خەبات رەسووڵی

داپیرە هەموو کات بێ دەنگە و هەر سەیری 'هیچ' دەکات. لەوانەیە بیر لەو پیاوانە بکاتەوە کە لە گەڵیان بووە، ئەگەر رۆژنامەنووس بوایەم پێم خۆش بوو بە بیانوویەک چاوپێكەتنی لە گەڵ بکەم، بیوگرافینووسیش بوایەم ژیاننامەکەیم دەنووسییەوە.

 

 

منیش وەک داپیرە

خەبات رەسووڵی

 کە دەرکەی ئەپارتوومانەکەم کردەوە، نە منداڵەکان دیار بوون و نە خەڵک لە هاتووچۆ دابوون.بە سەرسووڕمانەوە بیرم لەوە کردەوە دەڵێی ئەوسێ رۆژەی لە ماڵێ نەبووم ئێرە بووەتە بەهەشت.

لە بەردەرکەی ماڵەکەی خۆم ئاوڕێکم لە دەرکەی ماڵی داپیرە داوە و بە دیتنی ئەو قفڵە زلەی لە دەرکەکە درابوو تاسام.نەمردبێ؟!

داپیرە قەت ناچێ بۆ سەفەر. بۆ کوێ بچێ، خۆ کەسی نییە تا سەردانیان بکات. بەو لاق هێشەیەشەوە هێشتا باشیشە تا سوپەرمارکێت دەچێ و، دێتەوە. بەو فکرانەوە کلیلەکەم لە گیرفانم دەرهێنا و دەرکەم کردەوە.

تا جلوبەرگم گۆڕی و دەموچاوم شووشت و چوومە سەر تەختەکەم، پشوویەک بدەم. دیسان ئەپارتوومان وەخەبەر هات و دەنگی پێ و هەڵات هەڵاتی منداڵان و قیژە قیژی ژنی دراوسێ و واقە واقی ساوا و... جەهەننەم دەستی پێ کردەوە. باشە ئەوانە لە کوێ بوون؟ باڵنجەکەم خستە سەر سەرم و، هەوڵمدا خەوم لێ بکەوێ.

زۆر سەیرە، دەڵێی هەموو ئەوانە لەمێشکی مندا دەژین! وەک بڵێی کە دەرکەی ئەپارتوومانەکەم کردەوە، منداڵەکان خەریکی هەڵات هەڵات بوون و خەڵک لە هاتووچۆ دابوون. بیرم لەوە کردەوە. ئەوسێ رۆژەی لە ماڵێ نەبووم هیچ شتێک لێرە نەگۆڕاوە.

لە بەردەرکەی ماڵەکەی خۆم ئاوڕێکم لە دەرکەی ماڵی داپیرە داوە و، بە دیتنی داپیرە وەک پەیکەرەیەک لە سەر کورسییەکی جوڵاو تاسام.

داپیرە قەت ناچێ بۆ سەفەر. بۆ کوێ بچێ، خۆ کەسی نییە تا سەردانیان بکات. بەو لاق هێشەیەشەوە هێشتا باشیشە تا سوپەرمارکێت دەچێ و دێتەوە. لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە سەر کورسییەکەی دادەنیشێ و چاو لە هیچ دەکات. بەو فکرانەوە کلیلەکەم لە گیرفانم دەرهێنا و دەرکەم کردەوە.

تا جلوبەرگم گۆڕی و دەموچاوم شووشت و چوومە سەرتەختەکەم پشوویەک بدەم، ئەپارتوومان مرد. دەنگی پێ و هەڵات هەڵاتی منداڵان و قیژە قیژی ژنی دراوسێ و واقە واقی ساوا و... جەهەننەم دامرکا. باڵنجەکەم خستە سەر سەرم و هەوڵمدا خەوم لێ بکەوێ.

 

لەو رۆژەوەی دراوسێیەکەی سەرەوەمان پێی گوتووم داپیرە بە جحێڵی لەشفرۆش بووە، جار جارە بیر لە داپیرە دەکەمەوە. جاری وایە بە چاوی کڕیار سەیری دەکەم. کڕێارێک کە لە ڕابردوودا دەیتوانی لە گەڵ لەشفرۆشێک ڕابوێرێ، لە ڕابردوودا عاشقی لەشفرۆشێک بێ. داپیرە هەموو کات بێ دەنگە و هەر سەیری هیچ دەکات. لەوانەیە بیر لەو پیاوانە بکاتەوە کە لە گەڵیان بووە، ئەگەر رۆژنامەنووس بوایەم پێم خۆش بوو بە بیانوویەک چاوپێكەتنی لە گەڵ بکەم، بیوگرافینووسیش بوایەم ژیاننامەکەیم دەنووسییەوە، ئەگەر دەرهێنەری سینەماش بوایەم ژیاننامەی داپیرەم دەکردە فیلم، بەڵام من هیچیان نیم. هەڵدەستمە سەرپێ و لە کونی دەرکەوە چاوێک لە داپیرە دەکەم. هەر وا ڕەق لە سەر کورسییەکەی دانیشتووە و زەق زەق چاو لە هیچ دەکات.

بازدید: 1139