سەباح رەنجدەر
شیرینیى بنێشتەکەت خستە دەمى منەوە /دیدارى مەیخانە و /گڕوگاڵى یاڵى ئەسپ و /ئاوى نەمرى و /ئەوپەڕی مان /ئەم شیرینییەم لە دەمى بهێڵنەوە و پێڵووشم بەنەرمایى پەنجە خاو بکەنەوە
بەرزبوونەوەى گەسکێک تا ئەوپەڕى مان
سەباح ڕەنجدەر
بەئەسپایی دەژیم و گوێ لە دەنگى ژیان گرتنى من
لە نێوان شەڕ و ئاشتى جەنگ و جەنگانى دڵدا
پڕە لە گڕوگاڵى کەزیی گەرم و هەتاوى ڕژاوى سرووش
لەناو ئەم دڵۆپ دڵۆپ گیان ڕژان و ڕوونبوونەوەى یاد و جۆش و بەهرە و بیرەوەرییانەدا
بەدواى چیدا دەگەڕێى وگوێ لە چى دەگری و لە چیشدا دەمێنیتەوە و مۆم لە کوێ پێدەکەیت
ئەمەک و نمەکى منداڵى فرمێسکێکى تکاو و نەتکاوە
کێوى سەهۆڵیش دەپووکێنێتەوە و دەیکات بە گۆڕەپانى ئاهەنگى خودایى
دایکت پارەى وردەى خستە دەستت و بۆ کڕینى گەسکێک
ناردیتیە دووکانى دەمودووخۆشى گەڕەک و چێژى بنێشتێک تاساندتى
شیرینیى بنێشتەکەت خستە دەمى منەوە
دیدارى مەیخانە و
گڕوگاڵى یاڵى ئەسپ و
ئاوى نەمرى و
ئەوپەڕی مان
ئەم شیرینییەم لە دەمى بهێڵنەوە و پێڵووشم بەنەرمایى پەنجە خاو بکەنەوە
ئاسمان سینیى دەستى دڵبراوە
ڕوانینى ڕازگرى دەوێ هەر بۆ ئاسمان هەڵبچێت
بەمەشەوەش زۆر تەماشاى غلۆربوونەوەى
بەردەکەى سیزیف و پەڕەکردنى لۆکەم کردووە
چراى گڕخۆش و بۆنى بێگەردى بووژانەوە و نزاى نوێژە بارانە
هێشتان ڕەزم پڕ مەیى و هەنگوینە
لێوڕێژم لە خۆشبێژیی هەواڵپرسین و دەفى خومار
لە بۆشایى نێوان
دەنکە گەنمى بەردەمى چۆلەکە و
درێژبوونەوەى حەکایەت و
شکانى پەرژینى زەبروزەنگ و
باڵى ئەو خاڵخاڵۆکەیەى بەتەمایە بەسەر سەرمدا بنیشێتەوە و سکاڵاى جەنگى جودایی بکات
لەبارەى گەرمیی کەزیتەوە قسە دەکەم
شادمانى دیدار یاد دەکەمەوە و ختووکەى ئاگرى مەستم دەدات
چاوم لە تەمەنى بە دەورى دنیادا سووڕامان ڕوونبکەمەوە
گوڵەگەنم فەریکە دەکات و پڕ شیر دەبێـت
چاو لە یەک ترووکاندا بەشى هەزار ساڵ لە خۆشییەکى تاقانە و بەشکۆدا دەژى
پەنجەمۆرى چارەنووس لە ناوچەوان لادەدا و تاسەیەکى گەرم سەرەتاى خۆى دەست پێ دەکات
من چل و نۆ 18/11/1965 هەولێر
پێستى هەولێر کرایەوە و باریشى سووک بوو
خۆشاوى زەوى بە کۆڵانەکانیدا ڕژا و هەمیشەش خۆرى بەدەرەوە
تۆ چل و چوار 1/1/1970 سلێمانى
پێستى سلێمانى کرایەوە و باریشى سووک بوو
خۆشاوى زەوى بە کۆڵانەکانیدا ڕژا و هەمیشەش خۆرى بەدەرەوە
لە ژیان بەسەر پەیژەکاندا ڕابمێنە
لە نەشونماى ڕەگ و ڕیشە ڕابمێنە
لە ڕۆشنایى ناسراو و نەناسراو ڕابمێنە
لە شەو و ڕۆژى ون ڕابمێنە
من پەنجا و نۆ خومارێکى ئەزەلى
تۆ پەنجا و چوار شەوقى ڕژاوى شاخى ئاسک
شەرابى قۆزاخەى گیان حەسانەوە و
سەرەتاى دەرکەوتنى ئەستێرەى ئەدەبى و
ئێستاى خۆشحاڵییە کورتەکان و
سێبەرى گەرمى یاد و یارە ونبووەکان
ئاڵۆزیی ساڵ لە کلۆرى تەمەندا
گۆرانیی ڕوونبوونەوەى یاد و یارە ونبووەکان دەڵێت
ئەوەى گۆرانى نەبیسێت باران مەیى و هەنگوینى خۆش ناکات
گۆرانى سەد ئاوازى شاراوەى هەیە
بە ڕێگاى گوتنى شارەزایە
هەتاویش بە ڕێگاى هاتن و چوونى
ئاى دڵەخورپەى نەخوازراو
کە لە دەرگا دەدەم خۆ نازانم چیم پێویستە
تەمەنێکى بە چڵ و پۆپ و بزەیەکى نائومێد و نیگایەکى مات
با ڕەزى تەم لێ ڕەوییەوە ئاوبدەین
ڕۆژ ڕەش دانەگەڕاوە و داد لە گەنجینەى دڵ دەخوازین
سەبرى یەزدانى چاوى هەزار ڕەنگى ئاسۆمانە
لەوێ سێبوورى دێتە ژوان و دەبێتە ئاهەنگى خودایى
خودا و ڕۆژى دیوانى خودا
من نەزانم و نهێنیزان نیم
تۆ جەژنى دڵى خۆمم پێ بڵێ
چۆن بەناو لێکدانى نیازەکان ڕەتببم و بێمە سەر ڕێ بۆ جەنگى جودایى