ما 6372 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ  

ئەى هەورى نزیک،
گەوهەرى ڕوناهى!
ئەى خانەخوێى میواننەوازى مەرگ!
سوپاکان بێرەدا ڕۆیشتن...

 

 

ئایندەى پایز

نەژاد عزیز سورمێ      

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

وێنەى ڕێژنەى گریانى جودایی...

وەک خەمى نیشتمانى دوور...

سێبەرى کز... مۆسیقاى ناخ

بێدارى هەمیشە بێدار

دەڵێى سێوە دێرینەکانى باپیرمن

لەسەر کەلارى مێژوودا،

بەو تاڵە قژانە نووساون

بە شەوبا دەلەرێنەوە...

 

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

بوونەوەرێکى بێ سەرەتا و بێ کۆتایی،

نە لەخوا دەترسێ،

نە شەرم لە ئادەمییان دەکا

بە بەرچاوى با

بە بەرچاوى بەفر

بە بەرچاوى باران

ڕاوى پەپوولان دەنێ....

بوونەوەرێکى بێ سەرەتا و بێ کۆتایی،

نە لەخوا دەترسێ،

نە شەرم لە ئادەمییان دەکا...

 

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

خەم نزیک و نیشتمان دوور...

تەم لە دڵاوایی چاوى ڕێگا

بەرەو دۆزەخى تاریکى

یا فیردۆسى نوور بچێ؟

من بە کوێدا بڕۆم؟

ئاسمان کوێر

ئاسمان لاڵ

من بەکوێدا بڕۆم؟

لەو هەموو سێبەرە

کام سێبەر هی خۆمە؟

 

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

هەموو قەڵەمەکان تێکەڵ بوون...

هەموو خەنجەرەکان،

شمشێرەکان تێکەڵ بوون.

نیگاکان ڕوەو ژوور

سەرەداوەکان پچڕاو...

چیا،

نیشتمانى پایز،

دوا تاڵى شەفەق داڵدەى نەداین!

ڕووبار بۆ سەماى دڕکاوى

ئوتووى کراسەکەى تێک نەدا

ئاسمان کوێر

ئاسمان لاڵ

ئاسمان کەڕ

من بە کوێدا بڕۆم

لەو هەموو سێبەرە

کام سێبەر هى خۆمە؟

 

 

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

ئاراستەکان لەنووکەوە بەرەو نیگا

نیگا....

جێ پێى بەسەر فەرشى ئومێدەوەیە

نیگا

تامى پڕتەقاڵێک دەدا

کە لەچاودا وەک هەتاوێک وایە...

نیگا

لەبەرەبەیاندا خەو دەیباتەوە....

 

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

شار تینوو.... کولافە

شەقام لە وەرزى نمەکگیریدا

هاڕمۆنیاى خاکەشین و مێرگى ترس....

برینەکان لەوەیان زیاتر پێ نەدەکرا

مانگ

بێدارى هەمیشە بێدار

مانگ

چ پەیوەندى بە سێوێک هەیە

سێوێک هەموو دنیا تووڕ دەدا

پاشان کۆى دەکاتەوە....

 

مانگ

چ پەیوەندى بەوە هەیە

پایز لە شاخ بووە یا لەشار

خەباتى ژێر زەمینى هەبووە یان نا؟

مانگ

چ پەیوەندى

بەو بروسکە گەرمانەوە هەیە

هەمیشە لەباتى نان و دەرمان

لە هاوارمانەوە هاتوون....

 

ئەى هەورى نزیک،

گەوهەرى ڕوناهى!

ئەى خانەخوێى میواننەوازى مەرگ!

سوپاکان بێرەدا ڕۆیشتن...

جوانیەک

هێشتا شوێنەوارى مابوو

لەم ڕێگایەدا درایە بەر نێزان...

زامەکان وەکو خۆیان لێ هاتەوە!!

هەورى نزیک،

گەوهەرى ڕوناهى

خانەخوێى میواننەوازى مەرگ!

شکۆمان بە ساتێکى فڕیندا

بۆیە لە ژاڵەمان زیاتر نەدى،

چاومان لێ دابگرێ

پیاڵەمان لێوان لێوکا..

بەم جۆرە پێداهاتین

درەختەکانمان یەک یەک بڕین

تا لەچاومان ڕوانەوە....

(نوور)مان بەشەوى دەیجوور سپارد...

هەورى نزیک، گەوهەرى ڕوناهى

خانە خوێى میواننەوازى مەرگ...

خۆرئاوا نەببوو

ئێمە بووین لەجوانى تێر بووین...

ئێمە بووین ڕۆژگارمان تا دوا چۆڕ خواردەوە

خۆرئاوا نەببوو...

هەورى نزیک، گەوهەرى ڕوناهى

لەو ساوە،

زەردەخەنەیەک،

لە قوڵایی برینەکانەوە هاتووە

خەنجەرێک

لەگەڵ هەڵکردنى باهۆزدا هەڵکێشراوە...

پەیژەى ئومێد،

بە ئاوازە کپ کراوەکان،

بە مۆسیقاى ناخەوەیە

لەو ساوە،

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

لە ڕێوڕەسمى خۆپیشاندانێکى ئاشتیانەدا

جانتاى دەستمى پڕ لە شەوق کردووە

چاوچاو

چ شەوقێکى ڕەش و جوانە

لە دڵە بۆشەکان دەدرەوشێتەوە...؟

چاوچاو چ شەوقێکى بێ ترس و گومانە

لە لێوە بە بارەکاندا نوقم دەبێ....

 

چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبوە

سپێدەدەمان

گوڵە مێخەک،

دارەبەنەکانى پاڵ پاردە

بە سەماى ئەفسووناوى شازادە

لەخەو هەڵدەستان....

شار تینوو.... کولافە

شەقام لە وەزرى نمەکگیریدا

هاڕمۆنیاى خاکەشین و مێرگى ترس...

من ڕۆیشتم!

سەرم لە تاریکە بازاڕى ئاشنایان دا بەجێ هێشت

دامەوە کۆڵانە خۆڵەمێشیەکانى ئەکبادان

ئەفسووس

نە کەژاوەى سوڵتانم دى

نە بۆنى شازادە ڕوومەت گوڵیەکانم کرد

بەڵام گوێم لە مۆزارت بوو

پەردەى حەڕەمى دەلەراندەوە...

ئەو دەمە تێگەیشتم ئایندەى پایز لە کوێڕا دێ.

تێگەیشتم

چرا بۆچى لە حوسنى تۆدا هەڵبوە

ئەى هەورى نزیک... گەوهەرى ڕوناهى

خانە خوێى میواننەوازى مەرگ.

 

                                        

گەڕان بۆ بابەت