ما 5965 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تیرۆریستان و ماڤی مرۆڤ

'ئاندش برەیڤیک' تیرۆریستی نۆروێژی، لە ساڵی ٢٠١١ لە کردەیەکی تیرۆریستی دا ٧٧ کەسی کوشت (کە زۆربەیان ئەندامانی بە تەمەن منداڵی حیزبی کرێکاری نۆروێژ بوون کە وەک ئایدیۆلۆژیا حیزبێکی سوسیال دیمۆکراتە).

 

ئەم تیرۆریستە هەروەها بۆمبێکیشی لە بەر وەزارەتەکانی دەوڵەتی ئەم وڵاتەدا تەقاندەوە کە بووە هۆی وێرانکارییەکی بەرچاو. برەیڤیک لەدووای گیرانی لە لایەن هێزە بەرپرس و ئەمنییەکانەوە، زیندانی ئەبەدی بۆ دەرچوو کە بە گوێرەی یاسای نۆروێژ ٢١ ساڵە. ئیستا ئەم تیرۆریستە لە دووای چوار ساڵ کەوتووەتە سەرپێچی و شکایەت لە زیندان بەو ناوەی کە گوایا ماڤەکانی ناپارێزرێ و بە توندی لە کەسانی تر دوورخراوەتەوە. برەیڤیک لەم پەیوەندییەدا لە دەستەواژەی مافەکانی مرۆڤ کەڵکی وەرگرتووە!

هەڵبەت دەوڵەتی نۆروێژ وەک دەوڵەتی یاسا و پشت بەستوو بە مافەکانی مرۆڤ، ناچارە کە سەرەڕای کردەی دژوار و نائینسانیانەی کەسانی وەک ئەم تیرۆریستە، هەر بە گوێرەی یاساکانی خۆی بجوڵێتەوە و بۆیە نە دەتوانێ کەس لە سێدارە بدات و نە دەتوانێ کەسانی وەک برەیڤیک لە دۆخێکی نائینسانی و سەدەکانی ناوەراستیدا دابنێ و رایانبگرێ.

لێرە ئەمە مەبەستی ئەم یادداشتە گچکەیە نیە، ئەوەندەی کە قسەکانی برەیڤیک لەمەڕ مافی مرۆڤ مەبەستە. برەیفیک بۆ ئەوەی بتوانێ لە تەنیایی خۆی دەربهاوێ و دەرفەتی ئەوە پەیدا بکا ئایدیۆلۆژیی فاشیانەی خۆی برەو پێبدا، رێک دەیەوێ لەو جاڕنامەیەی کەڵک وەربگرێ کە بۆ خۆی بە توندی لە دژەیەتی! ئەو تەنانەت ئەمجارە کاتێک لە دادگا ئامادەبوو، بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو بە رەسمی و فەرمی لە شێوە سڵاوی نازییەکانی ئاڵمانی سەردەمی هیتلەر کەڵکی وەرگرت، ئەو هیتلەرەی بە هەڵگیرساندنی شەڕی دووهەمی جیهان بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە دەیان میلیۆن کەس.

هەڵبەت پێناچێ سکاڵای برەیڤیک تەنیا بۆ تەنیایی خۆی لە زینداندا بێت، بەڵکو واپێدەچێ ئەم تیرۆریستە کە دەرفەتی پێڕاگەیشتن بە هەواڵەکانی دونیای لە زیندانداهەیە، لەم کاتەدا کە بە میلیۆنان مرۆڤ بەرەو ئەورووپا کۆچ دەکەن و هێزە راستە توندڕەوەکانی ئەورووپا بەهێزتربوونە، دەیەوێ بە دەرفەت پەیدا کردن لە ناو میدیاکاندا و نواندنی پیامی فاشیانەی خۆی، بەشداری بکا لە رەوتی بەهێزبوونی راستڕەوی لە ئەورووپا و بەم شێوەیە درێژە بە خەباتی فاشیانەی خۆی بدات.

بۆ ئەم جۆرە کەسانە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، ئامرازە نەک هەدەف و ئامانج.

 

سایتی قەڵەم

 

١٧ مارس ٢٠١٦ 

گەڕان بۆ بابەت