ما 4120 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک وەک هەر مرۆڤێکی تر، جاری وایە لە هەموو شتێکی ئەم دونیا ناڕەسەن و نەگبەت و بێ وەفایە جوان جوان بەتاڵ دەبێتەوە و، دەبێ بە قاڵبێکی پڕ لە 'هیچ' ی... بگرە تەنانەت هەست دەکا لە چاو مرۆڤەکانی تر زۆر خراپتر بەتاڵ دەبێتەوە. ئەوەندە بەتاڵ کە حەزی لە راوەماسییە!  

 

 

سەرۆک دەچێ بۆ راوەماسی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک وەک هەر مرۆڤێکی تر، جاری وایە لە هەموو شتێکی ئەم دونیا ناڕەسەن و نەگبەت و بێ وەفایە جوان جوان بەتاڵ دەبێتەوە و، دەبێ بە قاڵبێکی پڕ لە 'هیچ' ی. پووچ پووچ. پەیکەرێکی بە تەواویی بێ مانا. بگرە تەنانەت هەست دەکا لە چاو مرۆڤەکانی تر زۆر خراپتر بەتاڵ دەبێتەوە. ئەوەندە بەتاڵ کە حەزی لە راوەماسییە!  

سەرۆک دەزانێ ئەو نابێ و قەت مافی ئەوەی بە هیچ کلۆجێک نیە ئەم بەتاڵبوونەوەیە پیشان بدات. زۆر چاک دەزانێ دەبێ وەک هەمیشە قورس و قایم بنوێنێ،... قورس و قایم وەک خودی شۆڕش و بەرخودان و بەگژاچوونەوە. بەڵام بەتاڵبوونەوەکە لەوێیە، بەرۆکی بەرنادا، بۆیە دەست دەبا تەلەفۆنەکەی، یان جاری وایە بێ تەلەکەی هەڵدەگرێ و بە هاوڕێیان دەڵێ کە سبەی زوو دەچن بۆ چەمەکەی جاران، بۆ راوەماسی (چەند بە ئەشقەوە ئەم وشەیە لە زاری دێتە دەرەوە)، ئەو چەمەی بە ماشین تەنیا بیست دەقیقەیەک دوورە. هاوڕێیان کە نیوەیان یەکجار خۆشحاڵن و نیوەکەی تریان وەک هەمیشە لەبەر خۆیانەوە جوێن دەدەن (ئەو نیوەیەی خۆشحاڵن لە بەشی گۆشتخۆرەکانن و بەشە ناخۆشحاڵەکەیش نیگابانە وشکەنانە خۆرەکانن)، پێداویستییەکانی سبەی ئامادە دەکەن. سەرۆک تا رۆژی لێ دەبێتەوە خەریکە شێت دەبێ. لە ژوورەکەیدا دێت و دەچێ، جگەرە دەکێشێ و هەوڵدەدا بە خەیاڵی پڕ لە هەوەسی ژنێکەوە کات باشتر بکوژێ. لەبەر خۆیەوە دەڵێ لەخۆوە نیە دەسەڵاتی دوژمن بە شەو دەشوبهێنن.

بۆ سبەی سەیارەکان ریزدەبن. لە ژماردن نایەن. ئەوسەریان لە ناو پێچی جادەکەدا ون دەبێ. هاوڕێیان یەکجار سەریان قاڵە،... بەپەلە دێن و دەچن، پڕبەخۆیان هاواردەکەن، بەتەمەنەکان لە گەنجەکان توڕەدەبن، دوواتر سەرئەنجام یەک بە یەک بە سەیارەکاندا سەردەکەون و، کتوپڕ دونیا بۆ چەند ساتێک دەبێ بە گۆڕستان، بێدەنگ بێدەنگ دەبێ. وەها دەنگی هەناسەی چۆلەکە دەبیسترێت. کە بەڕێ دەکەون، هەموو گڵۆپەکان هەڵدەکەن. هۆڕن لێدەدەن. دەبێ بە حەشر. دەڵێی زەماوەندە. هەموو خەڵکی، ئەوانەی وا لەسەر رێگایانن، دەڕژێنە دەرەوە بۆ سەیرکردن. ژنەکان لەترسا پەلی منداڵەکان دەگرن و رایاندەکێشن و بەخۆیانەوە دەیانچەسپێنن. پیاوەکان سەریان لە کاری خوا سوڕدەمێنێ و ئەوسا لەبەرخۆیانەوە دەڵێن داخۆ سەرۆک ئەمجارە چ پلانێکی تری پێیە بۆ تاساندنی دوژمن.

سەرۆک کە چاویلکە رەشەکانی لە چاو کردووە، تەنیا لەپێشی خۆی دەڕوانێ. دووردوور. وەک هەمیشە. ئاخر ئەو پێی وایە لەم ژیانەدا تەنیا یەک رێگا و یەک ئاراستەی مانادار هەیە، ئەویش بەرەو پێشەوەیە. لای ئەو، دونیا و ژیان بریتیە لە پاش و لە پێش (جاری وایە کە حەزی لە گاڵتەکردنە دەڵێ وەک جەستەی ژن!). سەرۆک لە کاتی رۆیشتن دا قەت لاناکاتەوە، دەزانێ هاوڕێیان بە شوێنیەوەن و لێی ون نابن. جادەکە لە تۆزی چڕی بەرپاکراوی بن تەگەرەکاندا ون دەبێ و هەموو دونیا دەبێ بە خۆڵ. خۆڵێکی زەردی چەسپ ئاسای حەز لە ریش و لە برژانگ و لە برۆ. چ رۆژێکی خۆشە! سەرۆک پاڵدەداتەوە و هەوڵدەدا لە خەیاڵی خۆیدا ئەم سەفەرە وەک سەفەری سەردانی یەکێک لە سەرۆکەکانی تر بێنێتە بەرچاوی خۆی.

کە دەگەن، هاوڕێیان بڵاو دەبنەوە (وشکەخۆرەکان). گۆشتخۆرەکانیش بە دەوری سەرۆکەوە بارگە و بنە لێرە و لەوێ بە درێژایی چەمەکە دەخەن. ئەگەرچی هەوا زۆر بێ تام گەرمە، بەڵام نەسیمێک فێنکایی ئاو لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و بە دەموچاو و سەروسینگی پڕ لە مووی سەرۆکیدا دەکا. بزەیەک لێوەکانی دەگەزێ. ئەوسا لە دەروونەوە سوپاسی ماسییەکان دەکا، ئەو ماسییانەی هەمیشە لەکاتی پووچییەکاندا فریای دەکەون.

سەرۆک هەمیشە حەزدەکا خۆی یەکەمین ماسی بکوژێ، بۆیە داوای کڵاشینکۆفەکەی دەکا. تفەنگەکە لەوە ئامادەترە بۆخۆی چاوەڕوانی دەکرد. دەستبەجێ دەیدەنە دەستی. شادییەک بە داڵانی دڵیدا دەگەڕێ و لە یەکێک لە پەنجەرەکانییەوە سەرەتاتکێی دەرەوە دەکا. ئەو هەمیشە شوکورگوزاری هەبوونی هاوڕێی وەها بووە، ئەگەرچی جاری وایە یەکجار لێیان تووڕەیە. هەڵبەت بۆ ئەمەیش ناحەقی نیە. جاری وایە هاوڕێکان زیاتر لە خەڵکی هەستی بەتاڵبوونەوەکە روویان تێدەکا و ئەمەیش بۆ پلانە گەورەکەیان بە هیچ جۆرێک باش نیە. بێگومان ئەم راوەماسییە بۆ ئەوانیش باشە. ئەسڵەن راوەماسی بۆ هەموو کەس باشە. بیردەکاتەوە گەر رۆژێک ژیاننامەی خۆی بنووسێتەوە بێگومان باسی دەکا، بەڵام جارێکە بۆ وەها قسەوباسێک یەکجار زووە. هەر کەلامە و، شوێن و کاتی گونجاوی خۆی.

پێش ئەوەی میل بێنێتەوەو نیشانە لەئاوەکە بگرێ (هەڵبەت ئەو نیشانە ناگرێ، لە ئەزەلەوە وا بووە کە نیشانەکە بۆخۆی خۆی بە دەستەوە دەدا، رێک دێتە بەر لوولەی تفەنگەکەی)، دوو هاوڕێ خۆیان رووت کردۆتەوە و بە توێی دەرپێیەکی کورتەوە خوار ئاوەکەیان گرتووە. تەق تەق تەق،... فیشەکەکان ئاوەکە دەپێکن و بەدەمییەوە چەند ماسی سەر ئاو دەکەون (چەند باڵندەیەک لە کۆمەڵە درەختەکانی ئەوبەر چەمەکەوە هەڵدەفڕن و کیسەڵێکیش سەری دەباتەوە ناو قاپووڕەکەی). هاوڕێ سێکسییەکان دەستبەجێ دەیانگەنێ (هەڵبەت باشتر وایە بڵێین ماسییەکان دەیانگەنێ) و، دەیانگرن. سەرۆک چاویلکە رەشەکەی بۆ ساتێک هەڵدەداتەوە و لێیان دەڕوانێ. ئیتر هاوڕێیان وەک هەمیشە دەزانن چ بکەن. پرۆگرامەکەیان لەسەرە. بگرە ئەمجارەیان زۆر باشتر لە جاران (وەک بڵێ دەیانزانی ئەمشەو سەرۆک بە زەحمەت خەوی لێکەوتووە). ئیتر بە درێژایی چەمەکە دەنگی تەقینەوەی نارنجۆک و فیشەکە ئاوی چەمەکە بە ئاسماندا دەبا. ئەو دەنگە چەند خۆشە! لەژێر چاویلکەکانییەوە ئەم سەراوسەرێکی چۆمەکە دەکا. ئەوەتەی لەبیری دێ حەزی بەم دەنگە بووە، دەنگی تەقە. دەنگێکی بەهێزی یەک چرکەیی کە تا ئەوپەڕەکان لە چەند چرکەدا دەچێ. رێک وەک دەنگی شۆڕش. ئاە یادی بەخێر شۆڕش! سەرۆک کە بیرەوەریی یەکجار زۆری لەم دەنگە هەیە، بەیادی جاران چاوەکانی دەقونجێنێ و هەوڵدەدا دیمەنەکانی ساڵان بژیەنێتەوە. جەستەی هاوڕێ رووتەکان لە هەموو شوێنی چەمەکە شۆق دەداتەوە. چەند تامەزرۆیانە بە شوێن ماسییەکاندا بە پێی مەلە هەڵدێن!

پاشان ئاور دەکرێتەوە. پشکۆکان لە رۆحی بەشەر دەچن، گەش گەش، بەشەری تێکەڵ بە ئارەزووە گەورەکانی وەک ئارەزووەکانی سەرۆک. بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێ. هەست دەکا پشکۆکان، کە خێراخێرا دەگەشێنەوە و دەمرن، هەستە ناخۆشەکە دەژیەننەوە،... 'هیچ' ی دەگێڕنەوە،... زۆر نامەردانە دەیهێننەوە،... خەریکن رۆژەکەی لێ خراپ دەکەنەوە. لە کردەیەکی خۆبەخۆدا دەست بەرزدەکاتەوە و هاواردەکا کە زوو پشکۆکان بکوژێننەوە، رێک بە ئاوی خودی چەمەکە. هاوڕێ گۆشتخۆرەکان کە سەریان بەم فرمانە سوڕماوە، سەیری یەکتر دەکەن و ئەوجا چەند دانەیەکیان پاش چپەچپێکی ناوخۆیی و دۆستانە، پێکەوە لە سەرۆک نزیک دەکەونەوە. پێی دەڵێن بە بێ پشکۆ، لە ماسی برژاو هیچ خەبەرێک نابێ و کەواتە 'هیچ' ی هەر لەوێ لە شوێنێک کە تەنیا خودی سەرۆک دەزانێ کوێیە، دەمێنێتەوە. دەڵێن دەزانن کە دڵتەنگی وەهایە و جاری وایە کاری سەیر سەیر بە مرۆڤ دەکا، بەڵام پەشیمان بوونەوەیش هیچ عەیب نیە و بگرە گەورەیی زیاتریش دەنوێنێ. تەنانەت پەشیمانی، دڵتەنگیش پەشیمان دەکاتەوە. سەرۆک کە کتوپڕ بیری دەکەوێتەوە تەنیا لە دووای خواردنی ماسییەکانە هەستە قۆڕەکە دەڕەوێتەوە، باڵە هێشتا درێژکراوەکەی ناو هەوا دێنێتە خوارەوە، قوڕگی بە ئحمێک ساف دەکا و ئەوسا دەڵێ مەبەستم کوژاندنەوەیان بوو لە پاش برژاندنی ماسییەکان! ئەوجا خەمگینانە بادەداتەوە و دەچێتەوە لە قەراخ ئاوەکە، رێک لەو شوێنەیدا تەقەی کردبوو، رادەوەستێتەوە و دوو فرمێسک لە ژێر چاویلکە رەشەکانییەوە دەخزێنە خوارەوە و لەناو سمێڵە ماش و برینجیەکەیدا ون دەبن. سوێند دەخوا ئەمجارە تەنانەت گەر بە دزیشەوە بێت دوو ماسی لە گەڵ خۆی بباتەوە و شەو وەک کل بە چاوەکانیدا بیانهێنێ (ئاخر سەرۆک نابێ شت لەگەڵ خۆی هەڵبگرێ).

هێشتا یەکەم دەوری ماسییە برژاوەکانیان بەتەواوی نەخواردووە کە بایەکی توند هەڵدەکا و هەرچی تۆزی قەراخ چەمەکەیە لوولی دەدا و بە ئاسمانیدا دەپڕژێنێ. هەورێکی رەشی چڵکن سەرتاسەری ئاسمان دادەپۆشێ و دونیا تاریک تاریک هەڵدەگەڕێ. بە شوێنی دا وەها بارانێک دەست دەکا بە بارین کە لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا هەرچی ئاور و پشکۆیە دادەمرکێتەوە. گۆشتخۆرەکان دەشەمزێن (تەنیا وشکە خۆرەکانن وەک هەمیشە بە ئارامی راوەستاون)، هاواردەکەن هەموو بەرەو ماشینەکان راکەن. سەرۆک کە چاوەڕوانی وەها وەزعێکی نەدەکرد، سوێندی خوارد کە ئەمە نیشانەیەکی ترە بۆ مانەوەی هەمیشەیی 'هیچ' ی لە دەروون و لە هەناویدا. دەستێک دەیویست هەموو شتێکی لێ تێک بدا و تێکیشی دابوو. ئەگینا بەم چلەی هاوینە و بەم گەرما سەیرو سەمەرەیە، ئەم بارانەی لەچی! بۆیە نەجوڵا. دەبێ ئیتر خۆی بداتە دەست قەدەر. چەند دانە لە گۆشتخۆرەکان هەوڵیاندا بە دۆزینەوەو هێنانی کۆتێکی بەرێکەوت، یاخود پەتوو یان شتێکی لەم بابەتە سەرۆک لە غەزەبی بارانە ناوەختەکە کە ئیستاکە جاری وابوو بەرەو تەرزە بایدەدایەوە، بپارێزن. بەڵام سەرۆک ئەوەندە مەند و ئەوەندە ئارام و لەسەرەخۆ راوەستابوو کە ئەوانیشی لە هەڵپە هەڵپ خست. مەندی و لەسەرەخۆبوونی سەرۆک وەک پەتا هەموویانی گرتەوە. چیتر کەس راینەدەکرد و خۆی لە پەنا و پەسێوان نەدەشاردەوە. تەنانەت ئەوانەیشی وا لە ناو ماشینەکاندا بوون، هاتنە دەرەوە. هەموو ورد ورد بە بێ چاوتروکاندن لەو پەیکەرەیان دەڕوانی وا چووبووەوە قەراغ چۆمەکە و بە ئارامی لە ئاوەکەی بەردەمی وردببووەوە. کەسایەتیی سەرۆک دیسان هەر هەموویانی وڕکردبوو. جارێکی تر دەرفەت هەڵکەوتبوو و پیشانی دابووەوە بۆچی سەرۆک سەرۆکە و بۆچی ئەو شوێنە شیاوەی بەنسیب بووە. پیاوی مەندی ناو رەهێڵە و شەستە باران، کاتێک دونیا لە تاریکیدا نوقم دەبوو و دەنگی 'با' دڵی مرۆڤی بەقەدەر دڵی مشکێک لێدەکرد. سەرۆک هەمیشە دڵی شێری هەبووە.

کەس نازانێ چەندەی خایاند. هەر ئەوەندەیان دەزانی کاتێک بارانەکە خۆشی کردەوە و هەورەکان رەوینەوە، نەک جل و بەرگەکانیان، بەڵکو تەنانەت دڵیشیان خوسابوو. ئەوجا ئاسمانی شین و هەتاوی گەرم و داغی هاوین دەرکەوتەوە. خۆر، زەویی تەڕی کردە هەڵم و بەرەبەرە هەیکەلی سەرۆک لەناو مژێکی سەیردا نوقم بوو. ئەوەندەی نەخایاند لەناو مژەکەوە گۆرانییەکی حەزین، قەراغ چەمەکەی گرتە خۆ. مەقامی سێوێ، هۆرە و سیاچەمانەی هەورامی و... حەیران. جەماعەت کە قەت سەرۆکیان وەها نەبینیبوو، لە یەکتریان رووانی. یەکیان کە نزیکترین کەس لە سەرۆک بوو بەپەلە دەنگی هەڵبڕی "کەسێک لەوبەر چەمەکەوە کە بێگومان شوانێکی بەرخەل لێهەڵبڕاوە، گۆرانی دەڵێ و سەرۆکیش خەریکە گوێی لێدەگرێ!" پاشان بەهەڵەداوان بەرەو سەرۆک رۆیشت و لەناو مژەکەی دەوریدا ون بوو.

کە زەوی وشک بووەوەو چیتر هەڵم نەما و دونیا وشک و برینگ هەڵگەڕایەوە، سەرۆک بە چاوە خەمگین و داهێزراوەکانی گەڕایەوە لای سکڵە مردووەکان، کەمێک نووکی قاچەکانی تێوەردان و پاشان بە دەنگێکی خەمگین فرمانی گەڕانەوەی دەرکرد.

لەو رۆژەوە سەرۆک ئەوەی قبوڵکردووە کە 'پووچی' بەشێک لە کەسایەتییەتی و بۆیە نە راوەماسی و نە تەقە ناتوانن فریای بکەون. تەنانەت هاتووەتە سەر ئەو رایەیش کە تەنانەت 'شۆرش' یش بۆ رەواندنەوەی ئەم هەستە هیچی پێناکرێ. بۆیە ئیستاکە، کاتێک خەمگین دەبێ، لەجیاتی راوەماسی، دەچێتە ژوورە بێ پەنجەرەکەیان (ئەم ژوورەی کە رووەوە دەشتێکی کاکی بە کاکی دەڕوانێ، ماوەیەکە چیکردووە)، دەرگاکە لەسەر خۆی دادەخا و ئەوسا دەست دەکا بە گوتنی سێوێ، سیاچەمانە و هۆرە، یان چڕینی حەیرانی دەشتی هەولێر.

لەم کاتانەدا تەنیا خودی سەرۆک و گۆشتخۆرەکان گوێیان لە دەنگە حەزینەکەی سەرۆکە. ئەو گۆشتخۆرانەی، وا پێیان وایە سەرۆک گەمژەترین بوونەوەری سەر رووی زەوییە و بۆیە لە کۆبوونەوە نهێنییەکانیاندا ئیستاکە باسی هاوردنی سەرۆکێکی تر دەکەن. سەرۆکێکی مەست و کەیلی راوەماسی. ئەگەرچی هەموو دونیایش شەستە و رەهێڵە بێت.    

 

 Bilderesultat for leder fisker karikatur

 

  

 

 

گەڕان بۆ بابەت