ما 4979 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

 

لەدوای ئەم بوێری و سەرچڵییەتەوە، هەرچی نووسینی تۆم لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبەوە کەوتبێتە بەرچاو، پێش ئەوانی تر بەسەریدا دەکرێمەوە و دەیخوێنمەوە. جەستەیەکى بێ هێز و لاوازت هەیە، سەربارى ئەم بارەش بوێرى و سەرچڵیت بۆ ئەدەب لەوپەڕى هێز و وردى و نەفەس درێژى تەندروستیدایە.

 

 

نامەیەکی کراوە بۆ عەبدولڕەزاق بیمار

 

سەباح ڕەنجدەر

 

کاکە بیمار سڵاو: نزیکەی دە ساڵێکە خووێکم گرتووە، هەموو مانگی یەکی ساڵێکی نوێ، ئەم پێنج کتێبە لە کتێبخانەکەم دەردەهێنم و کاتى خۆمیان لەگەڵ نوێ دەکەمەوە. کتێبخانەکەم هەمەجۆر نییە. تەنیا ئەدەبە.

1- دیوانی مەحوی.

2- کۆچیرۆکی لاکێشە ڕووناکەکانی عەبدوڵڵا سەڕاج.

3- نۆڤلێتی چارەنووسی ئادەمیزادی شۆلۆخۆڤ، دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف کردوویەتی بە کوردی.

4- دیوانی گۆران.

5- کۆچیرۆکی گەلەگورگی حوسێن عارف.

مەرجیش نییە سەرلەبەر هەموویان بخوێنمەوە، بەڵام بە زۆرینەیاندا دێمەوە و لە شێواز و بیناسازیی و بنەماى گیانی و هێزى خوڵقێنەریان ورد دەبمەوە. ڕەنگەکانى داهێنان بەگەلێ شێوەوە خۆیان نیشان دەدەنەوە، پاشان هێواش هێواش لەچاو ون دەبنەوە، ونبوونێکى قووڵ، پاش تێپەڕبوون و ڕاگرتن و گێڕانەوەیان، پابەندییەکانى نووسین دێنەوە ئاراوە و زەینم دەورووژێنن. ئەم زەین ورووژانە هەستپێکراو و ئاشنایە، بارودۆخەکان دەبڕێت و چاوشایەتى بارودۆخەکانیشە.

ئەمساڵ ئەوەم نەکرد، کۆخوێندنەوەیەکم بۆ هەموو بەرهەمەکانی تۆ کرد. خۆم لەبەردەم پێکهاتەیەکى کراوەدا بینییەوە، تایبەت، زۆر لە دڵەوە، هەر پێنج کۆشیعرەکەتم خوێندەوە. (1- دیوانى بنەوشەکان - 1981.  2- دڵدارى ئێمە – 1982.  3- کانیلە و خۆشەویستى – 1984.  4- ناوچەوان – 2000.  5- ڕۆژانێک بوو – 2006)، ئەگەرچی تاک تاک لە کاتی دەرچوونیاندا، خوێندوومنەتەوە، نازانم بۆ لە یەکەم خوێندنەوەمدا ئاوا هۆگریان نەببووم، قووڵایى ئەم جیاوازییە لە کوێدا دەردەکەوێ. لە ئەفسوونى شیعر خۆیدا. گرینگترین ڕەگەزى هۆگربوونیش سەراسیمەبوونە بە هەستپێکردن و هەستپێکراو، بەڵام تشیرینی دووەمی (1969)، لە گۆڤاری بەیان ژمارە (1)، شیعرێکت بە ناوونیشانی (ئەسپی والی)، بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ئەیلوولی (1986)یش، لە گۆڤاری نووسەری کورد، ژمارە (5) دوو شیعرت بە ناوونیشانی. 1- (بەچرپە). 2- (داڵدە). بڵاوکردووەتەوە. نازانم ئەفسوونی ئەم سێ شیعرەت چییە و لە تەمەنی خوێندنەوەمەوە لەگەڵمدان و لێم جیا نابنەوە و بەوپەڕى سادەیى شیعرییەوە لەناویاندا ماومەتەوە، هەمیشەش نەوای نوێ دەچرپێننە گوێم و زۆر دوورم دەبەن، دوور بۆ هەرێمی بێدەنگى شیعر، کە دڵنیام دەگەم بە مەرگ و ناگەم بە هەرێمی بێدەنگى شیعر.

گۆران یەکێکە لە نموونە باڵاکان لە لاى ئێمە و کاریگەرى لەسەر ئاراستەکانى شیعرى کوردیدا هەبووە. هەندێک مەودا لەناو ئەزموونی تۆدا بە ئاسانی دەستنیشان دەکرێن، کە دەربڕین لە هێڵی شیعری گۆران دەکات، دەشزانم گۆران دەکەیت بە سەرچاوەیەک و لەودا هێز و نیشانەی شیعر وەردەگریت، بەڵام نیشانکار و نیشانکراوێکى نیمچە جیاواز دەدەیت بە زمانی شیعر و بە شەرمێکی زۆرەوە سەرچڵی ئەوە ناکەیت تەواو لێی جیا ببیتەوە. ئەم بۆچوونەش بە تەواوى لە زمان و پێکهاتەى شیعرى (دووکانەکەى مام حوسێن) ڕوون دەبێتەوە و ئاراستەکانى دەستنیشان دەکرێت، بەو پێودانگەی گوتراوە شیعری داهێنراو هونەری بێدەنگییە،  تۆ لەسەر هێڵی ئەم بێدەنگییەدا ماویتییەوە و بێدەنگی شیعرت پاراستووە، بەئاگاداریەوە دەشبینیت چ لە دەوروبەرتدا ڕوودەدات، بە ڕوونییەکى زۆرەوەش بەشدارییەکی کارا و ئەندازەییت لە چوونە ناو هەرێمى بێدەنگی شیعر کردووە، ئاسۆی چاوەڕوانی دەقی خۆت بێدەنگ ڕاگرتووە، نەک پڕ دەنگە دەنگ و ژاوەژاوی جاڕسکەر. دەبێت ژیانێکى سەربەخۆ و بێ لایەن و نیمچە دوورەپەرێزت هەبێت تا بە قووڵى تێیدا هەست بە شیعر بکەیت. سەکۆ و شوێنى قەرەباڵغ و شوێنە گشتییەکان، شوێنێکن بۆ کات بەسەربردنى نووسەرە گەندە و پەراوێز و کارمەندە کانى ڕۆشنبیری.

ئەم هەستپێکردنە دوورم دەبات، دوور بۆ هەرێمی بێدەنگى شیعر، مەغدوورترین شاعیر لەبارەی لەبارەنووسینەوە تۆیت، کانوونی یەکەمی (1984) لە گۆڤاری بەیان، ژمارە (101 - 102) بابەتێکی ڕەخنەیی دکتۆر کەمال غەمبارم بە ناوونیشانی (کانیلە و خۆشەویستی) خوێندەوە، ئەم نووسینە بەها و گرینگییەکى تایبەتى هەیە. لەناو واقیعى شیعرەکانەوە،کە بەڕوانینێکى ڕەخنەگرانەوە گوتارى ڕەخنەیی خۆى دادەمەزرێنێت، تاکە نووسینە لەبارەی ئەزموونی تۆ خوێندبێتمەوە، وەک یەکەمین سەرچاوەش پێویستە بگەڕێینەوە سەرى. تۆ یەکێکى لە ئەزموونگەرە پێشەنگەکان، بەڵام ئەزموونگەرێکی بەردەوام نەبوویت و ناکرێیتەوە و نابیتەوە چەند ڕووبەرێکی تر، واتا بە پانوپۆڕی ئەزموونی نوێبەخشی نەچوویتە پێشێ. پابەندى بە بیروباوەڕى چەپ و لەسەریشى سووریت، لێڵى هەستیش لە ئەزموونى تۆدا نییە. زۆر بە وردیش وشەکانت هەڵدەبژێرى، وردبینانەش بەکارى دەبەیت. ئەوەى لەهەست وێناى دەکەیت، لەسروشتى شیعردا پیشانى دەدەیت.  ئەزموونى تۆ وێنەیەک لەسەر شاعیر دروست دەکات، کە هەڵگرى بارى گرانى هەقیقەتە. لەکاتێکدا شاعیر هەڵگرى هەقیقەتێکى فەنتازییە و لە ڕێگاى هەقیقەتەوەش قسە ناکات، بگرە لە ڕێگاى هەقیقەتێکى فەنتازییەوە قسە دەکات، قسەکردنیش لە ڕێگاى فەنتازیاوە باڵاترین شێوەى قسەکردنى ئەدەبیییە، شیعر بێ فەنتازیا مانایەکى هەستى و هونەرى نییە. شتێک بەهۆى ئاڵۆزى واقیعەوە بزر دەبێت، شاعیر لە دۆخى زەینیدا ئەم شتە دەبینێت و دەیدۆزێتەوە و ناوى دەنێت فەنتازیا.

 شیعر و خوێندنەوەى، تاکە برادەرى نزیک و باوەڕپێکراومە، ساڵە باشەکانى خوێندنەوە تێنەپەڕیون، هاوینی (2014) باسی توانا و ئەزموونی پڕ و کاراى لەبیرکراوی تۆم بۆ دکتۆر عوسمان دەشتی کرد و پێشنیاری ئەوەشم کرد، کە بیرکردنەوەى بەرهەمدارت لە زانکۆکانی کوردستان باس بکات و بدرێت بە قوتابییەکی ماستەر، یان دکتۆرا، پاش ماوەیەک ئەو هەواڵە شایانەى پێ ڕاگەیاندم کە پێشنیارەکەم لە لێژنەی زانستی، بەشی کوردی، زانکۆی کۆیە، پەسند کراوە و قوتابییەک نامەی ماستەر لەبارەی ئەزموونی بەرهەمدارت پێشکێش دەکات.

سەرکەوتن لەناکاودا ڕوونادات، دواى چەندان تاقیکردنەوە و چاودێریکردنى ئەزموون دێتە دى. ئەو هەستە ئەدەبییەى، کە چەندان ساڵە بۆى دەگەڕێ لە نوختەى بینین، ڕووبەڕووى داهێنەر دەبێتەوە و لە چرکەى بەخشندەییدا دەیدۆزێتەوە. پاش تێڕامان و بەخۆداچوونەوە ئەم چرکە بەخشندەیییە وەک ناوەندێک وەردەگرێت، کە شاعیر ناوەندى خۆى دامەزراند  و چووە ناو چرکەى بەخشندەیى خۆیەوە، ئیتر دەکرێتەوە و دەبێتەوە چەند ڕووبەڕێکى تر.

(8/12/2012) برایەکم جوانەمەرگ بوو، لەمەرگیدا هەموو شتێکم بزرکرد و لە ڕاستى بوون گەیشتم و توامەوە. خودا: کرۆکى ڕووناکییەکانە نەمتوانى لەودا بتوێمەوە، بەڵام لێى نزیک بوومەوە. دوای ڕووداوەکە بەدواى ئاگرى جەرگ دەگەڕام و ڕوونى ئاو و ئاسمانم تەى دەکرد، هەوڵم دا مەرگنامە و لاوانەوەیەک بنووسم، دواتر بە ناوونیشانی (دواتاریکی) نووسیم و لە کۆشیعری (حەز دەکەم ئەوەندە بژیم)دایە.

دیوان و کۆشیعری زۆربەی شاعیرانی خۆمانم هەڵگێڕ و وەڕگێر کرد، مەرگنامە و لاوانەوەکانم بە دڵگەرمییەوە خوێندنەوە، لەم پانتاییەدا، کە پانتاییەکى پڕ و کارایە لە شیعرى نوێى کوردییدا، تەنیا ڕووبەڕووی یەک دوو دەق بوومەوە، کە لە واقیع دوورخرابێتەوە و کرابێت بە واقیعی نووسین، مەرگنامە و لاوانەوەکەی دیلان بۆ شێخ مەحموودی حەفید، بە ناوونیشانى: (شێخ مەحموودى زیندوو). لە هەر هەمووشیان قووڵ و سەرنجڕاکێشترین مەرگنامە و لاوانەوە ، مەرگنامە و لاوانەوەکەی تۆیە بەناوونیشانى: (شیوەنی سەیدەوان)، کە بۆ کوڕە جوانەمەرگەکەت نووسیوە. بەو تێگەیشتنەی من بۆ شیعر هەمە، لە لایەنی مەرگنامە و لاواندنەوەوە، شیعرەکەی تۆ لەناو شیعری نوێى کوردیدا، دەقێکی کتوپڕ و سەرسوڕهێنەر بوو، لە واقیعی کارەسات دوورخراوەتەوە و مەودای واقیعی نووسینی وەرگرتووە و گەڕاویتەوە سەر ڕەگ و ڕیشەى کولتوورى کوردى، بەیتى سەیدەوانت کردووەتە پەیژەى سرووش بۆ درەوشانەوەى ڕوودا و هەڵکشانى بەرەو بەرزایى و ڕایەڵەکانى دەقى درامى.      

ساڵى(1998) ڕۆژنامەنووسان: مەحموود زامدار و ئازاد عەبدواحید چاوپێکەوتنێکى تێروتەسەلیان بەشێوەى کتێب بەناوونیشانى: (شکور مستەفا: گەشتێک بەناو زمان و فیکر و ئێستێتیکادا) لەگەڵ شکور مستەفا کردبوو، لەم چاوپێکەوتنەیدا لەسەر ئەزموونى من وەستاوە و بیروڕاى لەبارەوە دەربڕِیوە. لە بۆنەیەکدا لە هەولێر، لە ئوتێلى هەورامان ڕێکەوتى یەکتریمان کرد و بەشەرمێکى زۆرەوە سوپاسم کرد، کە بەم تەمەنەوە بەرهەمى ئێمەمانان دەخوێنیتەوە، نەک هەر دەیخوێنیتەوە، بگرە قسەشى لەبارەوە دەکەیت. بەخاکەڕاییەوە دووبارە قسەى خۆى کردەوە و گوتى: شاعیرى گەنجى وەک ئێوەمانان دەبێت وەک عەبدولڕەزاق بیمار شارەزاى هونەرەکانى شیعرى کلاسیکى کوردی بێت. دیارە بەهرە و توانایی تۆى باش ناسیوە، بۆیە لە ڕێگاى تۆوە ئەم ئامۆژگارییەى ئێمەمانانى کرد و من لەلاى خۆمەوە گوێڕایەڵى بووم و دەبم.

من وردودرشتى لایەنەکانى ئەزموونى تۆم بەدڵ نییە، بەڵام لە هەموویاندا شاعیرانە بیرت کردووەتەوە و لەو خاڵە گەشانەى، کە هەست و بینین تێکەڵاو دەکەیت، دەوەستم و دەچمە ناو چوارچێوەیەکى شیعرییەوە. بەتایبەتى شیعرى (ئەسپى والى). لەگەڵ ئەم شیعرەدا، کە ساڵى (1966) نووسیوتە، کرۆکى سەرەتاى شێوازێکى نیمچە نوێ لە شیعرى کوردیدا دێتەگۆڕێ، بەڵام بەتەواوى لەدایک نابێت. دواتر لەسەر دەستى کۆمەڵێک شاعیرى دیکەدا لەدایک دەبێت و گەشە دەکات و پێدەگات، ئەگەرچى سەداسەد فیکرەى شیعرەکەت لە کەلەپوورى کوردى وەرگرتووە، بەڵام گرینگى و بایەخ لە شێوازدا وەردەگرێت. شێواز لەخودى تۆدا مەبەست بووە. لەو مەبەستەدا شێوازى شیعرى خۆت بەهێز کردووە.

کاکە بیمار: یەک لە خەسڵەتەکانی داهێنان و داهێنەر، بوێری و سەرچڵییە. لە سێیەمین میهرەجانی شیعری کوردی لە هەولێر، لە (11/9/1986) شیعری (قوڕقوشمی تاڵ)ت خوێندەوە و پێشکێشی شاعیری شەهید (جەمیل ڕەنجبەر)ت کرد. لەم شیعرەتدا گوێگر بەر دنیابینیەکى جیاواز کەوت لەگەڵ ئەو شیعرە بەرگرییە باوخوازانەى لەئەدەبى کوردیدا هەبوون.

ئەم جۆرە خۆهەڵخستنانە، خۆهەڵخستنی خۆدەرخستن، کە لەم جۆرە بۆنانە ڕوودەدەن، بەڵام ئەوەی تۆ بوێرى و سەرچڵیی داهێنان و داهێنەرانە بوو، نەک خۆهەڵخستن و خۆدەرخستن.

لە هۆڵەکەدا لە نێوان دوو شاعیر دانیشتبووم، کە پێشکێشەکەت خوێندەوە، هەردوو شاعیرەکە وەک ئەوەى لە گەرمەشەڕى سەنگەردا شکابن و تفەنگیان فڕێدابێت، هەڵاتن و هۆڵەکەیان جێ هێشت، کەواتە ئەم دوو شاعیرە بوێری و سەرچڵیی داهێنان و داهێنەریان تێدا نییە، بۆیە مێژووی نووسینیان زیاتر لە چل ساڵە هەر وەک پەراوێز ماونەتەوە و لە شوێن پێی خۆیاندا پێکوتە دەکەن، هەر مانگێکیش دەربکەوێت، ئەوان دەشڵەژێن و چەنەیان بەرانبەری شل دەبێت، دەبن بە عەبەلوول.

لەدوای ئەم بوێری و سەرچڵییەتەوە، هەرچی نووسینی تۆم لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبەوە کەوتبێتە بەرچاو، پێش ئەوانی تر بەسەریدا دەکرێمەوە و دەیخوێنمەوە. جەستەیەکى بێ هێز و لاوازت هەیە، سەربارى ئەم بارەش بوێرى و سەرچڵیت بۆ ئەدەب لەوپەڕى هێز و وردى و نەفەس درێژى تەندروستیدایە.

کاکە عەبدولڕەزاق بیمار: لە دڵێکى نزیک، زۆر نزیکەوە ئەو نامەیەت بۆ دەنووسم. شیعر تاهەتایە نەناسراوە، ببڕاى ببڕیش لەبارەیەوە هیچمان پێ ناگوترێت، یان ناتوانین شتێک بڵێین. ئەوەى هەیە دوور لە هەموو پاڵەپەستۆ و چاووڕاوێک دان بەوەدا دەنێم ملکەچى دەسەڵاتى شیعرى بێگەردین. هەستی شیعر کە هات و شاعیری خستە دۆخى زەینییەوە، ڕەت ناکرێتەوە، من سی و پێنج ساڵ زیاترە، بەپڕاوپڕى بوون و توانامەوە لەگەڵ شیعردا یەکم گرتووە و لەناویدا تواومەتەوە.(الفناء فی الله - الفناء فی شعر)، هەرکاتێک زانیم شیعر چییە. ئیتر دەچمە قووڵایی بێدەنگیی و ناینووسم، بەڵام دڵ بەخۆ خۆشم تا ئێستا نازانم چییە و دەینووسم، نووسینەکانی تر دەزاندرێن چین. شیعر هەموو مانایەکانە، هیچ لەبارەوە زانین، بچووککردنەوەیەتى بۆ تاکە مانایەک.

لە پاڵ شیعردا، شتێک هەیە کامە کامەت پێ دەکات، شانۆنامە و چیرۆک و لێکۆڵینەوە و ڕەخنەى ئەدەبى دەنووسیت و کاری ڕۆژنامەوانى و وەرگێڕانیش دەکەیت. شاعیری داهێنەری تریش بوونەتە قوربانی ئەم کامە کامەکردنە، ئایە دەتەوێ فۆرم و شێوازى ژیان لە چ ئەدەبێکدا دابڕێژیت و بەهرە لەکامیاندا بنوێنیت، یان دەتەوێ وەک فەلسەفەیەک ئەوە بەکاربهێنیت، کە تێڕوانینێکى گشتگیرت بۆ ئەدەب هەیە. ئەمەش یەک لە مەحاڵەکانى تایبەتمەندییە. جارێکیان لە ماڵی دکتۆر مارف خەزنەداردا بووم، وانەی بە دوو قوتابی دکتۆرا دەگوتەوە، ئاماژەی بە ناوی پیرەمێرد و عەبدولڕەزاق بیمار و ئەحمەد تاقانە و فەرهاد شاکەلی دا، کە نووسینەکانیان بەسەر شاعیرەتییاندا کراوەتەوە و لە بنەڕەتیشدا هێزی شاعیرایەتییان، نیشان و نیشانەی کەسایەتی ئەدەبییانە. ئەگەرچی هیچ نووسینێکی تر ناتوانێت شکۆمەندی شیعر داگیر بکات، چونکە شیعر هونەری بێدەنگی و جوانکردنی بوونە، شیعرییەتی شیعر، هونەرى بەشێکە نەک جەماوەرێکی پانوپۆڕ، ئەم بەشەش بەدوایدا دەگەڕێت و دەیدۆزێتەوە، وەک کارێکی تایبەت خۆشی دەوێت، خۆشویستنێک، کە لە ژیانیدا هەستى پێ دەکات و گرێ و گۆڵ لە ڕووبەرى هەست دادەماڵێت.

 

 

 

        کانوونى دووەمى 2016 هەولێر

گەڕان بۆ بابەت