محەمەد ئەدیبی ـ بۆکان

لەم یەک دوو دەیەی ئاخریدا شێعر و هۆنراوە داکشانی بە خۆیەوە بینیوە و شەیدایانی هۆنراوە وەک جاران مۆمی هەستیان بە ئاگری ئەوێستایی شێعر داناگیرسێ و شەپۆلانی پڕ لە جۆششی شێعر تاسە و مەیل کەیل ناکەن. بۆچی وەک جاران خوێنەران بە لەزەوە هەڵناکوتنە سەر سنگی شێعر و لەو خوانە پڕ پیت و بەرەکەتە داوای بەش و حەسانەوە ناکەن.

 

ژانری شێعر و گرفتەکانی

محەمەد ئەدیبی ـ بۆکان

 

دونیای هونەر بە گشتی بە هەموو ژانرەکانیەوە وێنایەکی زۆر بەربڵاو و بەرینە و سەریان کێشاوەتە هەموو قوژبن و کەلێنەکانی ژیانی مرۆڤایەتییەوە. بە واتایەک بەبێ هونەر، ژیان بیابانێکی قاقڕ و وشکەڕۆ و پەڕپووتە. چونکە خوڵقێنەری جیهان هونەرمەندە، ئەگەر فلاش‌بەکێک لێ دەین و گەشتێک بە نێو فۆلکلۆر و کلاسیکدا بکەین، بۆمان دەردەکەێ کە هونەر خۆڕسک و خۆبژیوە و هونەرمەند بە ئەزموون و بە سوور بوونی لە سەر ئەرکی هونەری، توانیویەتی بیری زەینی تیئۆریزە بکا و لە قەوارەیەکی داتاشراوی هەست و سۆزی دەروونی خۆی و لە پانتایی دەشتەوێڵی یەکێ لە ژانرە هونەرییەکاندا پڕاکتیزەی بکات، کە هەموو ئەو بەرهەمانە بوونەتە ڕیشە و ڕێچکە و بە واتایەکی زانستی کلاسیک، کە هونەری ئێستا و ئەم سەردەمە هەر لە سەر ئەو بنەمایە ڕەگاژۆ دەکا و لق‌وپۆی لێ دەبێتەوە و دەیان شێوازی جۆراوجۆری مودێڕن و پاش‌مۆدێرنیزمی لێ کەوتۆتەوە. زۆر جار ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ: ئەرێ گەلۆ بۆچی هونەر ئاوا دڵگیرە و کۆترخانی دڵ بۆ ئاوا بە سنگ‌فراوانی و بەلەزەوە وەریدەگرێ؟

وەک کوترا هونەر زادەی کانگای هونەروەرە، کانگایەک کە خۆی گەورەترین و مەزنترین هونەرمەندە. هەمووش دەزانین هونەرمەند بێجگە لە ناسکی و جوانکاری و بزە و خەندە و دڵۆڤانی، هیچی تر ناخوڵقێنێ، هەر لە ڕاستیدا هیچ شتێکی تری بۆ ناخوڵقێ، چونکە شتی ناحەز و دزێو و ئاکاری تۆقێنەر لە هونەر و هونەرمەند ناوەشێتەوە، ئەوانەش کە دەڵێن خواوەند ئاگر و کوشت و بڕ و نێوچاو تاڵی و مڕومۆچی دەئافرێنێ، هەرگیز خودایان نەناسیوە.

بیل ویلسۆن دەڵێ: «خودا هەتا هەتایی و بێ‌مەکانە و بێ‌زەمانە. بەڵام بە قەدەر تێگەیشتنی تۆ چکۆلە دەبێتەوە و بە قەدەر پێداویستی تۆ دێتە خوارێ و بە قەدەر ئارەزوو و ئاواتی تۆ بەربڵاو و بەرین و گەورەیە و بە قەدەر ئەندێشە و بڕوای تۆ کارساز و ڕێکخەرە!»

بە واتایەک خودا ئیستاتیکە و مەکۆی جوانی و هونەرە، هونەرمەندیش ناتوانێ لە ئاست بەرهەمی خۆی دڵ‌ڕەق و بێ‌بەزەیی بێ. هەر ئاکاری هونەری و هونەروەرییە کە پایەداری و هەرمان بە خویەوە دەبینێ. هەر بۆیە لە چاخی بەردینەوە هەتاکوو ئێستا بە تێکڕایی هەموو بەرهەمە هونەری و لۆژیکەکانی مرۆڤایەتی ماوەتەوە و مێژوو بە چاکە و بە جوانکاری وەسفیان دەکا. تەنانەت نەخشێکی کۆنی بەردینی کەونارا دوای سەدان ساڵ نامرێ و ئێستا بە زمانی بێ‌زمانی باس لە بوون و هەرمانی خۆی دەکا.

هەرکە بیر و ئەندێشە و ئەقڵییەت، دەبێتە پێشڕەوی ژیانی مرۆڤایەتی، چەمکە هونەرییەکان دەخوڵقێن و هونەر بە قەوارەیەکی هونەریانە لێی دەڕوانرێ. هۆنراوە و گۆرانی و مۆسیقا و... باقی ژانرە هونەرییەکانی دیکە وردە وردە هەر کامەیان ڕێچکە و ڕێبازی تایبەتی تر و لێهاتووانە بە خۆوە دەگرن.

کوردیش هەر لە دێرزەمانەوە چونکە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و کۆچەری بووە، زمان و وێژەی ئەو گەلە زۆرتر زارەکی بووە، هەتا نووسراوەیی. ئەم زمانە کە لە ڕیزی زمانی ئاریایی و لە ڕەچەڵەکیشدا خزمی زمانی هیند و ئەورووپایە، بە زمانی شێعر و گۆرانی دەناسرێت و وشە وڕستە و ئاخافتنی لە ژێر پارێزگاری شێعر و گۆرانیدا بووە.

گۆرانی و بەیت و حەیران و لاوک... کە فۆلکلۆرێکی ڕەسەنی ئەدەبی و وێژەیەکی بنچ ئەستووری زارەکین، بە هۆی پەیتا پەیتا گوتنەوەیان و هەروەها تێکەڵاوییان لەگەڵ تان‌وپۆی ژیان و کرداری مرۆڤی کوردە، وا توانیویانە زمانی کوردی سەربەخۆ ڕاگرن و لە تێداچوون و سەر لێشێواوی و پەڕتەوازەیی بیپارێزن.

لە باری دیمۆگرافی و جۆگرافیشەوە بە هۆی کۆچەری بوونی زۆربەی زۆری کۆمەڵگای کورد و دوور کەوتنەوەیان لەگەڵ یەکتری و شاخاوی بوون و چڕی و سەختی ژینگەوە، دەیان زاراوەی جۆراوجۆری لێ کەوتۆتەوە، بە جۆرێک کە هەر ناوچە و هەر شارێک ئاخافتن و شێوەزاری حۆی هەیە، کە خۆی لە خۆیدا یەکێ لە هۆگەلی دەوڵەمەند بوونی فۆلکلۆرە کە زمانی کوردییان لە هەر چەشنە هێرشێکی مەترسیدار گارانتی کردووە.

بۆ نموونە لە کاتی هێرشی ئیسلام و عەڕەبدا زمانی عەڕەبی بۆ چەندین سەدە بوو بە گوتاری زاڵ. ئەو دیسکورسەزمانییە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا وەها باڵادەستی و مەزنایەتی خۆی داسەپاند کە کاریگەرییەکی زۆر بنەڕەتی لە سەر زۆربەی زمانەکانی دیکە دانا. بۆ نموونە وڵاتی میسر لە ئەساس و بنەڕەتدا عەڕەبی نەبووە، بەڵکوو زمانێکی جیاواز و قیبتی بووە و دوای ئەوە کە زمان و فیکری ئیسلام بوو بە گوتاری زاڵ، وردە وردە زمانی عەڕەبی جێگیر بوو و زمانە لۆکاڵییەکانی دیکەی خستە پەراوێزەوە. زمانی فارسی ئێستاشی لەگەڵدا بێ، لە ڕێنووسدا زۆر پیتی بەرچاوی عەڕەبی لە شانەبەندییەکانی ڕستە و وشەدا کاریگەرییان هەیە، وەک (ص، ض، ط، ظ، ذ، ث) هەر لە زمانی کوردیش کارتێکەری و ڕەنگ‌دانەوەی هەبووە. بەڵام نەک بەو زەقی و بەربڵاوییە. ئەویش تەنیا بە هۆی بەرینایی و دەوڵەمەندی فۆلکلۆری گەلی و زارەکییەوە بووە.

شێعری عەرووز یەکێ لە نیشانەکانی هورووژمی هێژمۆنی زمانی عەڕەبی بووە. هەر بۆیە کاتێ شێعری کوردی لە سەر دەستی مامۆستا گۆران لە لایەکەوە و کاک سوار و هاوار و چاوە لە لایەکی دیکەوە نوێ دەبێتەوە، هەڵاو هەنگامەیەکی سەیری لێ ساز نابێ و زۆر بە ئەسپایی و بە نەرمە هەنگاو جێگیر دەبێ. چونکە لە بنەڕەتدا نوێ نەبوەتەوە، بەڵکوو بەرەو ئامێزی سەرەکی و زنە و کانیاوی ڕاستەقینەی خۆی گەڕاوەتەوە. بەڵام لە شێعری فارسیدا کاتێ نیمایووشیج بەرەو نوێ بوونەوەی شێعری فارسی هەنگاو هەڵدەگرێ، لەگەڵ زۆر ئاستەنگ و گلەیی و گازندە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

بە دڵنیاییەوە دەبێ بڵێین کە شێعری نوێی کوردی، هەر دەڵێی ئامۆزا و دەستەخوشکی گەلۆ و حەیران و بەیت و لاوکە. کاتێ بۆ نموونە خەج و سیامەند و خەوەبەردینە و شار دەخوێنیتەوە، ڕیتم و ئاهەنگی هەردوو لا دەتهێنێتە جۆش.

شێعر و هۆنراوە شاسواری هونەریی ژیانی کوردییە و لە هەموو ڕەوتەکانی خۆش وناخۆش و شوناسە مێژووییەکاندا جێگا پەنجەی دیارە. بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا هۆنراوە ڕەگ بە ڕەگ و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ چەمکە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا هەستاوە و دانیشتووە، ئاشق بووە، هاوخەمی تراژیدییەکان بووە، لە خەمماندا گریاوە و لە شایدا خەنی بووە، بەتایبەتی لە کەیسی حەماسی و شۆڕش و خەباتدا ڕۆڵێکی سەیر کارامە و مەزنی گێڕاوە.

بەڵام بە داخەوە لەم یەک دوو دەیەی ئاخریدا شێعر و هۆنراوە داکشانی بە خۆیەوە بینیوە و شەیدایانی هۆنراوە وەک جاران مۆمی هەستیان بە ئاگری ئەوێستایی شێعر داناگیرسێ و شەپۆلانی پڕ لە جۆششی شێعر تاسە و مەیل کەیل ناکەن. ئێستا بۆچی وەک جاران خوێنەران بە لەزەوە هەڵناکوتنە سەر سنگی شێعر و لەو خوانە پڕ پیت و بەرەکەتە داوای بەش و حەسانەوە ناکەن.

هەتاکوو دەیەی هەشتای هەتاوی، هۆنراوە زمان‌حاڵی دەرد و ئازار و مەینەتی‌گەلێک بوو، لە جێ‌ژوانا دڵداران شنەی چپەی نیوەشان بوو، لەگەڵ خوڕەی ئاو و ناسکی گوڵ و «نەرمی خەیاڵدا» پیاسەی دەکرد. چەکی دەستی خەباتکار بوو، ورەی بەندی بەندکراو و مەرهەمی زامی زامدار بوو. ئێستا نسکۆیەکی بە سەردا هاتووە و خوێنەرانی وەک جاران نادوێنێ، بێ‌شک هۆکارگەل و لەمپەرگەلێک ڕێگرن لەو بەینەدا.

یەکەم شت زۆری و بۆری شێعرە.

زۆر جار دەبینین کە سەرەو خوار بە وشە وڕستەی کورت و درێژەوە ڕیزبەندێک ڕاست کراوەتەوە. بەتایبەتی بە دووپاتە بوونەوەی هێندێ وشەی ناسراو کە لە زۆربەی زۆری ئەو شێعرانەدا هاتووە، کە نە تەنیا شێعری نوێی نین، بەڵکوو ڕەنگە بە کەمێک شک و گومانەوە لە قەوارەی شێعری سپی و شەپۆلیدا (موج) جێگیر بکرێن.

ژیانی مرۆڤ بەتایبەتی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ ڕیتم ئاوێتەیە، تەنانەت ئەگەر ترپەی دڵی لێ بستێنیەوە، چەند ساتێک زیاتر ناژی. ڕاستە شێعری نوێ لە باری داڕشتن و ڕواڵەتەوە ئازادە و کێش و سەروای نییە، بەڵام ڕۆحییەتی شێعر، هەست، سۆز، پەیام و ئاهەنگ و ڕیتمی تایبەتی دەبێ تێدا بێ.

شاعیر یان هەر کەسایەتییەکی کە لە هەر ژانرێکی هونەریدا تێکۆشانی هەبێ، وەختایەک پێی دەڵێن هونەرمەند، کە ڕێچکە و شێوازێکی تایبەتی خۆی دۆزیبێتەوە. لاسایی کردنەوە و دووپاتە کردن نابێتە هونەر.

هەڵبەت نابێ لە حەقیش لا بدەین، زۆر جار شێعری وات بەرچاو دەکەوێ، بەڕاستی پێی کەیف‌خۆش دەبی و دەتخاتە گڕوگاڵ.

یان هێندێک خۆشەویست هەن قالبی میتافیزیکی دادەڕێژن و بە پۆست‌مۆدێڕن و چی و چی نێودێری دەکەن. کەسێک نەتوانێ لە دونیای کلاسیکدا خۆی تاقی بکاتەوە، قەت ناتوانێ شاعیرێکی باشی شێعری نوێ بێ. ئێمە هێشتا لە مۆدێڕنیزمدا دەست و پێ لێ دەدەین، بۆچی خێرا خۆ بە گەرووی پاش‌مۆدێڕنیزمدا دەکەین. بە قەولی کاک سەعیدی نەجاڕی: «ئەوانە ئوقیانووسێکیان دروست کردووە بە قووڵایی بستێک!» ئێمە ئێستاش بە کلتووری سوننەت و نەریتەوە لە کەرەسە و ئامرازی مودێڕنی ئەوڕۆیی کەڵک وەردەگرین، ڕۆژ نییە دەیان و سەدان هەڵە و چەوتی نەنوێنین و نەخوڵقێنین. پابلۆ نێرۆدا شاعیری گەورەی شیلیایی دەڵێ: «من وەختایەکی بوومە شاعیر، کە گەڕامەوە بەرەو ناخی دێهات و گوندییەکان.» یانی چی؟ یانی گەڕانەوە بەرەو شوناسی خۆت، یانی کەڵک وەرگرتن لە دنیای پان و بەرینی فۆلکلۆر. «سەد ساڵ تەنیایی» مارکێز، فۆلکلۆر و ناخی مێژوویی ئەمریکای لاتینە.

هۆیەکی دیکەی نسکۆی شێعر، بەربڵاوی کەرەسە و هێرشی کوت‌وپڕی تیکنۆلۆژیایە. کە لایەنێکی زۆری بیر و فکر و ژیانی ئێمەی داگیر کردووە. زەبرێکیشی لە دنیای ئارامی هونەر بە گشتی و بەتایبەتی لە جەسەتی شێعر و مۆسیقا وەشاندووە. نازانم ئەو کەرەسە و تیکنۆلۆژیایە هەر خۆی لە خۆیدا خراپە! یان ئێمەین کە نازانین کەڵکی دروست و پێویستی لێ وەرگرین، کە بێ ئەوەی ڕێگای بۆ خۆش کرابێ و کۆمەڵگای بۆ ئامادە کرابێ، وەک دۆڵپا لە سەرشان و کۆڵمان جێگیر کراوە.

خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە لەم سەردەمەدا دەورەی تێپەڕین (گوزار) و قەیرانە، قەیرانی نێوان نەریت و مودێڕنیتە و پاش‌مودێڕنیتە. هەروەها لە بارەی کلتووری و فەرهەنگییەوە دنیا بەرەو تاک‌ڕەوی و «بەجیهانی بوون» هەنگاو دەنێ. لەو بەینەدا گەلێک سەرکەوتوو و لە کڵ دەرهاتووە کە کلتوور و نەریتی خۆی لە گەڵ جیهانی ئەمڕۆ و زانست و بوون و نەبوونیدا ڕێک بخا و دوو کلتوور هاوتەبا و هاوتەریب بکا و ئاشتەوانی و پێکەوە ژیانیان بخاتە نێوان، ئا لێرەدا بەرپرسایەتی تاکی هونەرمەند زۆر گرینگ و زەق و بەرچاوە.

هەروەها چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانیش بە نۆبەی خۆیان تاوانبارن.

بە خۆشییەوە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاڤۆک‌گەلێکی زۆر و بەرچاو، خەریکی وەشانن، بەتایبەتی لە باشووری وڵات کە هەمە جۆرە دەقێکی ئەدەبی، بەتایبەتی شێعری تێدا دەبیندرێ. خۆزگە بۆ هەرکام لەو دەقانە لێژنەیەکی زانستی و پسپۆڕ هەبوایە کە بەڕاستی تێبینی خۆی دابنێت و بەرهەمەکانی بە باشی تاووتوێ بکردایەت و شێعری لە مێعر هەڵاواردبێ. با کەم بێ و پوخت بێ، نەوەک زۆر بێ و بۆر بێ و هەر بە زۆر لاپەڕەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی پێ ڕەش کەینەوە.

شێعر و ئەدەبیات مەزن و باڵادەستن، و بە مەزنایەتیش هەر دەمێننەوە. ڕاستە ژانرە هونەرییەکانی دیکە هەڵزنانی باشیان بە خۆیانەوە بینیوە، بەڵام شێعر و ئەدەبیات چونکە بەتەمەنترین و بە درێژایی مێژوو لە ڕۆیشتن و لە ڕوواندا بوون و دەبن، بەو هیوایە کە وەستایانی ئەم ژانرە بەنرخە وەک گەنج و ئاڵتوون لێی بڕوانن و لێی هەڵێنجن و بۆ شێعر و ئەدەب دڵسۆز و بەهەست و بەمشوور بن. با شاعیر و ئەدیبی کورد پەردە لە ڕەمز و ڕازی فۆلکلۆر هەڵداتەوە و جەغزی پڕ لە هێما لادات و پوتانسییەلی ئەو وزە بەنرخە، بە ئەقڵیەت و بە توانایەکانی مودێڕنیتەوە بیانخاتە گەڕ و بیانکاتە جیهانی. بۆ نموونە مێژووی ئەدەبی فارس بە جۆرێکی دیکە بووە، مەزنایەتی زمانی فارسییان پێ پاراستووە. هەتا سەردەمی قوتابخانە سەردەمییەکان و مودێڕنی ئێستا، بە درێژایی مێژوویەکی سەدان ساڵە، لە مەکتەبخانە و حوجرەکاندا پاش خوێندنی زمانی عەرەبی و قورئان، شێعری سێ کەڵە شاعیر دەخوێندرا: فیردەوسی، حافز و بەتایبەتی سەعدی. ئەو ڕەوتە لە ناوچە کوردنشینەکانیشدا باو بووە. بە کەسێکیان دەگوت خوێندەوار کە جیا لە خەتمی قورئان و زمانی عەڕەبی، حەتمەن دەبوو گوڵستان و بووستانی سەعدی خوێندبێ. برەو پێدانی بەرهەمی ئەو کەڵە شاعیرانەش بوو کە زمانی فارسی لە ناوچوون و تێداچوون پاراست و توانی لە بەرامبەر هێرشی گەورەی عەڕەبی و مەغوولدا خۆی ڕابگرێ. هەربۆیە بە بەردەامی لە سەر سەعدی و حافز و فیردەسی وتار ولێکۆڵینەوە دەنووسرێ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە شێوەی سەردەمیانە زیندوویان دەکەنەوە و نۆژەن دەکرێنەوە.

هەر بەو پێیە ئێمەی کورد ئەدەبیاتێکی زارەکی و فۆلکلۆرێکی گەورەمان هەیە کە زمانی کوردی پاراستووە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادیمی هەیە. جێی خۆیەتی سپاسی خۆمان ئاراستەی ئەو دەنگ‌خۆش و شایەر و بەیت و گەلۆ و حەیران و... بێژانە بکەین کە بە درێژایی مێژوو سینگ بە سینگ ئەو ئەدەبەیان تاکوو ئەوڕۆ هێناوە. بە واتایەکی ڕوونتر ئەگەر ئێمە ئێستا خاوەن زمانێکی سەربەخۆین، بەشێکی هەرە زۆری کار و تێکۆشانی ئەو خۆشەویستانەیە، کە دەبێ هەر نانێک بخۆین و نانێکیش لە ڕێگای ئەو پاڵەوانە نادیارانەدا ببەخشینەوە. ئەو کەسانەی کە لە شەوچەلە و دیوەخانان و چەقەخانەی مزگەوتاندا شەوگاری پایز و زستانیان بە بەیت‌بێژی و حەیران و گەلۆ و حەقایەت‌خوانی دەبردە سەر.

ئێستا کە ئێمە قەرزداری ئەوانین، نۆبەی ئێمەیە کە دەبێ خەریکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی زانستییانە بین و لە دونیای نەریتەوە بیانگوازینەوە بەرەو دنیای مودێڕنیتە و سەردەمیانە.

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت