فاتیح ره‌سول قه‌ره‌داغی
دنیای ده‌قه‌کانی سۆران محه‌مه‌د ره‌نگه لای زۆرێك سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و جێی مشت‌و مڕ بێت، چونکه جیاوازه‌و قوڵتر بنیاتی وێنه شیعریه‌کان و زمانی تێدا ئه‌نجامدراوه، شتانێکی تێدا ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه که‌متر وه‌کو بابه‌ت و شێواز؛ شاعیرانی تر نزیکی ده‌که‌ونه‌وه،ناکرێت بڵێین دژه باو، به‌ڵام جیاواز به وشه‌سازیی و روئیا‌و بابه‌ته‌وه.
ده‌ق و ره‌خنه
دەق
خه‌ونه‌کانی ئاگایی
" شاعیر هه‌میشه نوقمی خه‌ونه، چونکه خۆی خه‌ون دروست ده‌کات"
- جوبران و بیوکۆفیسکی-
ده‌ق: سۆران محه‌مه‌د
له بن پێخه‌فدا
رووبارێك سه‌رتاپا ره‌ش
وه‌ك مارێکی بریندار
به ده‌ماره‌کانی که‌لله سه‌ردا ده‌ڕوا
پێش ئه‌وه‌ی بگاته
(جه‌رگه‌ی بڕیار)
به‌ربه‌ستێکی کۆنکرێتی ده‌یگێڕێته‌وه
له‌و خه‌ونه‌ی ده‌کا
ببێته شه‌پۆلێکی هه‌راش
له ئامێزی زه‌ریا
*
له ده‌ره‌وه‌ی جێگاکه‌و
هه‌ر له ناو ژووره‌که‌دا
قه‌باره‌ی سه‌ر گچکه ده‌بێته‌وه
رووباریش ده‌بێته جۆگه‌له
به‌شاده‌ماره‌کانا هه‌ڵده‌زنێ
به‌ره‌و باڵا
تا هیچ نه‌بێ بگاته ئه‌و به‌نده‌رانه‌ی
پاپۆڕه‌کان بۆ سه‌فه‌رێکی درێژ
له‌نگه‌ریان تێدا گرتووه
وه‌لێ ناکاو
ده‌رگای ژوور ئاوه‌ڵا ده‌بێ
جۆگه‌له‌ش له کۆڵان وه‌ر ده‌بێ
له قرچه‌ی هاوینێکی توڕه
ده‌بێته تراویلکه
*
له سه‌ر شه‌قامێکی دوور‌و به‌رین
تنۆکێ ئاو ده‌گه‌ڕێت
له دووی که‌لله سه‌رێک:
به وێنه‌ی بۆڕبڕینێکی تیژڕه‌و+
وه‌لێ ده‌رفه‌تێکی نیه
خۆی بگه‌یه‌نێته ئه‌و کانیله‌ی:
به‌رده‌وام تیایدا هه‌ڵده‌قوڵێ
مانگیش شه‌وانه له ناویا
ورد ورد له خۆی ڕاده‌مێنێ
+ به پێی بیردۆزی ڕیژه‌یی ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین کات کورتر ده‌بێت له‌گه‌ڵ زیادبوونی خێرایی و به پێچه‌وانه‌شه‌وه، له‌وما ئه‌و ره‌گه‌زی کاتی زیاد کرد بۆ سێ ئاراسته‌کانی تری جوڵه‌ی گه‌ردوون: space-timeدرێژیی، پانیی، به‌رزایی. ئه‌مه‌ش ناونراوه به پێکهاته‌ی شوێنکات
ره‌خنه
خه‌ونه جیاوازه‌کانی خوێنه‌ر له ده‌قی (خه‌ونه‌کانی ئاگایی) دا
فاتیح ره‌سول قه‌ره‌داغی
شیعری جیهانیی له دوای پۆستمۆدیرنه‌کانه‌وه‌و به‌تایبه‌تی له ئان و ساتی ته‌وژمی سه‌ره‌کی(مه‌ین ستریم)دا(1)به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات پابه‌ند نه‌بێت به قوتابخانه‌یه‌کی شیعریی دیاریکراوه، که‌چی لای ئێمه ده‌قپێوه‌گرتنی هه‌ندێكی باش له شاعیران و خوێنه‌رانی وا هه‌ن که ده‌زانن شیعر هه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌بێت باری سۆز رابژه‌نێت، یان شێوازی ده‌ربڕینی ویژدانیی له خۆ بگرێت و یاخود مه‌لی خه‌یاڵ هه‌ر بمانبات و هه‌ر بمانبات بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندازیاریی قۆناغه‌کانی کۆپله شیعریه‌کانمان به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو و ئه‌کادیمی کردبێت و به ئاکام گه‌یاندبێت، تا هیچ نه‌بێت بیر له نوێگه‌ریی شیوازی تایبه‌تی خۆمان بکه‌ینه‌وه.. ره‌نگه لای هه‌ندێکمان سه‌ره‌تاو کۆتایی شیعری هاوچه‌رخی کوردی شێرکۆ بێکه‌س بێت و ئه‌وه‌ش ئاوها نه‌نووسێت به‌ر نه‌فره‌تی شیعر بکه‌وێت!؟
دنیای ده‌قه‌کانی سۆران محه‌مه‌د ره‌نگه لای زۆرێك سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و جێی مشت‌و مڕ بێت، چونکه جیاوازه‌و قوڵتر بنیاتی وێنه شیعریه‌کان و زمانی تێدا ئه‌نجامدراوه، شتانێکی تێدا ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه که‌متر وه‌کو بابه‌ت و شێواز؛ شاعیرانی تر نزیکی ده‌که‌ونه‌وه،ناکرێت بڵێین دژه باو، به‌ڵام جیاواز به وشه‌سازیی و روئیا‌و بابه‌ته‌وه.. هه‌ر ره‌نگه هۆی ئه‌مه‌ش بێت له نێو دنیای شیعری کوردی‌دا زۆر که‌متر ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌کان سه‌رو داوی شیعره‌کانییان کردووه‌و لێكیان هه‌ڵوه‌شاندووه، خۆدان له ده‌قگه‌لێکی ئاوها ره‌نگه ئاسان نه‌بێت، بۆیه ده‌بینین هه‌میشه له کۆتایی خوێندنه‌وه‌کاندا خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م چه‌ند لێکدانه‌وه‌و تێگه‌شتنێکی جیاوازدا خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌م ئاڵۆزییه‌ش به ئه‌نقه‌ستکردنی تیا نییه، جگه له‌وه‌ی خوێنه‌ر زۆرجار تاقه‌تی خۆ ماندووکردنی نییه به ده‌قگه‌لێکی ئاوهاوه‌و بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی ئاسان به خۆمان بده‌ین ره‌نگه له باشترین حاڵ‌دا بڵێین ره‌نگه شتانێکی تێدا گوترابێت. هه‌میشه‌ش شیعری زوو ته‌سلیم بوو ره‌نگه مردنی خۆی رابگه‌یه‌نێت نه‌ك به کۆتایی هاتنی قۆناغه‌کانی نووسینی شیعره‌که له لایه‌ن شاعیره‌وه به‌ڵکو به ده‌رگا داخستنی خوێنه‌ر له‌سه‌ر راڤه‌و خوێندنه‌وه‌کانی خۆی و به کۆتا ئاکام گه‌یشتن.
سه‌باره‌ت ده‌قی (خه‌ونه‌کانی ئاگایی)،وه‌ك سه‌رنجی خوێنه‌رێکی زیره‌ک؛ خویندنه‌وه‌یه‌ك له خوێندنه‌وه‌کانم ئه‌وه بوو؛ ده‌کریت ئه‌و سێ کۆپله‌یه‌ی ده‌قه‌که‌یان پێکهێناوه، سێ جۆری جیاواز بن له خه‌ون بینین، یه‌که‌میان خه‌ونێکی ئاسایی که ره‌نگه لای ئێمه‌ی تاکی رۆژهه‌ڵاتیی هه‌ر مۆته‌که‌و ترس بێت، که به وێنه‌گه‌لێکی شیعریی و وشه‌سازیی ئاوها لێکگرێ دراون ئاماژه‌ی ئاوێنه‌یه‌کی ناماقوڵییه‌تی ریالیزمی ژیانی تیا ده‌رئه‌که‌وێت، به هه‌موو کێشه جۆرواجۆرو زۆرانبازیه‌کانی ناوی، هه‌روا زۆرانبازیه‌کانی ناخی نووستووی تاك، هێزی شه‌ڕو چاکه . له قۆناغی دووه‌مدا خه‌ونێکه که خه‌یاڵی تیا ده‌که‌ین و به ئاگاین، ده‌کرێت ئه‌م جیهانی خه‌ونه بچوکتر بێت له‌وه‌ی پێشووتر ، به‌ڵام ئه‌وه ژووری هزری تایبه‌تی تاکه که هێڵکێشی شێوازی خولقانی ئه‌م جۆره خه‌ونه‌مان بۆ ده‌کات، به‌ڵام ته‌نیا به چوونه ده‌ره‌وه‌ی دنیای تیۆریی و ناخ و هه‌نگاو نان به‌ره‌و دنیای ده‌ره‌وه، ئه‌وا ئه‌و خه‌یاڵانه زوو ده‌پوکینه‌وه‌و ئه‌وه‌ی له ناخدا پێشتر له ریزبه‌ندی چه‌سپاوه‌کان بووه ده‌بێته تراویلکه، له وێنه‌ی سێیه‌مدا ره‌نگه بواری خه‌ون بینینێکی ئاوها نه‌بێت کاتێ ده‌که‌وینه سه‌ر شه‌قامی به‌رینی ڕیالیتی ژیان و راسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فیزیکدا ده‌که‌ین، ره‌نگه له‌مباره‌دا ئه‌و ژیانه خۆی له خۆیدا خه‌ونێکی تر بێت که ده‌کرێت کۆتاییه‌که‌ی به ته‌نیایی شه‌و و ژوور‌و گۆڕ لێکبدرێته‌وه، به‌کارهێنانی (مانگ) که سیمبۆڵی ته‌نیاییه، له‌گه‌ڵ رامانی ورد که ئاماژه‌ی بیرکردنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت دووباره له‌و بازنه داخراوه‌دا به دوای ده‌رچوونێکی جیاوازدا ده‌گه‌ڕێت، له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ی ژیان ده‌کرێت دڵۆپه ئاوه‌که گیانی مرۆڤ بێت، یان لانی که‌م پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی بوونی بێت، وه‌ك چۆن له دنیای ماده‌دا و مامه‌ڵه‌ی که‌لـله‌سه‌ره‌کان بۆ ده‌سته‌واژه و پێشهاته جیاوازه‌کان بواری خه‌ون بینینی کلاسیکی نامێنێت و ژیانیش خۆی ده‌بێت به به‌شێك له خه‌ونی سه‌یر که داهاتوو وه‌ك خه‌یاڵێکیش یادی ناکات و له قه‌له‌می نادات. قوتابخانه‌ی ئینتیباعی زۆر جوان راڤه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌یان داوه که ده‌کرێت شته‌کان یه‌ك بن و له هه‌مان کاتیش‌دا جیاواز، چونکه ئینتیباع و لێکدانه‌وه‌و دنیابینی و چاوی ئێمه‌یه که لێکدانه‌وه بۆ ماهیه‌تی شته‌کان ده‌کات و له ناوه‌وه‌ی که‌للـه‌سه‌ردا که جێی بڕیار‌و جیاکردنه‌وه‌ی شته‌کانه پێناسه‌و ناسنامه‌ی خۆیان وه‌رگرن.
پرۆسه‌ی شیعر نووسینی ناوازه ئاسان نییه، ئه‌رکێکی گرانه‌و جۆرێك له نوێڵکاریی تیایدا به‌شدار ده‌بێت، ئاره‌قکردنه‌وه‌و ماندووبوونی گه‌ره‌که، دیقه‌تدانێکی وردی پێویسته، ڕۆچوونی قوڵی شه‌و و ڕۆژیی گه‌ره‌که بۆ گرتنی ئه‌و ئیلهامه دانسقانه‌ی به خێرایی به لای شاعیردا تێپه‌ر ده‌بن.
جێی ئاماژه‌شه هه‌ر یه‌ك له‌و خه‌ونه جیاوازانه‌ی که‌مێك لێیان دواین، ده‌کرێت بوون و ئان و ساته‌کانیان ڕێژه‌یی بێت به پێی حاڵه‌ته جیاوزه‌کانی خه‌ون بینه‌کان، گه‌ر له باری تیژڕه‌ویدا بێت ره‌نگه زۆر ماوه‌یه‌کی کورت بخایه‌نێت، که هه‌ر هه‌مان خوله‌ك و کاژێریشن که له کات و شوینه مردووه‌کاندا به‌سه‌ر ده‌برێت، به‌ڵام له‌میاندا زۆر به هێواشی ده‌ڕۆن، به‌لام ئه‌کشنی ئه‌وی تریان بۆ نموونه هه‌مان خوله‌ك ره‌نگه بکاته چرکه‌یه‌ک ، ره‌نگه له‌مه‌شدا ئاماژه‌دان به بیردۆزیی رێژه‌یی ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاینی تیا بێت، که دووریی چواره‌می زیاد کرد بۆ هه‌ر یه‌ك له سێ دووریه‌که‌ی پێشتر که زانایانی فیزیای پێش خۆی باسیان لیوه کردبوون.
له کۆتاییدا ئه‌وه ماوه بڵێم ئه‌و ده‌قه‌و ده‌قگه‌لی ئاوها زۆر لێدوان هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام هه‌میشه وه‌ك جان پۆڵ سارته‌ر گوته‌نی ئه‌وه خوێنه‌ره پرۆسه‌ی نووسینی ده‌ق بۆ شاعیر ته‌واو ده‌کات به خویندنه‌وه جیاوازه‌کانی و به‌رده‌وامی ده‌به‌خشێت به‌و پرۆسه‌یه و بڕیاری مردن‌و ژیان به‌سه‌ر ده‌قدا ده‌دات. منیش به باشم زانی له خویندنه‌وه‌وی خۆمه‌وه هێڵکاریه‌کانی هه‌ندێك له کۆدو هێماکانی ناو ده‌قه‌که به‌مجۆره بخه‌مه ڕوو، که به‌شێوه‌ی ڕێکخستنێکی به‌دوایه‌کدا هاتوو له سی کۆپله‌که‌دا هاتوون:
قه‌باره‌ی سه‌ر: 1- زۆر مه‌زن (ئاماژه : به‌ربه‌ستی کۆنکریتی) 2---->- بچوکتر (قه‌باره‌ی سه‌ر..)3 ---->- زۆر بچوك ( ئاماژه: هێنده‌ی بۆڕبڕینێك)
جۆری خه‌ون: 1- (شه‌پۆلی هه‌راشی نێو زه‌ریا)----> 2-( به‌نده‌ری سه‌فه‌رو کۆچ)----> 3- گه‌شتنه کانیله‌ی ئارام
کۆدی تایبه‌ت: 1- رووبار----> 2- جۆگه‌له-----> 3- کانیله
.................................
Main Stream (1)