لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 

بە پێچەوانەی سوسیالیزم و فاشیزم کە گروپەکانی وەک چین و نەتەوە و رەگەز بنەما سەرەکییەکانیانن، هەر بۆیە دەگوترێ کۆلێکتیڤیستی واتە کۆمەڵەیین، سەرمایەداری لە تاکەوە دەست پێدەکا، بە گوتەیەکی دیکە تاک بنەمایەتی. هەر بۆیە سەرمایەداری سیستمێکی سیاسیی تاکگەرایانەیە.

 

سیاسەت (٣)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

سەرمایەداری

بە پێچەوانەی سوسیالیزم و فاشیزم کە گروپەکانی وەک چین و نەتەوە و رەگەز بنەما سەرەکییەکانیانن، هەر بۆیە دەگوترێ کۆلێکتیڤیستی واتە کۆمەڵەیین، سەرمایەداری لە تاکەوە دەست پێدەکا، بە گوتەیەکی دیکە تاک بنەمایەتی. هەر بۆیە سەرمایەداری سیستمێکی سیاسیی تاکگەرایانەیە.

دەستپێکی سەرمایەداری بریتییە لە تیۆری مافەکانی تاک. ئەم تیۆرە سەرەتا لە کۆتایی سەدەی هەفدە لە لایەن "جان لاک" ەوە فۆرمولە کرا. ئەو دەیگوت هەموو مرۆڤەکان بە گوێرەی ئەوەی مرۆڤن خاوەنی کۆمەڵێک مافی سروشتین. مافەکان لەم تیۆرەدا زۆرن و مافی خاوەندارێتی لە ناوەڕاستی هەموویاندایە. مافی خاوەندارێتی بە گوێرەی ئەم بیرمەندە کاتێک دەست پێدەکا کەسێک کاری خۆی تێکەڵ بە شتێک دەکا کە لەوە پێش هیچ کەسی تر خاوەنی نەبووە. بۆ وێنە کێڵانی زەوییەکی بێ خاوەن، یاخود چێکردنی خانوویەک لە شوێنێک کە ئەویش کەسێک خاوەنی نەبووە.

فەلسەفەی سیاسیی لاک سەرەتایەک بوو بۆ شۆڕشی ئەمریکا. تیۆری مافی ئەم بیرمەندە لە مانیفێستی سەربەخۆیی ئامریکادا گونجا، ئەوەی کە هەر مرۆڤێک خاوەنی کۆمەڵێک مافی دیاریکراوە، بۆ وێنە مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی گەڕان بە شوێن خۆشبەختی دا.

لە کۆمەڵگایەکی رەسەنی سەرمایەداریدا، مافەکانی تاک بە شێوەی رەها و تەواو لەبەرچاو دەگیردرێن، هەڵبەت بۆ ئەو تاکانەی وا مافی تاکەکانی تر ناخەنە ژێر پێیانەوە. لە راستیدا لە وەها سیستمێکدا کەس مافی ئەوەی نیە مافی کەسانی تر پێشێل بکا، تەنانەت خودی دەوڵەتیش. دەوڵەت ناتوانێ مافی تاک پێشێل بکا ئەگەرچی زۆرینەی کۆمەڵگا حەزیان لەم پێشێلکارییە بێ. ئەرکی دەوڵەت لە سەرمایەداریدا بریتییە لە راپەڕاندنی ئەرکە بنەماییەکان واتە بەرگریکردن لە مافەکانی تاک. ئەمە بۆ وێنە لە رێگای ئەوەوە دەکرێ دەوڵەت دەزگای پۆلیسی هەبێ بۆ ئەوەی شارۆمەندان لە بەرامبەر دز و جەردەکاندا بپارێزێ، دەزگای دادوەری هەبێ بۆ ئەوەی گوناهکاران سزا بدات، لە ئەگەری حەلنەبوونی کێشەکان لە ناو هاووڵاتیان بە شێوەی دڵخواز هەوڵی چارەسەرکردنیان بدا، هەروەها سوپای هەبێ بۆ بەرگری کردن لە هاووڵاتیان لە هەڕەشەی دوژمن. ئەمە ئەو ئەرکانەیە دەوڵەت هەیەتی. دەوڵەت لە وەها سیستمێکدا نە قوتابخانە بەڕێوە دەبا، نە بەشی تەندروستی و، نە سیستمی دابینکردنی کۆمەڵایەتی. هەمووی ئەمانە ئەرکی کەرتی تایبەت واتە بەشی پریڤاتە.

بۆ پێداگرتنی زیاتر لە سەر ئەوەی کە ئەرکی ئەم سیستمە پاراستنی مافەکانی تاکە، جاروبار باس لە "سەرمایەداری لیسی ـ فە" دەکرێ (لیسی فە لە فەڕانسەی سەدەی هەفدەوە دێت، واتە ئەو کاتەی وا بەشی ئابووری بە شێوەیەکی بەربڵاو لە لەیەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەچوو. لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ کاسبکار و بازرگانەکان، وەزیری دارایی ئەو کات "کۆلبێرت" پرسیاری لە ئامادەبووان کرد کە چ بکا بۆ ئەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی وڵات بباتە سەروە. یەکێک لە ئامادەبووان وەڵامی دایەوە "لیسی نو فە" واتە لێمان گەڕێ. کە مەبەست ئەوە بوو دەوڵەت دەخالەت نەکا و لێگەڕێ ئەوان بۆخۆیان کاری خۆیان بکەن.)

لای لایەنگرانی سەرمایەداری، هەر مرۆڤێک دەتوانێ ژیانی خۆی بژی بە بێ پێویستیی هیچ چاوەدێرییەک لە لایەن دەوڵەت یان خوداوە. هەربۆیە لە سیستمی سەرمایەداریدا هەرکەسێک ئەو مافەی هەیە لە گەڵ کێ و لە کوێ ئیش و کار بکا بێ ئەوەی ئیزن لە دەسەڵات وەربگرێ، هەروەها دەتوانێ ببێ بە خاوەنی شت بێ ئەوەی پێویستی بە ئیزن وەرگرتن لە لایەن دەوڵەتەوە هەبێ، یان شت بەرهەم بێنێ و بیفرۆشێ بەو کەسەی خۆی پێی خۆشە، بێ ئەوەی دیسان ئیزن لە دەسەڵاتداران وەربگرێ. بە واتایەکی تر لە وەها سیستمێکدا دەوڵەت و ئابووری بە تەواوی لێک جودان. تەنیا بەربەست بریتییە لە نەشکاندنی سنووری مافی کەسانی دیکە.

یەکێک لە ئەنجامەکانی وەها سیستمـێک کەوتنەوەی جیاوازییە لە ناو مرۆڤەکاندا، چونکە هەموو مرۆڤەکان بە یەک رادە زیرەک و چالاک نین. هەر بۆیە هەندێ کەس ژیانێکی گەلێک باشتریان لە چاو کەسەکانی تر دەبێ. لایەنگرانی سەرمایەداری دەڵێن ئەمە دادوەرانەیە، چونکە هەر کەسەو بە گوێرەی هەوڵەکانی خۆی لە بازاڕی ئازاددا شتی دەستدەکەوێ. هەروەها ئەوان دەڵێن کۆمەڵگایەکی ئازادی لەم چەشنە لە چاو سیستمەکانی تر دەبێتە هۆی بەرهەم هێنان و داهێنان لە ناو هاووڵاتیاندا و ئاستی ژیان بۆ گشت شارۆمەندان بەرزتر دەکاتەوە.   

سەرچاوە:

 

http://filosofi.no/politikk/

بازدید: 891