ما 3300 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

رەسوڵ سەفەریانی

 ژیان یانی بە پێی خاوس رۆیشتن بە جاڕە درکدا. ئازار و جانجاڵوکەی "ئەبێ و نەبێ" تەنگی پێ هەڵچنیووە. 

 

ئەورۆکە هەوا هەور و مژە، لێڵە، کزەیێکی ساردی دێت، پێم وا نەبێت کەس لەماڵ بێتە دەرەوە. پاییز سێبەری قورسی زستان لە شوێن خۆی دەکیشێ. سروشت  روو لە کزی و بێدەنگی دەنێت.خەزان دەستی ناوەتە بینی دار و سەوزایی و بە زەبری سەرما و با دار و دەوەن رووت دەکاتەوە. گەڵاکان بۆنی مەرگ و نەمانیان لە کزەی ساردی بەیانیانی ئەم رۆژانە هەست پێکردوە. گەڵاکان ترساون، ئەوەندە ترساو لە  مەرگ و دەسبەردان لە داری ژین، کە  زەرد هەڵگەڕاون. ئیتر پەلەوەرەکانیش کەمتر دەردەکەون. ئینسانەکانیش خۆیان لە ژوورە گەرمەکان دەخزێنن و لە پشت شوشەی پەنجەرەکانیانەوە سەیری گەڵارێزان دەکەن و هەر لەوێشەوە هیرشی سپای سپی پۆشی زستان دەبینن. ئیتر کەس نایەتە کن من. من هەر رفێقی رۆژانی روون و هەوای خۆشم. ئیتر لە جێگەی گەرمای خۆشی لەشی ئەوان سەرمای سەهۆڵ و بەفر دامدەپۆشێت. زستان تاکە موروە شینەی نێوان من و ئەو تەنیانەیە. ئەو تەنیانەی کە هەموو رۆژێک چەندین کاژمێر لە تەنیاییەکانیان بە من پڕ دەکەنەوە. بە دەگمەن هەڵدەکەوێت کە زۆرتر لە یەک کەس هاوکات لەلای من دانیشتبێت. ئەودەمانەش کە بە چەند کەسی کۆ دەبنەوە هەموو قسەکان رواڵەەتین ولە دڵ نانیشن،بۆیە منیش گوێیان بۆ ناگرم. قسەی دڵیان تەنیا کاتی تەنییایی دەدرکێنن. ئەوەندە گوێم لە ئاخاوتنی دڵیان بووە کە ئێستا باشتر لە بەسەرهاتی خۆم هی ئەوان دەزانم. هەموو رۆژێک لە درێژایی نزیک بە پێنج ساڵی تەمەنم، گوێم لە بیرکردنەوەکان و بەسەرهاتەکانیان بووە. بە دەگمەن بەسەرهاتیان هەیە کە دەیان جار گوێم لێ نەبووبێت. بەڵام بەراستی قەت هەستم بە بێتام بوونیان نەکردوە. رەنگە سۆزی گێڕانەوەکانی وایان لێدەکات کە چێژیان تێدا دەمێنێت. یان رەنگە تێپەڕبوونی تەمەن و دووری لە چاوگەیە کە باری نامۆیی و تاراوگەیان وا لێ قورس دەکات کە هەموو جارێک سۆزێکی نوێ و تینێکی تر بە گێڕاندنەوەکان دەبەخشێت تا ئەو دوپات بوونەوانە  تامی بەسەرهاتەکان نەتارێنێت . یان رەنگیشە تەنیاییەکەی خودی من هۆ بێت بۆ بۆ ئەوەی هەست بە کۆن و دووپات و چەنپات بوونەوەی ئەو گێڕاننەوانە بگرێت. باشە ئەگەر لە قسە و بیر و بەسەرهاتی ئەوانیش وەرز بم دەبێت  چی بکەم.  تەنیاییەکەم بە چی داپۆشم. من پێی گەڕانم نییە تا بڕۆم و شتی نوێ و دونیای باشتر و بەسەرهاتی خۆشتر ببینم و گوێم لیبێت. لێرە چەقیوم، بەشی من لە ژیان هەر ئەمەیە و چم پێ ناکرێت. بەس باران و تەڕ و توشی نەبێت دێن بۆ لام و لەسەرم دادەنیشن. ها ئەمەیان کە پیاوێکی کورتە باڵای تەمەن شەست ساڵانێکە و دایمە کۆتێکی گەورەتر لە بەری خۆی  لەبەردایە، دێت و ەستێکی دەخاتە سەرشانم و دەستەکەیتری دەخاتە کۆشی و بەرەولای  ئەودەستەی دەڕوانێت کە لەملی مندایە. بەم شێوە بە چاو هاتۆچۆی ئەو خەڵکانە شوێن دەگرێت کە لەو شوێنەوە دێن و دەڕۆن. بە بینینی منداڵانی گەڕەکەکە بیری دەچێتەوە گەڕەکی مناڵی و لای هاورێکانی. دەچێتەوە ماڵی باوکی. گوێم لێیە ئیستاش باوکی دەدوێنێت: بابە من کەی دەچمە مەکتەب؟ -          ساڵێکیتر کوڕم. -          بابە ساڵێکیتر چەنێکە؟ -          زۆرنییە رٶلە تا چاو بە یەکدا دەنیت تەواو دەبێت. -          بەڵام بابە ئەوە من چاوم لەیەک ناوە بزانە تەواو بوو. -          نا رٶڵە مەبەستم ئەوەنەبوو کە تۆ چاو بنوقێنی، ئەوە یانی کات خێرا دەڕۆات، یانی تا لا دەکەیتەوە ساڵێک رۆشتوە. -          بابە ساڵ بۆ کوێ دەڕوات؟ -          نازانم کوڕم ، زەمان سەرو بنی نادیارە. ئێمە تەنیا ئەو کورتە دەزانین کە ژیانی تێدا بووە، وەک نێوان دوو کەوانە، ئیتر پاش و پێشەکەی ناروونە. باوکی جێدێڵێت و دێتەوە لای من و لە ژێر لێوەوە هاوکات لەگەڵ وەرچەرخان  و گۆڕانی شوێنی دەستەکانی چەن جار دەلێت : کات... کات... کات، ژیانی نێو دوو کەوانە، دوو نادیار، کورت و بێ سەر و بن. ئەمجار روو لەولا دەکات. بۆ ئەوسەری کۆڵانەکە دەڕوانێت کە لە پاش ریزە ماڵەکەی بەردەمیەوە دەچێتە نێو جەنگەڵێکی چڕ. نیگای لە دارەکان گیردەکات و ناچار دەیهێنێتەوە لای ئەو چەن کەسەی وا لە سەر باریکە رێگا قیرەتاوکراوەکەی بەردەم ریزەماڵەکە دا لە هاتو چۆدان. بڕێکیان لەماڵ دەردەکەون و چەند کەسێکیان بۆ ماڵەوە دێنەوە. کەس بەدەم کەسەوە راناوەستێت. ناسراوەکان سڵاوێک لەیەک دەکەن و ملی رێگایان دەگرن و دەڕۆن. جۆرە بێدەنگیێی قورس بەسەر گەڕەکدا خۆی سەپاندوە. تۆپێکی بی ساحیب لە چەند میتریدا کەوتووە. تۆپەکە چەرمە و تۆپی چاکە بەڵام وا دیارە کەس نایەوێت، نیگای لە تۆپەکە دەچەقێت و بیری دەفڕێنێت بۆ قەرەبالخی گەڕەکی وڵاتەکەی خۆیان. دەچێتەوە لای هاوڕێکانی و قیژە و هەراکانیان، شەڕە بەرد و شەڕە جنێوەکانیان، یاری تۆپی پێی نێو زەوی خۆڵ و بەرد، بە تۆپێکی شڕی پلاستیک کە لە چەند تۆپی شڕیتردا حەشاردراووە. هاوار و داوەکانی یاریکەرەکان و تەپ و تۆزی نێو ساحەکە  و قیژە و جنێوی ژنەکەی دراوسییان ئەوکاتەی وا تۆپەکە سەری کرد و دای لە شوشەی پەنجەرەکەیان. هەموو رۆژێک لە  ماوەی دانیشتنەکەیدا لە لای من بەم شێوە  هاتو چۆ بە خەیاڵی دەکات و هەناسە هەڵدەکێشێت. گوێم لە ئاخاوتنەکانی نێو دڵیەتی. زۆرجار ئەوەندە سەر قاڵی بەم وتوێژانەوە کە ئاگای لێ نییە کاتێک دراوسێکان بە لایدا تێدەپەڕن و مەرحەبایی دەکەن. کاتێکیش تێپەڕ بوون و بڕێک دوورتر لە سەر رێگاکەی ژێر کۆنترۆڵی کامێرای چاوی، بەرچاوی دەکەون و لە دڵی خۆیەوە دەبٶڵێنێت و دەڵێت: دەک بەخێر نەچێت خۆ کەس بە پیاو نازانێت، پێی عەیبە مەرحەبایشمان بکات. دراوسێی چی خۆ جگە لە مەرحەبایی سەررێگە  و رواڵەتییان،  پیاو قەت لە دڵ و دەرون و نێوماڵیان ئاگادار نابێت. زۆریشیان لەو کورتە مەرحەباییەش خۆ دەپارێزن. تەنیایی وەک شێرپەنجە دەئاڵێتە دڵ و دەرونت  و دەرمانیشی نییە. کورتە دیدارەکان دەرمانی ئازارشکێنن، تەنیا بۆ چەن چرکە یان سات ئازاری ئەو شێرپەنجەت دادەمرکێنێت. لە خۆ تێوەردان و دەستێوەردان هەڵاتم و کەوتمە داوی تەنیایی. وەک دوو کەوانە لە نێوانیاندا قەتیس ماووم. بەدەم خەیاڵەقسەوە دەستەکەی سەرشانی من دەکات بە کۆڵەکە و ئەویتریان دەخاتە سەر رانی و بەم شێوە یارمەتی لاقەکانی دەدات تا هەستن و جەستەی ژاکاوی هەڵگرن. پاش چرکەیەک راوەستان ملی رێگا کورتە سەرەوخوارەکەی بەردەمی دەگرێت کە دەیباتەوە بەر دەم ئەو خانوەی وا ماڵەکەی ئەمی لێیە. هێشتا شوێنی دانیشتنەکەی ئەو سارد نابێتەوە کە پیرەژنە قەوی و قٶلەکە، بە هەیکەلە نیوە چەماوەکەیەوە لە دوورەوە دەردەکەوێت.  سەرپۆشێکی بچکۆلەی بە سەرەوەیە ئەڵێی هی سەردەمانی مناڵییەتی و هەر بەسەریانەوە دووریوە.هەر دوو دەستی دەخاتە  پشتیەوە و لە یەک قفڵیان دەکات و نەرمە نەرمە رووەو من دێت. ئەوەندە خاو دەجوڵێت کە ئەو ریگا بیست سی متریە بە چەند دەققە دەبڕێت. دێت و هەر لە یەک مەترییەوە دەستی راستی بەرەو شانی من دەکێشێت. کە دەستی گەیشتە سەرشانم خۆی بە من رادەگرێت.بەدەم هەناسەکانییەوە لە بەردەم مندا سوڕێکی خا بە جەستەی دەدات و پشتم تێدەکات و پاشان دەستەکەیتریشی دەنێتە سەر لێواری دانیشتنەکە و بە ئارامی چۆکەکانی دەنوشتێنێتەوە. قورسایی جەستەی دەنیشێتە سەر من و دەستەکانی خاو دەکاتەوە. خیزەی هەناسەی وەک ویزەی بای پایزی ئاڵاو لە دارودەوەن دەچێت. بێدەنگ  وەک هەمیشە دادەنیشێت و چۆلەکەی چاوەکانی بەدەورو بەردا دەفرێنێت.  پۆلە کۆتری خەیاڵی ئەم، پتر لە هەموو شتێک بە بینینی کچان دەکەونە فڕین. ئەو کچانەی کە بە بێ سەرپۆش و بەربەست بە دڵی خۆیان جل دەپۆشن و پێدەکەنن و لەگەڵ یارەکانیان دەگەڕن. لەگەڵ هەر قاقایێکی ئەوان هەناسەیەکی قووڵ دەکێشێت کە لەگەڕاننەوەدا بۆنی دووکەڵ و سوتانی پێوەیە.  دەوری وەک درەختێکی تەریک و تەنیا بە تەلی دڕکاوی چنراوە. هەموو شتێک بڤەیە.ئەمە قسەی دایکیەتی: ژیان یانی بە پێی خاوس رۆیشتن بە جاڕە درکدا. ئازار و جانجاڵوکەی "ئەبێ و نەبێ" تەنگی پێ هەڵچنیووە. ئەگەرچی هەموو تەمەنی بیری لە هەڵاتن کردوەتەوە بەڵام لاقەکانی قەت نەیانوێراوە لە  دایکی خێراتر بڕۆن. لادەکاتەوە باوکی دەبینێت بە عابایەکی سپی درێژ و مێزەرێکی سەوزەوە ، بە هەڵاتن دێت و شێرێکی دوو دەمی بەدەستەوەیە کە تاو نەتاو هەڵیدەسوڕێنێت و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات. براکەی لە بەردەمیەوە بە جلێکی خاوێن و بوینباخێکی سورەوە لە سەر کورسییەک دانیشتوە و مێزێکی لە بەردەمدایە کە بڕێ کاغز و عەینەکێکی ناسکی لە سەرە. قەڵەمێکی بە دەستەوەیە. قەڵەمەکە دوو سەرە. سەرێکی رەشە و سەرەکەیتری سەوزە. جار  وبار بە سەرە رەشەکەی چەند ئایەتێک دەنوسێت و پیشانی ئەمی دەدات. ئەم ئایەتەکان ناتوانێ بخوێنێتەوە بەڵام بە گریانەکانی دایکیدا کە لەلای راستییەوە لە سەرچۆک دانیشتوە تێدەگات کە هەڕەشەیە لەم و لە دایکی. دایکیشی لییان تێناگات بەڵام بە ئەزموون تێگەیشتوە کە هەڕەشەن و بۆ پاراستنی خۆی دەبێت کڕنۆشیان بۆ ببات و بپاڕێتەوە. دەبێت خۆی داپۆشێت و بەر سیلەی چاوی نەناس نەکەوێت. چاوی نامۆ ئاگرێکە کە جەستەو رۆحیان دەسوتینێت . ئەمە مەلایەک بە باوکی وتبوو. لە بەردەمیەوە مێردەکەی راوەستاوە  و سەری پەتێکی بەدەستەوەیە کە سەرەکەیتری لە ملی ئەمدایە. جار جار دێت و سواری  ئەم دەبێت و پاش ئەوە ی کە کارەکەی تەواو بوو دێتە خوارەوە و رایدەکێشێت. نایەڵێت ئەم زۆر سەری بە دڵی خۆی وەرچەرخێنێت. هەرکە ویستویەتی سەیری ئەملاو لای خۆی بکات و دەورۆبەری خۆی ببینێت مێردەکەی پەتەکەی راکێشاوە و ئاماژە بە بەرانبەری دەکات و دەڵێت روت لێرەبێت. بەرانبەرەکەی تاریکە و بە ئاستەم چاڵەقووتێک دەبیندرێت کە رێگایەکی زۆر زۆر باریکی بەسەردا کێشراوە. ئەم زۆر لەو تاریکی رێگا و چاڵە دەترسێت. بۆیە ناوێرێت سەری زۆر وەرچەرخێنێت جار و بار بە سیلەی چاو سەیری براکەی دەکات.. براکەیشی جار جار عەینەکەکەی لە چاو دەکات و قەڵەمەکەی هەڵدەگەڕێنێتەوە و بە سەرە سەوزەکەی  شکڵی گەڵایەک دەکێشێت لە نێو دوو کەوانەدا. گەڵاکە نیشان ئەم دەدات، بەڵام ئەم تەنیا کەوانەکان دەبینێت و خۆی لە نێوانیاندا.  پارچە زەویێکی  حەسار کراوە و بابی دەیداتە دەست مێردەکەی تا بە دڵی خۆی بیکێڵێت.

بەفرانباری 2013  

 

 

گەڕان بۆ بابەت