بێگانەیە بکا. لە بەندی چوارەمدا کە دوابەند بوو، چاوەکانیان لێک هەڵەنگووت. چاوەکانی ئەو بێگانەیە گەشتر لە هەمیشە ئەدرەوشایەوە! بەڵام تۆڕەکەی سەری خزابووە خوار! باوەشێک قژی تەڕی بریقەدار کەوتبوونە دەوری دەموچاوی. سیما و ئەندامی لەوە دەچوو چکۆلەتر بووبنەوە.

دەنگی ماتی خامۆش بوو. دەنگی ئەو بێگانەیەش نەما. ماتی لە شوێنی کۆڕەکە  بازی دایە خوار. ئەو لەم بازدانەدا هەنیسکەکانی دایکی و واتەواتی خەڵکی گوندەکەی، لەسەر ئەم بێگانەیەی لەبیر کرد. ئەو بێگانەیە بەرەو دەرگاکە دەچوو، بەڵام وەک ئەوەی خەریک بێ بکەوێ، دەستی توند بە کورسییەکەوە گرتبوو.

  ماتی هاواری کرد. "راوەستە!"

فرمێسکی درشت لە چاوەکانی ئەو بیگانەیە هەڵدەوەرین . بۆنی سوێریی دەریا لە زۆڵف و فرمێسکەکانی دەگەیشتە دەماخی ماتی.

ئەو بێگانەیە بە دەنگێکی نووساو وتی: "ناتوانم، خەریکە هەناسەم لێدەبڕێ."

لەبەر چاوی ماتیدا خەریکبوو لە جووڵە دەکەوت. بۆیە هاواری کرد: "دەتوانم چیت بۆ بکەم؟"

" زۆر ماومەوە، دەبێ بگەڕێمەوە ماڵەوە."

 ماتی وتی: "دەبا کۆمەکت بکەم!" خێرا تاوی دایێ و هەڵیگرتە سەر دەستان.

وەختێک کلکی ئەو بێگانەیە لە ژێر داوێنەکەیەوە دەرکەوت ، غەڵبەغەڵبێک لە کلیسا بەرز بۆوە. ماتی بە سەری گێژ و دڵێکی شێواو دەستی نا بە دەرکە دارینەکەی کلیساوە، بە خۆبادان و پاڵ پێوەنان بە دەرکەوە، خۆشەویستەکەی لەگەڵ خۆیا بردە دەر. 

ئەرێ، ئەمە بوو کە ئەو بێگانەیە بۆی هاتبوو. خۆشەویستییەکەی و خودی ماتی هی ئەو بوون. ئەی لەبەرچی دەبوو ژیانی بخاتە مەترسییەوە، هەموو ئێوارەیەک لە دەریا بێتە دەر بۆ بینین و گوێڕاگرتن لە خاوەنی ئەو دەنگە؟ ماتی دەیزانی چیرۆکە کۆنەکان چییان گوتوە. پەرییە دەریاییەکان ناتوانن وەک مرۆڤ لە هەوادا هەناسە هەڵکێشن. ئەگەر زۆر بمێننەوە دەمرن.

ماتی بە پەرییەکەوە لە باوەشیدا، رایدەکرد. هەنگاوە گەورەکانی ئەوانی لە نێو گوندەوە دەبرد بۆ سەر ئەو رێگایەی دەچوو بۆ کەناری دەریا. ئەو لە پشت سەریەوە هاوار و قیژەی دەهاتە گوێ. لە نێو هەموو ئەم قیژە هاوارانەدا، دەنگی دایکیی بەروونی دەژنەوت.

"مەڕۆ، ماتی! بەجێمان مەهێڵە! وەگەڕێ، کوڕم! مەڕۆ!"

بەڵام خۆ ئەوە خۆشەویستەکەی لە باوەشیدا خەریکبوو دەمرد، ئەو دەبوو بیگەیەنەتە ئاو. بەرەوخوار لەو سەرەولێژییەدا لەتری دەبرد. لەسەر گژ و گیا و چەقڵ و دڕکاندا، بەلای گابەرد و بان تەختە بەرداندا، بەسەر  هەموو ئەو لمە تەڕەی قەراخ دەریادا، بە پەلە هەنگاوی دەنا. بەرزاوئ دەریا بەرەو وشکانی خۆی دەخشکاند. پێڵاوەکانی تەڕ بوون. شەپۆلەکان دران لە قولاپەی، ئەمجار لە پانتۆڵەکەی و پاشان لە کەواکەی.

باسکی خۆشەویستەکەی لە گەردنی ئاڵابوو. دڵیان بە یەکەوە لێیدەدا، هەناسەیان تێکەڵ بەیەک ببوو. چۆن دەیتوانی بەجێی بهێڵێ؟  ئەوسا ئاو بە سەر سەریاندا  هاتەوەیەک.

لەمەودوا ئیتر کەس ماتیی نەبینییەوە.

بەڵام ئەمە کۆتایی ئەم چیرۆکە نییە. ماوەیەک دوای ئەوەی ماتی و ئەو پەرییە ون بوون، چەند کەسێک لەو ماسیگرانەی زیننوور، بە چیرۆکێکی سەیرەوە لەو کەنداوە، لە ماسیگرتن گەڕانەوە. لەو کاتەیدا زەنگی کلیسای سەر ئەو گردە لێیدەدا، ئەوان دەنگی گۆرانییان لە ژێر ئاوەوە بیستبوو. سوێندیان دەخوارد ئەو دەنگە لە دەنگی ماتی دەچوو.

لە پێشدا خەڵکی گوندەکە باوەڕیان بەم چیرۆکە نەکرد. بەڵام کاتێک ماسیگرانی تر و خەڵکانی تریش هەر ئەو چیرۆکەیان گێڕایەوە، ئەوجا چوون بۆ دایک و بابی ماتییان باس کرد. هەموو ماسیگرەکان ئەوەیان دەگێڕایەوە، کە دەنگەکە ئەوەندە جوان و روونە هیوای شەوی داهاتوویان ئەدایە باوک و دایکی.

ئەمەش ئارامیی دەبەخشییە دایکی. دایکی زۆرجاران باسی ماتی و دەنگە خۆشە فریشتەییەکەی دەکرد. ئەو باسی پەرییەکەی نەدەکرد، بەڵام لە دڵی خۆیدا پێێدەگوت، "ئەو دەعبا دەریاییەی کوڕەکەمی دزی."

باوکی ماتی وردەوردە بێدەنگی و خەمۆکی دایگرت. ئەم پیاوە هەژارە قەت لە کوڕەکەی خۆی تێنەگەیشت. ئەو کوڕێکی دەویست بەشدار بێ لە کاروباری کێڵگە و خۆشەویستی زەوی وزارەکەی. لەوانەیە لە قووڵایی دڵیشیەوە هەستی بەوە کردبێ کە، لەراستیدا قەت کوڕێکی نەبوە.

ساڵانێک دوای ئەمە، کوڕی ئەو ماسیگرانەی زوو ــ ئەوانەی ئەو کات کە ماتی گەنجێکی رۆمانتیک  بوو ــ کە هێشتا لاو بوون،  ئێستاکە گەورە بوون و بوونە خاوەنی ژن و منداڵ. دوانیوەڕۆیەکی درەنگان، دوان لەمانە نزیک لە کەناری ئاوەکەی زیننوور دەستیان لە کار هەڵگرت. خۆر خەریک بوو ئاوا دەبوو. بەلەمەکەیان راگرتبوو. دەنگێک ئەوانی داچڵەکاند. ئەم دەنگە لە دەنگی ژنێک دەچوو، بەڵام ئەوان زۆر دوور بوون لە وەی کە دەنگی کەسێک لە وشکانییەوە بیانگاتێ. دەنگەکە لەو لایەوە دەهات کە خۆر خەریکبوو لێی ئاوا دەبوو. لەسەر بەلەمەکەوە روانیان بۆ ئەو لایەوە، ئەوەی کە بینییان سەرسامی کردن. دوای ئەوەی بە سەوڵ لێدان گەڕانەوە، بەدەم گریانەوە ئەوەی کە دیبوویان، بۆ خەڵکی زیننووریان گێڕایەوە.

"ئەوە ئەو حۆرییە دەریاییە بوو کە ماتی ترێویللای لەگەڵ خۆیدا برد!"

"ئەو حۆرییە بە مەڵە هات بۆ لامان!"

"نا، نابێ! ئێوە بۆ خۆتان ئەم چیرۆکەتان هەڵبەستوە!"  بەمجۆرە خەڵکەکە لە دژیان وەستانەوە.

"تیشکی خۆرەکە داویە لە چاوتان!"

"سوێند بە خوا، ئەو پەرییە قسەی لەگەڵ کردین!"

"ئەو گوتی، 'بێزەحمەت لەنگەرەکەتان لابەرن، رێگەمانی گرتوە، دەبێ بچمە ژوور بۆ لای ماتی و منداڵەکان!'

ئەو دوو ماسیگرە تەماشایەکی یەکتریان کرد و بە نیشانەی پەسند سەریان  بۆ یەک لەقاند.

یەکیان وتی: "ئەمە تەواو راستە!"

ئەوی تریان وتی، بەڵێ. هەر ئاوا بوو کەباسمان کرد،"لەبەر چی دەبی ئێمە، چیرۆکێکی وا هەڵبەستین؟"

              قسەی کۆتایی

کاتی منداڵیم، باوکم ئەم چیرۆکەی بۆ گێرامەوە. باوکم پیاوێکی دەنگخۆش بوو، هەر وەکوو ماتی. نازناومان ترێویڵڵا بوو. ئەو چاوێکی لێداگرتم و گوتی، ماتی و پەرییەکەی زیننوور لە کۆرنواڵ باپیرەگەورەی ئێمە بوون. کاتێک داوام لێکرد ئەم  قسەی خۆی بسەلمێنێ، قاچ و قولە زۆر زۆر باریکەکەمانی پیشاندام.

 

 

گەڕان بۆ بابەت