ما 2488 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ونبوونی من

یەکێک لە کێشە و خەسارەکانی ئەدەب و هونەر، وەک هەر بەشێکی تر بریتییە لە لاساییکردنەوە و مودێلگەرایی. هەڵبەت نە لاساییکردنەوە و نە مودێلگەرایی خۆی لە خۆیدا نگەتیڤ نین. بۆ وێنە لاساییکردنەوە بەشێک لە رەوتی فێربوونە و مودێلگەراییش بەشێک لە رەوتی زاڵبوون بە سەر چوارچێوە و شێوازە نوێیەکاندا.

 

لە راستیدا کێشە لەوێوە دەست پێدەکا کە لاساییکردنەوە و مودێلگەرایی دەبێ بە لایەنی سەرەکی و، هەموو رەوتەکە لای نووسەر و هونەرمەند داگیردەکەن. لەم حاڵەتەدا دیاردەیەک سەرهەڵدەدا کە دەتوانین ناوی لێ بنێین "کاتێک ئەوی تر دەبێ بە من"، یاخود "کاتێک من دەبم بە ئەوی تر".

 

بەم شێوەیە تاکایەتی ئەدەب و هونەر کە مۆرکی سەرەکیی هەر بەرهەمێکە ون دەبێ و، ئەدیب و هونەرمەند بە بێ خوڵقاندنی خۆ لە دەقی خۆیدا، دەبن بە دووبارەکەرەوەی ئەو کەسانەی وا توانیان خۆ لە دەقی خۆیاندا بەرهەم بێنن.

 

ئاساییە هەر نووسەرێک بکەوێتە ژێر کاریگەریی نووسەرانی ترەوە. بەڵام ئاسایی نیە کاتێک ئەم نووسەرە لە دەقەکەی خۆیدا خۆی ناناسیتەوە و لە کاتی خوێندنەوەدا زەینی خوێنەر دەچێتە سەر نووسەرێکی تر. لێرەدایە ئیتر دەق سەرنجی خۆی لە دەست دەدا و خوێنەر بۆ چێژ دەگەڕێتەوە سەر نووسەری داهێنەر و سەرەکی.

 

دۆزینەوەی خۆ لە دەقیشدا زۆر دژوار نیە. تەنیا ئەوەندە بەسە نووسەر و هونەرمەند زۆر تەسلیم و ملکەجی شێواز و فۆڕم نەبن و، هەوڵ بدەن نێوەڕۆکی خۆیان لە دەقدا تا دەتوانێ بەرجەستە بکەنەوە.

 

سایتی قەڵەم

٢ فێبرواری ٢٠١٦

 

 

گەڕان بۆ بابەت