هاوڕێ نەهرۆ

مەرجانە وەک کەسایەتی رۆڵی پوزەتیڤی پێسپیردراوەو لە دوو حاڵەت دا یارمەتی عەلی بابا دەدا: یەکەم وەک کەشف کردنی سیمبولەکەو چەواشە کردنی دوژمن. دووەم، وەک کەشف کردنی گۆزەکانی تەروادە کە بەرۆنی داغ هەموویانی لە ناو دا و، دواتریش بە هۆی سەماوە رابەرەکەیان کوشت.

 

 

ئەنالیزەکردنی چیرۆکی عەلی بابا و چل دزەکە

هاوڕێ نەهرۆ

چیرۆکی میتافوری عەلی بابا و چل دزەکە لە کتێبخانەی بەشی مناڵان لە نەرویج بوونی هەیە و بەبەربڵاوی وەرگێراوەتە سەر ٢٨ ی زمانی جۆراوجۆری دونیا. بە پێ زانیاری ویکیپیدیا لەسەدەی هەژدەم کاتێ ئەنتونی جالاند رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی چیرۆکی هەزارو یەک شەوەی وەرگێڕاوە، ئەم چیرۆکەی بۆ زیاد کردووە! بەهەرحاڵ سەرەتا دەبێ بە شێوەیەکی سادە ناوەرۆکی چیرۆکەکە بخەمە روو، ئەوجا سیمبولە نهێنیەکانی بدوێنین. جوگرافیای شوێنی چیرۆکەکە سەرزەمینی وڵاتی عەرەبستانە. عەلی باباش وەک قارەمان دارکەریکی عەرەبە، شەوێکی مانگەشەو بەمەبەستی دارکردن روو لەو دەشتە ئەکا بەرێکەوت گوێی لە کۆدی نهێنی کردنەوەی ئەشکەوتێک ئەبێ کە ئەویش بریتی یە لە (بیکەرەوە یاسمسم) یەکسەر بەردی بەردەمی ئەشکەوتەکە دەجۆڵێ. عەلی بابا کاتێ چاوی بۆ ئەم لا دەگێڕێ، دەبینێ چل ئەسپ چاوەروانی سوارەکانیان بە جوڵانی بەردەکە هەر چل سوارەکە بە عەباو شمشێرەوە دێنە دەرەوە بەرەو ئاراستەی عەلی بابا، بەڵام عەلی بابا خۆی دەشارێتەوە تا تێپەر دەبن. لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کاتێ دزەکان لە ئەشکەوتەکە دێنە دەرەوە هەمان کۆدی نهێنی بەکار دەهێنن بۆ داخستنی ئەشکەوتەکە (دایخە یاسمسم) دوای ئەوەی چەتە دزەکان بەو شەوە دەرۆن، عەلی بابا بە گوتنەوەی هەمان کۆد دەرگای ئەشکەوتەکە دەکاتەوە، سەرەتا چەند هەنگاوێک دەچێتە ژوورەوە تا پێی دەخزێ و غلور دەبێتەوە بۆ لای قالی ڕەنگاو ڕەنگ و گۆزەی زێرۆ پارەو ئەڵماس و یاقووت! بەسەر سوڕمانەوە چەند ملوانکەیەکی ئەڵماس لە گەردنی دەئاڵێنێ و گیرفانەکانی پڕ دەکا لە خشڵ و زێڕ تا ئەو ڕادەیەی بە خشکەیی لە ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوەو زۆر بە زەحمەت خۆی دەگەیەنێتە ماڵ، لە ماڵەوە ژنەکەی فرمێسکی شادی دەرێژێ و دەڵێی هەتا ماوین لە ژیان ئەم دەستکەوتەمان بەسە. عەلی بابا برایەکی هەیە بە نێوی قاسم. قاسم ئاگادار دەکاتەوە لە نهێنی کردنەوەو داخستنی ئەشکەوتەکەو بوونی خشڵ و زێڕ لە نێوی دا بەڵام قاسم برای وا دیارە فیڵ بازو چاوچنۆکە بە عەلی بابا دەڵێ ئەو ئەشکەوتە جێگای مەترسییەو نزیکی مەکەوە.

تا شەو دادێ قاسم سێ کەر ئامادە ئەکاو روو لە ئەشکەوتەکە ئەکا بە گوتنی کۆدی نهێنی (بیکەرەوە یاسمسم). بەردەکە لائەچی و دەرگای ئەشکەوت دەکرێتەوە، بە ئاسانی کەری یەکەم و دووەم دەچنە ژوورەوە بەڵام کەری سێ یەم  یاخی دەبێ، قاسم ناچار بە هات و هاوار و لێدان کەری سێ یەم دەکاتە ژوورەوە لە کاتیکدا کەری سێ یەم جوتگەی لە بەرەدەکە ئەدا و ئەنجام دەرگای ئەشکەوتەکە دادەخرێ. ئیدی قاسم دەست ئەکاتە بارکردنی هەر سێ کەرەکە بە خشڵ و زێرو پارە دوایی کە ئەیەوێ بێتە دەرەوە کۆدی نهێنی کردنەوەی ئەشکەوتەکە لە بیری ئەچی بۆیە چەند جارێک دەڵێ بیکەرەو کاشیو، بیکەرەوە لۆز، بیکەرەوە فستق، بەڵام بەردەکە لاناچی و ئاکام قاسم و هەر سێ کەرەکە لە ژوورەوە دەمێنن. بۆ شەوێ ژنەکەی قاسم هەست دەکا قاسم لێقەوماوەو هەر بۆیە بەرەو ماڵ نەگەڕاوەتەوە ناچار لە دەرگای ماڵی عەلی بابا دەدا و دەڵێ سوراخی براکەت نازانی ؟ عەلی باباش بیر دەکاتەوە ئاخۆ براکەی بۆ کوێ چووە، دواتر مێشکی بۆ لای ئەشکەوتەکە ئەچی لە دڵی خۆی دا دەڵێ لەوانەیە قاسم رۆیشتبێ بۆ ئەوێ، عەلی بابا بۆ رۆژی دوایی روو لە ئەشکەوت دەکا، ئەبینی لە دەرەوەی ئەشکەوت تەرمی قاسمی برای بە مردوویی فڕێ دراوە.

یەکسەر بریار ئەدا تەرمی قاسم بگەیەنێتە گوندەکەیان و لەوێ بینێژێ. پاش ماوەیەک کە دزەکان دەگەرێنەوە بۆ ئەشکەوت دەبینن تەرمی قاسم نەماوەو براوە. ئەوانیش پەریشان دەبن و دەڵێن دیارە کەسێک هەیە نهێنی ئێمە دەزانێ وا بریار ئەدەن شوێن پێی ڕاکێشانی تەرمەکە هەڵگرن، تا سەرئەنجام ئەگەنە ماڵی عەلی بابا، رابەری دزەکان دەست دەداتە تەباشیرو بازنەیەک لەسەر دەرگای ماڵی عەلی بابا دروست دەکا، کاتێ دزەکان دەگەرێنەوە، تومەز مەرجانە کە خزمەتکاری ماڵی عەلی بابایە، کردەی رابەرەکەی بینیوە، دوای بیر لێکردنەوە مەرجانە زیرەکانە دەست دەداتە تەباشیرو تێکرای ماڵەکانی گوندەکە بە هەمان سیمبول وێنا دەکا.

کاتێ بۆ شەوێ دواتر دزەکان و رابەرەکەیان روو لە گوندەکە دەکەن، بە بینینی سیمبولی بازنەیی لەسەر تێکرای دەرگاکان سەریان لێ دەشێوێ و سەرئەنجام دەرگای ماڵی عەلی بابا نادۆزنەوە. هەر بۆیە بەو شەوە بە دەستبەتاڵی دەگەرێنەوە. بەڵام بۆ بەیانیەکەی رابەر خۆی بە تەنیا دەگەریتەوە زۆر بە دیقەتەوە دەروانی، سیمبولە راستەقینەکەی خۆی دەدۆزێتەوە کە لەسەر دەرگای ماڵی عەلی بابایە. دەچیتە ژوورە دوای سەلام و کەلام دەڵێ هاتووم دەست خوشیت لێ بکەم کە زۆر بەزەحمەت تەرمی براکەت هیناوەتەوەو ناشتوتە، لەبری ئەم کارە شیخەکەمان کەرغوستان دەیەوێ پاداشت بداتەوە، عەلی باباش ساکارانە رازی دەبێ بەو پاداشتە، بۆ بەیانیەکەی ریزی عەرەبانە لەبەردەم ماڵی عەلی بابا دەوەستێ و چل گۆزەی گەورەی ڕەنگاو ڕەنگ دائەگرن، لە راستی دا لە ناو هەر گۆزەیەک دا دزێک بە شمشێرێکەوە خۆی حەشارداوە لە چواردەوری ماڵی عەلی بابا وەک بۆسەی کاتی پیویست دایدەنێن بۆ لەناوبردنی عەلی بابا. جارێکی دیکە مەرجانە بە دوور بینی خۆی فریای عەلی بابا دەکەوێ، بە پیلانەکە دەزانی هەر بۆیە بە عەلی بابا دەڵێ برۆ بە پەلە تا کار لە کار نەترازاوە سێ بار حوشتری رۆنی زەیت گەرم بکە بە شێوەیەک کە لە گەرمی دا بڵق بدا.

کاتێ عەلی بابا رۆنەکە ئامادە دەکا مەرجانە قەباغی گۆزەی یەکەم لا ئەدا و هەندی رۆنی گەرمی تیا ئەکا و قەباغەکەی دائەخا، ئاکام گۆزەکە بەم لاو ئەو لا دا دێت و جوڵەی لەبەر دەبرێت، کاتێ سەر گۆزەکە دەکاتەوە، عەلی بابا سەرنج ئەدا دزێک بە شمشیرێکەوە تیایدا مردووە. ئیدی بەم شێوەیە عەلی باباو مەرجانە تێکرای دزەکان لە ناو ئەدەن. بۆ ئێوارە رابەر بۆ دەعوەتی سەر خوانی ماڵی عەلی بابا ئامادە ئەبێ و دوای ئەوەی کە خواردنی جۆراو جۆر ئەخوا مڕ ئەبێ، لەم کاتەدا  مەرجانە دەست ئەکاتە سەما بە چوار دەوری دا، لە پڕێکا خەنجەرێکی ئەڵماس لە ورگی رابەر ئەداو رابەریش لە ناو دەبا.

بۆ بەیانیەکەی عەلی بابا دەچێ سەروەت و سامانی نێو ئەشکەوتەکە بەتاڵ ئەکاو بەسەر خەڵک دا دابەشی ئەکا، ئیدی خەڵکەکە عەلی بابا دەکەنە رابەری خۆیان و عەلی بابا ش مەرجانە دەکاتە نوێنەری راو تەگبیری خۆی.

لێرەدا چیرۆکەکە تەواو دەبێ... بە تێرامانی لۆژیکی لەم چیرۆکە لە رووی شوێن و ژمارەو جۆری ئاژەڵەکانەوەو میکانیزمی کوشتن و لە ناو بردن و رۆڵی ئافرەت لە کێشمەکێشەکاندا زۆر روونە کە ئەم چیرۆکە میتافوریە باس لە کێشمەکێشی دەسەڵاتی ئاینی و زانستی و خێڵەکی دەکا بۆ نموونە بۆ چی چل وەک ژمارە لە ڕاستی دا ژمارەی چل سیمبولێکی ئاینی یە هەر وەک چۆن لە ئاینی ئیسلام دا مردوو چلەی بۆ دەکرێ (حفلة تأبینیة) پێم وایە لاشەی مردوو کە لە گۆر دا  دەنێژرێ هەتا چل رۆژ گۆشتی پێوە نامێنێ کەواتە هەتا چل رۆژ خانەکانی یەکتر دەخۆن  بە واتایەکی دی دزی لە یەک دەکەن، هەر خۆدی گۆشتەکەی لە ئەنجام گۆرانکاری کیمیکی وەردەگەرێتە سەر کرم و کرمەکانیش وەک مشەخۆریك دزی لە پاشماوەی جەستە ئەکەن.

چل دزەکە ئەسپ سوارن و شمشێریان پێ یە ئەم چل دزە ئەسپ سوارە خاوەن ئەشکەوتی پڕ لە خشڵ و زێڕو پارەو قالین و بە کۆدی نهێنی دەکرێتەوەو دادەخرێ، ئەم گروپە ئاماژەیە بۆ دەسەڵاتی پێش ئاینەکان، سەردەمی تاڵان و ڕاوە رووت، سەردەمی دەسەڵاتی (قەراسنەکان) سەردەمی زاڵ بوونی بەهاو نەریتی خێڵ، ئەمانە هیچ بەهایەکیان لا نەبووە جگە لە دزین و کەڵەکە کردنی دەستکەوتەکانیان، ئەوەی بەردەوام بێ لە دزی و راوەرووت زۆر بە ئاسانی زەمەن کۆدی نهێنیی ئاشکرا دەکا بەو شێوەیەی کە بەرێکەوت کەوتە بەر گوێی عەلی بابا. عەلی بابا وەک دارکەرێک نەیتوانی نهێنی دۆزینەوەی گەنجینەکە بپارێزێ بۆیە هەر زوو ئەیدرکێنێ و قاسمی برای لێ ئاگادار ئەکاتەوە، قاسمیش نموونەی کەسایەتی چاچنۆک و فیڵبازە سێ کەر ئامادە دەکا وەک ئاماژە بۆ سێ ئاینە ئاسمانیەکان. لەرووی مەجازی و میتافوری یەوە کەر خاوەن یادەوەری و سەبرو شکیبایی هەیە! لە کاتێکدا ئاینە ئاسمانیەکان هەر سێ یکیان ئیش لەسەر یادەوەری دەکەن و بەسەبریشن وەک خۆیان دەڵێن (اللە یمهل ولایهمل) کەواتا خوا ئوقرەی کاتی دەگرێ بەڵام لێ نابوری.  دیارە دوای گوتنی کۆدی نهێنی لە لایەن قاسمەوە دەرگای ئەشکەوتەکە دەکرێتەوە، کەری یەکەم و دووەم کە نیشانەی ئاینی جوو و مەسیحی یە بە ئاسانی دەچنە ژوورەوە بەڵام کەر سێ یەم و ئەخیر کە نیشانەی ئاینی ئیسلامە یاخی دەبێ، دیارە ئیسلام وەک ئاین لە ئاینەکانی پێش خۆی رادیکالانە ترو توندرەو ترە سەبارەت بە شکاندنی بەهاکانی. هەر بۆیە رازی نابێ لە لایەن قاسمەوە (تەسخیر) بکرێ بۆ گواستنەوەی ماڵی دزراو دواتر کە قاسم لە کەری سێ یەم دەخوڕێ و لێدەدا و بە توبزی ئەیکاتە ژوورەوە ئەویش جوتگەیەک لە بەردی دەرگاکە ئەداو دایدەخا داخستنێک کە یادەوەری قاسم بۆ جاریکی دیکە کۆدی نهێنی کردنەوەی لە ناوەوە نادۆزێتەوە، ئەم جوتگە لێدانە نیشانەی ئەوەیە ئیسلام وەک ئاین  خۆکوژی و خودکوشی کرد و خۆی کرد بە خاتمی ئاینەکان. دەسەڵاتی ئاینی گەیشتە ئەو بروایەی چی دیکە میژوو پێویستی بەوە نییە سیناریو و میکانیزمی فریودەرانەی نوێ بۆی بخوڵقێنرێ.

دواتر دزەکان قاسم دەکوژن و تەرمەکەی فرێ ئەدەنە دەرەوە لە کاتێکدا هیچ باس و خواسێک نییە لە بارەی کەرەکانەوە، چۆن ئاینەکان کەرەکان لە چیرۆکەکەدا هەر دەمێننەوە. دزەکان بە سود وەرگرتن لە یادەوەری کەرەکان کە وەک گوتمان وەک گریمان یادەوەری هەر سێ ئاینە ئاسمانیەکەیە، کایەی نیشانە کردنی ماڵی دوژمن بە سیمبول ئەدۆزنەوە هەروا کایەو میکانیزمی شەری (طروادة) پەیدا ئەکەن. وەک دەبینین دواتر ئەم دوو کایەیە لە میانەی کێشمەکێشەکان لەگەڵ عەلی بابا کەڵکی لێوەردەگرن. ئاخۆ کەسایەتی عەلی بابا و مەرجانە لە چیرۆکێک دا دەڵێن ژنیەتی و لە چیرۆکێکی تردا دەڵێن کەنیزو خزمەتکاریەتی چیمان پێ دەڵێن، بەرای من عەلی بابا نیشانەی دەسەڵاتی زانستە، هەر هەوڵی تاکی زەحمەتکێشان بوو، رەگەزە یەک لەدوای یەکەکانی زانست دۆزییەوە و لە واقیع دا بەرجەستەیان کردو خستویانەتە خزمەتی هەموو تاکێکەوە وەک لە رۆژگاری ئەمرۆمان دەیبینین پادشا و سواڵکەر موبایل بەکار دەهێنی ئەگەر نەڵێم خەتی ئەنتەرنێت.

دواتر رۆڵی مەرجانە بە پێچەوانەی رۆڵی ئافرەتە لای ئاینە ئاسمانیەکان کە ئافرەت بە گێل و کەم ئەقڵ و نوێژ بەتاڵ کەرەوە و خیانەتکار ناسراون.

مەرجانە وەک کەسایەتی رۆڵی پوزەتیڤی پێسپیردراوەو لە دوو حاڵەت دا یارمەتی عەلی بابا دەدا یەکەم وەک کەشف کردنی سیمبولەکەو چەواشە کردنی دوژمن دووەم وەک کەشف کردنی گۆزەکانی تەروادە کە بەرۆنی داغ هەموویانی لە ناو دا و دواتریش بە هۆی سەماوە رابەرەکەیان کوشت.

ئەگەر دوور لە لێکچوونی ئاینی کەسەکان نەختێک دوو بکەوینەوە ئەوە عەلی بابا و مەرجانە دەشێ بگوترێ عەلی بابا لینینەو مەرجانە کروپسکایایە یان بە دیوێکی تردا عەلی بابا هیتلەرەو مەرجانە ئیڤا براون، وێرای ئاڵوزی پەیامی هیتلەر! لینین چەشنی عەلی بابا کۆدی نهێنی شۆرشی ئۆکتۆبەری دۆزییەوەو دەست بەسەر سەروەت و سامانی دزراوی خەڵک لای تزار گرت و دابەشی کرد بەسەر هەژارو زەحمەتکێشان دا یان بە واتایەکی تر دەست بەسەر دەسەڵاتی چری تزار دا گرت و دەسەڵاتەکەی دابەش کرد بەسەر پرولیتاریاو جووتیاران دا.

هەر ئەم نهێنیانەشن رۆڵ و گرنگی چیرۆکی عەلی باباو چل دزەکە تا ئێستا پاراستووە لە نێو پەرتووکخانەی وڵاتانی ئەوروپی بەرەوی هەیە.

 

*تەنانەت هەموو ساڵێ لە جەژنی یول (جەژنی لە دایکبوونی مەسیح) کەر بە زیندویی پێشان دەدرێ لە شوێنە گشتیەکان وەک سیمبولی شوێنی سەرهەڵدانی ئاینە ئاسمانیەکان لە کاتێکدا کەر بە بەردەوامی ناتوانی لە ژینگەی نەرویج بژێ.

 

                                                             هاورێ نەهرۆ / نەرویج

                                                                ١٧ / ٩ / ٢٠١٥

 

 

 

بازدید: 1241