ما 3651 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رێک لە سەر بانیژێکە بوو پێم گوتن. لە گوندی ناو دۆڵەکە. ئێوارە بوو. بەم خۆمدا کێشا، گۆنای خۆم رنی. گوتم بڕیاری گەنجیەتی بڕیار نیە، هەوای سەرە. گوتم گوناحی تەپ و تۆزی ناو کۆڵان و ئەو بنجۆیە بوو وا قەت تاقە قڕان چییە تێیاندا نەدۆزیەوە. بە باوکیانم گوت لە جیاتی دەمنەکەی بن پشتوێنی، کەمێک زیاتر ئاگای لە کوڕەکان بێت. نەمزانی دووکەڵەکان بە چاوی خۆماندا دەچنەوە،... نەمزانی.

 

ژیان بەردەوامە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە سەر جێگاکەی راکشاوە. قژێکی سپیی لوول و ئاڵۆز، لەچکەیەکی داڕماو کە ناتوانێ ملی پر چرچ و لۆچی بە جوانی داپۆشێ، سوخمەیەکی کۆنی رەنگ هەڵبزرکاو لەگەڵ دەستە پیر و بێ هێزەکانی کە جارجارە هەوڵ دەدەن بە دەوری خۆیاندا ئاماژە بە شتێک بکەن. شتێک لە ئیستادا یان رەنگە لە رابردوودا. جێگاکەی بۆنی ئارەقەی لەش دەدا. بۆنێک کە بۆ خۆی هەستی پێناکا، بەڵام بۆ ئەوەی دێتە ژوورەوە، کەپۆبزوێنە. شتێکە وەک شتێکی نەشیاو، وەک بۆنی قێزەونی پیری و کۆن بوونی ساڵەکان.

لەمێژە لەم ژوورە و لە ناو ئەم جێگایەدایە. چەندە؟ گرینگ نیە. هەر ئەوەندەی، لە مێژە. لەمێژە بە قەد ساڵەکانی ئالزایمێر. تەنیا چاوەکانین کاتێک سەیرت دەکەن و لێت رادەمێنن هەوڵدەدەن شتێک بدرکێنن، شتێک رەنگە لە هەنووکە، یان لە رابردوو و لە یادەکان.

لەو دیو شووشەکان بە پێچەوانەی ژوورەکە، دەنگی ژیان دێت، دەنگی قریوە و قاڵی منداڵان، دەنگی ژن و پیاو و گمە گم و تڕە تڕی سەیارەکان، دەنگی وردەواڵەفرۆشەکان و، هەناسەی شار.

لە تەنیشتیدا لە سەر تاقچەیەکی نزم دوو وێنە دەبینرێن، وێنەی دوو گەنجی ساڵەکانی زۆر لەمە پێش. یەکیان بە کەواوپانتۆڵەوە و ئەوی تریان تەنیا وێنەی روخسار بە چاویلکەیەکەوە. بزەی سەر لێوی وێنەکە، دەکشێ و شووشەی چاویلکەکە روونتر دەکاتەوە. کەواوپانتۆڵ لەبەرەکەیش پاڵی بە چیایەکەوە داوە. دەڵێی پێی وایە بۆ هەمیشە ئەو چیایە دەیپارێزێ.

هەندێ جار لە سەر پشت، هەندێ جار لە سەر شان و هەندێ جاریش لە سەر سمت، رۆژگار بەسەردەکا. هیچی لە بیر نیە. بیری دێننەوە دەبێ بخوا و دەبێ بنۆشێ. دەخواو دەنۆشێ. وەک تەنیا جەستەیەک لە گۆشت و لە ئێسک.

دەرگا دەکرێتەوە. کچێک دێتەوە ژوورەوە. بە قاپێک چێشت و پەرداخێک ئاو بە دەستەوە. بە قاچەکانی دەرگاکە پێوەدەداتەوە. لە تەنیشتیدا دادەنیشێ و هەوڵدەدا نانی بە دەمەوە بکا. ئەم بەو چاوانەوەی کە دەڵێی هەمیشە شتێکی نهێنی پێیە بۆ گوتن، سەیری کچەکە دەکا:

ـ "رۆڵە! بە بارام بڵێ ئەمڕۆ بەفرێکی زۆر باریوە و ئاگای لە خۆی بێ. پێی بڵێ کەواو پانتۆڵەکەیم بۆ شۆردووەو لە بەریان کا،... بە گۆرەوییە بەنەکانەوە کە پار بۆم چنین."

کچەکە سەیری وێنەکان دەکا.

ـ "پێی بڵێ دەزانم هەر بەو کەواو پانتۆڵانەوە بوو ناشتیان، دەمزانی ئەو رۆژە لە جیاتی بەفر خوێن دەباری،... خۆ پێم گوت،... خۆ،... پێم گوت!"

کچەکە دەستی بە کەوچکەکەوە دەلەرزێ. دڵۆپێک دەتکێتە سەر پەتووەکە. هەوڵدەدا بە دەستی چەپی بە گۆشەی کراسەکەی پاکی بکاتەوە. دەستی چەپی خراپتر لە دەستی راستی دەلەرزێ.

ـ "بە ئازاد بڵێ عەینەکەکانیم بۆ شۆردووە، لە خەو هەڵنەستابوو،... دایکی بمرێ...، بۆم شۆرد. نازانم ئەم عەینەکانە چی بوون،... بە خوا هیچ کچێک شووی پێ ناکا! بە خوا بە منداڵیش هەر بەستەزمان و داماو بوو، دڵی نەدەهات کەس ئازار بدا. هەمیشە مت و بێدەنگ بوو،..."

کچەکە، کەوچکەکە کە هەروا بە ئاسمانەوە ماوەتەوە، دادەگرێتەوە و دەیخاتەوە ناو دەورییە قوڵەکە. بە دەستماڵەکەی گیرفانی لووتی دەسڕێ. لە رەنگی فرمێسک دەکا.

ـ "پێی بڵێ ئەو کوێستانانە بۆ عەینەک نابن،... کەس نیە بۆی خاوێن بکاتەوە،... پێی بڵێ ئاگای لێ بێ منداڵ بۆی نەشکێنن. ئاخ،... دەمزانی سەرئەنجام رۆژێک لێی بەجێ دەمێنێ و رێگای لێ ون دەبێ و ئیتر...، دەمزانی،... ئاخ!... دەمزانی،..."

لە دەرەوە دەنگی ژیان بەردەوامە. منداڵێک دەگری. دەنگی ماشینێک دەیخنکێنێ. هەتاو لە سووچێکی پەنجەرەکەدا لە گەڵ تیشکی خۆی خەریکی گەمەکردنە. گەمەیەکی زەرد و سپی و ئاڵتونی.

بە بێ ئەوەی سەیری وێنەکان بکا، دەستیان بۆ رادەدێرێ و دەڵێ:

ـ "دایکم هەمیشە دەیگوت نوێژ زۆر بکە، قەت نوێژەکانت لەکیس نەچێ،... دەیگوت کوڕت زۆرن و بەدکار و حەسوود زۆر. بەخوا زۆرم دۆعا دەکرد،... هەمیشە،... دەمگوت لانیکەم عەینەک لەچاوەکەیان هیچی لێنایەت، ئاخر زۆر مەزڵوم بوو. دەمگوت خودا دەیپارێزێ،... ئەوی تریشیان هەمیشە تینووی بوو، کاتێک منداڵ بوو. هەمیشە بە دەست و دەموچاوی خۆڵاوییەوە دەهاتەوە و دەمی بە شێری ئاوەکەوە دەنا،... دەمگوت خوا لە بەر خاتری ئەو خاک و خۆڵە دەیبەخشێ و دەیپارێزێ،... دەمگوت خاک و خۆڵی منداڵیی بەسە،..."

کچەکە هەوڵدەدا ئاوی بە دەمەوە بکا. بە لێوە وشکەکانی قومێک لە ئاوەکەدەدا. کچەکە هەوڵ دەدا وا دابنیشێ کە وێنەکان نەبینێ. هەست دەکا تاقەتی نەماوە.

ـ "ئەوەندەی نەماوە باوکیان بێتەوە لە دووکان. کە هاتەوە دەبێ پێی بڵێم ئەمڕۆ خامەی سپی لەبیر نەکا. ئەو ساڵە کە باوکیان مرد هەر ئەوان بوون چوون خامەیشیان بۆ باوکیان کڕی. براگەورەکەیان پارەی دانێ. لەو رۆژەوە عەینەک لە جاوەکەیان لە رەنگی سپی ترسا. ئەوی تریشیان تا یەک ساڵ دوواتر لە لەبەرکردنی ژێرکراسی سپیش خۆی دەبوارد. ئا هەستە، ئادەی! تا نانەکە گەرمە با بێن بخۆن. لەواشەیەشم بۆ کردوون،... بە رۆنی کوردی. لە پێنجوێنەوە هاتووە. هەفتەی پێشوو بۆیان ناردین. هەرچەند لە سەر سنوور لە بارگینەکە بەربووەتەوە و کەمێکی لێ رژاوە."

ژیان لە دەرەوە، لەو دیوی دیوارەکانەوە خانووەکە گەرم گەرم دەکا. هەتاو، بەرەو دوواپیاسەکانی ئەو رۆژەی کۆڵانەکانی شار دەڕوا. لە ژاوە ژاو و دەنگە دەنگی ژیانی ناو شار ماندوو بووە.

ـ "رێک لە سەر بانیژێکە بوو پێم گوتن. لە گوندی ناو دۆڵەکە. ئێوارە بوو. بەم خۆمدا کێشا، گۆنای خۆم رنی. گوتم بڕیاری گەنجیەتی بڕیار نیە، هەوای سەرە. گوتم گوناحی تەپ و تۆزی ناو کۆڵان و ئەو بنجۆیە بوو وا قەت تاقە قڕان چییە تێیاندا نەدۆزیەوە. بە باوکیانم گوت لە جیاتی دەمنەکەی بن پشتوێنی، کەمێک زیاتر ئاگای لە کوڕەکان بێت. نەمزانی دووکەڵەکان بە چاوی خۆماندا دەچنەوە،... نەمزانی."

بەدەم قسەکردنەوە، چەند کەوچکێکی لە خواردنەکە خواردووە، هەروەها چەند قومێک ئاو. کچەکە سەیری ئاوەکە دەکا، بیردەکاتەوە "تەنیا شتێک کە هەتا هەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوە،... نە چرچ دەبێ و نە شتی لەبیر دەچێتەوە و، نە بە لێرۆیشتنی خەم دایدەگرێ." وێنەکان کە ساڵانی ساڵە لەوێن، لە ئاو دەچن. ئەوانیش خەمی خۆیان ناخۆن، خەمی لیڕۆیشتنەکان ناخۆن. وەک خۆیان، وەک ساڵانی ساڵ لەوە پێش هەر لەوێدان، لە ناو قاپ و چوارچێوە سیحراوییەکاندا. چەند حەز دەکا هەستێ و وێنەکان بێنێ و لە نزیکەوە پیشانی بدا، بەڵام ناوێرێ. شتێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ ئەمە کارێکی باش نیە. دەبێ لێگەڕێ وێنەکانیش تەنیا بیرەوەری بن و بەس لای ئەو.

ـ "دەزانی! نەمدەزانی رۆژێک کەسێک پەیدا دەبێ ئەوەندە کوڕی منی خۆش بوێت کە گۆشتی لەشی بخوا و تەنیا ئێسکەکانی بۆ من بهێڵێتەوە. ئەو رۆژە تەنیا ئێسکەکانیمان ناشت. بۆ خۆم باوەشم پیاکرد، هەرچەند بۆ خۆی هیچی نەگوت و هیچی نەدرکاند، بەڵام من گێژنەبووم، زانیم،... چاکم زانی. وەک هەمیشە کاتێ باوەشم پیاکرد، مت و بێدەنگ بوو. هەمیشە وابوو. تەنیا خۆی لە باوەشمدا کڕدەکرد، وەک بڵێی ئیڕە خێراترین شوێنی دونیایە، شوێنێک نیە بۆ مانەوەی هەمیشەیی. لە سەر هەست خۆی رادەگرت، تا من تێر دەبووم،... کە قەتیش تێرنەبووم. باوکیان دەیگوت منداڵەکان لووس مەکە، ترسنۆک دەبن،... ئاخ خۆزگە لووس باردەهاتن،... خۆزگە! وەک کوڕی دراوسێکەمان کە بۆ خۆی لە شارانە."

کتوپڕ لەو دیو پەنجەرەکەوە دونیا تاریک هەڵگەڕا. سەرەتا بایەکی توند هەڵیکرد و ئەوسا هەوری رەش ئاسمانی داگرت. بارانێکی خۆشی هاوینە رووی لە وڵات کرد. دەنگی ژیان لە دەرەوە خنکا،... تەنیا دەنگ، دەنگی سروشت.

ـ "ئا هەستە رۆڵە،... هەستە! ئیستا دێنەوە، لە گەڵ باوکیان. ئاو و چێشتیان بۆ سازبکە. ئەرێ ئەوە من چی دەڵێم؟... ئەی خۆم چیمە؟"

ویستی هەستێتە سەرپێ. دەستی بە چۆکییەوە گرت. کچەکە سەرەتا رایگرت، بەڵام دوواتر یارمەتی دا هەستێ. کە هەستا، بەرەو تاقچەکە رۆیشت. لە وێنەکان نزیک کەوتەوە. ئارام پەنجەی بە سەر هەردووکیاندا هێنا. چاوەکانی دەڵێی لە جیاتی رووانین، قوتی دەدان. ئەوسا وتی:

ـ "ئەم توخمە سەگانە نازانم بۆ سەردانم ناکەن،... ئاخر شەرتی ئەولادی ئاوا دەبێ؟ باوکیشیان هەروابوو، کە نەخۆش دەکەوتم نەدەهاتە ژوورەکەم، رادەوەستا تا چاک دەبوومەوە."

کچەکە ئارام بەرەو پەنجەرەکەی دەبا. حەز دەکا دەرەوەی پیشان بدات. دەرەوەی دوو جۆر لە رۆژێکی گەرمی هاوینیدا. حەزدەکا بەردەوامیی ژیانی پیشان بدا. ئەگەرچی هیچ دەنگێک جگە لە دەنگی سروشت ناگاتە گوێ. ئەو سروشتەی باوەشی بۆ هەموو شتێک کراوەیە،... بۆ هەموو شتێک.

 

   

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت