ما 5667 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ترس و توڕەیی ئەمدیواودیون

ترس یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگری ئینسان و بەشێک لە ئاژەڵانە کە لە درێژەی پرۆسەی گەشەدا وردە وردە بووە بە بەشێک لە سروشتیان . ترس کاتێک لە مرۆڤدا دروست دەبێت کە هەست بە مەترسی بەرانبەر بە شتێک یان کەسێک بکات. ئەم هەستە سەرەتا وەک ترس خۆی دەردەخات، بەڵام پاشان کاتی وایە لە ماوەیێکی زۆر کورتدا بەسەروبنکردنی هەستە ئینسانییەکانی دەرون، جێگەی خۆی ئەدات بە توڕەیی و غەزەب.

 

 

دەرونناسان دەڵێن کە ترس دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ئاستی ئادێرناڵین لە خوێندا کە ئەمەش لە خۆیدا توڕەیی و و هێرشبەری لە مرۆڤدا دروست دەکات. ئەوان وەک نمونەی ئەم جێگۆڕکێییە، ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتێک دایک و باوک بە منداڵەکانیان دەڵێن دەبێت شەو لە فڵان کاتژمێردا بێتەوە بۆ ماڵەوە، کاتێک مندڵەکەیان نایەتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی چاوەڕوانی بۆ دایک و بابی و، ئەم چاوەڕوانییەیش دەبێتە مایەی نیگەرانی و ترس. کە دوواتر منداڵەکە دێتەوە، لەپر لەوەرچەرخانێکی هەستیدا ترسەکە جێگەی خۆی دەدات بە توڕەیی بەرانبەر بە منداڵەکە.

لەم رووانگەیەوە دەتوانین بڵێین هۆی ترس هەرچی بێت، ترس  خۆی هۆی توڕەییە، واتە بەشێک لەو توڕەییانەی کە رۆژانە لە ئینسانەکانی دەوروبەرماندا دەیبینین هۆکارەکەی بە ئاشکرا یان شاراوە دەگەرێتەوە بۆ ترسی ئەوان لە شتێک.

کەواتە وەک ئاشکرایە، بۆ دابەزاندنی ئاستی توڕەیی لە کۆمەڵگادا پێش لە هەر شتێک پێویستمان بە رەواندنەوەی هۆکارەکانی ترسە. بە داخەوە جگە لە هەژاری، نەزانی، لۆمە، سوکایەتی و لێدان، دیاردەیەکی تر کە بە یەکجاری زیادی کردووە، شەڕە. لە هەڵسەنگاندن لە گەڵ ئەو هۆکارانەی تردا ترسی هەڵقوڵاو لە شەڕ، ترسناکتر و کاریگەرتر دێتە بەرچاو، هەربۆیە لە وەها کۆمەڵگایەکدا ئاستی توڕەیی یەکجار زیاد دەکا و جاری وایە دەبێ بە بەشێک لە نۆڕمەکان، وەها تەنانەت هەندێ شاعیری هەست ناسکی وەک "هێمن" یش دەکەونە ستایشکردنی و بە زیادکردنی وشەی "پیرۆز" پێی، دەکەونە پێداهەڵگوتن پێیدا (بڕوانە شیعری رقی پیرۆز).

 

سایتی قەڵەم

 

٢١ ئۆگۆستی ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت