حەکیم مەلا ساڵح
وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد (سەباح ڕەنجدەر) سانسۆرى لەسەر خۆى داناوە، بۆیە هەوڵدەدات بە وریایی دەست لەسەر وشە دابنێ، بەڵام بە پێچەوانەى ئەم رەوت و ئاقارەوە ناو بەناو دەبینین وشەى لە دەست دەردەچێت، کە لەناو دنیاى شیعرەکانیدا جێگاى نابێتەوە، بەڵکو وشەى دیکە هەیە، کە ئەو جێگا سەنگینە بگرێت.
شیعرى بەر سێبەرى سانسۆر
حەکیم مەلا ساڵح
لە گوڵشەنى شیعرى هەشتاکاندا، گوڵەباخى وێنە و وشە کاریگەرەکانى (سەباح ڕەنجدەر) بەرامەیەکى تایبەتییان بەخۆوە گرتووە، دواى ئەم سەرەتایە دەبێت بە (ئەستێرەیەکى شیعرى کوردى). یەکەمین کتێبى خۆى بەناوى (زێوان) لە ساڵى 1988دا رێگاى چاپخانەى گرتەبەر و دواى ئەوەى لە ئامێزیدا پشوویەکی دا هاتە کتێبخانەى کوردییەوە و چاومانى کردە پێشانگایەکى پڕ لە تابلۆى شێوەکارى. دواى ئەم بەرهەمە یازدە ساڵى پاى هەردى شیعر دەکاتە خەڵوەتگا.
تا بەژنى زراڤ و سەوزپۆشى (رووەکەکانى خوداوەند- 1999) دێتە دەنگ و هەوارى دووەم دەکاتە مەنزڵگا. لێرەشدا ئۆقرە ناگرێت، چونکە خەزاڵى شیعر بەرۆکى لاسى رۆحى بەرنادات و ختووکە و خەندە و خرۆش و خەیاڵ و خورپە و خۆشى و خووزى پێدەبەخشێ، بۆیە هێمن و لەسەرخۆ هەوارەکانى دیکەى کوێستانى شیعر دەگەڕێت و لە هەر کامێکیاندا هەوارێک لەسەر خۆى تاپۆ دەکات. ساڵى 2004 (خەون وا خۆى گێڕایەوە)، ساڵى 2005 (شەڕى چل ساڵە)، ساڵى 2008 (مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە) و (سەد و یەکشەوە)، ساڵى 2010 (ساڵى سفر)مان بۆ دەکات بەدیارى.
لەم بەرهەمانەدا هەست دەکرێت، کە شاعیر چاوى سانسۆرى لەسەرە، بۆیە پەنا دەباتە بەر وشە و دەستەواژەگەلێک، کە پڕ لە واتا و دەلالاتى خۆیانن. سانسۆر مەرج نییە چاوى دەستەڵاتدارى زۆردار بێت، شاعیر دەتوانێت خۆیشى سانسۆر لەسەر خۆى دابنێت. واتە دەبێت ئاگاى لە خۆى بێت، چۆن دەست بۆ وشە و رستە دەبات و شیعرى پێ دروست دەکات. شاعیرێکى وەک (نالى) زۆر ئازادانە لە سنوورى میرنشینیى باباندا ژیانى بەسەر بردووە، بەڵام بە سادەیی رێڕەوى (کوردى) نەگرتۆتەبەر، بەڵکو بۆ خۆى جیهانێکى شیعریی پڕ لە (سیحرى بەیان) و (حیکمەتى شیعر)ى هەڵبژرادوو، کە لێوڕێژن لە (کینایە)، (ئیحا)، (ئیستیعارە) و (ئیما)، ئەمەش خۆ سانسۆرکردن بووە لە پێناو بەرز راگرتنى هونەرى شیعردا.
(نالى ئوستادەکى گەلێ چا بوو
خزرى ئابى حەیاتى مەعنا بوو)(1)
ئەگەر شاعیر نەبێتە (ئوستادەکى) وشە و رستەى (مەعنا)دار، ئەوە بیەوێ و نەیەوێ شیعرەکانى بەلاى (نەزم) و (سەهلى مومتەنیع = سانایی خۆ بەدەستەوە نەداو)دا دەچن، کە ئەم دووانەش بە دەگمەن هونەرى بەرز و بەرجەستەیان تێدا دێتە دەست.
جیاکردنەوەى (نەزم) لە (شیعر) کارێکى ئاسانە. یەکەمیان وشە رێکخستن و هۆنینەوەیە و نزیک لە زمانى ئاخافتنى خەڵک، دووەمیان هونەر بەخشینە بە وشە و ئێجگار دوورە لە زمانى خەڵکەوە.
شاعیرى ئەم باسەمان لەبارەى هونەرى وشەسازى و رستەبەندییەوە دەنگێکى دیارى ناو شەپۆلى شیعرى سەردەمەکەیەتى. لە دوایەمین بەرهەمیدا بەناوى (ساڵى سفر) زۆر هەوڵی داوە خوێنەرى وشیار و دەگمەن لەسەر شیعرەکانى خۆى رابگرێت. بەرهەمەکە (166) پارچە شیعرە، هەر شیعرێکى بۆ خۆى سەرنجى لەسەر قەتیس کردم و حەیران مام. بۆ نموونە لە چوارەمین پارچەدا بەم شێوە دەپەیڤێ:
(دەریاى بێ ئامان
تەرمى خنکاوەکانى نەداینەوە
ترس و گومانى لە رۆخى راخستووە
چى نەماوە
بە خەیاڵى چنگێک خۆڵەمێشەوە
دەست بۆ ماڵ و گۆڕستان دەبەین
خەتاى ئێمەى تێدا نییە
دەریا
ترسناک و
ستەمکار و
سەماکارە)(2)
شاعیر لەم کورتە شیعرەیدا وشە بە وشە داوى بۆ خوێنەر ناوەتەوە. ئێمە کە داوەکەمان بەزاند لە دنیاى پڕ لە سیمبۆڵەوە چووینە ناو دنیایەکى دیکەوە، کە (واتا)یە. کاتێک شاعیر دەڵێ: (دەریاى بێ ئامان) بە ئاسانى دەتوانین بڵێین: (بەعسى دڕندە و بێ ویژدان)، چونکە بە دوایدا دەڵێ: (تەرمى خنکاوەکانى نەداینەوە) واتە ئەوانەى کە ئەنفال و بێ سەرو شوێن کران، بردنى و رۆیشتن و خنکاندنى بەبێ ئەوەى رێگا بدات چاومان تەرمەکانیان ببینێتەوە.
ئەم دەریایە (ترس و گومانى لە رۆخى راخستووە) سەردەمى دەسەڵاتدارێتى ئەو فاشیستانە ترس و تۆقاندن مرۆڤیان جاڕس دەکرد و ژیان پڕ بوو لە گومان، پڕ بوو لەوەى چارەنووسمان کەوتبووە ناو بازنەیەکى تۆقێنەرەوە. (چى نەماوە؟) نەیکەن، هەموو کردارێکى نامرۆڤانەیان پەیڕەو کرد.
(بە خەیاڵى چنگێک خۆڵەمێشەوە
دەست بۆ ماڵ و گۆڕستان دەبەین)
ئەو ستەمکارانە دنیاى فراوانیان لێ کردبووینە چەرمە چۆلەکە، لە ماڵى خۆماندا بێت، یان لە گۆڕستاندا، ئەوا بە هیواى ئەوەى لە دواى سووتماک کردنمان، هیچمان بۆ نەماوەتەوە ئەوە نەبێت، کە پڕ چنگێک خۆڵەمێشى جەستەى شەهیدەکانمان، یان ئەنفال کراوەکانمان بێتە دەست، بەڵام ئەوەش لە مەحاڵ دەچوو، چونکە لە بەرنامەى سیاسەتى ئەواندا نەک دەستکەوتن، بەڵکو تەماشاکردنى خۆڵەمێشەکانیشیان قەدەغە بوو.
(خەتاى ئێمەى تێدا نییە
دەریا
ترسناک و
ستەمکار و
سەماکارە)
ئێمە بێ گوناهین و هیچ تاوانێکى ئێمەى تێدا نییە، کە ئەو رەگەزپەرستانە (ترسناک) و (ستەمکار) و (سەماکار = سۆزانین).
* * *
چەند کاریگەرە شاعیر بەو زەوق و سەلیقەیە بێتە دەنگ و خوێنەر بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات، لەم بارەوە چەندان پارچە شیعرى لەم چەشنەم دێتەوە بیر و هەریەکێک لەو شیعرانە لەسەریان راماوم و مەست و حەیرانیان کردووم، زیاتر ئەمەش لەبەر ئەوەیە، کە تەرزى بیرکردنەوەم فراوانتر دەکەن و مێشکم بە ئەندێشە دارماڵ دەکەن.
(عەبدوڵڵا پەشێو) شاعیرێکى بە ئەزموونە و گەلێک شیعرى جوانى هەیە، زۆر لە شیعرەکانى بە زمانێکى سادە و ناسک خستووەتەڕوو، بەڵام دەبینین لە کۆپلەیەکیدا لەو سادەى سادەیییە لایداوە دەڵێ:
(من لافاوێکى لاسارم
گەلێکى شۆڕشگێڕى ماندوونەناسم
لەو کەنارانە هەڵساوم
کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم
لەو داگیرکەرانە راپەڕیوم
کە ژیانیان زەوت کردووم(3))
یان دەبینین (ئەحمەد شاملوو)ش بە هەمان شێوە لەژێر سێبەرى سانسۆردا کۆپلەیەکى وەهاى ساز کردووە، دەڵێ:
(شەو، بە گەرووى خوێنینەوە
درەنگانێ دەخوێنێ
دەریا، سارد و سڕ لێی کەوتووە
چڵێک
لەناو رەشایی دارستانەکەدا
بەرەو پڕشنگ
هاوار دەکات)
ئەم شیعرە داخراوە پێویستى بە کلیلێک هەیە، کە بیخاتە سەر پشت، چونکە شیعرەکە لە دروشمى رەق و تەق دەرچووە و بەرگێکى هونەری بە باڵا بڕاوە. لە خوێندنەوەیەکى وردى ئەم کۆپلەیەدا دەردەکەوێت، کە (شەو = نیشتمان) (بەگەرووى خوێنینەوە = هێندە ستەم لە (شەو) کراوە گەرووى پڕ لە (شۆڕش) بووە. (درەنگانێ دەخوێنێ = پەیامى خۆى شەوانە رادەگەیەنێت واتە بەدزیی دوژمنەوە، چونکە لە رۆژدا بانگەواز هەڵدان بۆ نیشتمان و شۆڕش هەڵنادرێ) (دەریا = شەپۆلى بزووتنەوەى خەڵک). (سارد و سڕ لێی کەوتووە= هێمن و ئارامى دەنوێنێ) بۆیە (چڵێک = مرۆڤێکى شۆڕشگێڕ). (لەناو ڕەشایی دارستانەکەدا = لەناو گەل و کۆمەڵانى خەڵکدا). (بەرەو پڕشنگ = بەڕووى ئازادیدا). (هاوار دەکات = پەیامى خەبات و تێکۆشان رادەگەیەنێت).
* * *
وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد (سەباح ڕەنجدەر) سانسۆرى لەسەر خۆى داناوە، بۆیە هەوڵدەدات بە وریایی دەست لەسەر وشە دابنێ، بەڵام بە پێچەوانەى ئەم رەوت و ئاقارەوە ناو بەناو دەبینین وشەى لە دەست دەردەچێت، کە لەناو دنیاى شیعرەکانیدا جێگاى نابێتەوە، بەڵکو وشەى دیکە هەیە، کە ئەو جێگا سەنگینە بگرێت. وەک دەڵێت:
(کەروێشک
هێلانەى جێهێشت و هەڵەتە بوو)(4)
لێرەدا ئەوەى جێگاى سەرنجە وشەى (هێلانە)یە، چونکە هێلانە مەنزڵى باڵدارەکانە نەک کەروێشک، کەروێشک (لان)ى هەیە، (گۆران) دەڵێ:
(کەروێشک لەناو لانا
گوێى لەسەر پشت دانا)(5)
یان دەڵێ:
(بەخۆت نقومى لە دڵى شۆڕشە کورتەکان)(6)
(شۆڕش) وشەیەکى زەق و زۆپە، شاعیرى سیمبۆڵیک دەبێ ئەو بەرگەى لەبەر راماڵێت و کاڵاى وشەیەکى دیکەى بە باڵادا ببڕێت. واتە ئەگەر لەباتى ئەو وشەیە (رووبار)، یان (بڵێسە)ى بەکاربهێنایە جوانتر جێگاى دەگرت.
یان دەڵێ:
(قەلەباچکەیەکى کلک درێژ)(7)
خەسڵەتى کلک درێژ بۆ قەلەباچکە ئەو هونەرەى تێدا نییە، کە شاعیر دەیەوێت، چونکە خەسڵەتەکە خەسڵەتێکى سەپاوە، کەواتە شاعیر لە شێوەى پارادۆکسدا دەیتوانى خەسڵەتێکى دیکەى بۆ دیارى بکات، کە خوێنەر رابچڵەکێنن.
با ئەم سێ نموونەیە بەس بن بۆ ئەوەى، کە لە چەند شوێنێکى دیکەدا وشەى بەم شێوانە بەکارهێناوە، لە شیعرى دیکەى هەندێ لە شاعیرانى هاوچەرخدا ئەم خەسڵەت داڕشتنەم دیوە، وەک (پڵنگێکى کێوى) پڵنگ خۆى لە خۆیدا کێوییە واتە رام و ماڵى نییە، ئەوە هیچ هونەرێکى شیعرى لە خۆ نەگرتووە، چونکە کە گوترا پڵنگ ئیتر خەسڵەتى کێوى لە زەینیدا ئامادەیە، یان (فەقیانەیەکى سپى) ئەمیش بە هەمان شێوەیە و هەموو دەزانین، کە فەقیانە هەر سپییە، کەواتە بۆ شاعیر هونەر ئەوەیە کە لەباتى (سپى) رەنگێکى دیکە بەکاربێنێ، دەلالەت لە واتایەکى دیکە بکات، وەک گوتمان پەنا بەرێتە بەر هونەرى پارادۆکس.
سەرچاوە:
1ـ دیوانى حاجى قادرى کۆیی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەى: سەردار حەمید میران و کەریم مستەفا شارەزا، لە چاپکراوەکانى ئەمیندارێتى گشتى ڕۆشنبیرى و لاوانى ناوچەى کوردستان، 1986، ل219.
2ـ سەباح ڕەنجدەر، ساڵى سفر (کۆشیعر)، چاپخانەى کەمال، سلێمانى، بەڕێوەبەرایەتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى، 2010، ل20.
3ـ عەبدوڵڵا پەشێو، هەسپم هەورە و ڕکێفم چیا، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، هەولێر، 2006، ل68.
4ـ ساڵى سفر، ل19.
5ـ دیوانى گۆران، محەمەدى مەلا کەریم، بەرگى یەکەم، چاپخانەى کۆڕى زانیارى عێراق، بەغدا، 1980، ل326.
6ـ ساڵى سفر، ل26.
7ـ ساڵى سفر، ل35.