لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لە دیمۆکراسیدا هەموو ئەو پرسانەی پێوەندی بە لێ نزیکبوونەوەی خەڵک لە یەکتر هەیە، لە لایەن زۆرینەوە بڕیاری لەسەر دەدرێ. کە ئەمەیش لە گەڵ خۆیدا ئەوە دەهێنێ دیمۆکراسی لە گەڵ سوسیالیزم و سەرمایەداری ناچنە خانەیەکەوە. لە سوسیالیزمدا بۆ وێنە ناتوانرێ مافی خاوەنداریەتی هەبێ و لە سەرمایەداریشدا ئەم مافە ناتوانرێ بخرێتە ژێر پێ،. کەواتە دیمۆکراسی وەک فۆڕمی دەسەڵات نزیکە لە دەوڵەتی خۆشگوزەران.  

 

سیاسەت (دووابەش)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئانارشیزم

ئانارشیزم وەک بیرو باوەڕێکی سیاسی پێی وایە هیچ پێداویستییەک بۆ هەبوونی دەوڵەت نیە. دەوڵەت لای ئانارشیستەکان دیاردەیەکی ناپێویست و نائەخلاقیە و دەڵێن کۆمەڵگا لە نەبوونی دەوڵەتدا باشتر بەڕێوە دەچێ تا لە هەبوونیدا.

ئانارشیستەکان پێیان وایە باشترە هەر تاکێک خۆی ژیانی خۆی بە گوێرەی حەزەکانی رێک بخات، بە بێ ئەوەی کەسێکی تر خۆی تێبهاوێ. ئەو شتانەی دەوڵەت وەک یاسا و رێسا و شتە قەدەغەکراوەکان دەیخاتە سەر رێگای هاووڵاتیان، تەنیا رووخێنەرن و لە راستیدا هیچ کاریگەرییەکی پوزەتیفیان نیە. تەنانەت هەندێ لە ئانارشیستەکان پێیان وایە ئەو خزمەتگوزارییانەی دەوڵەت لە فۆڕمی پۆلیس و دادوەری و سەربازیدا پێشکەشی دەکا، لە قەوارەی دام و دەزگا پریڤات و شەخسییەکاندا باشتر بەڕێوەدەبرێن و دەپارێزرێن.  

هەندێکی تر لە ئانارشیستەکان دەڵێن لە کۆمەڵگایەکی ئانارشیستیدا هیچ پێویستییەک بۆ پۆلیس و دەزگای دادوەری نیە، ئەوان دەڵێن لە راستیدا هاودژی لە نێوان حەزەکانی مرۆڤدا نیە لە بەر ئەوەی مرۆڤەکان هەموویان پێکهێنەری ئۆرگانێکی گەورەن و هەر مرۆڤێک بۆ خۆی تەنیا بەشێک لەم ئۆرگانەیە.

دیمۆکراسی

دیمۆکراسی بەربڵاوترین جۆری دەسەڵات لە رۆژئاوادایە. دیمۆکراسی بە واتای دەسەڵاتی خەڵکە و لەم سیستمەدا خەڵکن (ئەو گەورانەی وا خاوەنی دەنگن)، بڕیاردەدەن کۆمەڵگا چلۆن بەڕێوەببرێ. ئەمڕۆکە هەموو دیمۆکراسییەکان دیمۆکراسیی نوێنەرایەتین، واتە خەڵک ئەو کەسانە هەڵدەبژێرن کە وڵات بەڕێوە دەبەن. ئەمەیش بەو شێوازەیە کە هاووڵاتیان بە گوێرەی ئەو دەنگدانانەی ناوە ناوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا بەڕێوە دەچن، نوێنەرەکانیان بۆ پەڕلەمان، کۆمۆنەکان یان شتی لەم بابەتە هەڵدەبژێرن. ئەمەیە لە بنەڕەتدا دیاریدەکا ئەو پرسیارانەی لە مەڕ چلۆنایەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا قوت دەبنەوە، چلۆن وەڵام بدرێنەوە. هەروەها هەندێ پرسیاریش هەن راستەوخۆ بە دەنگدانی خەڵک وەڵامیان بۆ وەردەگیردرێ بە بێ ئەوەی بچێتە پەرلەمانەوە.

یەکێک لە گرینگترین مەرجەکانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکرات ئەوەیە هەر کەسێک بتوانێ خۆی بخاتە بەر دەنگدانی خەڵکەوە و خودی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش شاراوەیە. هەڵبەت دیمۆکراسی وەک شێوازێکی دەسەڵات خاوەنی کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتییە. دیمۆکراسی بە واتای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە لایەن خەڵکەوەیە، کە ئەمە لە راستیدا لە کردەوەدا بە مانای دەسەڵاتی زۆرینەیە. ئەی کەمینە چی لێ بەسەردێت؟ لە یۆنانی کۆندا سۆقرات بە مەرگ مەحکوم کرا چونکە تاوانی لە رێ بەدەرکردنی گەنجەکانی خرایە پاڵ. ئەمەیش بە شێوازی دیمۆکراسیانە بەڕێوە چوو (لێرەدا وای دادەنێین ئاتێنی کەونارا دێموکراسی تێدا هەبوو، ئەگەرچی ژنان، کۆیلەکان و بێ موڵک و ماڵەکان خاوەنی مافی دەنگدان نەبوون). هەروەها کەسێکی وەک هیتلەر بە دەنگدان هاتە سەر کورسیی دەسەڵات.

 لایەنگرانی مودێڕنی دیمۆکراسی بێگومان سەرنجیان دایە ئەم کێشەیە و گوتیان کە لە دیمۆکراسیدا دەبێ زۆرینە گوێ لە کەمینەیش بگرێ. بەڵام بێگومان لە دووا قۆناخدا ئەوە زۆرینەیە بڕیار دەدا کامە گروپی کەمینە و لە چ ئاستێکدا بەڵێنە گوێی لێ بگیردرێ.

دەبیستین دەگوترێ لە سیستمە دیمۆکراسییەکاندا دەبێ مافی ئازادیی رادەربڕین بپارێزرێ، بەڵام هەندێ کەس و لایەن هەن کە لە کردەوەدا ناتوانن لەم مافە بەهرەمەند بن. بۆ وێنە ئەو بیروبۆچوونانەی باوەڕیان بە ‌هەڵاواردنی رەگەزی و سوکایەتی بە شتە پیرۆزەکان هەیە.  

هەروەها پێوانەیەکی تر ئەوەیە هەموو گەورەکان لە مافی دەنگدان بەهرەمەندن، ئەمە بە بێ رەچاوکردنی ئەوەی چ جۆرە تێگەیشتن و تێڕوانینێکیان هەیە کە سەبارەت بە پرسەکان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدەن. کۆمەڵناسێک لە وەها سیستمێکدا بە قەدەر ئەو کەسەی کاریگەری هەیە کە لە ژیانیدا کتێبێکی نەخوێندووەتەوە.

لە دیمۆکراسیدا هەموو ئەو پرسانەی پێوەندی بە لێ نزیکبوونەوەی خەڵک لە یەکتر هەیە، لە لایەن زۆرینەوە بڕیاری لەسەر دەدرێ. کە ئەمەیش لە گەڵ خۆیدا ئەوە دەهێنێ دیمۆکراسی لە گەڵ سوسیالیزم و سەرمایەداری ناچنە خانەیەکەوە. لە سوسیالیزمدا بۆ وێنە ناتوانرێ مافی خاوەنداریەتی هەبێ و لە سەرمایەداریشدا ئەم مافە ناتوانرێ بخرێتە ژێر پێ،. کەواتە دیمۆکراسی وەک فۆڕمی دەسەڵات نزیکە لە دەوڵەتی خۆشگوزەران.  

 

 

بازدید: 979