فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەداخەوە لەم بەرنامە تەلەفزیۆنییەدا کاک مەریوان هەڵەبجەییش وەک رۆشنبیر و نووسەرێک لەم داوە دەتلێ و ئاگای لە ئاستی بەکارهێنانی زمان و جیاوازییەکانی لە نێوان شەقام و رۆشنبیردا نیە. 

 

خاوێنیی زمان، خاوێنیی ئەندێشە

پێشکەشکاری بەرنامەی 'شەقام' لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ 'مەریوان هەڵەبجەیی' دەڵێ با شەقامیانە پرسیارەکەت لێبکەم، تۆ جاشایەتیت کردووە؟ مەریوان هەڵەبجەیش لە وەڵامدا دەلێ نا من جاش نەبووم!

ئەمە بەشێک لەو شێوازە گفتوگۆیەیە لە گەڵ کاک مەریوان لە بەرنامەی شەقام بەڕێوە دەچی!

لەوە گەڕێین کە بە جوانی دیارنیە مەبەستی پێشکەشکار لە وشەی شەقامیانە، زمانی خودی بەرنامەکەیە کە ناوی 'شەقام'ە، یان زمانی جادە و ئاسایی رۆژانە، بەڵام ئەمە لەوە کەم ناکاتەوە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کە خۆی بە بەرنامەیەکی رۆشنگەرانە دەزانێ و ئەوانەی وا وتووێژیان لەگەڵ دەکا هونەرمەند و نووسەر و رۆشنبیرن، دەبێ خاوەنی ئاستێک لە زمان بێت کە بە زمانی خۆیان گوتەنی لە شەقام دەبێ جیای بکاتەوە.

هەڵبەت بەرنامەکە هەوڵ دەدا بیروڕای شەقام لە سەر نووسەر یان میوان بنوێنێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە ئیزنی ئەوەیان هەیە بە هەمان زمان ئەم بیروڕا و سەرنجانە بگوێزنەوە.

راستییەکەی ئەوەیە کە یەکێک لەو وشە ناحەزانەی لە زمانی کوردیدا هەیە و بۆ کەسانی خۆفرۆشی سیاسی کەڵکی لێوەردەگیردرێ، وشەی 'جاش' ە. ئەم وشەیە ئاستی ململانێ سیاسییەکان لە زماندا دادەبەزێنێتە سەر سووکترین شێواز و ئاستی خۆی و، جۆریک لە کلتوری سوکایەتی لە کۆمەڵگادا دەچەسپێنێ کە تا قوڵاییەکانی دەڕوا. کە ئەم سوکایەتییەیش تەنیا بۆ ئەو کەسە ناگەڕێتەوە ناوی 'جاش' ی لەسەر نراوە، بەڵکو بە جۆرێک هەڵگرانی ئەم وشەیەیش سوک دەکا کە پێیان وایە بە سوکایەتی دەتوانن گۆڕانی سیاسی دروست بکەن.

بەداخەوە لەم بەرنامە تەلەفزیۆنییەدا کاک مەریوان هەڵەبجەییش وەک رۆشنبیر و نووسەرێک لەم داوە دەتلێ و ئاگای لە ئاستی بەکارهێنانی زمان و جیاوازییەکانی لە نێوان شەقام و رۆشنبیردا نیە.

سوکایەتی کردن نەک تەنیا هیچ کەس لە ئامانجەکانی نزیک ناکاتەوە، بەڵکو بگرە لە دەروونەوە بەتاڵکردنەوەی ئەو پرۆگرامانەیە (پرۆگرامی سیاسی و حیزبی) وا گۆڕانخوازان بۆ کۆمەڵگا هەیانە. وشەی 'جاش' وشەیەکەی سەربە نەریتی کۆمەڵگای فیودالییە کە ئاستی زمان لە ململانێکانی ئەو ساتەدا دەنوێنێتەوە، کۆمەڵگایەک کە تێکەڵ بە سروشت بوو و لە سروشتەوە زۆر شتی بۆ ناو پەیوەندییە ئینسانییەکان رادەگواست. ئیستاکە بۆ نواندنەوەی دیاردەیەکی وەک خۆفرۆشیی سیاسی، زمانی کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە خۆنۆژەن کردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی بە شێوەی گونجاوتر هەیە. تەنانەت ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە زۆربەی ئەو کەسانەی ئەم بەڕێزانە ناویاندەنێن 'جاش'، لە رووی ناچاری و بە هۆی هەژارییەوە ئەم کارە دەکەن و تەنانەت ناکەونە ناو خانەی 'خۆفرۆشیی سیاسی' شەوە. چونکە ئەوانە بۆ نان وادەکەن و لێکدانەوەیەکی ئەوتۆیان بۆ جیهانی سیاسی بگرە هەر نیە.

 

جا با یەکجار بۆ هەمیشە وشەیەکی گونجاو بۆ ئەم دیاردەیە بدۆزرێتەوە و ئاستی سوکایەتی کردن چ لە کلتورماندا و چ لە زمانماندا کەمتر بکەینەوە. هەتا زمان خاوێنتر بێت، مرۆڤ ئینسانیترە.

بازدید: 821