لە فارسییەوە: هەرمان بۆکانی

كۆمەڵە بوونەوەرێكی هەوریی جۆراوجۆر كە پێكەوە نووسابوون، بەسەرو سەكتیاندا دەهاتنە خواێ. گوڵی زل زل بە مەمكی وەك هیی ژنانە كە بە لاسكە گۆشتنەكانیانەوە شۆڕ ببوونەوە، پشیلەی باڵدار، پیاوی سمداری لە شێوەی ئەسپ و، چۆمچا لە حاڵێكدا خەریك بوو لەخۆی بچێ، ئەو وەهەمەی بەزەینیدا هات، كە جەستەی ئەویش بووەتە شتێكی هەورین و، دۆنادۆن دەبێ و، لەگەڵ ئەو بنیادەمەی دیكە سەری خستووەتە نێوگەڵییەوە و، ملی بە لینگە درێژ و باریكەكانیدا دەكێشا، دەبێتە یەك. 

 

ئایەتە شەیتانییەکان (٢)

لە فارسییەوە: هەرمان بۆکانی

 

جوبراییل دیسان یەكێك لە گۆرانییە كۆنەكانی هیندستانی بە ئینگلیزی دەگوتەوە و بێ ئەوەی خۆی بزانێ رێزی لە وڵاتە خانەخوێیەكەی دەگرت. "هۆ ۆ، پێڵاوەكانم ژاپۆنین، پانتۆڵەكەم ئینگلیزی و كڵاوێكی سووری رووسیم لەسەرە، بەڵام بەو حاڵەشەوە دڵم هەر هیندییە و نەگۆڕاوە." هەورەكان وەك تۆقلە بەرەو لایان دەخوشین. لەوانەشە ئەوە نهێنیی پەڵەهەورەكانی كۆمۆلۆس و كۆمۆلۆنیمبۆس واتە ئەو هەورە برووسكئاسایانە بوو، كە وەك كوتكێك لە نێوان سپێدەدا راوەستابوون، یان لەبەر ئەوە گۆرانییان دەگوت (یەكێكیان نوقمی گۆرانیگوتن بوو وئەوی دیكەش لە هەوڵی سكاڵا و بەرهەڵستیدا)، و تەقینەوەی فڕۆكەكە وای وڕ و كاس كردبێن، كە بیر لەو شتە نەكەنەوە وا چاوەڕوانیان بوو... بەڵام هەرچۆنێك بێ، ئەو دوو پیاوە، واتە جوبراییل سەڵدین و فریشتە چۆمچا كە لەو بەربوونەوە بێبڕانەوەیەدا وەك شەیتان مەحكووم بوون بەوەی لە فریشتەبوون بكەون، هەر ئاگایان لەو دەموساتە نەبوو كە گۆڕانەكەیان دەستی پێ كردبوو. گۆڕان؟ بەڵێ چاوەكەم. بەڵام نەك بە رێكەوت و لەگۆترە. لەو سەرەوە، لە نێو بۆشاییدا، لەو دەشتە نەرم و نەبینراوەدا كە چەندین سەدە بوو لەسەیایەی سەری ئێمەوە بوونی هەبوو و، ئەویش رێگەی بۆ ئەم سەدەیە خۆش دەكرد، لەوێ كە ئەستێرەیەك بچووك دەبۆوە و دەسەڵات گڵۆڵەی دەكەوتە لێژی، لە ناوچە ناوچە وەهماوی و دۆنادۆنكەرەدا، كە لەوپەڕی نائەمنی و تیژتێپەڕیدایە ــ چونكە كاتێ شتەكان بەرەو هەوا تووڕ هەڵدەدەی، زۆر شت كردەنی دەبن ـ هەرچۆنێك بێ، لەو سەرەوە، دوو ئەكتەرە وڕێنەكەرەكە وەها گۆڕان، كە بەڕێز لاماركی رووسوور دەكرد: ئەوە پاڵەپەستۆی لەرادەبەدەری دەوروبەر بوو، كە كوالێتی و تایبەتمەندیی تازەی لێ كەوتەوە. تایبەتمەندیی چی؟ مەبەستت چییە؟ راوەستە، سەبرت بێ. تۆ پێت وایە كاری خوڵقان هەر وا سووك و سانایە؟ لەقاودانی نهێنییەكانی خوڵقانیش وا ئاسان نییە و پێویستی بە هەل و دەرفەتە. ورد بەوە لێیان. شتێكی تازە دەبینی؟ دوو پیاوی رەشهەڵگەڕاو، كە وەك هەورەتریشقە بەرەو خوار دێن. ئەوە شتێكی تازە نییە. لەوانەیە بڵێی دیارە زۆر هەڵكشاون، لە سنووری توانای خۆیان پتر. هەر ئەوەندە نییە كە هەتا نزیك خۆر چووبوونە پێش؟ نا، وا نییە. گوێ بدەیە: جەنابی سەڵدین چۆمچا كە تەواو لە دەنگی جوبرایلی فریشتە دەهری ببوو، لە داخانی دەستی كرد بە گۆرانیگوتن. ئەوەی فریشتە لە ئاسمانەكەی ئەو شەوە سەیروسەمەرەیدا گوێی لێ دەبوو، ئەویش گۆرانییەكی كۆن بوو كە شاعیرێك بەناوی جەیمس تامسۆن لە ساڵی 1748ـدا هۆندبوویەوە. چۆمچا بە دەمولێوێكەوە كە وەك لێوی چینگۆ لە سەرمان سوور و رەش هەڵگەڕابوون، تێی دەچریكاند" بە فەرمانی خوا، لە نێو دەریای نیلدوونەوە هەستا." چەندی فریشتە زراوچوووەكە گۆرانییەكەی پێڵاوی ژاپۆنی و كڵاوی رووسی و دڵی شەقڵنەشكاوی شێوە وشكارۆیەكەی بە دەنگی بەرزتر دەگوتەوە، دەرەقەتی سەڵدین نەدەهات. "جا فریشتەكان تێیان چریكاند." ئەگەر راستیت دەوێ، ئەو دوانە ئیتر هیچ گوێیان لە دەنگی یەكتری نەدەبوو، هەر بۆیە ئیتر نەدەكرا پێكەوە قسە بكەن یان كێبڕكێی گۆرانیگوتنیان بێ. ئەوەندە تیژ بەرەو زەوی لوور ببوون، كە گڤە و گڕەی هەوا لە دەوریان گوێی كەڕ دەكرد. بەو حاڵەشەوە، سەیر ئەوە بوو كە دەكرێ بڵێین ئەوان هەر لەسەر كێبڕكێیەكەیان بەردەوام بوون. جوبراییل و سەڵدین بەوپەڕی خێراییەوە بە چەرخوخول بەردەبوونەوە و هەوا ساردەكەی زستان، هەڕەشەی بەستەڵەكی لەدڵیان دەكرد. بەدەم بەستنی مژۆڵەكانیانەوە و لەوكاتەدا كە چیی نەمابوو لە خەیاڵی وڕێنەئاسایان بێنە دەرێ و لە پەرجۆی شیعر و مۆسیقا تێ بگەن و لە باران و دەست و پێ و لەتوپەتی جەستەی منداڵانەوە كە خۆشیان تێكەڵی ببوون و بەشێك بوون لەوە، تێ بگەن و، ئەوەندەی نەمابوو ترسی ئەو چارەنووسە سامناكەی لە خوارەوە هرووژمی بۆ دێنان هەموو رۆح و جەستەیان بتەنێتەوە، كە لە پڕێكدا كەوتنە نێو پەڵەهەورێكی زۆر گەورەوە و سەرما هەتا مۆخی ئێسقانەكانیان رۆچوو. ئەو دوانە، كەوتبوونە نێو پەڵەهەورێكی درێژی وەك تونێلەوە. چۆمچا گرانوسەنگین و فەرمی و قیت و قنج و هەروا سەروبنیش چاوی بە جوبرایلی فریشتە كەوت، كە بە كراسێكی مۆری گوڵ گوڵەوە لەوبەری دیوارە تەماوییەكانی تونێلەكەوە بەرەو لای دەست و باڵ لێ دەدا. دەیەویست هەرا بكا "بەرەو لای من مەیە. چۆنی ئاوا بمێنەوە." بەڵام هەستی كرد شتێك پێشی دەگرێ. سەرەتای شتێكی وەك هەژان لە ناخیدا بڵێسەی هات. هەر بۆیە لە بری ئەوەی قسەیەكی وا بكا لەخۆی دوور بخاتەوە، باوەشی بۆ كردەوە و فریشتەش هەروا بەرەو لای مەلەی دەكرد، تا گەیشتنە یەكتر و سەروبن یەكتریان لە ئامێز گرت. هێزی بەریەككەوتنی جەستەیان، هەردووكیانی پێكەوە بە چەرخوخول هەتا تەركی بنی كاژێرێك كە دەچۆوە سەر وڵاتی سەیروسەمەرەكان، راكێش دەكرد. بەدەم هەوڵدان بۆ رزگاربوون لە دەست سپیاییەكان، ئەو گەواڵە هەورانەی جار بە جار هەموو شتێكیان دەگۆڕی و، خواكانیان دەكرد مانگا و ژنەكانیان دەكردە جاڵجاڵۆكە و پیاوەكانیان دەكردە گورگ، ئەوانیانن گرتە خۆ. كۆمەڵە بوونەوەرێكی هەوریی جۆراوجۆر كە پێكەوە نووسابوون، بەسەرو سەكتیاندا دەهاتنە خواێ. گوڵی زل زل بە مەمكی وەك هیی ژنانەە كە بە لاسكە گۆشتنەكانیانەوە شۆڕ ببوونەوە، پشیلەی باڵدار، پیاوی سمداری لە شێوەی ئەسپ و، چۆمچا لە حاڵێكدا خەریك بوو لەخۆی بچێ، ئەو وەهەمەی بەزەینیدا هات، كە جەستەی ئەویش بووەتە شتێكی هەورین و، دۆنادۆن دەبێ و، لەگەڵ ئەو بنیادەمەی دیكە سەری خستووەتە نێوگەڵییەوە و، ملی بە لینگە درێژ و باریكەكانیدا دەكێشا، دەبێتە یەك. بەڵام ئەوی دیكە دەرفەتی ئەو خەیاڵاتانەی نەبوو و، لەو دەمەدا هەر نەیدەتوانی خەیاڵ بكا، چونكە لە پڕ چاوی بە تاپۆی شكۆمەندی ژنێك كەوتبوو، كە لە سەر گێژاوەكانەوە خەریك بوو دەردەكەوت. ژنێك، كە جلوبەرگێكی كەسك و زەردی كۆبەگیراوی لەبەردابوو و پارچە ئەڵماسێكی بە لووتییەوە نابوو و، بۆ ئەوەی قژی نەئاڵۆسكێ، لە پشتەسەری بەستبووی و قژبەندی لێ دابوو. ژنە لەسەرخۆ و بەبێ جووڵە لەسەر مافوورێكی باڵندەیی دانیشتبوو و، گژەبایەك لە دەموچاوی دەدا. جوبرایل سڵاوێكی لێ كرد و گوتی: "رێكا مێرچێنت" ئەرێ دەڵێی رێی بەهەشتت لێ ون بووە." قسەیەك، كە نەدەبوو بە ژنێكی مردوو بگوترێ. بەڵام لەوانەبوو بكرێ لەبەر ئەو زەبرەی بە بەربوونەوەكە وێی كەوتووە و، ئەو وەزعی بە هەواوەبوونەی، لە جوبرایل خۆش بی. چۆمچا كە توند پێی خۆی گرتبوو، بە سەرسووڕمانەوە پرسیی: "ئەوە قسە لەگەڵ هەوا دەكەی؟" جوبرایل گوڕاندی: "بۆ چما نایبینی؟ مافوورە بوخاراییەكەی نابینی؟" ئەوجار دەنگی ژنە لە گوێیدا زرینگایەوە، نا، نا، جیبۆ، چاوەڕوانیت لەو نەبێ. من تەنیا لەبەرچاوی تۆ هەم. لەوانەشە وردە وردە وا ئەقڵت نەمێنێ. دەی باشە دەڵێی چی گووی سەگ؟ عیشقی من. راستگۆیی جمكی مەرگە ئازیزەكەم. كەواتە ئێستا دەتوانم تۆ شیاوی چ ناوێكی، بەوناوە بانگت بكەم. رێكای هەورین، لەسەر ورتەورتی تۆراوی خۆی بەردەوام بوو، بەڵام جوبرایل دیسان هەرای كرد: "سپۆنۆ، دەیبینی، یان نا؟"

 

ئەوجار دەنگی ژنە لە گوێیدا زرینگایەوە، نا، نا، جیبۆ، چاوەڕوانیت لەو نەبێ. من تەنیا لەبەرچاوی تۆ هەم. لەوانەشە وردە وردە وا ئەقڵت نەمێنێ. دەی باشە دەڵێی چی گووی سەگ؟ عیشقی من. راستگۆیی جمكی مەرگە ئازیزەكەم. كەواتە ئێستا دەتوانم تۆ شیاوی چ ناوێكی، بەوناوە بانگت بكەم. رێكای هەورین، لەسەر ورتەورتی تۆراوی خۆی بەردەوام بوو، بەڵام جوبرایل دیسان هەرای كرد: "سپۆنۆ، دەیبینی، یان نا؟" سەڵدین چۆمچا نە هیچی دەدی و نە گوێشی لە هیچ دەبوو و نە وەڵامێكیشی دەداوە. جوبراییل رووی قسەی هەر لەو بوو. دەستی كرد بە ئامۆژگاری: تۆ نەدەبوو وات كردبا، ئەوە گوناحە. كارێكی بەجێ نەبوو." رێكا پێكەنی. بەڵێ ئێستا دەتوانی وتارم بۆ بدەی. دیسان دەستت هەڵێناوە و خۆتت لێ كردومە بنیادەمێكی بەئەخلاق. ئەوە تۆ بووی وازت لەمن هێنا. دەنگی رێكا وا لەگوێی دەگەڕا و وەبیری دێناوە، دەتگوت پەردەی گوێی دەجاوێ. ئەوە تۆ بووی، ئەی مانگەشەوی چێژ و خۆشییەكانی من، كە لە پشت هەورەكانەوە خۆت شاردەوە و منی رەتێنراوی ئەشق، وەك كوێران دنیام لێ رەش و تاریك داهات. جوبرایل ترسا: "چیت دەوێ؟ نەخێر پێویست ناكا بە من بڵێی، هەر بڕۆ و تەواو." كە نەخۆش بووی، لەبەر حەیا و ئابڕووی خۆم نەمدەوێرا بێمە سەردانت. لەبەر تۆ بوو، كە دوور لە تۆ دەژیام. بەڵام تۆ دواتر تۆڵەت كردەوە و، كردتە بیانوویەك بۆ ئەوەی بەجێم بێڵی. بیانووەكانت وەك ئەو گەواڵە هەورە بوون كە لە پشتیانەوە خۆت شاردەوە و، جگە لەوە چوویە سەردانی ژنەی سەهۆڵ، هەی زۆڵە. ئێستا كە مردووم، لێبوردنم لەبیر چووەتوە. تووكت لێ دەكەم جوبرایلەكەم، هیوادارم ژیانت جەهەننەمی بێ. چونكە تۆ منت ناردە ئەوێ، تووكی ئەبەدیت لێ بێ. جەهەننەم شوێنێكە، كە تۆ لەوێوە هاتووی، ئەی ئیبلیسی بەرپێوار، ئێستاش ئەوە دەگەڕێیتەوە ئەوێ گێلە. ئەو شیرجە دۆزەخییەت خۆشت بێ. تووكی رێكا و پاش ئەویش كۆمەڵێك شیعر بە زمانێك كە ئەو نەیدەزانی. زمانێكی توندی وەك زریكە. ئەو هەر توانیی یەك وشەی لێ تێ بگا و تازە متمانەی بەویش نەبوو: "ئال لات" توند خۆی بە چۆمچاوە نووساند و هەردووكیان لە هەورەكان هاتنە دەرێ.

 

 

بازدید: 1528