ما 4504 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شەڕی بێ ئاکام

ئەوەتەی مرۆڤ هەیە، ژیانی تێکەڵ بە شەڕە. شەڕ سەرەتا بە شەڕ لە گەڵ سروشت دەستی پێکرد و دوواتر شەڕی مرۆڤ لە دژی خۆی. لەمێژە ئەم دوو شەڕە پێکەوە رێدەکەن و ژیانی مرۆڤیان کردووەتە دۆزەخێکی سەیر.

 

 لەمێژینە بوونی شەڕ کارێکی کردووە زۆر کەس دەڵێن وێناکردنی وێنەیەکی راستەقینە لە مرۆڤ بە بێ شەڕ لە زەیندا مەحاڵە. دەڵێن شەڕ دیوێکی هەرە ئەساسیی نێوەڕۆکی مرۆڤە.

چ وێنایەکی ترسناک!

یەکێک لە ترسناکترین نموونەکانی شەڕی نوێ، جۆری شەڕی داعشە. شەڕێک لە لایەن گروپێکی بێ دەوڵەت، بەڵام لە هەموو شوێنێک ئامادە کە بەرۆکی گەورە و بچوک دەگرێ و، نە لە باری جۆگرافییەوە و نە لەباری قوڵایی کارەساتەوەکەوەو نە لەباری شێوازی بەڕیوەبردنەکەیەوە هیچ سنوورێکی بۆ نیە. ئەم شەڕکەرانە هەموو شتێکیان کردووەتە ئامانج. ئەوان هیچ یاسایەک ناخوێننەوە.

لە پەیوەندیی لە گەڵ جیاوازیی ئەم شەڕە لە گەڵ شەڕەکانی تر با ئاماژە بە نموونەیەک بکەین: ئاڵمانی فاشی شارەکانی بوردومان دەکرد چونکە مەبەستی ئەوە بوو دوواتر بیانگرێ (نموونەی شەڕ لە دژی سۆڤیەت)، یان پشتی دوژمنی پێ بشکێنێ (وەک نموونەی لێدانی بریتانیا بە مووشەکی دوورهاوێژ). نازییەکان ئەم کارەیان دەکرد چونکە لەشکری ئامادەیان هەبوو بۆ داگیرکردن. یاخود نازییەکان لەو شوێنەی دەسەڵاتیان نەبوو سەرەتا بە کوشتی خەڵکی بێ دەرەتان و مەدەنی دەستیان پێ نەدەکرد. بەلام جۆری شەڕی داعش، رەشەکوژییە بە بێ هەبوونی لەشکرێک بۆ گرتنی دوواتری شوێنەکە.

وا پێدەچێ مەبەستی داعش جگە لەو شوێنانەی هەیەتی و ئیستاکە حوکمیان تێدادەکا، بە شوێن شێواندن و بڵاوکردنەوەی وەها ترس و وەحشەتێکە کە تان و پۆی ژیانی ئاسایی تیا تێکبدەن و بەم شێوەیە کۆمەڵگا وەها بەرەو داڕمان بەرن کە لەو داڕمانەدا گروپەکانی وەک خۆیان بتوانن بە ئاسانی جێگرەوە بن!

بەڵام داخۆ بەڕاستی ئەم گروپە لە شێوازی سیستم و سترۆکتۆری ئەورووپا گەیشتوون کە وەها پلانێکیان بۆ داڕشتووە؟

 

لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ وێنە لە نۆروێژ فاشییە نوێیەکان هەوڵیان دا لە رێگای رەشەکوژی و بڵاوکردنەوەی ترس و تیرۆر و تۆقاندن بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن، بەڵام مەدەنییەتی ئەورووپایی ئەوانی لە خۆیاندا قوت دا. هەربۆیە تیرۆر و رەشەکوژی لە باشترین حاڵەتدا تەنیا وەک تیرۆر و رەشەکوژی دەمێنێتەوە و، هیچی تر.

 

سایتی قەڵەم

٣ ی ئاپریلی ٢٠١٦

گەڕان بۆ بابەت