ما 3014 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و. نەژاد عزیز سورمێ

ئەی کتێبە دێرینەکان! /پێم بڵێن! /چی لە دانراوە خاکییەکانم هات؟ /ماوەیەکی زۆر بە نووسینیانەوە /ماندوو بووم /دەمەوێ بزانم /چییان بەسەرهات و /لەسەر چ ڕەفەیەک پاڵ کەوتوون؟

 

 

چەند شیعرێک لە محەمەد ماغوتەوە

و. نەژاد عزیز سورمێ

 

رێی ئاوڕیشم

 

هەموو ڕۆژێ،

شکۆیەکی نوێ و

شەرمەزارییەکی نوێ

لە نیشتیمانەکەمدا دەدۆزمەوە.

هەواڵ هەیە

سەری پێ بەرز دەبێتەوە

هەواڵیش هەیە فشاری خوێن.

*

وەڕس بووم ئەوەندەی

پەنا بۆ جگەرەو مەی و

دەرمانی هێورکەرەوەو

کەڵوەکانی بەخت ببەم.

خەیاڵفراوانی،

دەمارەکانم دەپچڕێنێ

سنوورێکی دیار، یان ئەمینم

لەنێوان شکۆو شەرمەزاری

هیواو بێ ئومێدی،

شادی و خەم،

بەهارو پایز،

نێرو مێ،

مەرفوع و مەنسوب

لا نەماوە!

ئەوە ئێستاش

جوانترین قەسیدەم و

دوا قەسیدەم

لە گوێدا دەنێم

پەنجەشم لەسەر پەلاپیتکەیە

دڵنیام

چەند بازنەیەک دووکەڵ

بەرز دەبنەوە

وەک بڵێی

گوللەیەکی بەڕاستی بێ.

 

نیشتیمان بەسەر پێوە

خەونی دێرینم

نیشتیمانێکی داگیرکراوە

ئازادی بکەم.

یا نیشتیمانێکی ون بووە

بیدۆزمەوە

سنووری،

بە پێی ڕووبەرو

ژمارەی دانیشتوان و

ڕووبارەکانی

چالاکی چۆلەکەکانی و

ڕێبواری ڕێگاکانی و

ئەوانەی لە ئاسمانیدا،

بەنزین تێدەکەن

کورت و درێژ دەبێتەوە

نیشتیمانم

ئەوەی ڕێبوار،

ئاوی لێ دەخۆنەوەو

نەخۆشی لێ چاک دەبنەوەو

درەختی ڕووتی لێ گوڵ دەگرن

تەنانەت،

پێش داهاتنی بەهاریش.

*

ئەی کتێبە دێرینەکان!

پێم بڵێن!

چی لە دانراوە خاکییەکانم هات؟

ماوەیەکی زۆر بە نووسینیانەوە

ماندوو بووم

دەمەوێ بزانم

چییان بەسەرهات و

لەسەر چ ڕەفەیەک پاڵ کەوتوون؟

 

 

پەڕەسێلکەی پەستی

هەڵەکانم ژەنگیان هەڵێنا

بە پیتێک یا جوولەیەک،

داوای لێبوردنم نەکرد

لای من هەموو شتێک

کۆن و بەکارهێنراوە،

ماڵ،

دیوار،

پەردە

جل و بەرگ

شەپقە

مەی

فرمێسک و

شڵەژانی گوڵان،

کە پایز بەسەریاندا دەدا

ئاڵۆزی قسان نەبێ

کاتێ کردار پاڵپشتی دەکا

هەروا کە مەرگ

لە یەکێک لە خەونەکانمدا بۆم دێ،

وەسیەتم بۆ نیشتیمانم

بۆ یەکەمین ڕێگر کرد!

*

بەڵام بۆ کرداری ڕەنگاوڕەنگم،

وەسیەتم بە زەرد بۆ پایزو

بە کەسک بۆ بەهارو

بە شین بۆ دەریاو

بە بۆر بۆ هەورو

بە ڕەش بۆ گۆرانی و

لێکدابڕان و جودایی کرد.

 

 

فڕۆکەیەک دەفڕێ، دووان دەنیشنەوە

دوو فڕۆکە دەنیشنەوە

پۆلی کار،

شوێن و کار

بە درێژایی ڕۆژێ

ئاڵوگۆڕ دەکەن...

ئوتێل و شانۆ و پێشەنگاو

چایخانەو مەیخانەو ئۆتۆمبێل و

پایسکل و بەرزە پردو

تەلەفۆنی زەمینی و مۆبایل

کە جیهان دادەگرێ و

ئەنتێناو سێنی وەرگرتن

سەربان و بانیژان دادەپۆشێ.

*

بەڵام ئەوەی

لە بەرمیلی زبڵی

ئۆتێل و باڵوێزخانەکان

لەبەرماوەدا فڕێ دەدرێ

بەشی پێنج سوپایان دەکا!

لەچەند بەرەیەکی جەنگدا

یەکێک لەو بەرمیلانە

ڕاکێشانێکی نەتەوەیی،

بەڵکو شۆڤێنی ڕایکێشام

لەگەڵ یەکەمین پاروودا

بە یەکێکیانەوە نووسام

وێنەی بەرخێکی شیرەخۆرە

بە مەڕی دایکییەوە دەنووسێ

لەگەڵ ئەوەشدا

بە مەتر لەژێر هێڵی هەژاری دام

خەریکن وڵاتەکەم دەدزن.

 

پەیژەی ئاگرکوژاندنەوە

پاش ئەو هەموو ناووبانگ و

فراوانی بڵاوبوونەوەو

هاتووچوو

بۆ ئەوپەڕی دونیایێ؛

پاش

ئەو هەموو

کۆڕو دیدارو ئیمزای ئۆتۆگرافان و

هەستان و دانیشتنەوە

لەسەر سەکۆو

چەپلەی بەردەوام...

پاش ئەو خەڵات و میدالیا

ئەدەبی و شانۆیی و ڕۆژنامەنووسییانە

ڕووبەڕوو

لەبەردەم

شمشێری بن لادن و

بۆمبای ئەبو سەییاف و

کێردی ڕابیح بیتات و

تەوری ئەبو قوتابە و

خەنجەری ئەبابەکری باعاشیرو

سێدارەی ڕژێمان،

کۆتاییم دێ..

ئینجا تۆیش ئازادی

ئەو مردنە هەڵبژیرە دەتەوێ!

ئەگەر دووربین و نیشتیمانبین بی

وەختی خۆرئاوابوونێ ..

 

 

شەبەنگی فەڵەستینی

شمشێر لە دیمەشق

مل لە لوبنان

بەزین لە فەڵەستین

وەخۆڕاهاتن لە ئێران

 

برسییەتی لە سۆدان،

باروبوو بۆ سعوودییە

کل لە یەمەن

چاو لە ئەردەن

بەهار لە غۆتە،

پایز لە قاسییون

تەپڵ لە حرستا

زەماوەند لە دۆما

ڕۆژگاری قارەمانییەتی و

دروشم بەسەرچوون

ڕۆژگاری قارەمانییەتی و

دروشم هاتن

ڕۆژگاری

پاکانەو خیانەت هات

لەگەڵ ئەوەشدا،

پێکەنینی منداڵان و

جریوەی باڵندان،

بە سندووقان

بە شان..

وەک ئامرازی ڕاو و

جوانکاری

بۆ خێوەتگا زلەکانی

مەلییک و میران

لە شوێنێکەوە

دەبرێنە شوێنێکی دی.

 

 

 

* لە سایتی (منتدى الامبراگور)ـ ەوە

گەڕان بۆ بابەت