محەمەد محەمەدمرادی

لە باری فۆڕم و تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە ئەبێ خوێنەریش وەک لێژنەی فستیڤاڵی گەلاوێژ دەستودڵباز بێت تاکوو بتوانێ ئەم دەقە بە چیرۆک وەربگرێت، یان ئەبێ وەکوو کۆمەڵێ ئیماژیستی خۆماڵی تەنها بە یەک دوو وێنەی جوان و هەڵبەت کڵیشەیی ناو ئەم چیرۆکە، وەکوو دیمەنی باران و شیشەی هەڵمگرتووی پاس و دیتنی دنیا لە شووشەی بارانلێکەوتووی پاسەوە دڵخۆش بێت.

 

 

چەند سەرنجێک لەسەر فستیڤاڵی گەلاوێژ و براوەی یەکەمی بەشی چیرۆک

محەمەد محەمەدمرادی

 

فستیڤاڵی گەلاوێژبە بەشداریی نزیکەی 181 بەرهەم بەڕێوە چوو.هەرچەند بەشێوەی بێدەرباز ناچارین و پێویستە لەپێشدا سیاسەتەکان و لێژنە و میکانیزمی بڕیاردان و گشتیەتی ئەم فستیڤاڵە لەخۆیدا وەکوو ڕووداوێکی کولتووری بدەینە بەر ڕەخنە بەڵام وێڕای زانینی ئەم پێویستییە پێم خۆشە ئیزنم پێبدەن لەم یاداشتەدا تەنها بپەرژێمە سەر براوەی یەکەمی بەشی چیرۆک واتە چیرۆکی «ژوولیا و دەستنووسەکانی مەولانا خالید» لە نووسینی توانا ئەمین.

چیرۆکەکە گێڕانەوەی چەند بڕگەیەکی ژیانی پەنابەرێکی کوردە لە وڵاتی سوێد، گێڕانەوەی ئەزموونی شکستێکی پاسیڤانەی عەشقی. کوڕە لەدوای ئەوەی کە لە پێوەندییەکی سۆزداریدا شکست دێنێت و نائومێد دەبێت بە ڕێکەوت بەر نامەیەکی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەکەوێت و ئەم نامەیە کە ناوەڕۆکەکەی باسکردنی عەشقە لە ڕوانگەی عیرفانەوە لە غەم و ئازارەکانی کەم دەکاتەوە و هێور دەبێتەوە و دەتوانێ لەو ئەزموونە تاڵە دەرباز بێت.

1ـ لە باری فۆڕم و تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە ئەبێ خوێنەریش وەک لێژنەی فستیڤاڵی گەلاوێژ دەستودڵباز بێت تاکوو بتوانێ ئەم دەقە بە چیرۆک وەربگرێت، یان ئەبێ وەکوو کۆمەڵێ ئیماژیستی خۆماڵی تەنها بە یەک دوو وێنەی جوان و هەڵبەت کڵیشەیی ناو ئەم چیرۆکە، وەکوو دیمەنی باران و شیشەی هەڵمگرتووی پاس و دیتنی دنیا لە شووشەی بارانلێکەوتووی پاسەوە دڵخۆش بێت کە لام وایە تەنها خاڵی پۆزەتیڤی ئەم دەقە ئەو چەند وێنەیەن. نووسەر هەوڵی داوە بۆ گێڕانەوەکەی لە تەکنیکی ڕەوەندی بزێوی زەین کەڵک وەرگرێت.کاراکتەری چیرۆکەکە لە ڕۆژێکی بارانی و کەشێکی عیرفانیدا بە دڵی کەیلەوە و لە حاڵوهەوای شکستی عەشقیدا دەچێتە ناو پاس دادەنیشێت و بیر لە نامەی ناو قورئانە کۆنەکە دەکاتەوە و دەڵێ پێدەچێ ئەم نامە نەک هەر ئازارەکانی ئەو عەشقە نەوەکامەی بگرە سەرتاپای ژیانی بگۆڕێت. (لە درێژەدا لە وەها چاوەڕوانییەک لە عیرفان و ئیلاهیات دەکۆڵینەوە.) ئەمە تا ئێرەدەستپێک و کردنەوەیەکی زۆر باشە و خوێنەر چاوەڕانی ڕووداو و ئەزموونی ناسیاریی زۆر جوان دەکات بەڵام نووسەر بە هێنانەوەی دەقی دوور و درێژی نامەیەکلە زمانی مەولانا خالیدەوە هەم جەڵتە بە گێڕانەوە زەینییەکە دەکات و هەم بە کردە پلۆتی چیرۆکەکەش دەبڕووسقێنێ. نامەکە دێڕ و دوو دێڕ و دە دێڕ نییە، لە کۆی قەبارەی ئەم چیرۆکە کە نزیکەی 2400 وشەیە 1150 وشەی تەرخان کردووە بۆ مۆعیزەکانی مەولانا خالید و بەشێکی هەرەزۆری باقیی چیرۆکەکەش هەوڵدانە بۆ ئامادەکردنی تریبۆنو خیتابەیەک بۆ مەولانای عارف و سۆفی کە کۆمەڵێ چەمک و دەلالەتی تەواو ئایدۆلۆژیک بداتە دەرخواردی خوێنەر و بەشێکی کورت کە دەمێنێتەوە دیسان شان و شکۆ بەخشین و پیاهەڵدان و پیرۆزکردنیئەم عیرفانگەراییەیە ئەویش بە ڕادەیەک کە ڕووبەڕووبوونەوەی سووژە لەگەڵ ئەم دەقە هەمان ڕووبەڕووبوونەوەی کۆیلانەیە لەگەڵ دەقە ئاسمانییەکاندا، بەشێوەیەک کە دواجار لە کۆتاییدا هەم عاشق و هەم مەعشووق هەر یەک و لە سووچێکدا شۆڕ دەبنەوە بە نامە و دەقێکی کۆنی عیرفانیدا و ئەم عیرفانە لەخۆیدا دەبێتە بوتێک و جێگای پێوەندییە ئینسانییەکان دەگرێتەوە و سووژە لەخۆی نامۆ دەکاتەوە.

2ـ نووسەری ئەم چیرۆکە هەر لە ناونیشانی چیرۆکەکەوە تا کۆتایی هەوڵی داوە پێوەندی بگرێت بە خاڵێکی مێژووییەوە کە 200 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، سەردەمی شێخ و مەلا و خەڵیفە و تەسەوف و تەریقەت. گرتنی ئەم پێوەندییە بەس بەتەنها خوێندنەوە و دەورکردنەوەی مێژوو نییە، لەڕاستیدا ئەمە بانگکردنەوەی ڕۆحی مەولانا خالیدە وەکوو سیمبولی عیرفانگەرایی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و نەهامەتییە فەردی و کۆمەڵایەتییەکان.مەولانا بە نوێنەرایەتیی ئەم عیرفانگەراییەوە بە ئاراستەکردنی کۆمەڵێ دەستەواژەی وەکوو: «دنیا لە داخیلی بەشەردایە»، «عەشق قوەی بلاحدودی بەشەرە لە داخلی خۆیا»، «مەردومی بەدبەخت ئەسیری حوب و جەمالە لە خۆیا» و دەیان حوکمی دیکەی لەم چەشنە کە ئەمە ڕێک بانگەشەکردنە بۆ تاکگەراییەکی پاسیڤ و گۆشەگیر بە خوێنەر دەڵێ ئەگەر پێگەی لەرزۆکی کۆمەڵایەتیت بۆتە هۆی شکستهێنانی عەشق و پێوەندیی سۆزداریت، بۆی دامەچۆ عەشق لە ناوەوەی خۆتدایە. ئەگەر لە کۆمەڵگادا جیاوازیی چینایەتی گەیشتۆتە قیزەونترین  ئاستی خۆی، ئەگەر پشکی هەرەگەورەی سروەت و سامانی وڵات بەر چەند بنەماڵەی دەستەبژێر و تا سەر ئێسقان خاین کەوتووە تۆ حەقت نەبێت بەختەوەریی تۆ لەناو خۆتدایە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی کایە بە سەر و ماڵی خەڵک دەکات، ئەگەر لە گوند و لەسەر زەوی و زێدەکەت سەرگەردان کراوی و داماڵڕاوی لە شکۆ و کەرامەتت و بوویت بە دەسگەڕ و عەرەبانەبەدەست خەمت نەبێ هەژاری دەتگەڕێنێتەوە ناو وجوودی خۆت. ئەگەر بورژوازی بە مژینی خوێنی تۆ ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ قەڵەوتر دەبێت، ئەگەر سەرمایەدار و خاوەنکاران لە گووەکەشت خۆش نابن تۆ کارت بە خۆپیشاندان چییە خوێنی خۆت بۆ تاڵ ئەکەی لەتێک نانەڕەقە و پیاڵەیەک ئاوت دەست دەکەوێ ڕۆژووەکەتی پێ بشکێنی. ئەگەر کۆمپانیا سکدڕە نێونەتەوەییەکان خەریکن وڵات تاڵان دەکەن و چی سەرچاوە و سامانی سروشتییە لەڕێگای گرێبەستەکان و قەوڵ و بەڵینی درۆیینەوە بۆ دەوڵەتی ناموبارەکی کوردی حەپەلووش دەکەن، تۆ ئیشت چییە چلەی خۆت بکێشە. ئەگەر «جۆگەلەکانی وڵات پڕن لە خوێنی» کاوەکان و سەردەشتەکان پێوەندیی بە تۆوە نییە تۆ بەس ئاگاداری ئەوە بە «ئاوەکە لێڵ نەکەن» مەبادا لەو خوارەوە چۆلەکەیەک ئاو بخواتەوە.

3ـ ئەگەر بمانەوێ نووسەر لە گشتیەتی کار و بەرهەمەکانیدا لەبەرچاو بگرین کە بێگومان ئەندێشەی ڕەخنەگرانە وەکوو مێتۆد ناچارمان دەکات بەم کارە، واتە ئەگەروەرگێڕانەکانی توانا ئەمین برێتی لە عەباس مەعرووفی و سادق هدایەت و بەتایبەت سۆهراب سپێهری و نووسراوەکانی دیکەی ئەم نووسەرە پێکەوە کۆ بکەینەوە و دواتر کۆی ئەم کارانە لە بەستێنی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسیی کۆمەڵگادا تاووتوێ بکەین بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ـ هەرچەند مەرج نییە سووژە خۆی لەمە ئاگادار بێت ـ دەمێکەیە دەروەستی و پابەندبوونی خۆی بە کۆمەڵێ چەمکی وەک تاکگەرایی، عیرفان و ئیگزیستانسیالیزمی شێوەعیرفان ڕاگەیاندووە کە کۆی ئەم چەمکانەش دواجار باشترین خزمەتگوزارانی ئایدۆلۆژیای بورژوازین وەکوو ئایدۆلۆژیای چینی زاڵ. بورژوازی و خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بەگشتی چینی زاڵ و سەرمایەدار هەموو ئامرازێک بەکار دێنێت بۆ ئەوەی کە کۆمەڵانی خەڵک لە خواستە چینایەتییەکانیان دوور بخاتەوە کە یەکێک لەو ئامرازانەش ئایدۆلۆژیایە. نووسەری ئەم چیرۆکەش زانراو یان نەزانراو، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەر لە ناو ئەم دیسکۆرسەدا و لە ئاخێزگەی بورژوازییەوە دەنووسێت. هەڵبژاردنی ئەم چیرۆکە و خەڵاتکردنیشی هەر مانادارە و بڕیاردەرانی خەڵاتەکەش دیسان بەئەنقەست یان نائەنقەست لەناو ئایدۆلۆژیای زاڵدا خنکاون و خەریکی بەرهەمهێنانەوەی هەمان دیسکۆرسن.

 

بەداخەوە چینی ژێردەست و چەوساوە ـ چین لە مانا ئەمڕۆییەکەیدا ـ وێڕای هەبوونی پۆتەنشێل و توانای گۆڕینی دنیا و ژیانی خۆی، وێنایەکی ڕوون و شەفافی لە تواناکانی نییە و تەنانەت ناشزانێ چی لە دژی خۆی و لە بەرژەوەندیی چەوسێنەرەکانیدایە ئەمەش لەو ڕووەوەیە کە لەسەرەوە و لەڕێگای ئامرازە جۆربەجۆرەکانەوە پێی تەڵقین دەکرێت و بەرەو قبووڵکردنی ئایدیاکانی چینی باندەست پەلکێش دەکرێت و دوور نییە تەنانەت بەرگریش بکات لەم ئایدیاگەلە. لە وەها دۆخێکی ئاسایی و ناشۆڕشگێڕیدا ئەوە ئەرکی کەمینەیەکە وەکوو ویژدانی وشیاری کۆمەڵگا کە هەوڵ بدەن بە بەرپەرچدانەوەی ئەم ئایدیاگەلە بەرەوڕووی گشتیەتی سیستەمی زاڵ بوەستن.

بازدید: 2157