ما 6529 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێوەرێکی 

پێناسەی دەقی هونەری و ئەدەبی

هەموو مرۆڤەکان گەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، پێویستیان بە دوورکەوتنەوە لە دونیای جەنجاڵ و پڕ لە بێنە و بەرەی دەورووبەریانە. هەموومان دەمانەوێ بۆ ئەوەی بتوانین سەرلەنوێ وزەکانمان رێبخەینەوە، بۆ ئەوەی بە ورە و توانایەکی پترەوە دیسان بەرەو ژیان بگەڕێینەوە، بۆ ماوەیەک بە جیا لەخەو، بە شتی تر خۆمان ئامادە بکەینەوە.

 

 دەقی هونەری و ئەدەبی ئەو دەرفەتەن کە ئەم ئامادەکارییەمان پێدەبەخشن.

کاتێک خەریکی خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبین، یاخود گوێ لە پارچە مۆسیقایەک دەگرین، جگە لە هێوربوونەوەمان، دیاردەیەکی تر کە لە دەروونماندا روودەدات گەڕانەوەیە لە شتە دەرەکییەکانەوە بۆ شتە ناوەکییەکان. واتە ئیتر چاو لە جیاتی ئەوەی بۆ پێشەوەی خۆی بڕوانێ، بۆ پشتەوەی خۆی دەڕوانێ. جۆرێک لە دەروونگەرایی لە مرۆڤدا سەر هەڵدەدا کە سەرچاوەی تێڕوانینێکی ترە. هەر ئەم حاڵەتەیە ئارامی و دەرفەتی سەرلەنوێ وزە کۆکردنەوەمان پێدەدا بۆ ئەوەی گەر جارێکی تر روومان لە ژیان کردەوە، بە جۆرێکی تر رووی تێبکەینەوە.

کەواتە پێوەرێکی سەرەکیی دەقی هونەری و ئەدەبی، بەخشینی ئەم هێورییەیە. گەر لە هەر شوێنێک هێوریت پێ بەخشرا، بزانە لە بەرامبەر دەق یاخود رووداوێکی هونەری و ئەدەبی دا راوەستاوی. تەنانەت لە کاتی سەیرکردبی وێنەیەکی دەگمەنی سروشتیشدا.

بە خۆشییەوە، قوڵبوونەوە، دووانەی هێورییە. کە لە ئەزموونی سەیرکردن یاخود خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبی و هونەری دەبینەوە، جۆرێک لە قوڵبوونەوە لە دیاردەکانی ژیان تیاماندا سەرهەڵدەدا. رێک ئەمەیشە ئەدەب و هونەر لە خەو جیادەکاتەوە.

 

سایتی قەڵەم

٢٣ یانواری ٢٠١٦

 

 

گەڕان بۆ بابەت