سیاسیی حیماسی و کۆمەڵگا

مرۆڤ، بوونەوەرێکە تێکەڵ لە هەست و بیر. ئەم دوو تایبەتمەندییە، یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ ئەوەی لە رێڕەوی ژیاندا بتوانێ بە گشتی بژی. هەست بۆ هەستکردنی شتەکان و عەقڵ بۆ لێکدانەوەیان.

 

 

هاوسەنگی نێوان ئەم دوو لایەنە، پێوانەیەکی گرینگە بۆ ژیانێکی ئاسایی و نۆڕماڵ. شکاندنەوەی لایەنێک لەم دووانە بە قازانجی ئەوی تر، لاسەنگمان دەکا. بۆ وێنە مرۆڤی زۆر ئاقڵ، هەستیار نامێنێ و بەم پێیە ئەگەری دڵڕەقییەکەی دەچێتە سەرێ و، مرۆڤی هەستیاریش توانای لێکدانەوەی رووداوەکانی دەورووبەری کەم دەکا و ئەمە زەرەری لێدەدات لە پێناو ژیانێکی پڕ لە زانیاری و هاوسەنگ. کەواتە جۆرێک لە هاوسەنگی هەمیشە پێویستە.

یەکێک لە دەرکەوتەکانی زاڵبوونی هەست دەتوانێ لەپانتایی سیاسەتدا بێت. سیاسیی هەستیار، مرۆڤێکی حیماسی و نزیک لە شیعر و ئاسان خۆبەدەستەوەدەرە بۆ توندو تیژی. ئەم تایبەتمەندییە لە مرۆڤی سیاسیی سەر بە هەموو ئایدیۆلۆژییەکان دەبینرێ. گرنگ نیە لە دەسەڵاتدا بیت یان نا، ئەوە هەستە و نەک ئەقڵ کە دەبێتە بنەمای سەرەکی هەڵس و کەوتی وەها مرۆڤێک.

مرۆڤی سیاسی هەستیار و حیماسی، هەوڵدەدا هەست و حیماسەتی خۆی بەرەو کۆمەڵگا راگوێزێ. ئەمەیش بۆی ئاسانە چونکە لە کۆمەڵگایەکدا کە هەست زاڵترە لە ئەقڵ، لە کۆمەڵگایەکدا کە زۆرینە بێدەنگن و کەمینەیەکی یەکجار کەم خەریکی جوڵەی سیاسی و بەرخۆدانن، جۆرێک لە هەستی خۆبەکەمزانین لە ناو تاکەکاندا سەرهەڵدەدا کە رێگا بۆ رێزێکی بێ پایان (بەرامبەر مرۆڤی تێکۆشەر)، بگرە هەروەها جۆرێک لە هەستی تاوان و خۆبەکەمزانینی لەرادەبەدەریش سازدەکا کە کاری راگواستنی حیماسەت گەلێک ئاسانتر دەکاتەوە.

پێداگرتن لە سەر حیماسەت و جوڵاندنی بەردەوامی هەست دەبێتە یەکێک لە فاکتەرەکانی دیکەی هێشتنەوەی لاسەنگی بە لای هەستدا لە وەها کۆمەڵگایەکدا. ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵگری چەندین خەسارە، تەنانەت لە دووای سەرکەوتنیش. بۆیە زۆر گرینگە هەر لە سەرەتاوە جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان هەست و ئەقڵ دا لە لایەن سیاسیکارەکانەوە (ئەوانەی وا بیر لە کۆمەڵگایەکی باشتر دەکەنەوە)، چێ ببێ و هەوڵ بدرێ تاکەکان بە هەر دوو تایبەتمەندییەکانەوە بەرەوڕووی رووداوەکانی دەورووبەریان ببنەوە.

پێداگرتنی لە رادەبەدەر لە سەر هەست، ئەقڵی رەخنەیی دەکوژێ و ئەمە لە راستیدا پەیڕەوکردنی جۆرێکە لە خۆکوژی،... خۆکوژیی بەردەوام لە هەنووکە و لە داهاتوودا.

سایتی قەڵەم

 

٥ دێسامبری ٢٠١٥

بازدید: 1453