فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

راستی هەمیشە لەوێدا لە دەرەوەی مرۆڤ وەک خۆی دەمێنێتەوە و، هەموو ئەو شێوازانەی وا مرۆڤ بۆ نواندنەوەی رەچاویان دەکا، هیچ کامیان ناتوانن بە تەنیا و رەنگە بە کۆیش دەربڕی هەموو لایەنەکانی بن. رەنگە هەر ئەم تایبەتمەندییە بێت دەبێتە هۆی خوێندنەوەی هیرمنۆتیکیانە لە رووداوەکان، چ ئەوانەی لە رابردوودا روویاندابوو و چ ئەوانەی لە ئیستادا روودەدەن. راستی هەمیشە رازێکی سەرئاواڵا و سەرداپۆشراوە.  

 

راستی، هەمیشە لەوێدا دەمێنێتەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دوو ئۆتۆمبیل بە یەکدا دەدەن و تێیدا دوو کەس دەمرن و، چواری تر بریندار. لە شوێنی رووداوەکە ئەم کەسانە بە رێکەوت حازرن: رۆژنامەنووس، چیرۆکنووس، رۆماننووس، شاعیر، فیلمساز، وێنەگر و، مۆسیقازانێک.

لە نێوان ئەمانەدا جگە لە رۆژنامەوانەکە کە بە پێی پیشەکەی راپۆرتێک لە سەر رووداوەکە دەنووسێ، ئەوانی تر رەنگە ئەم رووداوە لە بەرهەمێکی ئەدەبی ـ هونەریدا بنوێننەوە و رەنگیشە نا. نوواندنەوە پێوەندیی تەواوی بەوەوە هەیە رووداوەکە تا چەندە ئەو کەسانەی هەژاندبێ، لایان بووبێ بە کێشەیەکی دەروونی و دنەی دابن کە لە فۆڕمی ئەدەبی و هونەریدا دەریبڕن.

لێرەدا پێش ئەوەی باس لە چۆنیەتی گێرانەوە یان رەنگدانەوەی ئەم رووداوە لای ئەم کەسانە بکەین، واباشە باس لە دوو دیاردە بکەین بە ناوەکانی "راستی" و "مۆدیلی دەروونی". "راستی" ئەو شتەیە کە روویداوە و "مۆدێلی دەروونی یان زەینی" ئەو شێوازە لە گێڕانەوەیە کە دەکرێ هەر کام لەم کەسانە لە گێڕانەوەی رووداوەکەدا پەێرەوی بکەن. واتە جۆری گێڕانەوەکە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە کە "راستی" دەکرێ بۆ سەلماندنەکەی شوێنی بکەوین و بەڵام "مودێلی دەروونی" ناکرێ. بۆ وێنە راپۆرتی رۆژنامەنووسەکە دەکرێ شوێنی بکەوین کە راستە یان نا، بەڵام چیرۆک نا، چونکە چیرۆک، نووسینەوەی رووداوێکە رووینەداوە.

ئیستا با بگەڕێینەوە سەر چونیەتی گێڕانەوەی ئەم رووداوە لە لایەن ئەو کەسانەوە وا ئاماژەیان پێدراوە:

رۆژنامە نووسەکە

 راپۆرتێ دەنووسێ و بۆ رۆژنامەکەی دەنێرێ (ئەگەرچی رۆژنامەنووسەکە هەوڵ دەدا راستییەکان بنوێنێتەوە، بەڵام چونکە لە رێگای نووسینەوە بابەتەکە دەگوێزێتەوە کەواتە ناڕاستەوخۆ دەیکا و هەر بۆیە ئەمەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێ بە مودێلێکی زەینی، هەر چەند لە شێوازی مودێلی زەینیی ئەدەبی و هونەری دوورە)، بە زمانێکی دیکە، تەنانەت ناتوانین بڵێین راپۆرتیش گێڕانەوەی راستەوخۆیە. گێڕانەوەی راستەوخۆ ئەو شتەیە کە لە دەرەوەی ئێمە لە نێوان ئەو دوو ئۆتۆمبیلەدا رووی داوە. رۆژنامەنووسەکە لە راپۆرتەکەیدا تا دەتوانێ ئەوەی کە هەیە و لە دەرەوەی ئەودا روویداوە، بنوێنێتەوە، بە بێ تێهاویشتنی روانگە و مەبەستی خۆی، هەرچەند بە جۆرێک روانگەی خۆیشی تێدەهاوێ، چونکە گەر راپۆرتنووسێکی تریش لەوێ بێ، ئەوا بێگومان بە جۆرێک جیاوازی دەبێ لە نێوان راپۆرتەکەی ئەو و راپۆرتی راپۆرتنووسی یەکەم.

چیرۆکنووسە

چیرۆکنووسەکە رەنگە بەشێک لەم رووداوە هەڵبگرێتەوە (بۆ وێنە جۆری ماشینەکان و رەنگەکانیان و ئەو کەسانەی تێیدا بوون)و، بە تێکەڵکردن خەیاڵی خۆی لە گەڵیاندا دەقێک دەخوڵقێنێ کە ئەو شتە نیە لە دەرەوەی ئەو روویداوە. بۆ وێنە چیرۆکنووسەکە دانەیەک لە مردووەکان بەرجەستەدەکاتەوە و هەوڵدەدا بچێتە ناو خەیاڵ و دەروونییەوە تا ئەو کاتەی پێکدادانەکە روودەدات. ئەو دەروونیاتەی چیرۆکنووسەکە وێنای دەکا فڕی بە ئەو کەسەوە نیە کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە، یاخود پەیوەندی ئەوتۆی نیە.

رۆماننووس

رۆماننوسەکەیش هەر ئەو کارەی چیرۆکنووسەکە دەکا، بەو جیاوازییەوە دەقەکەی درێژترە و جگە لەمە دەتوانێ باسی کەسایەتی هەموو ئەو کەسانە بکا وا لە رووداوەکەدا کوژراون و بریندار بوونە، بگرە بە هەندێ کەسی تریشەوە، جگەلەمە رۆماننوسەکە دەرفەتی ئەوەی زیاترە وەسفی درێژخایەنتری شوێنەکە بکا. لێرەدا نووسەر تەنیا قاڵبی ئەو کەسانە وەردەگرێ و ئەگینا کاراکتێری تریان لێ دروست دەکا.

شاعیر

شاعیر زۆرتر وەسفی حاڵەتی دەروونی دەکا، واتە ئەو حاڵەتەی کە بۆ وێنە سریمەی مەرگ دەتوانێ لە سەری دابنێ، بە کورتترین وشە و رستە لە قاڵبی زمانێکی یەکجار ناڕاستەوخۆدا. رەنگە کەسێک دوواتر کە شیعرەکەی دەخوێنێتەوە، لە بنەڕەتدا نەزانێ ئەمە باس لە رووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ دەکا. واتە شیعر دەبێ بە دوورترین راپۆرت (گەر بتوانین ئەم وشەیە بەکاربێنین)، لە کارەساتەکە.

فیلمساز

رەنگە لێرەدا وشەی فیلمهەڵگر بەکاربێنین باشتر بێت، واتە کەسێک کە بە رێکەوت کامێرایەکی پێیە و لەوێوە تێدەپەڕێ و فیلم لە کارەساتەکە هەڵدەگرێ. فیلمەکە تەنانەت لەچاو راپۆرتی هەواڵنێرەکە دەتوانێ کامڵتر بێت، چونکە لە هەر کرتەیەکدا دونیایەک شت دەتوانرێ بنوێنرێتەوە. هەرچەند دەگوترێ فیلمەکەیش ناتوانێ بە تەواوەتی دەربڕ و نوێنەری کارەساتەکە بێت، چونکە فیلمیش نواندنەوەیەکی (لێرەدا) دوو بوعدییە. جگە لەمە هەڵگری فیلمەکە لە شوێنێکی تایبەتەوە فیلمەکە دەگرێ، نەک لە هەموو شوێنەکانەوە.

وێنەگر

وێنەگرەکەیش تارادەیەک وەک فیلمهەڵگرەکەیە (وێنەی دوو بوعدی و، شوێنی تایبەتی وێنەگرتن)بەو جیاوازییەوە کە وێنەکانی راوەستاو و نەبزۆزن. وێنەگرەکەیش ناتوانێ هەموو راستییەکان بنوێنێتەوە.

مۆسیقازان

ئاهەنگساز یان مۆسیقاسازیش وەک شاعیر زمانەکەی یاخود راپۆرتەکەی یەکجار ناڕاستەوخۆ دەبێت. بگرە ناڕاستەوخۆتر لە شاعیر. دوورتر لە راپۆرتی شاعیر.

دوواوشە

 

راستی هەمیشە لەوێدا لە دەرەوەی مرۆڤ وەک خۆی دەمێنێتەوە و، هەموو ئەو شێوازانەی وا مرۆڤ بۆ نواندنەوەی رەچاویان دەکا، هیچ کامیان ناتوانن بە تەنیا و رەنگە بە کۆیش دەربڕی هەموو لایەنەکانی بن. رەنگە هەر ئەم تایبەتمەندییە بێت دەبێتە هۆی خوێندنەوەی هیرمنۆتیکیانە لە رووداوەکان، چ ئەوانەی لە رابردوودا روویاندابوو و چ ئەوانەی لە ئیستادا روودەدەن. راستی هەمیشە رازێکی سەرئاواڵا و سەرداپۆشراوە.  

بازدید: 1006