ئه‌مجه‌د غوڵامی
شێرکۆ هه‌ر له‌م گه‌ڕانه‌وه و هه‌ر له‌م دروستکردنی ماڵی یاده‌وه‌رییه دایه که په‌لێکی ڕابردوو ڕاده‌گوێزێ و به چڕکردنه‌وه‌ی ئۆرگانیزمباوهری له زه‌ماندا هه‌مدیسان کاتی کاره‌سات بنیات ده‌نێته‌وه و ناهێڵی ڕابردوو ببێته زه‌مانێکی چه‌ق به‌ستووی نۆستالۆژیک و ره‌نج بردن له‌پێناو ئاره‌زوویه‌کی ناکامی ڕابردوو. به‌ڵکوو به‌پێش خستنی ڕابردوو به‌ره‌و ئێستای کاره‌سات، دایدهتهکێنێت له قه‌ره‌بووسازی و شوێنی شیاوی تێدا ژیان.
ئه‌گه‌ر له رۆژێکدا مردی، بزانه مردن به بێ ژیان ناژی
دیاره من ناوی ئه‌م نووسراوه‌م له تێکه‌ڵکردنی سه‌ردێری شێعری "دۆنادۆن" له‌گه‌ڵ کۆپله‌یه‌ک له قه‌سیده‌ی "خاچ و مار و رۆژژمێری شاعێرێ"ی شێرکۆ وه‌رگرتووه، و هه‌ر له سه‌ره‌تادا ویستوومه به دروستکردنی دژوازیی نێوان مه‌رگ و ژیان له به‌رامبه‌ر باوه‌ری زاڵی مهرگپهرهستی مان بگرم و خۆم بدزمه‌وه له هه‌ڵگوتن به سه‌ر شاعێرێک که له کاتی مردنیشیدا لای میدیا کوردییه‌کان ته‌واو پشتگوێ خراوه. هیچ باوه‌ڕیشم به دزێوبوونی خوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه به ده‌قی هونه‌رمه‌ندانی کۆچکردوو نییه، به‌ڵکوو لام وایه ده‌کرێت له ساته‌وه‌ختی مه‌رگدا، له‌و ساته‌وه‌خته تایبه‌ته‌ی که ته‌واو کاته‌کانی ژیان به لێشاو هه‌ره‌سی بۆ ده‌هێنن و له‌و به‌ریه‌وه ڕه‌ت ده‌بن، ده‌رفه‌تێک ده‌ره‌خسێت که تێێدا ده‌وێرین سه‌ر بکه‌ین به ناو ئه‌زموونه‌کان و داهێنانه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده و له‌وێوه دوای ده‌رکی بێتاوانی وته‌ی شێعری پشکی خۆمان وه‌ک میراتبه‌رانی ئه‌و ده‌ست نیشان بکه‌ین و ڕه‌نگه ته‌نیا له ریگه‌ی پێزانینی بێتاوانی مه‌رگ و بێتاوانی زمان و وته‌ی شێعرییه که ده‌کرێت وێنه‌یه‌کی چڕ له هونه‌رمه‌ندێک سه‌ریه‌ک خه‌ینه‌وه که لای خوێنه‌ره‌کانی به جێ ماوه و دواجار هه‌ر ئه‌م وێنه که‌ڵه‌که‌بووه‌یه که ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئه‌زموونی ژیاندراوی ئه‌و، ده‌نا پێاهه‌ڵوتن چ نییه جیا له ئه‌زموونێکی رۆژانه که تائێستاش ده‌ستی له حه‌وێقی که‌لتووری ئێمه نه‌کردووه‌ته‌وه.
که‌واته با مه‌رگی شێرکۆ بقۆزینه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه و بیر له‌و رۆژانه بکه‌ینه‌وه که شێعری شێرکۆ وه‌ک یه‌که‌مین ده‌نگه‌کانی به‌جیهانی بوونی شێعری کوردی، ئه‌رکێکی تازه‌ی بۆ جیهانی شێعری کوردی هه‌ڵبه‌ست و ناچاری کرد ببێته میدیا یان باشتره بڵێن ببێته پردێکی دووئه‌ستوونه بۆ گواستنه‌وه‌ی ناسنامه‌کان، ئاوه‌ها که خه‌ڵاته‌کانی شێعری کوردی پاش ئه‌م شوێنگۆرکێیه ئیتر وه‌ک تاڵانییه‌ک چاو لێده‌کرا که ده‌بوو له ناو ته‌واو شاعێرانی دیکه‌دا دابه‌ش بکرێت و شێرکۆ ئه‌مه‌ی مومکین کرد که شێعر بتوانێ به ده‌نگێکیتر و له قۆناغێکیتردا وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌ک لێی بڕوانن، سه‌رمایه‌یه‌ک که وه‌ک زۆر سهرمایهیتر ئێره‌یی و بۆڵه‌ی لێکه‌وته‌وه، مه‌گین هه‌ژاری شاعێر نه‌ی ده‌وت: "گه‌ر به من بایه خه‌ڵاتی تۆخۆلسکیم ده‌دا به په‌شێو"، ئه‌مه‌ش چ ناگه‌یێنی جیا له‌وه‌ی که ئه‌ویش پێی وابوو ئه‌و خه‌ڵاته ڕێک بڕاوه به به‌ژنی شێعری کوردی‌دا، که‌چی بیری له‌وه نه‌کردبووه‌وه که خودی ئه‌م خه‌یاڵه‌ش ده‌سکه‌وتی ئه‌و سێحربازی و شوێنگۆرکه شێعرییه بوو که شێرکۆ مومکینی کردبوو.
کاتێک که باس له ئه‌زموونی شێرکۆ ده‌که‌م راست مه‌به‌ستم ئێره‌یه، شوێنێک که جێی هه‌موو که‌سێکی نابێته‌وه و ته‌نیا له ئه‌زموونێکدا وێنا ده‌کرێت، ڕێک وه‌ک ژووره‌که‌ی ناو شێعری خودی شێرکۆ که جێی ته‌نیایی نابێته‌وه، لێره‌دایه که ده‌که‌ومه‌وه بیر وته‌ی سه‌ره‌تایی کۆندرا له رۆمانی "هه‌رمانی"، کاتێک که ده‌ڵێت: "ژماره‌ی عاده‌تی که‌سه‌کان زۆر که‌متره له ژماره‌ی خودی که‌سه‌کان"، ئاخۆ هه‌مووان ناتوانن ئه‌زموونی تاقانه بخوڵقێنن، که‌چی به پێچه‌وانه زۆرن ئه‌وانه‌ی که ده‌توانن لاسایی بکه‌نه‌وه و له ڕووی یه‌ک یه‌کتری بنووسنه‌وه. به‌ڵام لێره‌دا قسه له‌وه نییه که کێ له ڕووی کێوه ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵكوو که‌ڵه‌که‌کردنی خودی نووسراوه‌کان و ئێره‌ییه‌کانه که ده‌توانێت به‌ژنێک هاوته‌رازی شێرکۆ ڕۆبنێته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی بترسین، که ئاخۆ تا چه‌ند سهدهیتر که‌سێکی وه‌ک شێرکۆ ده‌بێته‌وه، له کاتێکدا که دڵنیاین شێرکۆ خۆی له ناو ئه‌و ئه‌زموونانه‌دا ئاماده‌یه.
هه‌ر بۆیه من لێره‌دا به‌شی خۆم ئاوا ده‌گێڕمه‌وه:
شاملوو له دیمانه‌یه‌کیدا کاتێ ده‌ڕوانێته شێعری شێرکۆ به ڕاشکاوی ئێره‌یی ده‌بات به شێوه‌ی وێناکردنی ڕه‌نجی مرۆڤ و ده‌ردی ژیان له ناو شێعری ئه‌ودا و ده‌ڵێ: ڕه‌نج له شێعری شێرکۆ به ڕاده‌یه‌ک مرۆڤانه‌یه که دڵنیام نه‌ک هه‌ر من، به‌ڵکوو ته‌واو شاعێرانی ئه‌مڕۆ ئێره‌یی پێده‌به‌ن"، بۆچوونێک له‌م چه‌شنه ده‌لاقه‌یه‌کی ئاوه‌ڵایه بۆ چوونه ناو جیهانی شێرکۆیی و ورووژێنه‌ری پرسێکه بۆ مسۆگه‌ر کردنی ئه‌و مانا-ئه‌زموونه‌ی که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدرا، واته شێرکۆ چی به‌م وێناکردنه‌وه‌یه زیادکردووه که بووه‌ته هۆی ئێره‌یی پێ بردنی شاعێرێک له‌وێ، شێرکۆ چۆن ژیاوه، چی تری بینیوه، چۆنی ڕوانیوه‌ته جیهان که ئه‌میتر نه‌یبووه. وه‌ڵامی ته‌واو ئه‌م پرسیارانه ته‌نیا و ته‌نیا یه‌ک وشه‌ی ساکار و له هه‌مانکات قووڵه: کاره‌سات.
وشه‌یه‌ک که وه‌ک مۆریس بلانشۆ ده‌ڵێت: "بیر لێکردنه‌وه‌ی خودی بیرکردنه‌وه ده‌کوژێنێته‌وه، که‌چی ناهێڵێ به نیسبه‌تی پاشهاته‌کانی بێده‌نگ بین". به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه که له مه‌ودای نێوان ئه‌م بیرکردنه‌وه و بێده‌نگییه شتێکی‌تر ده‌قه‌ومێ که پێش به هه‌ر چه‌شنه وتنێک ده‌گرێت، هه‌ر بۆیه بلانشۆ له درێژه‌ی وته‌که‌ی پێشتریدا ده‌شڵێت: کاره‌سات خه‌یاڵی دۆڕان و سه‌رکه‌وتن لاده‌بات و له جیاتی ئه‌وان بێده‌نگییه‌کی ئاسایی داده‌سه‌پێنێت که نه‌بوونی وته‌یه؛ بێده‌نگیی وته خۆی شتێکی تره که زمان داده‌خات.
هه‌ر ئه‌م وشه‌یه که شێرکۆ ده‌یکاته جه‌وهه‌ره‌ی سه‌ره‌کی شێعری و گێرانه‌وه‌ی شێعری خۆی و مۆتیڤی سه‌ره‌کی رۆمانه شێعره‌کانی، به‌ڵام مه‌گین گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساتیش مومکینه، ئه‌ویش له کاتێکدا که کاره‌سات به‌ره‌ڵایه‌تی بێ لایه‌ن کردووه و ته‌واو لایه‌نه‌کانی له خوازه ستاندووه‌ته‌وه و هه‌موو شتێکی له جه‌غزێکی داخراوی زه‌مانیدا وه‌ستاندووه و جیهانی کردووه‌ته ئه‌و شاره ئه‌فسانه‌یانه‌ی که به نه‌فڕه‌تێک یان ته‌لیسمیک بوونه‌ته به‌رد و هیچ کرده‌وه‌یه‌ک تێیدا ڕووناده‌ن؛
(ئه‌بێ له ناو ئه‌م ته‌ندووری خوێنه شێته و/ له به‌رده‌می ئه‌م گه‌رداوه چه‌مووشه‌دا، شێعر/ چی بکات؟!/ ئه‌بێ وشه بچێ بۆ کوێ و/ ببێ به چی و کام هه‌رێمی بوومه‌له‌رزه و/ کام مه‌ڵبه‌ندی مه‌رگی تازه داڵده‌ی بدات؟!/ ئه‌بێ شێعر ببێ به چی؟/ ئه‌بێ وشه بچێ بۆ کوێ؟)
ئاوا ئیتر چ جای گێرانه‌وه‌ی بابه‌تێکی بێ ڕووداو و بێ زه‌مان، بابه‌تێک که زۆر پێشتر مه‌یلی ژیان و مه‌یلی گشتییه‌تی به چه‌ق به‌ستن له ئێستای کاره‌ساتدا لێک هه‌ڵوه‌شاوندوه‌ته‌وه و ته‌واو گوزاره‌کانی پرش و بڵاو کردوه. زه‌مانی ئێستا له کاره‌ساتدا ئه‌و زه‌مانه‌یه که لانگێر وتنی: "له عایه‌ق و نه‌گه‌یه‌نه‌ری زه‌ماندا یه‌خسیر ماوه‌ته‌وه و ناتوانێت ببێته پردێکی دوو ئه‌ستوونه و ڕابردوو بگه‌یێنێته‌وه به داهاتوو". هه‌ر بۆیه بلانشۆ زمانێک بۆ گێرانه‌وه‌ی ئه‌م یه‌خسیربوونه شک نابات، زمانی گێرانه‌وه‌ی کاره‌سات بۆ بلانشۆ زمانی داخراوه و جۆرێک وته‌ی بۆڵه‌ئاسایه. یان باشتر وایه بڵێین جۆرێک ناده‌قه که ته‌نیا وڕینه له خۆی به جێ دێڵی، وڕینه‌یه‌کی لاکی ئاسا له چاوه‌ڕوانی گۆدۆ، وڕینه‌یه‌ک که له زمانی شایه‌تحاڵه‌کانی به‌جێماوه‌ی هۆلۆکاست له فیلمی به‌ڵگه‌یی "شوا"ی لانزمان ده‌بیستری.
که‌چی شێرکۆ ڕاست ڕووبه‌ڕووی ئه‌م وشه بووه‌ته‌وه و هاتووه ببێته زمانحاڵی که‌سی زمان داخراوه و بێ گێڕانه‌وه بۆ که‌سی زه‌ماندار و زمانداری گێڕانه‌وه‌خواز. ئه‌مه ڕێک ئه‌و دیالۆگه‌یه که شێرکۆ له بارێکی ئۆسلۆدا له‌گه‌ڵ ما‌رگریتا کچه دووڕه‌گه‌یه‌کی مه‌غریبیدا ده‌یکات. ده‌سکه‌وته‌که‌ش چ نییه جیا له ترسێک که دواجار "ئه‌بێ به سێبه‌ری و چرکه به چرکه‌ی ساعه‌تی غوربه‌تی ئه‌ژمێرێت"، یان له‌وه‌ش زیاتر دێت و خۆی له سیمای کچه بچکۆله‌که‌ی ده‌رده‌خات و "په‌ڕ و باڵی زمانه‌که‌ی دڕووتێنێته‌وه"، زمانێک که پێشتر کاره‌سات ڕووتاندوبوویه‌وه. به‌مشه‌وه شێرکۆ ده‌ست له کاره‌سات هه‌ڵناگرێ و باش له مه‌ترسییه‌کانی کاره‌سات تێده‌گات و ده‌زانێت کاره‌سات نه‌ک له کاتی ڕوودان و مه‌ترسییه‌کانی پێشتر، به‌ڵكوو له‌و کاته‌دا ڕووده‌دات که زمان داخراوه و که‌سی کاره‌سات چی بۆ گێرانه‌وه پێ نییه و "خه‌ونه‌کانی له گه‌ڵ خۆیدا ڕه‌ق بوونه‌ته‌وه".
به‌ڵام شێرکۆ هه‌رهه‌مدیسان ده‌ست له گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات هه‌ڵناگرێ و ده‌یگێڕێته‌وه و هه‌ر ئه‌م گێڕانه‌وه‌شه که شێرکۆ جیاواز ده‌کات و ده‌یکاته سووژه‌ی ئێره‌یی پێ‌بردن. ئه‌و بۆ گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات هه‌نگاوێکی به‌رز هه‌ڵده‌گرێت و چاره‌سه‌رییه‌کی کاتی ده‌دۆزیته‌وه بۆ ئه‌م "خه‌ڵسه‌ی بێده‌نگییه". ئاوا که له زه‌مانی کاره‌سات ده‌کشێته‌وه و خوڵقی شێعری له زه‌مانێکی تردا په‌ره پێده‌دا، زه‌مانێک له ڕابردوو، ڕابردوویه‌کی بێنهوهستان، ڕانه‌گیراو، زه‌مانێک به‌ر له کاره‌سات که کاره‌سات نه‌یتوانیوه زه‌وتی بکات و هه‌ڵیلووشێ. زه‌مانێک که گه‌ر یه‌کپارچه بکرێته‌وه ده‌بێته ئه‌و زه‌مانه دره‌نگه برگسۆنییه که ده‌توانێ ته‌واو زهمانهکانیتر سه‌ر یه‌کبخاته‌وه. زه‌مانێک که چ نییه جیا له یاده‌وه‌ری و شێرکۆ به مسۆگه‌رکردنی ئه‌م زه‌مانه ڕووبه‌ڕووی کاره‌سات ده‌بێته‌وه و زه‌مانه ئاڵۆز و لێک هه‌ڵپچراوه‌کان به‌ره‌و ئه‌و ئاسته رێنوێنی ده‌کات که به بڕوای لۆکاچ، نووسه‌رێکی ناتۆراڵی وه‌ک فلۆبێر شاره‌زایانه تێیدا سه‌رکه‌وتوو بووه و پێی ده‌ڵێ: "ئه‌و توانیویه‌تی به زه‌مانێک ئیش بکات که گه‌شه‌ی ئۆرگانیکی ده‌به‌خشێته‌وه به گشتییه‌تی لێکههڵوهشاوهی مه‌یلی ژیان و ئاڵۆزییه‌کانی پێ ڕێکوپێک ده‌کرێته‌وه".
شێرکۆ ئاوا ملی ئه‌و جاده‌ی ناوه و له گه‌ڵ وه‌سفی سروشت، گه‌ڕانه‌وه‌که‌ی شوێنمه‌ند ده‌کات و سروشت ده‌بێته ئه‌و گه‌ڕانه‌وه مه‌زنه‌یه که به گوێره‌ی به‌ختیار عه‌لی: "گه‌ڕانه‌وه‌یه‌که که هه‌میشه چاوی له ده‌ره‌وه‌یه و ده‌ست بۆ جیهانه کراوه‌کان و فراوانه‌کان درێژ ده‌کاته‌وه... ماڵی راسته‌قینه‌ی شاعێر سروشته که پردی گه‌یشتنه‌وه‌یه به کۆی بوون". که‌واته شێرکۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ که‌سه‌کانی ناو کاره‌سات ده‌ڕه‌خسێنێت هه‌تا بۆ چرکه‌یه‌ک خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مان و شوێنی کاره‌سات هه‌ست پێبکه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی جۆگرافیای ترس و مه‌رگ یۆتۆپیایه‌کی پڕ له جوانی و پڕ له ئیراده بۆ خۆیان وێنا بکه‌ن؛
(تۆ هاتوویته ناو هه‌وێنی ئه‌وینه‌وه ... له گه‌ڵ ڕه‌گدا/ ڕۆ ئه‌چیت و له‌گه‌ڵ چڵدا ئه‌شنێیته‌وه/ تۆ هاتوویته ناو گلێنه‌ی سه‌رچاوه‌وه.../ له‌گه‌ڵ ئاودا کۆچ ئه‌که‌یت و له ناو خاک‌دا ئه‌توێیته‌وه)
ئیراده‌ش جۆرێک خۆبه‌خشینه‌وه‌یه به چیکردنی ئه‌و ماڵه نوێیه که چرکه‌یه‌ک به‌ر له دۆژمی بێ زه‌مانی و کاره‌سات ده‌رباز بووه و ده‌خوازێت خۆی ئاوه‌دان کاته‌وه؛
(هه‌موو جارێ پاڵ ئه‌که‌وی وا هه‌ست ئه‌که‌ی/ بووی به ته‌له‌به‌ردێ له‌وێ بۆ جێ‌ژوان/.../که هه‌ڵئه‌ستیت وا هه‌ست ئه‌که‌یت/ بووی به په‌یژه‌ی بانیژه‌یه‌ک ئێسته له‌وێ/ وه‌ختێ خه‌وتی وا هه‌ست ئه‌که‌یت بووی به خه‌ونی داربه‌ڕوویه‌ک ئێسته له‌وێ.)
شێرکۆ هه‌ر له‌م گه‌ڕانه‌وه و هه‌ر له‌م دروستکردنی ماڵی یاده‌وه‌رییه دایه که په‌لێکی ڕابردوو ڕاده‌گوێزێ و به چڕکردنه‌وه‌ی ئۆرگانیزمباوهری له زه‌ماندا هه‌مدیسان کاتی کاره‌سات بنیات ده‌نێته‌وه و ناهێڵی ڕابردوو ببێته زه‌مانێکی چه‌ق به‌ستووی نۆستالۆژیک و ره‌نج بردن له‌پێناو ئاره‌زوویه‌کی ناکامی ڕابردوو. به‌ڵکوو به‌پێش خستنی ڕابردوو به‌ره‌و ئێستای کاره‌سات، دایدهتهکێنێت له قه‌ره‌بووسازی و شوێنی شیاوی تێدا ژیان و شێرکۆ له‌م رێگاوه قامک دریژ ده‌کاته‌وه بۆ خوڵقێنه‌رانی کاره‌سات و به پیاهه‌ڵوتنێکی ئایرۆنیکی سه‌رچاوه‌یه‌کی کرده‌وه‌گه‌رانه به گێڕانه‌وه‌که‌ی ده‌به‌خشێت و لێره‌دا بیر ئه‌و هه‌قایه‌تانه‌مان ده‌خاته‌وه که تێیاندا ته‌نیا به دۆزینه‌وه‌ی هۆکاری شه‌ڕخستنه‌وه و ناچارکردن و به زمانگرتنی، ته‌لیسمه‌کان هه‌ڵده‌وێشنه‌وه؛
(ئه‌م سترانه!/ ئه‌گه‌ر لێوی خۆی بدوورێ/ لێوی قه‌ڵبه‌زه و/ شه‌پۆڵ و/ ده‌می ده‌ریاچه‌ش ئه‌دوورێ!/ ئه‌م ئازاره ../ ئه‌گه‌ر تێکه‌ڵ به گڵ نه‌بێ/ گوڵه‌گه‌نم چۆن بزانێ ژانی ئه‌وه؟!... ئه‌م تاوه گه‌ر/ زه‌وی له زمانی نه‌گا و/ ڕه‌گ نه‌یه‌وێ و/ دارستان گوێی لێڕانهگرێ و/ به‌رد به هاژه‌ی هه‌ڵنه‌په‌ڕێ و/ گژوگیا نه‌یخوێنێته‌وه و/ زیخ و چه‌و نه‌ینووسێته‌وه و/ مێرگه‌کانیش ماچی نه‌که‌ن/ بۆ چی ببێ؟!)
که‌واته دواجار شێرکۆ به‌له‌کارکردنی گێڕانه‌وه‌یه‌کی ئایرۆنیک ئاگاییه‌کی ناوبژیکارانه له نێوان ئه‌زموون و ئاره‌زوو ده‌خاته پاڵ دیکه‌ی ره‌مزه‌کانی گێرانه‌وه‌یی کاره‌سات و به‌مجۆره نۆرمێکی نوێی شێعری له ژێر ناوی رۆمانه‌شێعر داده‌به‌زێنێت.
به گشتی ئه‌مه به‌شێکه له‌و ئه‌زموونه‌ی که له شێرکۆوه به من ده‌گات و من له ساتی ئێره‌یی پێ‌بردن تا ساته تایبه‌ته‌که‌ی ئێستا ئاوا لێی ده‌روانم، ئێستاش که کۆچی کردووه ده‌رفه‌تێکی باشه که ئێوه‌ش له خۆتان بپرسن: ئاخۆ شێرکۆ چ ئه‌زموونێکی بۆ ئێمه به جێ هێشتووه؟