فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە بتوانین خەڵەتاندنی ئادەم لە لایەن حەواوە کە ئەویش لە لایەن مارێکەوە خەڵەتابوو، بەم بۆچوونەی ئیفلاتوون بشوبهێنین. پیاوێک کە سێهەمین حەڵقەی زنجیرەی دیاردەیەکە بە ناوی خەڵەتاندن، تۆ بڵێی تا چەندە مافی ئەوەی هەبێ کە بتوانێ باس لە گەڕانەوەی بۆ بەهەشت یان باغی عەدەن بکاتەوە؟    

 

پیاو خوارتر لە ژن و لە مار

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە میتۆلۆژیادا دەخوێنینەوە کە ئادەم لە باخی عەدەن (بەهەشت) بێ کێشە لە ناو سروشت لە گەڵ بوونەوەرەکانی تردا دەژیا. کە خودا زانی ئادەم وەڕەز و تەنیایە، لە دەندەیەکی پەراسووی چەپی "حەوا"ی دروست کرد کە ژن بوو. خودا هەر لە رۆژی یەکەمەوە ئادەمی لە خواردنی بەرهەمی درەختی سێو قەدەغە کردبوو. ئادەم ئەم رازەی لای حەوایش درکاند، بەڵام سەرئەنجام رۆژێک حەوا لە لایەن ئەو مارەوە خەڵەتا کە لە ناو دارەکەدا دەژیا. حەوایش ئادەمی خەڵەتاند و بەم شێوەیە بە هۆی خواردنی سێو، هەر دووکیان لە باغی عەدەن واتە بەهەشت بۆ هەمیشە دەرکران.

وەک لە خودی ئەم میتۆلۆژیا بە ناوبانگەدا هاتووە، ئاکامەکانی خواردنی سێو ئەمانە بوون:

ـ  بە خواردنی ئەم میوەیە کە بە میوەی زانست ناودەبرا، ئادەم و حەوا ئیتر دەیانتوانی لە چاکە و خراپە بگەن،

ـ بەم تێگەیشتە ئەوان لە بوونەوەرە نەمرەکانەوە بوون بەو بوونەوەرانەی دەمردن.

وانە و دەرسی ئەم میتۆلۆژیایەیش ئەوەیە کە زانست، واتە لێک جیاکردنەوەی چاکە و خراپە بە واتای کورتبوونی ژیانی مرۆڤ و دەستبەرکردنی مەرگە.

زۆر کەس دەڵێن ئادەم لە بەهەشت دا خۆشبەخت و کامەران بووە و گەر ئەم میوەیەی نەخواردبا، ئەوا دەیتوانی بۆ هەمیشە درێژە بەم کامەرانییە بدات. بەڵام لە روانگەیەکی دوالیستی واتە دووگەراییەوە خۆشبەختی کاتێک مانا پەیدا دەکا کە لە بەرامبەر دیارەدەیک بە ناوی بەدبەختی و ناخۆشی دا بێ. واتە ئادەم بە شێوەیەکی لۆژیکی نەیدەتوانی لەو خۆشبەختییە بگا کە تێیدا دەژیا. کەواتە لە راستیدا خاوەنی ژیانێکی "نە خۆش ـ نە ناخۆش" واتە سیفر بووە.

بەڵام باسی ئێمە لێرەدا لە سەر ئەم پرسە نیە. لێرەدا دەمەوێ باس لەو روانگەیە بکەم کە بە هێنانەوەی ئەم میتۆلۆژیایە ژن بە بەرپرسیاری نەهامەتی مرۆڤ لە ژیاندا دەزانن.

لەم چیرۆکەدا ژن لە کەلەکەی چەپی ئادەم دروست دەکرێ. چەپ لێرەدا خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بە بەلارێدا چوونی ئەزەلیانەی ئەو بوونەوەرەیە کە بەڵێنە چێبکرێ. تا ئێرەیش دیسان رەنگە بەرامبەر بە کێشەیەکی زۆر گەورە رانەوەستابێتین، چونکە بەهەرحال ئادەم لە هەبوونی حەوا رازی و خۆشحاڵ بوو و، لە تەنیایی خۆی رزگاری ببوو.

کێشەکە لەوەدایە ئادەم کە تا ئیستا بە مارەکە نەخەڵەتابوو، بە بوونەوەرێک دەخەڵەتێ کە بەشێک لە وجوودی خۆی بووە (هەرچەند ئەم چیرۆکە هیچ شتێکمان لە سەر هەوڵەکانی مارەکە بۆ خەڵەتاندنی ئادەم پێشکەش ناکا). مارەکە ئەمجارە لە رێگای حەواوە هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ و تێشیدا سەرکەوتوو دەبێ. قسەی سەرەکیی مارەکەیش ئەوە بووە گەر لەو میوەیە بخۆن و ئەوجار بتوانن لە چاکە و خراپە بگەن ئەوا دەتوانن ببن بە خوا. بەڵام تێگەیشتنی ئەوان لە چاکە و خراپە نەک تەنیا نایانکا بە خوا، بەڵکو لە بەهەشتیش وەدەریان دەهاوێ!

هەتا ئیستایش ئەو رێچکەیەی ئەم میتۆلۆژیایە بۆ تاوانبارکردنی ژن بەکار دەهێنێ بۆ تێکدانی ژیانی بەهەشتیانەی ئادەم، ئاگایان لەو مەسەلەیە نیە کە ئادەم لە لایەن ژنێکەوە خەڵەتا وا ئەویش لە لایەن مارێکەوە خەڵەتابوو.

ئیفلاتون حەزی بە هونەرمەند نەبوو و لە شارە خەیاڵییەکەی خۆی دەریهاویشتبوون. ئەو دەیگوت ئەم دونیایەی بە دەورمانەوەیە کۆپیی جیهانی ئایدیاکانە و هەر بۆیە جیهانێکی رەسەن نیە (لای ئەو جیهانی ئایدیاکان رەسەن بوو). ئەوجا دەیگوت هونەرمەند بە لاسایی کردنەوەی ئەم جیهانە ناڕەسەنە و بە دووجار کۆپی کردنەوەی، بەرهەمێکمان پێشکەش دەکا کە دوو جار نزمترە لە جیهانی ئایدیاکان.

 

رەنگە بتوانین خەڵەتاندنی ئادەم لە لایەن حەواوە کە ئەویش لە لایەن مارێکەوە خەڵەتابوو، بەم بۆچوونەی ئیفلاتوون بشوبهێنین. پیاوێک کە سێهەمین حەڵقەی زنجیرەی دیاردەیەکە بە ناوی خەڵەتاندن، تۆ بڵێی تا چەندە مافی ئەوەی هەبێ کە بتوانێ باس لە گەڕانەوەی بۆ بەهەشت یان باغی عەدەن بکاتەوە؟    

بازدید: 994