شاهۆ حەسەنپوور     

لێکۆلینەوەیەکی سەرنج ڕاکێش کە لە بواری ئایتی و کاری قوتابخانەدا خویندمەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو قوتابیانەی ئاستی زانستییان لە سەرەوە بووە بە بەکار هێنانی ئایتی ئاستەکەیان باشتر بووە و ئەو قوتابیانەی کە لە ئاستێکی باشی زانستی دا نەبوون کاتێ ئایتی‌یان بەکارهێناوە ئاستی زانستیان زۆرتر هاتۆتە خوار. 

 

تیکنۆلۆژی ئایتی و گۆران لە ناوەرۆکی دەرسەکان

شاهۆ حەسەنپوور          

لەم سەردەمەی ئێمەدا تێکنۆلۆژی ئایتی information technologyبەستێنێکی فراوانی لە بوارەکانی پەیوەندی و گەیاندنی زانیاری رەخساندوە. چەمکی نەمانی سنوورەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانە گەورەیەی پێشکەوتن کە ئایتی خوڵقاندی. ئیدی مەکان و زەمان ئێستا لە بەستێنێکی دیکەدا دەبێ پێناسە بکەین. کە باس زانیاری و پێوەندی دەکەین بوارەکە ئەوەندە فراوان بووە بە بەراورد لە گەڵ چەند ساڵێک لەوەپێش کە هەڵدەگرێ قسەی لەسەری بکەین. تێکنۆلۆژی ئایتی لە بواری فێربووندا پۆتانسێلێکی زۆری هەیە، لەونە گۆرانکاری لە ناوەرۆکی وتنەوەی دەرسەکان. بەکار هێنانی ئایتی ئامرازێکی گرنگە بۆ گۆرانکاری لە ناوەرۆکی گوتنەوەی دەرسەکان کە لێرەدا هەوڵدەدەم ئاوڕێکی لێ بدەمەوە. 

 

حەزی بەشداری و داهێنان

لێکۆلینەوەکان لە بواری پێداگۆگییەوەئەوە نیشان دەدەن ئەو قوتابییانەی ئارەزووی فێربوونیان زۆرە چالاکانە کار دەکەن و لە ئاکامدا ئاگایی قوتابی لە سەر پرسی فێربوون و بەدەستەوەگرتنی پرۆسەی فێربوون بە دەستی خۆی پەرەدەستێنێ کە ئەوەش ئەنجامەکەی زۆر شتە لەوانە بەرهەمهێنان. بەکارهێنانی ئایتی لە پۆل دا یەکێک لەو ئامرازانەیە کە دەبێتە هۆی هاندانی قوتابی و چالاک کردنی لە بواری فێربووندا. لە وەڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری ئایتییەوە لەوانە نیە تاقە قوتابخانەیەک هەبێ کە ئینترنێتی نەبێ و بە کەمەوە کۆمپیتەر، ئائپەد یان سمارتفۆن لە پۆلەکان نەبن. ئایتی ئامرازێکە کە هەل بۆ قوتابی دەرەخسێنێ بە پێی حەز و ئارەزووەکانی و هەروەها لە ڕوانگەی خۆیەوە لێکۆڵینەوە لەو دنیایە بکات کە لێی دەژی. کاتێ قوتابی ئەو بوارەی بۆ دەرەخسێ بلۆگی خۆی دابنێ و ڕووانگەکانی خۆیبڵاوبکاتەوە، پرۆگرام درووست بکات، فیلم بەرهەم بێنێ و سیمینار بگێڕێ یان بە دەیان وتار و بەرنامە کە بۆ کار پێویستی پێن بە کلیکێک بێنێتە ناو پۆلەوە شکی تێدا نیە نێوەرۆکی دەرس و هەروەها حەز و ئارەزوو بۆ کارکردن لە ئاستێکی بەرز دادەبێت. بۆیە بەکارهێنانی ئەو کەرەسانە نەک هەر پێویستن بەڵکوو چاو پۆشی لە بەکارهێنانیان کەموکوورتییە. لەگەڵ ئەوەشدا کار کردن بە ئایتی پێویستی هەم بە کارکردنە هەم بە گونجاندن بە دەرسەکان.

 

بەرنامەی تۆکمە گرنگە

کاتێ باس لە بەکار هێنانی تێکنۆلۆژی ئایتی دەکرێت گرنگە بە بەرنامەی تۆکمەوە و لە ڕوانگەیەکی پێداگۆگییەوە ئایتی دەکار بکرێت. گرنگە کە ئامانجی بەکار‌هێنانی ئایتی بۆ قوتابیان روون و ئاشکرابێ. بۆ وێنە کەی و بۆ چ مەبەستێک کۆمپیوتەر یان ئایپاد بەکار دێت؟ پێویستە ئایپەد یان کۆمپیوتەر ببێتە بەشێکی سرووشتی لە کاتی کارکردن لە پۆلدا. ئەگەر بۆ نموونە کۆمپیوتەرێک تنیا جێگای قەڵەم و کاغەزبگرێتەوە ئەوە ئێمە هیچ کارێکمان نەکردووە و تەنیا جێگای قەڵەم و کاغەز و کۆمپیوتەرمان گۆریوە.چەند خاڵێک وەک روونکردنەوەیەکی زیاتر دێنمەوە.

·         پێویستە قوتابی بۆی روون بێ مەبەست لە بەکارهێنانی ئاپلیکەیشنێک application یان کۆمپیوتەر لە دەرسی دا چیە؟کاتێ ئامانج دیاریکراوە مامۆستاش باشتر دەتوانێ قوتابیان ڕینوێنی بکات.

·         لە پێوەندی لە گەڵ گەڕان بەدوای زانیاریدا پێویستە کە مامۆستا کۆمەڵێک لینک بۆ گەڕان بدات بە قوتابی. وەک دەزانن دنیای ئینترنێت بەرفراوانە و ئەگەر بە بەرنامەوە کار نەکرێ کاتێکی بێ ئەژمار دەتوانێ بەفێڕۆ بچێت.

·         کارێکی وا بکرێ کە قوتابی کاری کۆپی و لکاندن نەبێ. پێویستە لەم بوارەوە ڕێنوێنی تەوا بدرێ بە قوتابی.

·          زۆر گرنگە کە قوتابی ڕابهێنرێ بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە بەدوای زانیاری دا بگەڕێ. دیارە ئەوە بابەتێکە بەرفراوان.

 

لێکۆلینەوەکان چ دەڵێن؟

لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ئایتی ئەنجامی خراپیشی هەبووە. بۆ وێنە بردنە سەری کات لە کاتی دەرسدا بە بابەتگەلێک کە پێوەندی بە دەرسەوە نەبووە. قوتابیان خەریکی چات، یاری ئەلکترۆنی و شتی دیکەن. هەروەها کار کردن بە ئەم تێکنۆلۆژیە بۆ بەشێک لە مامۆستایان نامۆیە. زۆر مامۆستا شارەزاییان یان کەمە یان نیە لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە و ئەوەش وای کردووە کە ئەوان بە شێوەیەکی گونجاو ناتوانن ئایتی بەکار بێینن. لێکۆلینەوەیەکی سەرنج ڕاکێش کە لە بواری ئایتی و کاری قوتابخانەدا خویندمەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو قوتابیانەی ئاستی زانستییان لە سەرەوە بووە بە بەکار هێنانی ئایتی ئاستەکەیان باشتر بووە و ئەو قوتابیانەی کە لە ئاستێکی باشی زانستی دا نەبوون کاتێ ئایتی‌یان بەکارهێناوە ئاستی زانستیان زۆرتر هاتۆتە خوار. دیارە ئاماژە بەوەش بکرێ کە باسەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بتوانرێ ئاکامێکی سادە لە بەکارهێنانی ئایتی کە فرە ڕەهەندە وەربگیردرێت. ئینترنێت و سۆسیال میدیا دنیایەکی خوڵقاندووە کە مرۆ ئەفسوونی خۆیدەکات. کە چاو لە لاپەڕەکان دەکەم خوێندکاران رۆژانە لە پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکان خەریکی نووسینن. ئەوە وای کردووە کە ئەوان بتوانن ڕا و بۆ چوونەکانیان دەرببڕن. لە سەردەمی ئێمەدا هیچ یەک لەو ئامازانە بە خەویش نەبوون.ئێستا هەر خوێندکارێک دەتوانێ بلۆگ و ماڵپەر دانێت و بیرو بۆچوونەکانی بێ هیچ بەربەستێک بڵاو بکاتەوە.سەرەرای هەموو لایەنە نەرێنییەکان تێکنۆلۆژی ئایتی گەنجینەیەکە کە گرنگە لە قوتابخانەکان گرنگی پێبدرێ.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بازدید: 1190