ما 5825 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

زبانی دایک، زبانی تۆ (٣)

هەر وەک لە بەشەکانی پێشودا ئاماژەمان پێکرد نزیکەی شەش هەزار زبان ئێستا لەدونیادا هەیە. بەشێک لەم زبانانە خەڵکێکی کەم قسەی پێدەکات و بەشێکیشیان زبانی نووسین و خوێندن نین، بەڵام زۆربەی زبانەکانی دونیا خاوەن رێزمانن و وەک زبانی نوسینیش بەکاردێن.

 

ئەوەی کە مرۆڤ لەکەیەوە دەستی بە قسەکردن کردووە، نادیارە و لەوانەیە سەر لە ملێۆنان ساڵ بدات، بەڵام کۆنترین نوسراوە تەمەنی نزیکەی 5000 ساڵە کە ئەویش لێکچونێکی وەهای  وەک نووسراوەکانی ئەمڕۆی تێدا نییە.

ئینسان بۆ هێشتنەوەی قسەکانی، نووسینی داهێنا و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ هەر دەنگێک نیشانەیێکی دانا و لە کۆی ئەو نیشانانە کە ئەلف و بێی زبانی پێدەڵێن رستەی ساز کرد و، بەم شێوەیە زبانی نووسین دانراوە. بەڵام هەموو زبانەکان بەهەمان شێوە نووسینیان دانەناوە، بەڵکو بڕێک لە زبانەکان وەک زمانی چینی شێوازی نووسینیان جیاوازە و بە جێگەی پیت و نیشانەی دەنگی، کەڵک لە سیمبول و نیشانەگەلێک وەردەگرن کە هەر یەکە و بۆخۆی وشەیێکی تەواوە. مناڵانی چینی دەبێ لە قوتابخانە دەیان هەزار نیشانە فێر بن و لەبەری کەن تا بتوانن خوێندن و نووسین فێر بن.

سەرە ڕای هەموو ئەم جیاوازیانە، زبانەکان لە نوسیندا و تەنانەت لە ئاخاڤتنیشدا لە یەکێک لەم سێ شکڵ و فۆرمە کەڵک وەردەگرن ( بکەر ـ کردە ـ بەرکار) (کردە ـ بکەر ـ بەرکار) یان (بکەر ـ بەرکار ـ کردە). لەگەڵ فێربونی هەر زبانێک مەرج ئەوەیە کە بە فۆرمی تایبەتی ئەو زبانە بپەیڤی، ئەگینا تەنیا فێربوونی وشە و لەبەرکردنیان نابێتە هۆی فێربوونی زبانەکە و لە ریزکردنی وشەکان بە فۆرمی هەڵە مانای پێویست ناگات و کەس لێت تێناگات.

سەرەڕای ئەوەی زبانی هەر کەس دەکەوێتە خانەی کام یەک لەو سێ فۆرمە، لەسەرەتای فێربووندا وەک منداڵ لە دایکەوە فێردەبین و ئاگاداری هیچ رێزمان و فۆرمێکیش نین. ئەم یەکەم زبانەمان زبانی دایکیمانە و، زبانی هاوبەشی لانیکەم ناو خێزانی ماڵەوەیەو کۆمەڵگای وڵاتی خۆمان. بەڵام سەرەڕای هاوبەش بووبی ئەو زبانە و تێگەیشتنمان لەیەکتر بەهۆی یەکبوونی زبانەکەمانەوە، هەر کەسێک زبانی تایبەتی خۆیشی هەیە کە لە هی کەسیتر، تەنانەت لە زبانی دایکیشی ناچێت. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئاستی خوێندەواری، جۆری کار و شوێنی ژیان و تەنانەت حەز و ئارەزووەکانی ئینسان. کە ئەمەش پێی دەڵێن زبانی تۆ.

 

سایتی قەڵەم

٢٧ فێبرواری ٢٠١٦

 

 

گەڕان بۆ بابەت